حساباتى یەکێتى لە نێوان (دلێر سەید مەجید) و (کۆچەر بیکار) دا
Thursday, 04/04/2019, 23:39
سندوقە رەشەکە، ئەو نازناوەیە کە بەدلێری سەید مەجید، بەرپرسی ئیدارەی گشتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان دەگوترێت، ئەو هیچ بەرپرسیارییەتییەکی باڵای لە ناو یەکێتیدا نییە، بەڵام یەکێک لە ناکۆکییە گەورەکانی ناو یەکێتیش پەیوەندی بە کارەکەی ئەوەوە هەیە، ئەویش بەڕێوەبردنی دارایی و نەوت و بازرگانییەکانی ئەو حیزبە!
دلێری سەید مەجید، جگە لە بەرپرسیارییەتی دارایی گشتی یەکێتی، بەڕێوەبەری گشتی و جێبەجێکاری گروپی کۆمپانیاکانی نۆکانە، کە کۆمپانیاکانی لە چەندین بواری بازرگانی وەک نەوت، جگەرە، قۆنتەرات، فڕۆکەوانی و بیناسازی کاردەکەن، لە راستییدا بوارێکی بازرگانی و دارایی نەماوەتەوە،کە بە دلێر نەسپێردابێت، یان ئاگاداری نەبێت و رێنمایی نەکات! یاخود کۆمپانیایەکی لە گروپەکەی بۆ تەرخان نەکردبێت.
دەگێڕنەوە دوای رووداوەكانی 31ی ئابی 1996و گەڕانەوەی یەكێتی لە ئێران، جەلال تالەبانی پێنج ملیۆن دینار، كە بۆ یەكێتی پەیداكراوە، بەسەر پێنج بەرپرس و سەركردەی یەكێتیدا دابەشدەكات تا وەبەرهێنان و سەرمایەگوزاریی تێدا بكەن بۆ سەر دارایی حیزب. دلێری سەید مەجید یەكێكە لەو پێنج كەسە.
ساڵان دێن و دەچن، لەو پێنج كەسەدا، كە جەلال تالەبانی رایسپاردبوون تەنیا دلێرە دەست مایە و قازانجی دیارە، چوارەكەی تر پارەكە یان بە نیوە ناچڵ یان هیچی بۆ یەکێتی و بنەماڵەی تالەبانی ناگێڕنەوە، دلێر دەبێتە جێ متمانەی تالەبانی و ملیۆنە دۆلارەكە دەكات بە چەند ملیۆنێك و سەرمایەیەكی زۆر دەخاتە ناو خەزێنەی حیزبەوەو هەر لێرەوە بیرۆكەی (كۆمپانیای نۆكان) گەڵاڵە بووە، كە ئەو كۆمپانیا ئێستا بووەتە شادەماری ئابووری یەكێتی و ساڵانێكی زۆر داهاتو خەزێنەی ئەو حیزبە و كۆمپانیاكەش لای دلێری سەید مەجید دەبێت!
دواى دامەزراندنى کۆمپانیاى نۆکان چى روودەدات؟
دلێری سەید مەجید هەر لە سەرەتاوە هەوڵی ئەدا ئەو کەسانە لابدات کە دڵسۆزن و ئەتوانن ڕێگری لە پلانەکانی بکەن. لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٤ دا هاوپشكێکی لابردوە و شێخ ئەحمەدی مافیای لە شوێنی داناوە. داوتر لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٤ دا، خاتو پەروین بابەکری لابرد و، دوا هەنگاویشی لە سەرەتای ٢٠١٥ دا ناوە بۆ دەستگرتنی تەواو بەسەر هەموو پشکەکانی نۆکان لە پاڵاوگەکەدا ئەمیش بەناوی خۆیەوە تۆماری کردوە.
نزیکەی دوو مانگ پاش کۆنترۆلکردنى دلێر هەموو پشکەکانی نۆکان، ئیتر دێت و ئەفرۆشێت بە کۆمپانیای قەیوان. بۆ پینەکردنی ئەم هەنگاوە، دلێر بە دەسەڵاتدارانی ناو حیزبەکەی ئەڵێت کە فرۆشتنی پشکەکان کاتییە و هۆکارەکەی وەرگرتنی قەرزێکی گەورەیە لەلایەن قەیوانەوە! بۆیەزۆر کەس لەوانەی کە لە نزیکەوە ئاگاداری ئەم کەین و بەینەیە، دەپرسن: ئەگەر نۆکان پاڵاوگەکەی نەفرۆشتووە، ئەی کوا دەستکەوتی مانگانەکەی؟ ئەگەر پاڵاوگەکەشی فرۆشتووە ئەی کوا پارەکەى؟! ئەمە جگە لەوە لە هیچ و:اتێکدا نەبیستراوە، کە حیزب خاوەنی کۆمپانیای پاڵاوگەی نەوتی وڵات بێت و دەستی بەسەردا گرتبێت، یان نەخۆشخانە و قوتابخانە کە موڵکی گشتییە بفرۆشێت؟ بۆ زانیاریی هەموو لایەک نزیکەی مانگێک لەمەوبەر دلێر بەنیاز بوو نەخۆشخانەی شیرەکە بفرۆشێت، گرێبەستەکەشی واژو کردبوو، وەزیری تەندروستی و بەڕێوبەری تەندروستی سلێمانیش چونکە پیاو و کۆیلەی بنەماڵەی تالەبانیین، بەمە ڕازیبوون! بەڵام لە دوا چرکەدا کەسێکی دڵسوز ئاگادار کرایەوە و هەمووی هەڵوەشاندەوە. وەک بزانم، ئەمە تاقە خیانەتی دلێرە کە ڕێگری لێکراوە، سەدان خیانەتی !!گەورەتری کردووە و بۆی چۆتەسەر. بۆیە دەبێت دلێری سەید مەجید کە تاوانبارێکی دیکەی ناو دەسەڵات، دەبێت بەرەو رووی دادگای گەل بکرێتەوە و بە سزای گەل و نیشتیمان بگەیەنرێت، چونکە ئەم کەمترین ناوی دێت و لە ژێرەوە کاری دزیی و ساختەکاریی و بەهەدەردانی سامانی نیشتیمانی دەکات، لە هەموو بەرپرسەکانی دیکە ترسناکتر و خەتەرترە. بۆ زانیارییتان بەپێی بەڵگەنامەیەکی دادگای تاوانەکانی سلێمانی بە تۆمەتی " تسهیل و والاستیلاء" لە فرۆشتنی موڵکی دەوڵەتدا، دەبێت وەک " تۆمەتبار " لێکۆڵینەوە لەگەڵ هەریەک لە عومەر فەتاح وەک سەرۆکی حکومەتی هەرێمی ئەو دەمە و، قادر حەمەجان سەرۆکی شارەوانی سلێمانی و، دلێر سەید مەجید بەڕێوەبەری کۆمپانیای نۆکان بکرێت! ئەم بەلگەنامەیە لە رێکەوتى ١٩-٦-٢٠١٧ بەسەرۆکایەتی دادوەر: ( کەمال عەبدوڵا رەفیق) و بەئەندامی دادوەران ( د. سردار عەلی عەزیز و د. تەها عومەر رەشید ) کە رێگەپێدراون بە دادوەریکردن بەناوی گەلەوە کام گەل و کام دادگا تا ئێستا وا ٢٠١٩ یە روون نیە ئەم دادگاییە ئەنجام دراوە یاخود نا !
دلێر سەید مەجید، کە بەپرسی داراییو ئیدارەی گشتی یەكێتی نیشتمانی كوردستانە، لەنامەیەكیدا کە بۆ جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی یەكێتی ناردوە رایگەیاندوە لە بەرواری 14/4/2018 تەواوى داتاى ئەو موڵك و ماڵەى یەكێتی لای دكتۆر بەرهەمە بەدەست گەیشتوە
ئاماژە بەوەش دەكات، کە بە پێویستی دەزانێت بۆ ویژدان و مێژوو لەوكاتەوەی دكتۆر بەرهەم لە ئیشوكاری یەكێتی دوركەوتوەتەوە ئەوەی كەلای بووە بۆ ئیدارەی گشتی یەكێتی گەراندویەتیەوە، تەنها خانوەكەی هەولێر نەبێت، كە بەرەزامەندی هەردوولایان بە گرێبەستێكو بۆ ماوەیەك و بەكرێی ساڵانە تێیدا ماوەتەوە! ئەمەش بەڵگەیەکی دیکەیە کە هەموو ئەو بڕیاردان و دەستبەسەرداگرتنە، هەروەها هەرچیی دارایی یەکێتیی هەیە لە گەورەوە تا بچوک ئەم ئاگادارێتی
هەر لەنامەکەدا کە بەرواری 18/4/2018 لەسەرە نوسیویەتی، پێویستە بۆ مێژوو ئەو راستیە بڵێت مام جەلال ئەمری پێكردوە، لەشاری هەولێر خانویەك بۆ بەرهەم ساڵح بكڕێت، بەڵام "دكتۆر بەرهەم ئەوەی قبوڵنەكرد”. بەڵام وەکو زۆر کەس دەزانێت، کە بەرهەم لە بە رووکەش ئەمەی وەرنەگرت، بەڵام ژێرەوە ئەو خانوویەکی دیکەیان بۆ کڕی لە رێگاى کەسنەزانى شارى هەولێر
لە کۆتاییدا ئێمەش دەپرسین ئەگەر ئەم فایلانەى لاى (دلێرى سەید مەجیدە ) تا ئێستا هیچ دادگا و کەسێک نەتوانێت لێکى بداتەوە و سەرى لێ دەربکات چونکە چەندین جار دکتۆر (کەمال فوئاد ) رایگەیاندووە کە چەندین ساڵ خەریکى فایلەکانى دلێرى سەید مەجید بووە بەلام بە هۆى ناروونى حساب و کتابى ئەم پیاوە وازى لێ هێناوە لە کۆتاییدا وەکو زۆر کەس لە ناو خودی سەرکردایەتیی ئەم حیزبە هەندێک جاریش بە توڕەیی و هەندێک جار بە گاڵتەپێکردنەوە دەڵێن ئەوەی کە توانای ئەم دزیی و فزیی و حیساب و کتیبانەی دلێری سەید مەجید بێت، تاکە رێگا بۆ گەیشتن بە ئەنجام تەنیا زانا و داهێنەرى گەورەى کورد (کۆچەر بیکار)ە کە بیهینن و هەرچى زووە ئەو حساب و کتابە ئالۆزەى یەکێتى پێ لێک بدەینەوە چونکە ئەمە مەتەلێکە کەس سەرى لێ دەرناکات .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست