لەواشە
Saturday, 30/03/2019, 19:13
لەواشە وشەیەکى دێرینى کوردیە بەو کولێرە ئەستورە ئەوترا کە بەلەپروزێ ژنان لەسەر تەنور یان بەساج دروستیان ئەکرد ئەمە مانایەکیەتى بەلام ئەم وشەیە مانایەکیترى هەیە و ئەوەى مەبەستمە ماناکەی تریەتى.
زۆربەمان بینیومانە یان گوێبیستى ووتە ژەهراوى و ئەردۆغانیەکانى مەلا ئەحمەد پێنجوێنى بوین بەرامبە ئازایەتى و بوێرى رۆژئاواى کوردستان و کۆتایى هێنان بەدەوڵەتە ئیسلامیەکەى داعش و پاککردنەوەى شارى باهۆز لەو دڕنددانەى لەمێژوى تازەدا مەگەر لەتورکیا مۆدێلیان مابێت، وتەکانى دەربرینە لەناخى ڕەشى کەسێک کەئەو هەموو سەرکەوتنانەى جەنگاوەرانى ڕۆژئاوا نابینێت و بەڵکو چەند بەداخ و کەیلە بەرامبەریان، ووتەکانى ژاراوێکە لەو ژاراوانەى کەلەزارى مەسعود و کوروکاڵى بنەماڵە خاک فرۆشەکەى بەرامبەر ڕۆژئاوا ئەوەرێت.
میدیاى حیزب و میدیاى شاکەى چاڤى لاند وەکو هەنگیان لە پلۆرە دارا دۆزیبێتەوە خێراو بەپرتاو مەلا ئەحمەد ئەهێنن و هەندێ پرسیارى گشتى و نابەرپرسى لێئەکەن و ماوەى پێئەدەن هەتا بۆیانبکرێت بۆ ئەوەى پەرێزى خۆى پاک بکاتەوە بە هەندێ وشەو دەستەواژەى سواو لەبەرگێکى ئاینیدا.
مەلا لە کەناڵى ڕوداو (لەخوارەوە لینکەکەیەتى ئەگەر بوارتان بۆ بینینى هەبوو) بەرامبەر بەو ڕەخنەو ناڕەزایەتیانە، ئەڵێت:
ئەو خەڵکانە ئاوا لنگاو قوچ بێ پێوەر وە بەبی هیچ یاسایەکى عیلمى و مەنتقى شت ئەخویننەوە ئەبێ پرسیار لەوان بکەنەوە بۆچى وەها شت ئەخوێندنەوە.
مەلا باسى پێوەر و عیلم و مەنتیق ئەکات، ئایا ئەو پێوەرانەى ئەو باسى ئەکات هەر بەمەش سەرکەوتنەکانى جەنگاوەرانى ڕۆژئاوایى پێواوە. مەلا لە کوشتنى سێ هەزار ژن و مناڵەوە ئەدوێت لە باهۆز بەبێ هیچ بەڵگەیەکى سەلمێنەر و یەکلایکەرەوە، لێرەدا باسى ئەو جینۆساید و مەرگەسات و دڕەندنەیى و نەهامەتیانە ناکەم کە دەولەتى ئیسلامى داعش بە سەر کورد و خەڵکى سیڤیلى عێراق و سوریا هێناوە بە هاوکارى مادى و معنەوى و لۆجستى حکومەتى ئەردۆغان و ئەم مەلایەو حیزبەکەى یەکگگرتوو و هاو ئیخوانەکانیان لەئاستیدا بێدەنگیان هەڵبژاردووە و هەتا بۆیانلوابێت و کایەیەکیان دۆزیبێتەوە بەشێوەیەک لەشیوەکان پشتگیرى داعش و ڕەفتارەکانیان کردووە ئەوەتا بەتەنها وشەیەکیش باسى ئەو سەرکەوتنە مەزنە و خوێنى ڕژاوى یانزەهەزار شەهیدى ڕۆژئاوا.
بەدەستى داعش ناکات،
ئەم مەلایە ئەم (زانیاری)یەى لە پۆستێکى عەبدولکەریم بەکار وەرگرتووە کە ئەمەیە :
واتاکەى: ئەمڕۆ کەسێک نزیک لە باهۆزى سوریا قسەى لەگەڵدا کردم ووتى هێزەکانى (قسد- هێزەکانى سوریاى دیموکرات)ى تاوانبار نزیکەى سێهەزار کەسى خەڵکى ناوچەکەیان لە شوێنێکى دیاریکراودا کۆکردۆتەوە و زۆریان ژن و مناڵن فرۆکەکانى ئەمریکا بە چەکى تایبەت بۆردومانیکردون.
ئایا ئەم کەسە کێیە؟ چۆن بزانین ڕاستگۆیە؟ چۆن بزانین نزیکە باهۆزە؟ چۆن زانى نزیکەى سێهەزار کەسە؟ چۆن زانى فرۆکەى ئەمریکاییە؟ چۆن زانى چەکى تایبەت بەکار هاتووە ؟
بە کورتى سەرلەبەرى هەواڵەکە دروستکراوە و هیچ بنەمایەکى ڕاستى نییە، سەرەڕایى ئەوە عەبدولکەریم بەکار ناسیۆنالیستێکى ئیسلامیە و بەڕەچەلەک سورییە و ئێستا دانیشتوى شانشینى سعودیەیە، بەمەبەست ئەم پۆستەی کردووە.
مەلا ئەحمەد پێنجوێنى ئەگەر زەرەیەک کەرامەت و شەرەفى هەبێت هەواڵێکى ئاوەها بێسەر و بەرە
نائاخنێتە وتارى مزگەوت و دەرخواردى خەڵکى بێدەرەتانى هەولێر و کوردستانى نادات، ئەوە چ دڵڕەشییەکە چ ڕقێکى گەورەیە بەرامبەر ڕۆژئاوا و سەرکەوتنەکانى، لەکاتێکدا عەبدولکەریم بەکارى مامۆستا و ڕێ نیشاندەرى مەلا ئەحمەد دڵى بەم وێنەیە خوارەوە خۆشە و بە وێنەى بێڕکابەرى وەرزى ئەزانێت و لە ژێر ناونیشانى (سڵاو بۆ فەلەستینیەکان بەدەستى ڕاستى شیر دەخواتەوە و بەرد بەدەستى چەپیەوە). لە کاتێکدا کە ئەمە و ئەوانەى ئەو نمایشە بەم منداڵە ئەکەن تاوانێک دەرحەق بەمناڵێتى ئەم مەخلوقە بێگوناهە و جوڵاندنێکى بێبناغە و دواکەوتوانەیە سۆزى خەڵکیە و دوورە لە ئاکارى خەڵکى ڕۆشنبیر و مرۆڤدۆست.
بەڵام مەلا ئەحمەد و حیزبەکەى و عەلى قەرەداغى نەک ئەو هەموو فیداکارى و قوربانیدان نابینن و ئەو هەموو مامەڵە میهرەبان و ئینسانیانەى هێزەکانى سوریاى دیموکرات نابینن.بەڵکو بەکەرەستەى میت و ئەردۆغان سەرقاڵى درۆ هەڵئبەستن.
درۆى ئەم مەلایانەنە لەلاى دوژمنان بایەخیان پێدەدرێت بەو پێیەى کە ئەمانە خۆیانن کوردن، هەموومان بینیمان چۆن مەلا ئەحمەد پینجوێنى لە سەروبەندى فشە کودەتاکەى تورکیا مینبەرى مزگەوتى هەولێرى کردبوو بە مینبەرى ستایش و پێداهەڵدان بە ئەردۆگانێکى خوێنخۆر و فاشیدا و دەستوبرد وتارەکەى بۆ زمانى تورکى و بەژێرنوس وەرگێرردا و بۆیان بڵاوکردەوە.
ئێستاش فاشیزمى ئیسلامى تورک پێویستى بە زوڕناژەنى درۆینەى وەکو مەلا ئەحمەدە پێنجوێنى یە بۆ دژایەتى قەوارەى ڕۆژئاواى پاش ڕزگارکردنى باهۆز کە مەرگى هەژمونى تورکیاى لەسوریا کۆتایی پێهینا و خەونى خەلافەتى فاشیزمى ئەردۆغانى زیندەبەچاڵکرد، بەپەلە بۆ پشتگیرى سەرکونسوڵى تورکیا دەگاتە لاى مەلا ئەحمەد، ئەمانە هەمووى پیلانێکە دژ بە ڕۆژئاوا لە قۆناغى دواى ڕزگارکردنى باهۆز و ڕیشەکێشکردنى دەوڵەتى ئیسلامى داعش.
بەڵام ناڕەزایەتى خەڵک و سۆشیال میدیا بەرامبەر بەم جۆرە درۆ قێزەون و هەڵبەستراوانە ئەم مەلا چاوشۆڕە گەیشتۆتە ئاستێک ئەوەتا سەرۆکى مەلاکانى کوردستان کە ئەڵقە لەگوێیەکى بنەماڵەى بەرزانیە، هێناوەتە گۆ و ئەڵێت :
لەم مانگى ئازارەدا سەید ئەحمەد قێزەونترین و چەپەڵترین ڕۆڵ دژى بە کورد و بەقازانجى تورکى فاشیست و داگیرکەر ئەگێرێت. عەلى قەرەداغى ئەڵێت: ڕۆژئاواى کوردستان پرۆژەیەکى زایۆنیستى ئەمریکیە و پێویستە لەناو ببرێت. ئەمە ئامانجى ئەردۆغانە و مەلا ئەحمەد و حیزبەکەشى ژەندرمەى ئەم ڕێگایەن. ئەوەتا قازى محەمەد لەسێدارە ئەدرێت، کە بەو هەموو کەموکورتییەی حوکمڕانیەکەیەوە قەت ستایشى داگیرکەرى نەکردووە، ئەمانە ئەگەر هەموویان وەکو خاشاک کۆمەڵ بکەیت ناگەن بە قولە پێى قازى محەمەد.
پرسیارێکى گرنگ ئەوەیە بۆ لەم کاتەدا بەرەى کۆنەپەرستى و ئەردۆغان کەوتونەتە هەلەکەسەما و چالاکى دژ بە ڕۆژئاوا. من واى ئەبینم: ئەمە سەرەتاى پیلانیکە بە سەرپەرشتى پارتى و پاراستن و خودى مەسعود لەژێر سەرپەرشتى میتى تورک بەڕێوە ئەچێت و لەڕوى ڕاگەیاندن و میدیا و جوڵاندنى هەستى ئاینى زەمینە سازى بۆ ئەکەن.
خەڵکى هەولێر ئەتوانن لە دواى ئەم بەکرێگیراوەى میتى تورکەوە نوێژ نەکەن، خەڵکى پێنجوێن و چالاکانى مەدەنى ئەتوانن کۆدەنگیەک بکەن و بەرەنگارى ببنەوە نەهێڵن ناوى شارەکەیان بەهۆى ئەم مەلا میتەوە لەکەدار ببێت، ئەگەر بوار بۆ ئەمە نەڕەخسا.
لە کوردەواریدا لەکاتێکدا کە کەریان ناڵ ئەکرد، لچى کەرەکەیان ئەخستە نێوان دوو پارچە تەختەوە و توند شەتەکیان ئەدا هەتا نەزەڕێنێت، ئەو دوو پارچە تەختەیە پێیان ئەوت لەواشە، کەواتە کاتی ئەوە هاتووە، کە مەلا سەید ئەحمەد پێنجوێنیش لەواشە بکەین بۆ ئەوەی نەزەڕێنێت.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست