Wednesday, 03/04/2019, 9:30
ئەنجامەکانی هەڵبژاردنەکانی ڕۆژی یەکشەمەی تورکیا، بۆتە سەرەدێری گشت میدیا جیهانیەکان و ئاماژە بەوە دەدەن کە ئەردوغان دۆڕاوە. ئەم هەڵبژاردنە دەریخست کە هەوڵەکان و بانگەشەکانی ئەردوغان لە کاتی هەڵبژاردندا بە خۆڕایی ڕۆیشت. لە شارە گەورەکانی تورکیادا ئەستنەبول، ئەنقەرە، ئەزمیر، ئەنتالیا و ئەدەنە کاندیدەکانی ئەردوغان دۆڕاندیان.
ئەستانبول گەورەترین شاری تورکیایە، لە ڕووی ئابووری و سیاسی پێگەی گرنگی هەیە. لە سەرەتای ساڵانی نەوەتەکانەوە تا هەڵبژاردنی ڕۆژی یەکشەمە ئەردوغان پێی وابووە کە پێگەی جەماوەریی لە ئەستەنبۆڵ بەهێزە و هەمیشە گرەوی بردنەوەی لەسەر دەکرد. بەمەیدانی ساغکردنەوەی ململانێی سیاسی بەتایبەتیی لە هەڵبژاردنەکاندا بە قازانجی خۆی دەکرد. ئەردوغان لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا دەیگوت: "ئەستنبول واتە تورکیا"، کەواتە ئەمڕۆ ئەردوغان دەبێت تورکیای دۆراند بێت!
ئەردوغان بە ئاشکرا لە کاتی بانگەشەکاندا هەوڵی دەدا گیان و هەستی نەتەوەپەرستی و ئاینیی لەنێو خەڵکدا ببزوێنێت و بۆ مەرامی خۆی بەکاریبهێنێت، بەڵام ئەوجارە بۆی نەچووەسەر، ئەمە ئاوێنەیەکە دەریدەخات کە ئەردوغان و حزبەکەی ئەوەندە لە میللەتانی تورکیا دوورن کە نازانن خواست، ئارەزوو، گرفتە ئابووریی و سیاسیەکانیان چیە و نەوەی تازەی پێگەیشتوو دەیەوێت تورکیا بەچی ئاقارێکدا بەرێت!
ئەردوغان لەدوای دۆڕاندنی، لە وتارێکدا گوتی " ئێمە نەمانتوانی بەجوانی خۆمان بۆ خەڵک ڕوون بکەیەنەوە و دڵی خەڵک بۆ لای خۆمان ڕابکێشین"! سەڕۆکی تورکیا بەم گوتەیەی دەیەوێت لە سایەی حوکمڕانی چەوتی خۆی شکەستی سیاسیی و ئابوورییەکانی تورکیا پەردەپۆش بکات. ئەو خۆی دەدزێتەوە لەوەی کە سیستەمی دیموکراتی لە تورکیادا لەژیر پرسیارە و زیندانەکانی پڕن لە خەڵکی ئازادیخواز، ڕۆژنامەنووس و خەڵکی بێتاوان. ٢٠میلیۆن کورد لە مافە هەرە سەرەتایەکان لە تورکیا بێبەشن. هێڕشی ناڕەوای سەربازیی بۆ سەر باکوری کوردستان و ڕۆژئاوا. کوشتنی زاڕۆک و ژن و پەککەوتە. داگیرکردنی عەفرین و هەڵکردنی ئاڵا، هەموو ئەمانە تاوانی سیاسی و سەربازین و باجەکەی خەڵکی هەژار و نەداری تورکیا، سوریا و کوردستان دایان و سوڵتان ئەردوغانیش جێگەی کورسیەکەی تا ساڵی ٢٠٢٣ قایم کرد. خۆ تێهەڵقوڵتاندنی ناڕەوای سەربازی لە سوریا و هەڵکردنی ئاڵای لەوێ. بەبەرچاوی دنیا پشتیوانی کردنی لە داعش و گروپە تیرۆریستەکانی دیی، زیندوکردنەوەی گیان و ڕۆحی نەتەوە و مەزهەبپەرستی و هەڵکردنی فیتنەی دووبەڕەکیی لەنێو پێکهاتەکانی کۆمەڵگەی تورکیادا. داشکانی بەهای لیرەی تورکیی، نەبوونی کار، بڵاوبوونەوەی هەژاری و نەداری. بەکوشتندانی هەزاران سەرباز لە سوپای تورکیا لە سوریا و کوردستان. بۆ چەند مانگێک باری نائاسایی ڕاگەیاندن. دەستگیرکردنی هەزاران خەڵک بەتاوانی ئەوەی گوایە دەستیان هەبووە لە هەوڵدانی کودەتا بەسەر ئەردوغان. هەزارانی دیی لە کارەکانیان دەرکران. ئەمڕۆ ئەو ڕۆژەیە کە ئەردوغان و حزبەکەی باجەکەیان دا.
ڕوون نییە ئەو گۆڕانکاریانەی کە لە تورکیادا ڕوودەدەن چەندێک لە بەرژەوەندیی نەتەوەیی کورد دەبن، لەگەڵ ئەوەشدا دیتنی شەکست و دۆرانی ئەردوغانێک کە دەستی بەخوێنی ژن و منداڵی کوردان سوورە، دەستکەوتێکی مەزنە.
سەرچاوەکان:
https://www.bbc.com/news/world-europe-47785095
https://edition.cnn.com/2019/04/02/middleeast/erdogan-akp-istanbul-ankara-elections-intl/index.html
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست