کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


لادان له‌خه‌تى سه‌رۆك

Monday, 13/05/2019, 22:11


به‌پێى مێژووى ئیسلام ،هه‌ر له‌ دواى مردنى محه‌مه‌ده‌وه‌ كێشه‌ى ئیسلامى راسته‌ قینه‌و ئیسلامى به‌لارێدا براو هاتۆته‌ كایه‌وه‌و، ئه‌مه‌ش بۆته‌ هۆى به‌رپاكردنى سه‌دان شه‌ڕى خوێناوى و،چه‌ندین ملیۆن مرۆقیش به‌وهۆیه‌وه‌ كوژراون، ئه‌مه‌ ململانێیه‌ تائیستاش درێژه‌ى هه‌یه‌و نه‌براوه‌ته‌وه‌ و قوربانییه‌كانیشى به‌رده‌وامن، ئیسلامیش هه‌ر یه‌ك ئیسلامه‌، كه‌جگه‌له‌ چه‌ند ده‌سه‌ڵاتێكى سته‌مكارى جۆراوجۆر هیچى لێ به‌رهه‌م نه‌هاتووه‌.  ئه‌م ململانێیه‌ ته‌نها له‌ مێژووى ئیسلامدا بونى نه‌بووه‌ونییه‌ ، به‌ڵكو له‌ مێژووى بزوتنه‌وه‌ى كۆمۆنستیشدا قوربانى زورى لێكه‌وتۆته‌وه‌ ،ئه‌گه‌ر ته‌نها یه‌ك نمونه‌ وه‌ربگرین ،له‌ دواى مردنى لینین له‌ یه‌كێتى شوره‌وى ،هاوڕێكانى لینین له‌ ژێر په‌رچه‌مى لادان له‌ خه‌تى لینین چه‌ندین قه‌سابخانه‌یان دروستكردو خوینى هه‌زاران خه‌ڵكیان رشت، دواتریش ستالین به‌درێژه‌دان به‌ دونیابینى لینین بوه‌ یه‌كێك له‌ جه‌لاده‌كانى سه‌ده‌ى بیسته‌م.
به‌م ده‌سپێكه‌ كورته‌وه‌ ده‌مه‌وێت بچمه‌ سه‌ر دیارده‌یه‌ك له‌ هه‌رێمى كوردستان ،كه‌ له‌م چه‌ند ساڵه‌دا له‌ دواى مردنى چه‌ند سه‌ركرده‌یه‌كه‌وه‌ هاتۆته‌ ئاراوه‌ ، دیاره‌ پارته‌كانى كوردستان كه‌ له‌بنه‌ڕه‌ته‌وه‌ پارتى خێل و كه‌سایه‌تى وكاریزماكانن و بڕیار بیركه‌ره‌وه‌و نه‌خشه‌داڕێژه‌رو بریارده‌ر تێیاندا تاكه‌ كه‌سه‌ "سه‌ركرده‌" ئه‌وا به‌ نه‌مانى ئه‌و سه‌ركرده‌یه‌ دوچارى كێشه‌و قه‌یرانێكى زور ده‌بنه‌وه‌. یه‌كێتى نیشتمانى كوردستان و بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان له‌م چه‌ند ساڵه‌ى دوایدا به‌هۆى مردنى جه‌لال تاڵه‌بانى و نه‌وشیروان مسته‌فاوه‌ دوچارى ئه‌م گرفته‌ بونه‌ته‌وه‌ ، ئه‌وه‌ى دواى مردنى ئه‌م دوو سه‌ركرده‌یه‌ بووه‌ دیارده‌ ،ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌م دوو حزبه‌ ناكۆكى و ململانێیه‌كى سه‌ختى تیادا دروست ببوه‌ بۆ شوێنگرتنه‌وه‌ى سه‌رۆكه‌ مردووه‌كان ، بونه‌ته‌ چه‌ند باڵێك و هه‌ر باڵه‌و به‌وى تر ده‌ڵێت له‌ خه‌تى سه‌ركرده‌ كۆچكردووه‌كه‌ لاى داوه‌ و، زۆرجار له‌ ره‌خنه‌ گرتن له‌ یه‌كتریش و له‌ باسى حاڵى پارته‌كه‌یاندا گوێمان له‌وه‌ ده‌بێت كه‌ ئه‌گه‌ر جه‌لال تاڵه‌بانى بمایه‌ ، یاخود نه‌وشیروان مسته‌فا بمایه‌ ئه‌و دوو پارته‌ به‌م ده‌رده‌ى ئیستا نه‌ده‌چون ، ره‌نگه‌ ته‌نها راستییه‌ك كه‌ له‌م بۆچونه‌دا هه‌بێتـ ئه‌وه‌بێت كه‌ ئه‌و دوو سه‌ركرده‌یه‌ بمانایه‌ ئه‌و دوو پارته‌ دووچارى ململانێى ناوخۆى سه‌خت نه‌بونایه‌ته‌وه‌ و یه‌كڕیزتر بونایه‌ ، ده‌نا ئه‌وى په‌یوه‌ندى به‌ سیاسه‌تى گشتى و دونیابینى وگوتارى ئه‌و دوو پارته‌وه‌ هه‌یه‌ هیچ نه‌گۆڕاوه‌ ، له‌ راستیدا كه‌س له‌ خه‌تى سه‌رۆك لاى نه‌داوه‌ ، ئه‌گه‌ر له‌ ئێستادا كه‌سانیك و كۆمه‌ڵه‌‌ كه‌سێك ره‌خنه‌یان له‌ ئه‌داى ئه‌م دوو حزبه‌ هه‌یه‌، ئه‌وه‌ ره‌خنه‌كانیان په‌یوه‌ندى به‌ جێگه‌وپێگه‌ى خۆیانه‌وه‌ هه‌یه‌ له‌ ناو ململانێ ناوخۆیه‌كانیان ،یاخود ناتوانن زانستیانه‌ له‌گه‌ڵ دیارده‌كان مامه‌ڵه‌وهه‌ڵسه‌نگاندن بكه‌ن
بۆ هه‌رچاودێرێك ئه‌وه‌ روونه‌ كه‌ ئه‌م دوو حزبه‌ له‌ سه‌ر مه‌نهه‌ج و رێگاى سه‌ركرده‌كانیان ده‌رۆن چ له‌ دنیابینى وگوتارو چ له‌ كارى رۆژانه‌و سیاسه‌تكردندا ، كۆسره‌ت ره‌سوڵ و بنه‌ماڵه‌ى مام جه‌لال هیچ شتیكى نوێیان له‌ دونیابینى وگوتار و ىسیاسه‌تكردندا نه‌هێناوه‌ته‌ ئاراوه‌ كه‌ جیاوازبێت له‌ خه‌تى جه‌لالیزم ، هه‌مان دونیابینیان هه‌یه‌ كه‌ كوردایه‌تییه‌ ، په‌یوه‌ندییه‌كانیان له‌ گه‌ڵ وڵاتانى دراوسێ و داگیركه‌ران هه‌مان په‌یوه‌ندییه‌ ، ستراتیژیان بۆ چاره‌سه‌رى كێشه‌ى نه‌ته‌وه‌يى هه‌مان ستراتیژيى رێككه‌وتن و دانوستانه‌ له‌ گه‌ڵ داگیركه‌راندا به‌ مه‌رجى پاراستنى به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانى یه‌كێتى وپه‌ره‌پێدانى سه‌رمایه‌و بازرگانى ئه‌و حزبه‌ ، تێڕوانینیان بۆ ئازادییه‌كان هه‌مان تێڕوانینه‌، ياساوبه‌ڕێوه‌بردنى ناوخۆى حزب هه‌مان یاساو به‌ڕێوه‌بردنه‌ كه‌ ملكه‌چى خواره‌وه‌یه‌ بۆ به‌رپرسه‌كان ،ئه‌و سیستمه‌ى گۆمه‌ڵگاى پێ به‌ڕێوه‌ ده‌به‌ن هه‌مان سیستمه‌، په‌یوه‌ندی و ململانێكانیان له‌ گه‌ڵ ماڵى به‌رزانى هه‌مان په‌یوه‌ندى و مامه‌ڵه‌ى جه‌لال تاڵه‌بانییه‌ " رۆژێك خائین ، رۆژێك براو شه‌ریك" .
بزوتنه‌وه‌ى گۆِڕان هه‌ر هه‌مان بزوتنه‌وه‌ى گۆڕانه‌ كه‌ نه‌وشیروان مسته‌فا دروستى كردووه‌ و به‌رنامه‌كه‌ى داڕشتووه‌، هه‌مان دونیابینى هه‌یه‌ كه‌ به‌ده‌ست له‌ ناو ده‌ست له‌گه‌ڵ ماڵێ به‌رزانى و تاڵه‌بانى چاكسازى له‌و سیستمه‌دا بكه‌ن كه‌ له‌ دواى 1992 له‌ هه‌رێم دروستیان كردووه ، نه‌وشیروان مسته‌فا هه‌رگیزو له‌ هیچ كات و زه‌مه‌نێكدا ئیدیعاى ئه‌وه‌ى نه‌كردووه‌ كه‌ ئه‌و سیسته‌مه‌ بڕوخێنى یان هه‌ڵێ وه‌شێنێ یان شۆڕشێك به‌رپابكات ، به‌ڵكو هه‌موو خه‌مى ئه‌و به‌دامه‌زراوه‌كردنى ئه‌و سیستمه‌ بووه‌، واتا ویستى چه‌سپاندنى زیاترى ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ سته‌مكاره‌ى هه‌ببووه‌ كه‌ له‌ دواى 1992له‌ كوردستان هاتۆته‌ ئاراوه‌ ، ئه‌و ده‌یویست حكومڕانى بنه‌ماڵه‌ى به‌ دامه‌زراوه‌ى و له‌ ڕێگه‌ى یاساوه‌ بكرێـت، ده‌یان جار دووباره‌ى كردۆته‌وه‌ كه‌ كیشه‌ى له‌گه‌ڵ شه‌خسدا نییه‌و كێشه‌ى به‌دامه‌زراوه‌كردنى سیستمه‌كه‌یه‌ ، ئه‌و كێشه‌ى نه‌بووه‌ مه‌سعود یان مه‌سرور یان نێچیر سه‌رۆكى هه‌رێم بن به‌ڵام گرنگ بوو لاى ئه‌و كه‌ له‌ په‌رله‌مان به‌ یاسایى دابنرێن . 
ئه‌وانه‌ى ئێستا ره‌خنه‌ له‌ گۆڕان ده‌گرن و پێیان وایه‌ گۆران له‌ خه‌تى نه‌وشیروان مسته‌فا لاى داوه‌ به‌ هه‌ڵه‌داچوون ، ئه‌گه‌ر ره‌خنه‌ له‌ به‌ بنه‌ماڵه‌ی كردنى گۆڕان ده‌گرن ئه‌وه‌ خودى نه‌شیروان مسته‌فابوو كه‌ كوڕه‌كانى ده‌هێنایه‌ پێشه‌وه‌ ، له‌ كۆنگره‌ى یه‌كه‌مى گۆڕان له‌ هه‌ولێر كوڕه‌كانى له‌ ریزى پێشه‌وه‌ى كۆنگره‌بوون ، كوڕه‌كانى له‌ژیانى خۆیدا رۆڵى گه‌وره‌یان هه‌بوو له‌ یه‌كلاى كردنه‌وه‌ و ته‌زكییه‌كردنى ئه‌و كه‌سانه‌ى پۆستیان وه‌رده‌گرت له‌ گۆڕان ، هه‌موو هه‌ڵسوڕاوه‌كان كه‌ به‌ نیازى پۆست بوون ده‌یانخواست له‌ لایه‌ن كوڕه‌كانه‌وه‌ په‌سه‌ند بكرێن ، نه‌وشیروان خۆى له‌ ژیاندا بووه‌ كه‌ مڵك وماڵى له‌سه‌ر كوره‌كانى تاپۆكردووه‌ ،  نه‌وشیروان خۆى به‌پێى خۆى له‌گه‌ڵ مه‌سعود رێككه‌وتنى كرد بۆ 4 ساڵ ئارامى وتیشى ریفۆرم و چاكسازى له‌دۆخى شه‌ڕدا ناكرێـت .
ئه‌وه‌ى كه‌ ئێستا له‌ ناو یه‌كێتى و گۆڕان روو ده‌دات لادان نییه‌ له‌ خه‌تى سه‌رۆك، به‌ڵكو درێژه‌دانه‌ به‌و هێڵه‌ ،ئه‌گه‌ر ئه‌و دوو پارته‌ له‌ ئێستادا بونه‌ته‌ دوو باندى مافیایى ئه‌و  ده‌ره‌نجامه‌، زاده‌ى بیرو چۆنییه‌تى كاركردنى ئه‌و دوو سه‌ركرده‌یه‌یه‌ كه‌ ئه‌م دوو پارته‌یان دروست كردووه‌ ، نیشانه‌ى ئه‌وه‌یه‌ كه‌ یان ئه‌وه‌تا ئه‌وان خولیاى ئازادى ودادپه‌روه‌ریان نه‌ببوه‌ یاخود نه‌زان بوون و هه‌ڵه‌ى گه‌وره‌یان كردووه‌ ،كه‌من پێم وایه‌ ئه‌وه‌ى یه‌كه‌میان بووه‌،  گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ میراتى ئه‌و سه‌ركردانه‌ هیچ شتێكى نوێ له‌وه‌ى كه‌ هه‌یه‌ دروست ناكات و، ململانێش له‌ سه‌ر یه‌كێتى راسته‌قینه‌و گۆڕانى راسته‌قینه‌ وه‌همێكه‌ هیچى لێ سه‌وز نابێت ، كاتیك به‌ وردى و زانستیانه‌  مێژووى ئه‌م پارتانه‌ هه‌ڵیسه‌نگێنین ،ده‌كه‌ینه‌ ئه‌و ئه‌نجامه‌ى ئه‌م پارتانه‌ پێش مردنى سه‌رۆك ودواى مردنى سه‌رۆك هیچ جیاوازییه‌كیان نییه‌ و، هه‌ر له‌ سه‌ر خه‌تى سه‌رۆكن.
هه‌رێمى كوردستان پێویستى به‌ نمونه‌ى نوێ له‌ سیاسه‌ت كردن و حزب و شيَوازى خه‌بات هه‌یه‌ كه‌ خه‌تى ئه‌و سه‌رۆكانه‌ تێپه‌ڕێنێت و له‌ جێگاى ئومێد به‌ سه‌ركرده‌ى كاریزما بۆ رزگار ببون ،ئامرازى تر په‌یدا بكات و دنیابینى و به‌رنامه‌ى زانستى بۆ گۆڕانكارى و ئازادى و دادپه‌روه‌رى بهێنرێته‌ ئاراوه‌ .   


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە