ڕۆژنیوز، سەرکەوتنی ڕۆژئاوا بە گوتەی عەمید شاناز لەکەدار دەکات!
Tuesday, 26/03/2019, 15:26
ئەزموونی سیاسی باشووری کوردستان، کۆمەڵێک دز، بەرژەوەندیی و پارەپەرستی گەندەڵی بێ ئابڕووی سیاسی هێناوەتە سەر شانۆی سیاسی هەرێم. کە بۆ میللەتی کورد لە شەرمەزاریی بەولاوە هیچی دیی لێشین نەبووە. ئەو کەسانە هێندێ ڕسوا بوون، لە نێو خەڵکدا هێندێ ناخۆشەویست و نەویستن، گەیشتۆتە ڕادەیەک کە میدیای حزبەکان و سێبەرەکانیان، نووسەری بێ مۆڕاڵ و قەڵەم فڕۆشەکانیان، بەزەبری دۆلار ئەوەندە سەرقاڵ کردوە، کە کار و پیشەیان تەنیا پێهەڵگوتن، بەرزنرخاندنی ئەو جۆرە کەسانەیە و دەیانەوێت ئابرووی تکاویان لەنێو باشووریەکان بکڕنەوە.
ئەم دیاردەیە لەلایەن باشووریەکان بەزەقی هەستی پێکراوە، گریمان ئەگەر هێشتا بۆ زۆرینەی سادەش نامۆ بێت، بەڵام بۆ خەڵکی ڕۆشەنبیر، میدیاکاران، چاودێرانی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی وەک ڕۆژی ڕووناک دیارە، جا چی سا دەگات بە ماڵپەڕی ڕۆژنیوز، کە ئەگەر زمانحاڵی پارتێکی دیاریکراوی ڕۆژئاواو و باکووری کوردستان نەبێت، ئەوا لایەنگرێکی سەرسەختیانە. ڕۆژنیوز، بە گرنگی پێدانەوە وەک میدیای یەکێتی و قەڵم فڕۆشەکانی باشوور، عەمید شاناز ئیبراهیم ئەحمەدمان پێ دەناسێنێت و دەیبات بۆ تەشقی ئاسمانێ!؟ وەک ئەوەی باشوورییەکان لە گوێی گادا خەوتبن!
ڕۆژنیوز، میدیا چەکێکی دووسەرەیە، ئەگەر خراپ بەکارهێنرا، کرا بە ئامرازێک بۆ شێواندنی ڕاستییەکان و چەواشەکردنی میللەت، بە دڵنیاییەوە لە ئەنجامدا ڕۆژنیوزی پێ دەکوژیت!
ڕۆژنیوز، ئەگەر بەردەوام لەسەر ئەو جۆرە سیاسەتە میدیا ئاراستە بکەیت، لە ئاکامدا جێگەی متمانەی باشووریەکان نامێنێت، پێگەی جەماوەریت لەدەست دەدەیت و نابیت بە سەرچاوەیەک بۆ دەستکەوتنی زانیاریی ڕاست و متمانە لە نێو ٥میلیۆن کوردی باشوور لەدەست دەدەیت و دەبیت بە نیشانە بۆ تیری قەڵەمە بەهەڵوێستەکان.
ڕۆژنیوز، باشوورییەکان لە شەوەزەنگدا گوزەران دەکەن، چاوەڕوان دەکرا کە ئێوە ببن بە قوتیلکەی بەردەمی ماڵە هەژارەکان، چرایەک بۆ ڕۆشەن کردنەوەی تاریکستان! لەبری ئەوە بوون بە بوقی دز و جەردە و ڕووسیاکان؟
ڕۆژنیوز، ئەمە کارەساتە، ماڵپەڕێک سەرکەوتن و جوانییەکانی شەڕەڤانانی ڕۆژئاوا لەگەڵ کەسایەتیی یەکێکی وەک عەمید شاناز جووت بکات! کە بیستوهەشت ساڵە موچەی عەمیدی وەردەگرێت، خۆی، هاوسەرەکەی و کوڕەکەی، دوای ڕاپەڕین و کۆڕەو، لە لەندەن گەڕانەوە، وەک شۆڕەسواری مەیدانی گەندەڵی خۆیان لێ هەڵکرد، لە عیراق و کوردستان تا دەگات بە هەندەران پۆست و موچەی باڵایان وەرگرت، بە پارەی دزراوی نەوت و قوتی خەڵک بوون بە میلیۆنێر!
ڕۆژنیوز، بۆ باشووریەکان ڕوونە کە میدیای یەکێتی و سێبەرەکانیان و قەڵەم فڕۆشە ماستاوچییەکان، بۆ پارە و بەرژەوەندیی ئەوە بۆ عەمید شاناز دەکەن!؟ بەڵام پرسیاری گرنگ لێرەدا ئەوەیە، ئەی ئێوە بۆ بەهەمان نەفەس دەنووسن، ئەو ماستاوە دەکەن و خەڵک چەواشە دەکەن!؟ بۆچی مەبەستێک خۆتان دەخەنە ژێر پرسیارەوە کە خەڵک بێزتان لێ بکاتەوە!!؟
**************************************************************
ڕۆژنیوز بەو جۆرەی خوارەوە بڵاوی کردۆتەوە
شاناز ئیبراهیم: شتی نوێ لە ڕۆژئاوای کوردستانەوە فێربووین
• دووشەممە, 25 مار 2019 - 21:26
• ڕۆژنیوز- ناوەندی هەواڵەکان
شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، لە ڕاگەیەندراوێکدا پیرۆزبایی سەرکەوتنی شەڕڤانان دەکات بەسەر داعشدا و دەڵێت: شۆڕشی گەلی کورد لەڕۆژئاوا سەرەتای ئەزموونێکی نوێی (ئیداری ، کۆمەڵایەتی، سیاسی، نەتەوەیی) بوو بۆ کورد و تەواوی مرۆڤایەتی ، زۆر شتی جوانی لێوەفێربووین، شۆڕش و خاکی ڕۆژئاوا بە کردار مەیدانی کۆنگرەی نەتەوەیی بۆ کوردستانیان سازکرد.
_______________
شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، بەرپرسی ناوەندی دەرەوەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە ڕاگەیەندراوێکدا پیرۆزبایی سەرکەوتنی شەڕڤانان دەکات بەسەر چەتەکانی داعشدا.
شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، لە ڕاگەیەندراوەکەدا دەڵێت: حەق نییە شۆڕش و ڕاپەڕینی کوردانی ڕۆژئاوای کوردستان بەتەنها لەکردەیەکی سەربازیدا دژی دڕندەترین هێزی تاریک پەرستی سەردەم (داعش) بچووک بکرێتەوە، کە بەپێشەنگایەتی شەڕڤانانی (یەپەگە ، یەپەژە) گورزی کوشندەیان بەرکەوت و لەناوچوون، شۆڕشی گەلی کورد لەڕۆژئاوا سەرەتای ئەزموونێکی نوێی (ئیداری ، کۆمەڵایەتی، سیاسی، نەتەوەیی، هتد ...) بوو بۆ کورد بەگشتی و تەواوی مرۆڤایەتی زۆر شتی جوانی لێوەفێربووین، شۆڕش و خاکی ڕۆژئاوا بە کردار مەیدانی کۆنگرەی نەتەوەیی بۆ کوردستانیان سازکرد خوێنی (موسای ڕۆژهەڵات و جیڤارای باشور و داستینای قەندیل و عەگیدی باکور و ئارینی ڕۆژئاوا) بوونە هەوێنی یەکدەنگی و یەکڕیزی نەتەوەیمان.
دەقی ڕاگەیەندراوەکەی شاناز ئیبراهیم ئەحمەد
پەیامی پیرۆزبایی و چەند سەرنجێک سەبارەت بە ڕاگەیاندنی کۆتایهاتنی داعش لەڕۆژئاوای کوردستان ..
وێڕایی پیرۆزبایی و دڵخۆشیم بە ڕاگەیاندنی کۆتایهاتنی داعش دەمەوێ تیشک بخەمەسەر حەقیقەتێک کە بەداخەوە نوسەران و ڕاگەیاندنی باشووری کوردستان هەندێکیان درکیان پێنەکردووە و هەندێکیشیان بەئەنقەست خۆیان لەگێلی دەدەن ، هەڵبەت بە مەبەستی سیاسی و بە ئیعازی سپۆنسەرەکانیان ..!!
لەگەڵ ئەوەی شۆڕشی گەلی کورد و بەرخۆدانی شەڕڤانانی ڕۆژئاوا وەک کردەیەکی سەربازی دژ بە دڕندەترین هێزی سەردەم (داعش) بە پێشەنگایەتی شەڕڤانانی (یەپەگە ، یەپەژە) جێگەی ستایش و شانازییە ، نابێت ئەوەش لەبەرچاونەگرین کە شۆڕشی ڕۆژئاوا سەرەتای ئەزموونێکی نوێی (سیاسی ، دیموکراسی ، ئیداری ، کۆمەڵایەتی ، نەتەوەیی ، هتد ...) بوو بۆ کورد بەتایبەت و مرۆڤایەتی بەگشتی ، زۆر شتی جوانی لێوە فێربووین کە لەمێژووی نوێی ناوچەکەدا وێنەی نەبووە ، غەرێکی گەورەیە هەموو ئەوەی ڕوویدا لەکردەیەکی سەربازیدا بچووک بکەینەوە ..!!
- کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان بەخوێن !!
لەڕۆژئاوای کوردستان خوێنی (موسای ڕۆژهەڵات و جیڤارای باشوور و داستینای قەندیل و بێریڤانی باکوور و ئارینی ڕۆژئاوا) بوونە هەوێنی یەکدەنگی و یەکڕیزی نەتەوەیمان ، دوای تەسلیمکردنی شەنگال لەلایەن هێزێکی سیاسی کوردەوە بەداعش ، ئەو یەکدەنگی و یەکێتی نەتەوەییەمان بەکردار بینی کاتێک پۆلێک گەریلا و هێزەکانی ڕۆژئاوای کوردستان بەبێ گوێدانە سنوورە دەستکردەکان بەهانای ئێزیدییەکان و شەنگالەوە هاتن هەزاران کەسیان بەسەلامەتی دەربازی خاکی ڕۆژئاوا کرد و لەکۆمەڵکوژی پاراستیانن ، کاتێک پێشمەرگەی باشوور گەیشتە کۆبانێ بۆ پشتیوانی شەڕڤانان ئەو یەکێتی نەتەوەییەمان بینی وەک چۆن گەریلاش بۆ پاراستنی کەرکوک خوێنی بەخشی ..!!
شۆڕشی ڕۆژئاوا خەتی (جاش و باش)ی کێشا
شەڕی داعش و شۆڕشی ڕۆژئاوا تاقیکردنەوەیەکی باش بوو بۆ کێشانی خەتی (جاش و باش) تاکو نەوەی نوێی کورد ڕاستیەکان بەچاوی خۆی ببینێت و چیتر بە مێژووی درۆ و چەواشەکاری نەخەڵەتێ و بەلاڕێدا نەبرێ ، داخستنی سنوور بەسەر کوردانی ڕۆژئاوا ، لێدانی خەندەق لەنێوان باشوور و ڕۆژئاوا ، بازرگانی نەوت لەنێوان داعش و بەرپرسانی باشوور لەسەر سنوور ، شەڕی ڕاگەیاندن بۆ شکاندنی ئیرادەی خەڵک ، دروستکردنی هێزی مورتەزەقەی کەمپنشین دژی (یەپەگە و یەپەژە) ...هتد زۆر شتی تریش کە لەخەتی (جاش)مان بینی و هیچ شەرمیشیان نەکرد ..!! گەیاندنی چەک بۆ کۆبانێ ، ڕەوانەکردنی دەرمان ، دابینکردنی کتێب و پێداویستی خوێندن بۆ قوتابخانەکانی ڕۆژئاوا ، واڵا کردنی دەرگای نەخۆشخانەکانی (سلێمانی) بۆ نەخۆش و برینداری شەڕڤانان ، پشتیوانی ئیعلامی و سیاسی ...هتد زۆر شتی تریش کە لەخەتی (باش)مان بینی و مێژوو بەشانازیەوە دەینوسێتەوە ...
- کۆنگرەی مرۆڤایەتی
بەدەنگەوە هاتن و سەفەر بەلکی کوڕان و کچانی ئازادیخواز لە ئەوروپا و ئەمریکا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و تەواوی دنیاوە بۆ ڕۆژئاوای کوردستان یەکێکیتر لەنموونە جوانەکان و وانەیەکی نوێ بوو بۆ مرۆڤایەتی تێکەڵ بوونی خوێنی (کوردێک ، عەرەبێک ، فارسێک ، تورکێک ، ئینگلیزێک ، هتد...) پەیامێکی ڕوون و ئاشکرا بوو ، کە دەبێت هەمووان لەئاستی تیرۆر و تاریک پەرستان پێکەوە لەسەنگەردابن دەنا هەمووان ڕووبەڕووی مەترسی گەورە و لەناوچوون دەبینەوە بێجیاوازی ، هاوکات پەیامی ئاشتیخوازی گەلی کوردیشیان بەجیهان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی گەیاندە لووتکە ...!!
- شۆڕشی ڕۆژئاوا ، شۆڕشی ژنە
یەکێکیتر لەتایبەتمەندییە هەرەجوانەکانی شۆڕشی ڕۆژئاوا بەشداری کارای ژن بوو لە تەفروتوناکردنی هێزێکی دڕندەی وەک داعش سەرەتای دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێ و مێژوویی بوو ، چالاکی گیانبازی (ئارین مێرکان) لەمشتەنوور و ئۆپراسیۆنی ئازادکردنی شاری (ڕەقەی پایتەختی خەلافەتی داعش) بەفەرماندەیی ژنێکی قارەمانی وەک (ڕۆژدا فەلات) و هەوڵە سیاسی و دیبلۆماسیەکانی (نەسرین عبداڵلە) مشتەکۆڵەیەکی ژنانەی کاریگەر بوو لەزهنیەتی پیاوسالاری و مێژوویی مرۆڤایەتی وەشێندرا ، ئیسپاتی کرد کە ئیتر ژنی ئازاد سەنتەری چارەسەری و خوڵقاندنی هەموو ڕووداو و پێشهاتە گرنگەکانە ..!!
یەکێکیتر لەدەرهاویشتە هەرە گرنگەکانی شۆڕشی ڕۆژئاوا هێنانە کایەی ئەزموونێکی نوێی حوکمڕانی (خۆبەڕێوەبەری دیموکراتی) بوو کە بووە گرنتی و بنەمای هەموو سەرکەوتنەکانی دیکە ، پەلکێش نەکردنی سوپای بێگانە و تەسلیم نەبوون بە ئیرادەی دەوڵەتانی ناوچەکە ، وەک هەڤاڵ ساڵح موسلیم گووتی (گەڵای دارەکان بخۆین تەسلیم نابین) بێگومان پێداگری لەو بیروباوەڕە بۆ ڕابردوو و بۆ داهاتووش مەرجی گرنگی سەرکەوتنەکان بووە و دەبێت ..!!
ئەوەی دوای تیشک خستنەسەر ئەو نموونە جوان و گرنگانە لەکۆتایدا دەمەوێ بیڵێم : ئەوەیە کە بەدڵ سوپاسی خۆڕاگری و بەرخۆدانی گەلی ڕۆژئاوا و کوڕان و کچانی شەڕڤان دەکەم ، سەربەرزم و شانازی دەکەم وەک هەمیشە پاڵپشت و هاودەنگتان بم چونکە بڕوام وایە ڕێگاکەتان ڕاستە ، دواجار سەرکەوتن لەڕێگاتانە و گەلی کورد هیوای زیاتری پێتانە ...
ئومێد دەکەم وەک چۆن لە شۆڕشی ڕۆژئاوا و لەڕەگ و ڕیشەوە هەڵکێشانی داعش بەڕوحی بەرخۆدانی شەهیدان سەرکەوتنی گەورەتان تۆمارکرد ، بەهەمان ڕوحیەتەوە قۆناغی (لەناوبرنی زهنیەتی داعش) و بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی دیموکرات و ئازاد بەئامانجی دواڕۆژێکی باشتر تێبپەڕێنن و کۆڵنەدەرانە بەردەوام بن ..
دووبارە پیرۆزبێت ڕاگەیاندنی کۆتایهاتنی خەلافەتی داعش و سەرکەوتنی ڕۆڵەکانی گەلی کورد ، دەستی ماندوونەبوون و بەرخۆدەریتان دەگووشم ، هەرشاد و سەربەرز و سەرفرازبن
د.ع
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست