بارزانی و دوو فڕۆکەی بەلچیکی !
Saturday, 06/04/2019, 19:35
مەلا بختیار مونافسێکی سەرسەختانەی چیرۆکی فرۆکە ی بۆ دروست بوو!
مەلا بختیار کە لە گێڕانەوەی جەنگی خۆی و چەن هاوڕێیەکی بەرامبەر بیست و یەک فرۆکە ، بووە گاڵتە جاری سەر تۆري کۆمەڵایەتیەکان و شەقامی کوردەواری و ، ماوەیەکی زۆر خەڵکی وەک نوکتە و پیکەنین کاتیان بەسەر دەبرد بەو چیرۆکەوە! تا دواتر ناچار کرا خۆت هاتە سەر خەت و لەو وەڵامی ئەوەی کە خەڵک گومانی لەو مئژووە هەیە، ووتی کاکە من بۆخۆم ئەڵێم ٢١ بیست و یەک کۆپتەر ی جەنگی بووە ، بەس برروا بکەن لەو ژمارەی ووتومە زیاتریش بووە ! واتە جەنابی مەلا بختیار خاتری خەڵکی کوردستانی زۆر بە زیادەوە گرتووە و ، حەز ناکات هەموو فرۆکەکان بکات بە منەت بەسەر خەڵکەوە تەنها ژامارەیەکی کەمی باس کردووە....
سەرکردەکانی کورد گەر بۆ پیکەنین و قەشمەریش بێت بۆ گەرم کردنەوەی بازاری ناوهێنانیان وەک گیلە پیاو نمایش و لێدوانێک دەدەن،بۆیە کاتیک کە لە کایەی سیاسیدا ناویان لاواز دەبێت و باس و خواز لەسەریان بەرەو کزی دەڕوات، حەز دەکەن بە چیرۆکێکی کۆمیدی یان قسەیەکی بازاری بینەوە ناو خەڵک و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و شەقامی کوردستان سەر قاڵ بکەن بە خۆیانەوە، ببنە مایەی پیکەنین و گاڵتەجاری .
بارزانی پاش سڕ کردن و مت کردنی لەلایەن دەزگای موخابەراتی ئەمریکی و ئیسرائیلیەوە بۆ زیاتر لە ساڵێک لە دوای ریفراندۆمە دروست کراوەکەی کە دەوڵەتی ئاک پارتی و ئەردۆغان و دەزگای میتی تورک سیناریۆی بۆ داڕشتبوون، دووبارە هاتۆتەوە ساحە کەو بە هەندێک چیرۆک و سەرگوزشتەی ڕابردوو لە پێشانگای نێودەوڵەتی کتیب لە هەولێر بەشداری کرد .
بارزانی و داردەسەتەو کادرەکانی پی دەچێت هەر بە چیرۆکی هەڵبەستراوی ڕابردوو خۆیان و چەکدارەکانیان ئاهیک بدەنەوە بە دەسەڵاتەکەیان و خۆیان لە گیژاو و قەیرانی سەردەم دووربخەنەوە!
ئەوەی مایەی سەرنجە پارتی و بارزانی هیچ شانازیەک نیە لە کاتی ئەم ٢٨ بیست و هەشت ساڵەی دەسەڵات و حوکمیاندا بۆ خەڵکی باس بکەن و جەماوەر بۆخۆیان دروست بکەن. بۆیە هەمیشە پەنا دەبەنەوە بەر چیرۆکی بەر لە پەنجا ساڵ لە ئێستە، چونکە باش دەزانن خەڵکانی زۆر ئەو سەردەمە کەلە ژیاندا بوون ، ئێستە زۆریان یا نەماون یان پیرو خڵافاو بوون. ئەو چیرۆکانەی کە نووسراونەوتەوە بۆ ئەو سەردەمە زۆری لەلایەن کەسانی حیزبی و نووسەری کاسە لێسی دەسەڵآتدارەوە نووسراوە، کە ئەمە بۆ خۆی زیاتر لە چوارچیوەی دیعایەو شایعەی حیزبی تێپەڕ ناکات و بە سەروەری هەژمارد ناکرێن و نابنە بەشیک لە میژووی حەقیقی حیزبیک یان دەسەڵاتیک.
نەوشیروان مستەفا قسەیەکی جوانی هەبوو کە دەیگووت؛ گەنجی ئەمرۆ هەقی نیە بەسەر ئەوەی تۆ چیت کردووە و چەند ڕەبایەت گرتووە و چۆن شەرت لەگەڵ بەعس کردووە ، خەڵک و گەنجی ئەمرۆ دەیەوێ بزانێت تۆ چیت پێیە بۆ ئیمڕۆ و چی دەکەی بۆ ئێستەو داهاتوویان ، بۆیە با ئیتر لەوە زیاتر گەنج و خەڵکی کوردستان بە چیرۆکی رابردووە بێزار نەکەین و دەسخەڕۆ نەکەین....
بەڵی جەنابی بارزانی ئیتر باشترە واز لەم چیرۆکانە بێنیت بە ناوی پێشمەرگایەتی و کوردایەتی کە بەدڵنیایەوە ئەو جۆرە ووتانەیە کە ناوی پیرۆزی پێشمەرگایەتی و کوردایەتی بووە بە کاری قێزەون وگاڵتەجاری لە لای ئەم نەوەیە و ، جگە لە جڕتێک هیج وەڵامیکی ترت لەلاین گەنجی ئەم سەردەوەمە جنگ ناکەوێت!
هێندە باسی پێشمەرگایەتی و خۆت و مەلا مستەفای باوکت کردووە تارادەیەک هەموو قسەکانت وەک خۆی دەتوانین بیگێرینەوە و ، ووتەکانت هەموو ژەنگی گرتووە کەڵکی هیچی پێوە ناماوە! مەسەلەی ماندوو بوون و خەبات و پێشمەرگایەتی خەڵک هەموو قسەکانت لە خۆشگوزەرانی و تەمەن دریژی خانەوادەکاتاندا خەڵک دەیخاتە معادەلەوە نەک لە لە بەرکردنی جلی کوردی و جامانەی سووردا!
جەنابی بارزانی لەش و لارو ساغی و سەلامەتی خۆت و مناڵەکانت شاهید ئەوەن کە قەت بۆ یەک ساتیش بەشداری شەڕێک پێشمەرگانەت نەکردووە، نە خۆت نە نەوەکانت. هەر کاتێک بیستمان یەکێک لە کوڕ و نەوەکانی بارزانی مستەفا لە جەنگێکی دەستەو یەخەدا بەرامبەر دوژمنان بریندار یان شەهید بوون ، ئەو کات بی ئەوەی تۆبۆ خۆت با شانو باڵو خەباتەکەتاندا هەڵبدەیت و خەڵکی بودەڵەو هەل پەرست بیکەن چەپڵە ڕێزان بۆت، خۆمان دەزانین کە ئێوەش سەردەمانیک کوردایەتیتان کردووەو بەشیک بوون لە سەروەری پێشمەرگەو خەباتی نەتەوەیی کورد و میحەنەتو ئازارەکانی نەتەوەی کوردی ستەم دیدەیە....
بارزانی چیرۆکی ساڵی حەفتاکان باس دەکات کە ئیمە زۆربەمان لەو بەروارەدا لە دایک نەبووین و ئەویس دەتوانێت بە ئارەزووی خۆی خەبات ئاوێزانی ئەندێشەی خەیاڵ بکات و ، وەک ڕۆمان نووسیکی درۆزن کارەکتەرو پاڵەوان بۆ چیرۆکەکەی دروست بکات!
بارزانی باس دوو فڕۆکە ی بەلچیکی دەکات لەم کورتە چیرۆکەیدا، پاڵەوانی چیرۆکەکە مستەفا بارزانی باوکی خۆیەتی وەک هەمیشەو ئەکتەرو کاراکتەر کە ڕۆڵی پی دراوە کەسیکە بە ناوی عومەر ئاغاو ، لە کاتیکدا جیرۆکە باس دەکات ئەم دوو کەسایەتیە هیچیان لە ژیاندا نەمان و شاهیدی زیندووشمان بۆ باس ناکات. تاکو قسەکانی ببنە جێگەی بڕوا و متمانە!
چیرۆکەکە لەسەر یەکێک لە و دوو فرؤکەیەیە کە قسەی ئەم لە ناوەڕاستی زستان و کاتی سەرماو سەهۆڵەدا لە چیای قەندیل خۆی لە شاخ داوە و کەوتۆتە خوارەوە، بە قسەی بارزانی تاکو هاوین ئەم فڕۆکەیە لەناو بەفر ماوەتەوە، پارتی و مەلا مستەفا ئەوەنە ئازا بوون ! کە بەفر خۆشی کردۆتەوە و گەرمای هاوین هاتووە و ئیتر سەرما و باران نەماوە ، مەلا مستەفا غیرەتی پەیدا کردووە و عومەر ئاغا ی ناردووە بۆ کەشف کردنی ئەو فرۆکەیە. دیارە زۆر ئازا بوون ! چونکە هەوڵی ئەوەیان نەداوە وەک کاریکی ئینسانی ژیانی خۆیان بخەنە ئازاراوە بۆ بە فریا کەوتنی سەرنشینەکانی ناو فرۆکەکە و وازیان لێ هیناون تا بە لەسەرخۆ و بە ئازاراوە ووردە ووردە بمرن! ( گەرماو گەرم دوای حەوت مانگ لە ڕووداوەکە ) خۆیان گەیاندۆتە سەر بریندارو سەقەتەکانی ناو فڕۆکەکە ، بە قسەی بارزانی خۆی ئەمەندە قارەمان نەبووە دوای حەوت مانگیش تەشریفیان نەچووە و ئەمری بە کەسێک کردووە کە بچێ ، دیارە ئەمەش بە حیکمەتەکانی بارزانی باوک ناوزەند و لیکدانەوەی بۆ کراوە لەو سەردەمەدا! ویستوویەتی ٧ حەوت مانگیک تێپەڕێت بەسەر ڕووداوەکەدا ! ئەڵێ نەفەرەکانی ناو فرؤکەکە ( ئەوەندە جەمەدی ) بوون!!! ، تەبعەن ئەم ووشەیە وەک ووشەی فیس بووک لە داهینانی بارزانیە ! جا ئیتر خەڵک خۆی وەکیل بێت چۆن لێک دانەوە بۆ ئەم ووشە نوێیە دەکات کە بارزانی وەک نویگەری هینایە ناو چمکی زمانی کوردیەوە !
کەس نازانێت بارزانی مەبەستی جامەدانەی سوورە ، یا جەمد بوونیانە لەگەڵ یەکتری یان مەبەستی سڕ بوونە، اللە و ئەعلەم مەگەر سەرۆ قادر و هێمن هەورامی ئەم قسانەی جەنابی سەرۆکمان بۆ شیکار بکەن و حیکمەتی زمانەوانی سەرۆکەکەیانمان بۆ تەعمیم بکەن!
بارزانی لەلایەک باسی دەستپاکی پارتی و پێشمەرگەکانی دەکات، کە گوایە ئەوە پارتی بووە کە تاکی کوردی وەها پەروەردە کردووە ، وەک ئەوەی کورد هەر چەتەو ڕێگر بووبن و بارزانی خوا وەک فریاد رەسو فریشتە بۆ کوردی ناردووە!، هەر وەک چۆن نەتەوەی عەرەب پێغەمبەر محەمەد هات لە جاهیلیەت دووری خستنەوە، ئاواش بارزانی و پارتی هاتوون خەڵکیان لە چەتەیی وڕاوڕووت دوور خستۆتەوە.
زۆر پێ دەچێت بارزانی تووشی زەهایمەر بووبێت ، وەک گێلە سەرکردە دزە درۆزنەکانی تر ، دەنا خەڵک زۆر شاهیدی ئەوەن کە لە سەردەمی بارزانی باوکدا ، سەدان ناو پەیدا بوون کە خاوەن هیچ پێگەیەکی ئەخلاقی و فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی نەبوون ، دوای بەدەست هێنان و پاڵپشتی بارزانی باوک بوون بە ژمارە و ناوی دیارو خاوەن سەروەت و سامان ..... بارزانی باوک بۆخۆی لە پەنا ناوی پێشمەرگایەتی و شۆڕشدا لە کەسێکی نەخویندەواری گوندی و دواتر پیشەی قەسابی لە ووڵاتی ڕووسیا ، بوەتە خاوەن سامانێکی بێ شوومار...خەڵک هەموو شاهیدن کە حەمایلەی خیزانی مەلا مستەفاو و دایکی مەسعود بارزانی هەر چۆن هەموو پارەو پوولی یەکیەتی هەیە لای هێرۆی ژنی جەلال تاڵەبانیە، کە ئەم کەلتوورە تاڵەبانی لە مەلا مستەفاوە بۆی ماوەتەوە ، کە کاتی خۆشی هەرچی پارەو پوولی شؤڕش و پارتی هەبووە خستویەتە ژێر دەستی حە مایلەی ژنی! کەشؤرشیش هەرەسی هیناوە ، وەک باس دەکەن کە سەدان هەزار دیناری ئەو کاتە و هەرچی کەلو پەل و دەزگا و ئوتۆمبیلی بارهەڵگر و مەکائینی بە نرخ هەبووە لەگەڵ خۆیان بردوویانە بۆ ئێران و خەریکی کارو کاسپی بوون بە مومتەلەکاتی خەڵک و شۆڕشەوە. ئەم غەنیمە ودەستکەوتانە خێزانی بارزانی لەگەڵ خۆیان بردویانە بۆ ئیران وەک شاهانە پێی ژیاون، خەڵکیش لە ئۆروگاکانی ئیراندا بە خێرو سەدەقەی حوکمەتی شاهەنشای ئەو کاتەی ئێران، بە مەمرەو مەژی گوزەران و ژیانیان بەسەر بردووە...
بارزانی زۆر بێ شەرمانە باسی دزی و تاڵانی دەکات، وەک ئەوەی ئەوە خەڵک و حیزبە دورە دەسەڵاتەکانی کوردستان بن خەریکی دزی و ڕاوڕووت بن ، ئەمان وەک پارتی کە دەسەڵاتی تەواویان بەسەر هەموو جوومگە ئیداری و سیاسی و دبلۆماسی و عەسکەری دا هەیە ، هەرچی خاوەن کۆمپانیا و فرۆشگەو تەندەر هەیە لە کوردستان بە بێ ڕەزامەندی بارزانی و حیزبەکەی ناکرێت....کەچی دێت باسی ئەوە دەکات کە دەبێت پارتی و ئەندامەکانی تەربیەت و ئەخلاق بۆ تاکی کورد بگەڕێننەوە ، وەک ئەوەی تاکی کورد تەربیەت و ئەخلاقیان بۆ یە لەدەست داوە کە هۆکارەکەی ئەوەیە ڕێگە نادرێ بارزانیو حیزبەکەی کوێخایەتی هەموو کوردستان بکەن...
بەڵێ بارزانی یان خراپ حاڵیان کردووە یان گێلە یان خەڵکی وەک گێل دێتە بەرچاو ، ئاخر جەنابی بارزانی، تۆ و کوڕەکانی تۆ و برازا و کەسە نزیکەکانی تۆ لە پەنا دزی و درۆزنی و ڕاوڕووتدا نەبێت ئەم هەموو سامانەتان بە چی پێکەوە دەنا ؟ هەر بۆ نموونە سیروان بارزانی کە باوکی نۆکەری بەعس بوو لە بەغداد و، دەبێتە برازای تۆ بە چ کارو کاسپیەک بووتە خاوەنی یەکێک لە و دوو کۆمپانیا گەورەیەی ئەنتەرنێتی کوردستان ؟ ئاخر مناڵەکەی نێچیر بارزانی سەۆکی حوکمەتەکەت، کە دەکاتە برازات وهەم مێردی کچەکەت، دەزگای خێرخوازی بارزانی دەبات بەڕێوە ، ناپرسی سەرچاوەی ئەو داهاتە لە کوێیەو و چۆن دەستی دەکەوێت ؟ یا قەت پرسیوتە کوڕەکانی خۆت هەر کامیان دەگری ئەخیر مۆدیلی ئوتۆمۆبیل و خانووی چەند نهۆم و باشترین جلو بەرگ و خواردنیان هەیە ، قەت دەپرسی کوڕم کارو کاسپیتان چیە و، ئایا ئەم هەموو ژیانە شاهانەیە بە روبعە مووچەیە ؟ کە خەڵک هەموو کەوتوونەتە ماڵ و حاڵ فرۆشتن و جیابوونەوەی خێزانەکانی کورد لەبەر کێشەی کەمی مووچەو دەرامەت! ئاخر قەت پرسیوتە کە بۆچی خەڵک خۆیان بە ڕووباری ئیجەدا دەدەن؟ هەمووی هۆکاری نەبوونی و هەژرای و بێ مووچەیی و نادادیەکەی دەسەڵات و حیزبەکەی تۆیە، ئاخر ئەو هەموو قوربانیانەی خنکان و مردنی ڕێگاکانی هەندەران ، کەسێکیان بۆ تیا نیە لە کەسە نزیک و خزمەکانی خۆت و ماڵباتی بارزانی؟ ئاخر زیاد لە دوو ملیۆن خەڵکی کوردستانی عێراق ئاوارەی هەندەران بوون لە تاو برسیەتی و نەداری و بی کاری وترس ولەرزی دەسەڵات ، قەت بینیوتە یەکێک لە نەوەکانی تۆ بۆ دەرمانیش بێت لەم کۆچە بەکۆمەڵەدا بەشدار بووبن ؟
بارزانی باس لەوە دەکات لە قسەکانیدا کە پارتی سەلماندی کە حیزبیکی موئەسه ساتیە ! ئاخر جەناب تۆ نەک وەک حیزب وەک دەوڵەتداری و حوکمڕانی کە نزیکەی ٣٠ سی ساڵە پەرلەمان و ئەنجومەنی وەزیرانتان هەیە نەبوون بە موئەسەسات، نەک حیزبەکەی جەنابت! کە تاکو ئێستە تاکە یەک جار سەرۆکەکەی گۆڕاوە ئەویش بە مردنی کەسایەتی یەکەم و دانانی کوڕەکەی لە جیگەی، جا ئیتر نازانم مەبەستی موئەسەسات چیە کە وەک شانازی باسی پارتی و و بارزانی دەکەی، دڵنیاشم بە مردنی تۆ ئنجا سێهەم سەرۆکی بۆ دادەنرێت و ئەویش کوڕە گەورەی جەنابت دەبێت کە لە ئێستەوە نازناوی کاکی گەورەتان بۆ داتاشیوە!
باسی ئەوە دەکات کە کێ حەدی هەبووە جاسوسی یان دزی بکات سەردەمەی دەسەڵاتی ئەوان ، وەک ئەوەی ئێستە خەڵکی تر دەسەڵاتیان بە دەستەوە بێت و ئەمان ئیتر لە ماڵەوە وەک تەڕاح وازیان لەهەموو شتێک هینابێت !
جەنابی بارزانی وەک بیرهێنانەوە کە زۆر گومانم هەیە یان تووشی زەهایمەر بووی یان کاری گێلێتیە، ڕووداوەکان هەموو ئاوەژوو دەکەیت ! ئەوانەی کە کاری جاسوسیان دەکرد کاتی خۆی بۆ خزمەتی بەعس ، تۆ و حیزبەکەی تۆ هەموویانی لە دەوری خۆی کۆ کردەوە ، ئەوانەی ئێستەش جاسووسی دەکەن و دەنێرێن بۆ کاری جاسووسی بۆ ناو حیزبە کوردەیکانی تر ، دواتر جەنابت دەیکەیتە ڕاوێژکار و ، ئەنواع و ئەشکال ناو و پلەت بۆ داتاشیوون لە دەوری خۆت ، لەلایەن خودی خۆتەوە خەڵات دەکرێن، هەمان ڕەفتاریش دەکەن لەگەڵ دز و پیاو کوژەکان. هەر بۆ نموونە با نەزانیت بوختانت بۆ دەکرێت ، محەمەد حاجی و فەرەیدون عەبدول قادر و ئازاد جوندیانی لەو ناوانەن کە لە دیوەخانەکەی تۆدا ئێستە لەسەر خوینی میللەت مووچەو مانگانەی چەوریان بۆ براوەتەوە ، خۆشت باش دەزانی ئەم کەسایەتیانە لەسەر ئەساسی چی پلەو پایەت پی بەخشیون!
باشە جەنابی سەرۆک وا ووتمان تۆ ڕاستە لە زۆنی سەوز و نیلی دەسەڵاتت نیە، بەس خۆ لە زۆنی کە خۆتان ناوتان ناوە زەرد ، چەند کادر و سەرکردە و وەزیری گەندەڵ و بەرپرسی حیزبی سەر بەخۆتان داوە بە دادگا و لێپێچینەوەتان بۆ کردووە؟ چما سەرۆکی حوکمەت هەر برازاکەی خۆت نەبووە نزیکەی ٢٠ بیست ساڵ، خۆشت هەموو شتێک نەبووی؟
بۆ لەمەو دواش هەر وەک خۆت ئەفەرمووی کە پارتی حیزبی موئەسەساتیەو ، ئێ جەنابی بارزانی بەم معیاری جۆرە موئەسەساتیەی خۆت باسی دەکەی ئەوە خوا یار بێت مانگیکی تر نابات کوڕەکەی خۆت ئەبێت بە سەرۆکی حوکمەت و ئەمیش هەرچۆنێک بێت بە خەونی ئەوەوە دەچێتە سەر کورسی کە هیچ نەبێت بەقەدەر ماوەی سەرۆکایەتی ئامۆزاکەی ئەمیش سەرۆکایەتی حوکمەت بگرێتە دەست، بەراستی وەک خۆت ئەفەرموویت ئێوە حیزبێکن تەجاوەزی دام و دەزگای موئەسەساتیشتان کردووە و نموونەی دەستاودەستکردنی دەسەڵاتی سیاسی هەر لە خۆتان جوانە!.
بۆ ئیسپاتی ووتەکانت کە ئێوە هەمیشە هەوڵتان داوە وەڵامی ناحەزانی حیزبەکەتان نەدەنەوە و بی دەنگی هەڵبژیرن ، باشترە هیچ نەبێت میژووی قەتل و عامی زیندان خانە و ئەشکەنجە خانەی کونە ماسی باوکی مەرحوم و حیزبەکەت بە باشی بخوینیتەوە کە بزانی ئێوە بەرامبەر نەیارەکانتان ڕەفتار و کردارتان چۆن بووە و، چ ئەشکەنجە و قەسابخانەیەکتان ئەو زەمەنە داناوە دژ بەوانەی وەک باوکی ئەلمەرحومت بیریان نەکردۆتەوە، بۆ ئیمرۆکەی دەسەڵاتی خۆشت تەنها سەردەشت عوسمان رۆژنامنوووسەکەی هەولێر بەسە کە لەسەر چەند نوسینیک بەچ شێوازیکی دڕندانە شەهیدتان کرد و دواتریش کەسی قوربانیدەرتان کرد بە تیرۆریست و کەیسی تیرۆرتان لە دادگا موئەسەساتیەکانی خۆتان بۆ داڕشت، لەولاوەش بەرپرسی لقی چواری سلیمانی کە کە دەستی سوورە بە خوینی دەیان گەنجی خۆپیشنادانەکانی ١٧ شوبات هاتی لای خۆت دات ناو و خەڵات کرد ، هەرچەندە دادگا بڕیاری گرتنی دەرکرد بەڵام تۆ و حیزبەکەت تەسلم بە دادگاکاتان نەکرد، بەڕاستی ئیوە موئەسسەساتیان جەنابی بارزانی و خەڵک هەقە متمانە و خەونی خۆشی و ئارامی هەر بە ئێوە ببینێت...
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست