لە باوەشى پارتییەوە سیستەم ئەگۆڕن !
Thursday, 11/04/2019, 23:45
تەمەنى سیاسى گۆران وەکو حیزبێکى ئۆپۆزیسیۆن و جەماوەرى بەبەشداریکردنیان لە حکومەتیک (بنکەفروانیان بەباڵایدا بریبو) هەموو پایەکانى لەسەر ناحەقى و ناعەدالەتى و گەندەڵى و ڕاو ڕوت و بنەماڵەیی دامەزرابوو، کۆتاییهات ، بەڵام پەیوەندیەکانیان بە بنەماڵەى بەرزانى و حیزبەکەیانەوە دواى قۆناغى دەرکردنیان لەحکومەت و پەرلەمان بەردەوامبوو ، دواى پرۆسەى وەدەرنان هیچ کاردانەوەیەکى جدى و کاریگەریان نەنواند و نەیانتوانى باشتر بڵێین : نەیانویست ، پارتیش لەو ماوەیەدا بێموچە و دەستخۆشانەى نەکردن .
پاش ئەوەى مەسعودیان بەنوکە شەقێک لەسەر کورسیەکەى فڕێدایە خوارەوە هیچ پاساوێک بۆ مانەوەى سەرۆکى هەرێم نەما ، بەڵام ئەم دڵداریەى گۆڕان و پارتى و پەیوەندیە ژێربەژێرەکەیان هەروا درێژەى هەبوو لە ناوەڕاستى ساڵى ١٩١٨دا بەمراد گەیشت و سەرۆکایەتى هەرێم بە پرۆژەیەکى گۆڕان بەدڵى پارتى سڕکرا بۆ ماوەى چوار ساڵ و بە یاسایەکیتر دەسەڵاتەکانى دابەشکرا .
ئەگەر بپرسین سەرانى ئێستاى بزوتنەوەى گۆڕان لە نەوشیروان مستەفا سیاسیترن و دوربینانەتر ئەڕوانن, ئەگەر وەڵامەکەى پێچەوانە بێت مانای وایە نەوشیروان مستەفا هەڵەی کردوە لەبیرو بۆچونە سیاسیەکاندا.
پارتى و مەسعود و باقیات کوڕ و کاڵى دەسترۆیشتوى پارتى ئەمە قسەیان بووە دەربارەى نەوشیروان مستەفا هەتا کۆچیدوایی لە دادگاکانى پارتى فەرمانیگرتنى هەبوو :
سیاسەتى ئێستاى گۆڕان ڕێک پێچەوانەى دید و بۆچونى ڕێکخەرى پێشووە و بنەماڵەى بەرزانى فریشتەیەکن ئەم پاتاڵانەى ئیستاى گۆران پەییان پێبردووە . کەواتە بەهەموو تێبینیەکەوە کە لەسەر سیاسەت و ئەداى ئەو و ڕابوردوى سیاسى هەمان بێت هێشتا کەم تا زۆر بوو, بوو بە مەراقى مەسعود و مەسعودیش ئەم ڕقە ئەستورەى نەئەشاردەوە .
سەرمایەى گۆڕان جەماوەرەکەى نییە، بەڵکو درۆکردنە ، ئێستا ڕوخسارە دزێوەکانیان بە جوملە درۆى قەبە دەکەن و هەمویشى لەکۆتایدا لە خزمەت بنەماڵەى دزدایە. لەو درۆ قەبانە پرسى سەرۆکایەتى هەرێمە، کە ئێستا گۆڕان لە پارتى بە پەرۆشترە بۆ کاراکردنەوەى ئەم سەرۆکایەتیە و بەهەموو دەسەڵاتەکانیەوە و پرۆژەیەک بە ئیمزاى (٦٨) پەڕلەمانتار و لەسەرو هەمویانەوە ئیمزاى سەرۆکى فراکسیۆنى گۆڕان خرایە بەرنامەکارى پەڕلەمانەوە . ئەویش بە هەڵوەشاندنەوەى یاساى هەڵپەساردنى سەرۆکایەتى هەرێم ژمارە (١٠) ساڵى ٢٠١٨ و هەڵبژاردنى سەرۆکى هەرێمى کوردستان بەشێوەیەکى ڕاستەوخۆى ناو خەڵک بۆ هەلبژاردنى لەناو پەڕلەماندا هەتا پەسەندکردنى دەستورى کوردستان و ئەو دەستورەى کە هەموى بەباڵاى بنەماڵەى دزى بەرزانیدا دوراوە .
سەرۆکى هەرێم بەهەمووو دەسەڵاتەکانیەوە ئەمێنێتەوە هەتاکو پەسەندکردنى دەستور، واتە پرۆسەى هەڵبژاردنى سەرۆکى هەرێم و دەسەڵاتەکانى دەستور یەکلایی ئەکاتەوە. گۆڕان کە بانگەشەى ئەوەى ئەکرد سەرۆکایەتى هەرێم زیادەیە یان ئەبێت دەسەلاتەکانى ڕەمزى و تەشریفاتى ببێت وەکو ئەوەى لە ناوەندا واتە لە عێراقدا ئەگوزەرێت و ئێستا ملکەچانە و لەبەرژەوەندى بنەماڵەى بەرزانى هەموو ئەوانەى وەلا ناوە و چەمکێکى بچوکى لەوە وەرگرتووە و ئەوەبەخەڵک ئەفرۆشێت سەرۆکى هەرێم لەناو پەڕلەمانەوە هەڵئەبژێردرێت .
ئەو پرۆژەیە شتى زۆر سەیر و سەمەرەى تێدایە قبوڵکردن بەو شێوەیە تەنها گوزارشت لە خیانەت و خۆفرۆشى گۆڕان ئەکات، لە پرۆژەکەدا هاتووە سەرۆکى هەرێم بەدەنگدانى ئاشکراو ڕاستەوخۆ لە ناو پەڕلەمان هەڵئەبژێردرێت، ئەمەش لەگەل هەموو پرنسیپەکانى هەڵبژاردن و ستاندارى جیهانى ڕێک ناکەوێت کە ئەبیت دەنگدان نهێنى بێت هەتا هەر ئەندام پەڕلەمانێک ئازادانە و ویژدانى سەرپشک بکات ئەگەر هەیبێت.
خاڵێکیتر کەبەڵگەى بەجاشبونى گۆڕانە بۆ پارتى ئەوەیە سەرۆکى هەریم بەزۆرینەى ڕەها هەڵدەبژێرێت، واتە نیوە + یەک هەڵئەبژێریت ، بەڵام بۆ سەندنەوەى متمانە ئەبێت سێبەش لە چواربەشى ئەندامان دەنگ بدەن، ڕاستیەکەى ئەمە پرۆسەى بەکەڵەگایکردنى سەرۆکى هەرێمە تۆ بەئاسانى دەنگى پێبدەیت و زۆر بەگران متمانەى لێوەربگریتەوە و دڵنیام ڕێژەى متمانە وەرگرتنەوە قەت ناگاتە سێ لەسەر چوار ، واتە پەڕلەمان ڕۆڵى چاودێرى و لە کۆتاییدا متمانە وەرگرتنەوەى نەما .
ئەوەى گۆڕان تەپڵى زەردى بۆ لێئەدات و لەپەرلەمان سەماى بۆ ئەکات ئەوەیە کە سەرۆکى هەرێم لەناو پەڕلەمان هەڵئەبژێرێت و ئەمەش وەکو دەستکەوت بە داماوەکانى گۆڕانى ئەفرۆشنەوە و تەواو پێچەوانەى پرنسیپە بنەڕەتیەکانى جارانى گۆڕانە کە بانگەشەى سیستەمى پەڕلەمانی و داماڵینى دەسەڵاتەکانى سەرۆکى هەرێم دەکرد، ئیتر چ کێشەیکى تیایە جوت ئامۆزا هەموو دەسەڵاتەکانیان هەبێت، ئەم هەنگاوەى گۆڕان کارئاسانیە بۆ پارتى با مەسعود نەبێت نێچیر بێت و بە ئاسانى بەهەموو دەسەڵاتێکەوە بەبێ گێرمە و کێشەى هەڵبژاردن. ئێستا بزوتنەوەى گۆڕان ڕێک ڕۆڵێک ئەبینێت کە پێشتر یەکێتى بینیویەتى و کە بووە بەمایەى نابوت بونى خۆى و قەبەکردنى دەسەڵاتى مافیایى بنەماڵەیی بەرزانى.
پێموایە گۆڕان لەپێناوى پلەو پۆستدا زۆر ملکەچیتر قبوڵ ئەکات، هێشتا بەفەرمى مەسرورێک لەباوکى جەلادتر و خوێنڕێژتر و دەستێکەڵاوکەر لەگەڵ داعش و دەوڵەتى ئیسلامیەکەى، بۆ سەرۆکى حکومەت کاندید نەکراوە لەگردى زەرگەتەوە تەپڵى سەرکەوتنى بۆ لێئەدەن ، مەسرورێک چەتەکانى پاراستنەکەى لە دهۆک بنێرێتە سەرخێزانێک لە پیرەمێردێکى ٩٠ ساڵە و پیرێژنى خێزانى و کچێکیان بدات و برینداریان بکات لە ناو ماڵى خۆیان لەبەر ئەوەى کوڕەکەیان لە هەندەران لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا ڕەخنەى لە سیستەمى سیاسى هەرێم گرتووە ئاخر مەسرور و سیستەمیان وتووە ئەگەر سیاسەتمەدارانى گۆڕان تۆزێک شەرەفیان مابێت .
|
وێنەى حەسەن باجلورى باوکى چالاکوان کۆڤان لەوڵاتى نەمسا ئەژى |
ڕوو ئەکەمە ئەم بەڕێزانە :
• بۆ هەموو ئەوانەى ڕۆژێک لە ڕۆژان هەوڵیان داوە، یان ئاواتیان بووە کە کوردستان بگەڕێتەوە دەست خەڵکەکەى لە دەست چەتە و مافیاى بنەماڵەیی خوێنخۆر و خاکفرۆش ڕزگارى ببێت
• بۆ کەسوکارى ئەو شەهیدانەى کە بەجەرگى سوتاوە وە ئاواتەکانتان بە بزوتنەوەى گۆڕاندا هەڵواسیبوو لایان وابوو خوێنى نەوەکانتان بەفیرۆ نەڕۆشتووە .
• بۆ ئەو گۆڕانخوازانەى کە لە سەر دەستى چەتەکانى دەسەڵات زیندانیکران، ئەشکەنجە و ئازاردران ، دورخرانەو و نانبڕاو موچەبڕاو کران و پلە و وەزیفەیان لێوەرگیرایەوە، ئەتکران ، شاربەدەرکران.
• بۆ ئەوانەى لەخۆبوردوانە و بوێرانەوو بەبێ ماندووبوون سوپایەکى جەربەزەتان پێکهێنابوو بۆ ئاڵوگۆڕى لەدەسەڵاتى سیاسى و دەستاو دەستکردنى دیموکراتیانەى دەسەڵات .
• بۆ ئەوانەى خەونى سەروەرى یاسا و ئاواتى یەکسانیتان لە دڵدابوو .
• بۆ ئەوانەى خەونى گۆرینى کۆمەڵى کوردەواریتان لە بزوتنەوەى گۆڕاندا ئەبینى .
ئایا گۆڕانکارى و گۆڕینى سیستەم لە سەر کۆشى پاریتیەوە ئەکرێت، ئیتر کاتى هەڵوێستى جدى و بەرپرسانەیە بەرامبەر ئەم تاقمەى گۆڕان تەنها چەکى درۆیان پێیە و دراوەکەشیان لاى خێڵى جامانە سور مسۆگەرە، ئەگەر هەڵبژاردنێکی تر بکرێت وەک هاوڵاتیەک کۆمێنتێکى نووسیبو (ئەبێت گۆڕان کورسى لە حەمەى حاجى مەحمەد قەرز بکەن)، چونکە حەمە سەرقاڵى کنگر هەڵکەندنە سەرانى گۆڕانیش باشترە فریابکەون هەتا بەهارەکەى تەڕ و بڕە کنگر بەگردى زەرگەتەوە نەهێڵن .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست