ناوەڕاستی ئاڵتونی!
Tuesday, 30/04/2019, 23:28
لە م دواییەدا خەڵک بە سەرسوڕمان و نیگەرانیەوە بینەر و بیسەری دو ڕوداوبون، یەکەمیان دەست لەکارکێشانەوەی بەکۆمەڵی بڕێک لە سەرکردەکانی کۆمەڵی ئیسلامی و دوهەمیان دولەتبونی قوڵی بزوتنەوەی نەوەی نوێ بەو شێوە ناشیرینەی لە میدیاکانەوە بینیمان، تۆمەتەکانی (شادی نەوزاد) ی ئەندام پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی نەوەی نوێ وامان لێدەکات بپرسین: داخۆ لە ناو شوقە جوان و ڕازاوەکانی شاسوار عەبدولواحیدی سەرۆکی نەوەی نوێ چی کار و ڕەفتاری کرێش و ناشیرین و نایاسایی لەگەڵ گەنجانی کەمئەزمون و نەدار و بێئیشی سەر بەنەوەی نوێ کرابێت و بە نهێنی چی ڕویدابێت لە ناویاندا؟ ئایا ڕاستی و تاڵیی ڕوداوەکانی ناو سەرکردایەتیەکەی شاسوار عەبدولواحید زۆر لەوەش ناشیرینتر و خورپەلێدەرترنین کە شادی نەوزاد و هاوخەباتەکانی بتوانن هەموی بۆ میدیاکان باس بکەن و ڕویان هەڵماڵن؟ ئەی دەبێت شێوازی سەرکردایەتیەکەی عەلی باپیر چۆن بێت کە بوە هۆی ئەوەی پێشتر ئارام قادری ئەندامی مەکتەب سیاسییەکەیان و تازەییش ئەو پۆلە کادیر و سەرکردە خۆجییانە وازبێنن لە کۆمەڵی ئیسلامی ؟ بە ڕای من هۆکار و پاڵنەرە ڕیشەییە هاوبەشەکانی ئەم دو ڕوداوە ئەمانەن،یەکەم: کەم تا زۆر متمانە و دڵنیابون لە قسەی سەرکردە و دەستڕۆیشتوانی حیزبەکانی کوردوستان کەمبۆتەوە، خەڵک بەگشتی و هەروەها لایەنگر و ئەندامانی خوارەوەی حیزبەکان چیتر بە قسەی زل و دروشمی پرشنگدار و جوان ڕازی نابن و ناخەڵەتێنرێن، ئەوان دەیانەوێت لە پێشدا سەرکردەکان لە خۆیانەوە دەستپێبکەن و خۆیان لە ژیانی ڕۆژانەیاندا ئەو دروشمانە بکەنە کردار و ژیان بکەن بە بەریاندا. دوهەم:کادیرانی سەرکردایەتی و و ئەندامانی خوارەوەی حیزبە تازەکان چیتر ناتوانن شێوازی خۆسەپاندن و توندوتیژی و تاکڕەویی سەرکردەکان قوبوڵکەن. سێهەم:ئازادبونی میدیا لە کوردوستاندا وایکردوە ڕەخنەگران و بزێو و ناگوێڕایەڵەکانی ناو حیزبە نوێکان لە فەیس بوک و یوتیوب و مەسینجەر و واتسئەپ و ڤایبەر و... ڕەخنەکانیان بگەیەنن بە سەدانهەزار خەڵک و بەم جۆرە کاربکەنە سەر ڕای ناو حیزب و ناو خەڵک لە سەر جادە.چوارەم: لەم سەردەمەی دابەشبونی کۆمەڵی کوردوستان بە سەر سوپای ملیۆنیی نەداران و بێکاران و برسیەکان لە لایەک وتوێژی چەند هەزار ملیۆنێرو ملیاردێرلە لاکەی تر، لەناو گەنجاندا کەسانێک هەن کە قوربانیی ئەم ناداپەروەریە قوڵ و تاریکەن و ڕۆژانە هەستیپێدەکەن، بەڵام ئەمانە خۆیشیان سەرکێش و چەتونن و دەیانەوێ بەزوترین کات بەسەر پلەکانی پەیژەی دەسکەوتی مادی و ناوبانگی مەعنەویی سەربکەون، ئەمانە لە پێناوی گەیشتن بە ئامانجە خۆپەرستیەکانیان سڵ لە هیچ شێوازێک ناکەنەوە و تیایاندایە تەنانەت لەوەش ناپرینگێتەوە کە جەستە و ڕۆح و شکۆی ئینسانیی خۆی و ئەندامانی خیزانەکەی بە ئاغاکانی بفرۆشێت، بەڵام کاتێک بە لوتکەی مەبەستە مادییەکانی پلە و پۆست و پارە دەگەن و ئاوڕێک لە وێرانەکەی دوای خۆیان دەدەنەوە و بەئاگادێنەوە ، ئینجا لە ناخی برینداریاندا نائارامی و کەمخەوی و ددانکرۆشتنەکانی ویژدان دەست پێدەکات و لە خۆیان دەپرسن ئایا پارە و پۆست ئەوەی دەهێنا ئاوا سوکایەتی بەخۆمان بکەین ؟ ئەمانەن کە بە پاساوی نیشتمانپەروەری و ویژدان و.....دەکەونە بەرپاکردنی شەڕ لە دژی ئاغاکانی دوێنێیان و لێیان جیادەبنەوە. پرسیارەکە ئەوەیە ئایا لە پێناوی سودی گشتیی خەڵک و حیزبەکەیان ئەم جۆرە کەسانە یا کەسانی تری ناڕازیی ناو حیزبەکانی تری کوردوستان ناتوانن خۆیان ئارام بکەنەوە و نەهێڵن هەست و سۆزە هەڵچوەکانیان بە سەر عەقڵیاندا زاڵبێت؟ ئایا ناتوانن هەمو هەوڵێک بدەن کێشەی ناوحیزبەکانیان و جیاوازیی ناو سەرکردایەتیەکانیان بە شێوازێکی ئاشتیانەی میانەڕەو و ناوەڕاست چارەسەربکەن و نەهێڵن حیزبەکەیان و گەلەکیان ئاوا لەتلەت بێت؟ ئایا ئەم ڕێگایەیان تاقیکردۆتەوە و سودی نەبوە؟ ئایا ئەوە راست و بەسودە لە ژێر ناوی دیموکراسی و جیاوازی بیروڕا و و ئازادیی بڕیاردان، لە سەر خاکی داگیرکراوی کوردوستانەکەمان زوزو قارچکی حیزبی تازە هەڵتۆقێن ؟ قارچک وەرزیە و زو بەسەردەچێ و نامێنێ، هەندێکیشیان ژەهرە و مرۆڤ دەکوژێ!
لە فەلسەفەی کۆنی یۆنانی وشەی Mesotes کە بە واتای ناوەڕست و نێوان و میانە دێت زۆر لە کۆڕ و کۆمەڵە ڕۆشنبیریەکانی ئەو سەردەمە برەوی هەبوە، ئەریستۆتالیس لە لایەنگرانی بوە.
ئیترکاتی ئەوە نەهاتوە خەباتگێڕانی کوردیش لە پێناوی خەمە گشتیەکانی دادپەروەری و سەربەخۆیی و ئازادی واز لە ڕیزپەڕی و توندڕەوی و خۆپەرستی و خۆئەڤینی و نێرگسیەت بێنن؟
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست