جافێک کوژرا و جافێکیش هەڵهات
Monday, 29/04/2019, 21:59
کە ئەم تۆپەڵە خەڵکەم بینى بەناوى عەشیرەتى جافەوە کۆبۆتەوە و هەموو جۆرێکى تێڕژابوو ، قوڵپى گریانم ئەهات کە جێگەى میرى ئەنفالچیان فەتاح بەگى جاف چۆڵبوو ، بەڵام رۆحیانەتەکەى وەکو ئەو فرۆکە هێلیکۆبتەرانەى کەسەرانى سۆشیال دیموکراتى یەکێتى پێیهاتبون ، لەو ناوچەیەدا ئەسوڕایەوە ، ناوى فرۆکە هات کەیبانویەکى جافم بیرکەوتەوە ئەویش عادیلە خانمى وەسمان پاشاى جافە کە ئینگلیزەکان لەساڵى ١٩٢٣ شارى سلێمانیان بۆردومانکرد بە شیعرێک گاڵتەى بە سلێمانى دێت ووتویەتى:
( تەیارە وادێ بەنزمەوە بۆردومان دەکا بە قو...مەوە ).
ئەوە گونجاوترین دەربرینە کە عەشیرەت کێشەى خاک و نیشتمانى نیە، بەڵکو نفوز و دەسەڵات و بەرژەوەندى سەرانى عەشیرەت لەسەر و هەموو شتێکەوە بووە، ئەمەش وایکردووە کەهەمیشە دەرگایان بۆ داگیرکەر واڵا بێت ، ئەگەر بڕوانین لەسەدام حسەینەوە ئەو هەمو سەرۆک تیرە وخێڵە چەکى ئەنفالیان کردبووە شانیان ، شۆڕبینەوە بۆناو مێژوو هەتا داگیرکردنى کوردستان لەلایەن ئینگلیزەوە ، کەئینگلیزەکان دێن خانمى جاف دوو کوڕى بۆ پێشوازى ئەنێرێت .
ئەم خڕبونەوەیە ، خربونەوەى تەنگەى ئەستور و سمێڵى بابڕ و بۆیاخکراو بوو ، نمایشى چەک بو لە بڕنەوەوە هەتا چەکى ئێم فۆڕ ، ئەوەندە مستەشارم بینى ئەتوت مێشن و بەپیسیەوە ئاڵاون ، فایلدارم بینى بەجاشى ئەوت فیستیڤاڵەکە گەرمتر بکە و شانهەڵتەکێنە ، ئەوە جاش و کۆنە تەوارى لەوناوەدا کلاشەیئەکرد ، سەرکردایەتى یەکێتى بەهەموو باڵ و پۆپنە سۆشیال دیموکراتەکەیانەوە خزابونە ئاپۆڕاى جاش و کۆنە مستەشارە و مۆزایکێکى یەکێتیانەیان ئەنواند ، حەقوابوو بۆ دڵڕاگرتنى ئەو مستەشار و کۆنە جاشانە ئەم خڕبونەوەیەیان لە شارەزور بکردایە و لەو شوێنەى کە یەکەم مەفرەزەى سەرەتایى پێشمەرگەیان لە ڕۆژى ١٩٧٩/٤/٢٩ تەفروتوناکرد .
خڕبونەوەکە هەلێکى باشبوو بۆ سەرۆک بێحورمەت هەتا هەندێک دەمپانبکاتەوە و تۆزێک خۆى لەو سەرۆک تیرانە هەڵبسوێت و دواتر بکەوێتە نمایش و نواندن و ئەو شەرەفەى پێبڕا کە پاشەڕۆکانیان کۆبکاتەوە .
لەگەرمەى خڕبونەوەکەدا و لەیەکەم بەرهەمیدا وگەرماو گەرم جافێک جافێکى کوشت و سەیر ئەوەیە بکوژەکە لەناو ئەو هەموو چەک و چۆڵە و پاسەوان و هیلکۆپتەر و بڕنەو و ئێم فۆڕ بەدەستانەدا چۆن هەڵهات ، یان ئەمەش پەیامى ڕاستەقینەى عەشیرەتگەراییە بکوژەکە ڕادەست نەکەیت و هەتا سێچوار تەنگە ئەستوریتر خڕبونەوەیەکى لەمەى ئێستا بچوکترى بۆ ئەگێڕن و بە چەردەیەک پارە ئاو بەئاشى کوژراوەکەدا ئەکەن و بەمەش کەلتور و نەریتى کوردەوارى ئەپارێزن و پاشقولێکى جافانە لە یاسا و دادگا ئەگرن .
ئومێدەوارم ڕۆشنبیران و خاوەن عەقڵ و مەعریفەتى (جاف) دەنگیان بیستراو بێت بەرامبەر بەم دیاردە دزێوەى زیندوکردنەوەى عەشیرەتگەرییە، کە سنورى عەقڵ و هۆشیارى بڕیوە و هەموو بەهایەکى نیشتمان و هاوڵاتبون و یەکچارەنوسى بەمەرگ ئەسپێرێت .
|
گوندی دسکەرە:لاله سهرحهدی جاف، مهحمود سهنگاوی، رۆستهمی لاله سهرحهد، عهدنانی حهمهی مینا، سهرکهوتی لاله سهرحهد
| خولە جاف، ناسراو بە مەحمود سەنگاوی |
|
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست