ئەیگۆڕین
Thursday, 04/04/2019, 23:22
بڕیارێکە و گەڕانەوەی تیا نیە ...ئەیگۆڕین ، ڕۆحی کاکە نەوە شاد ئەکەین و ئەیگۆڕین ، لەیلایە و هەنسکی مناڵانی باوکە شەهید کراوانی 17/ی شوبات ئەگۆڕین بە "گەعدە"ی گۆرانی ئینزیبات و لە پارلەمان بە " زوڕنا و تەپڵ" پەیامی گردەکە دەگەیەنینە هەموو قوژبنێکی کوردستان.....
ئەیگۆڕین..
ئومێد بە پاشەڕۆژێکی ڕۆشن و دادپەروەرانە و هێنانە دی دیموکراسی ئەگۆڕین بە سورەتی "ئەنفال" بە دەنگە زوڵاڵەکەی " علی حمە ساڵح" لە سەکۆی پارلەمانەوە ، مژدەی سەرەتای گۆڕینی کۆمەڵگای کوردستانمان ئەداتێ ڕوەو شەریعە گەڕانەوە بۆ قوڕەیش...
ئەیگۆڕین..
گیرفانی بەتاڵی هەژارانی کورد پڕ دەکەین لە نقوڵی هاتنی جەژنێکی نوێ ، جەژنی گرد و دۆنم وەنەوشەی مەڵبەند و چیمەنتۆ و خانەنشینی پەنجا ملیۆنی بەغدا و شەش ملیۆنی هەولێر ، ئەم جەژنە زۆر جیاوازترە لەوانی تر ، ئەم جەژنە پێی دەڵێن " جەژنی پەیژە ڕوەو لووتکە " ، کێ لە هەژاران شایەستە ترن ببن بەو پەیژەیە..!؟
ئەیگۆڕین..
سیستەم ئەگۆڕین ، جگە لە دیموکراسی هیچ بەدیلێکی تر قبوڵ ناکەین ، هەموو کەس بۆی هەیە ڕای خۆی دەرببڕێت ، " دەم کوت کردن" ڕیشە کێش دەکەین و لە گردی پیرۆزی گوڕانخوازانەوە دەست پێدەکەین و" ژووری فەلاقە" لە گردەکە داهێنانی خەمخۆرەکانن لەم بوارەدا..
ئەیگۆڕین..
ڕێز گرتن لە هەمووان و کەسمان لێ زیاد نیە ئەکەینە دروشمی کاری ڕۆژانەمان و ئەوەی بە هەنگاوێک لەگەڵمانا ماندوو بوە بە دە باوەش پێشوازی لێ دەکەین ، دەرگامان ئاوەڵەیە بۆ هەموو کەس ، بەڵام بۆ جێهێشتن داخراوەیە ، بۆیە "خانەی ڕاپەڕاندن"مان گۆڕیوە بە "خانەی دەرپەڕاندن"
ئەیگۆڕین..
دەم و دەست و پاشەڵ پاکیی ئەکەین بە سەنگی مەحەک ، بە ژمارەی ئەو کچ و ژنە کارمەندانەی " ووشیار عبداللە" لە ک.ن.ن دەست درێژی کردبوە سەریان، لێپرسینەوە دەکەین لە هەر گۆڕانخوازێک بیەوێ"عەبای" گۆڕانخوازی بکات بە چراکەی علادین بۆ مەلەزاتی خۆی ، هەر بۆیە ناوبراو سزای خۆی وەرگرت و بۆ دووەم جار کرایەوە بە ئەندام پارلەمانی بەغدا..
ئەیگۆڕین..
بە بنەماڵە کردن و سەرکردایەتی کردن وەک میرات لای ئێمە جێی نابێتەوە ، هەر بۆیە لە گردەکە کاکە "چیا" ، خوا تەمەن درێژی بکا ، خۆی لە ئێستاوە سەرپەرشتی هەڵمەتێکی بەر فراوان دەکات بەرامبەر ئەوانەی لەملا و ئەولاوە نیازیان باش نیە و هەژاران دڵنیا ئەکاتەوە کە ناهێڵێت جێگەکەی باوکی کۆچ کردووی لە خانەوادەکەیان دووربکەوێتەوە..سوپاسی ئەو گۆڕانخوازە دلسۆزانە دەکەین کە پاڵپشتی "کاکە چیا"ن و ناهێڵن لە هەڵمەتی: نا بۆ بە بنەماڵەکردنی گۆڕان ، بە تەنیا بێت..
ئەیگۆڕین..
ئێمە فەرهەنگی سیاسی ئەگۆڕین ، خیانەتی مێژوویی و جوگرافی لەیەک جیا دەکەینەوە 31/ی ئاب گەورەترین خیانەتی نیشتمانیە ، بەڵام ڕووداوەکانی ئۆکتۆبەری ساڵی پار زیاتر پەیوەندی بە کەرکوکەوە هەبوە وەک رووداوێکی جوگرافی سەیری ئەکەین و گۆڕان لە پلەداری خیانەتەکان ئەکەین و هەندێکیان بۆ رێگە نە گرتن لە کاروانی گۆڕان ، جارێ باس ناکرێ،
ئەیگۆڕین..
گەورەترین هەنگاو بەرەو دیموکراسی ئێمە بە شانازییەوە بۆ مێژوو تۆمارمان کرد ، کاتێک زۆررینەی کورد دژی ڕیفراندۆم بوو بە زۆربەی زۆری گردەکەشەوە ، رێکخەری گشتیمان بەوپەڕی جورئەت و دژ بە دەنگدانی لەسەدا نەوەدی گۆڕان ، ووتی : بەڵێ بۆ ڕیفراندۆم ، هەمووشمان ڕێزمان لەو بڕیارە گرت ، وەک ڕێزگرتنێک لە دیموکراسی..
بۆیە ئەڵێین گۆڕان بەردەوامە تا سەری گردەکە ئەکا بە قوڕا یان سەری گۆڕانخوازان...هەر ئەیگۆڕین
گۆڕانخوازێکی بێ تەکەتول
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست