ئەگەر من هەڵەبجەیی بم
Sunday, 17/03/2019, 19:59
١٦ى ئازار لە هەڵەبجە ڕۆژى وتارە سواوەکان، ڕۆژى نمایشى حیزبى ، ڕۆژى جوڵاندنى هەست و سۆز و وەلانانى عەقڵ و لێکدانەوە و دواڕۆژ بینین.
------------------------
ئەگەر من هەڵەبجەیی بم .. ناهێڵم شارەکەم بەدەستى دوو بکەوێتە دەست پارتى ، یەکێک ببێتە کەسى یەکەمى کارگێڕى شارەکە بێجگە لە چەنەبازى و هەڵەوەڕى لەهەموو بەهایەکى سیاسى و ئەخلاقى داواڵراوە و هەتا ئێستا بۆچروکى بەعس و جەیشى شەعبى لێدێت .
ئەگەر من هەڵەبجەیی بم .. ناهێڵم یەک بارەگاى حیزبى لەوشارەدا بمێنێت ، ئەو حیزبە کوردستانیانەى کە لە١٦ى ئازارى ساڵى ١٩٨٨ بون بە جاش و کلک و چاوساغى پاسداران و قەرارگاى ڕەمەزان و فەیلەقى بەدر و داگیرکارى وکیمیابارانى شارەکەیان بەدواى خۆیاندا هێنا .
ئەگەر من هەڵەبجەیی بم .. ناوهێنانى جەلال تاڵەبانى و نەوشیروان مستەفا و مەسعود بەرزانى و مەلا عەلى یاساغ ئەکەم و ناهێڵم دزو قرخنێکى وەک حەمەى حاجى مەحمود قاچى گڵاوى بخاتە ئەو شارە ..
ئەگەر من هەڵەبجەیی بم .. ووشەى پێشمەرگە یاساغ ئەکەم و سزاى ئەو کەسە ئەدەم ئەو ووشەیەى لەزار دەرپەڕێت ، ئەو پێشمەرگانەى ئابلوقەى شارەکەیاندا بوو نەیانهێشت خەڵک لەو تەڵەیەى بۆیان نابووەوە دەرباز ببن و خۆیان و ماڵ و مناڵیان لەکاردانەوەى دڕندانەى بەعس ڕزگاریان ببێت و کردیانن بەدیارى بۆحکومەتى بەعس هەتا گازو مەوادى کیمیایان وەک مێش و مەگەز بەسەردا ببارێنێت .
ئەگەر من هەڵەبجەییبم .. هەموو ئەو فەرماندە و پێشمەرگانە بەسزاى تاوانێک ئەگەیەنم کەلەمێژووى مرڤایەتیدا کەم وێنەیە :
چ دیمەنێکى مەرگبار و خەماویە ، چ وێنەیەکى جەگبڕو ناخ هەژێنە ژنان و کچانى هەڵەبجە کیمیا باران ژیانى لێفراندون ... بچیتە سەر لاشەى سارد و سڕو بێنازیان ، چى لەوە قێزەونترە دەستدرێژى بکەیت و دەست و قاچ و پەنجەیان ببڕیتەوە بۆ دزینى خشڵ و ئاڵتون ، ئەوانەبون شۆرەسوارانى کوردایەتى .
ئەگەر من هەڵەبجەیی بم .. ماڵ و موڵکى ئەوانە دەست بەسەردا ئەگرم کە بانکى هەڵەبجەیان دزى کتێبخانەیان بەتاڵانى فرۆشت مڵک و سامانى گشتیان لەشەو ڕۆژێکدا ئاودیوى سنورەکان کرد .
ئەگەر من هەڵەبجەیی بم .. هەموو ئەو لێپرسراو کەسانەى کە پاشماوەى ڕۆکێت و گوللە کیمیایەکانى بەعس کە هەندێکیان بەساغى مابونەوە ، بە ئێران فرۆشت بەڵگەیان بۆ تیمە نێو دەوڵەتیەکان نەهێشتەوە بەوە ڕوى حکومەتى بەعسیان سپیکردەوە ، بەسزاى تاوانەکەیان ئەگەیەنم.
ئەگەر من هەڵەبجەیی بم .. هەڵەبجە لەو درۆزنانەى کەخۆیان بەخەمخۆرى شارەکە ئەزانن حەرام ئەکەم کە بەهەمویان و بەم هەموو هاشوهوشەى ڕۆژانەیان نەیانتوانى ئۆتۆمبیلێکى پیکاب لە ئێرانەوە بهێننەوە کە یەکێکە لە هەرە ڕەمزە مەرگبارەکانى کیمیابانى ئەو شارەیە ، لەبرى ئەوە ئەو درۆزن و ساختەچیانە پیکابێکى تریان لە شوێنى داناوە .
ئەگەر من هەڵەبجەیی بم .. لیستى قوربانیان لە ناوى وەهمى و ئەوانەى بەڕوداوى ئۆتۆمبیل یان مار گەستە بون ...هتد پاکتاو ئەکەم ، نەژمارەى قوربانیان کەمتر ئەێێت ، گرنگ ؛ جینۆساید ڕویداوە ئەگەر کەمترین ئینسانى تێدا چوبێت .
ئەگەر من هەڵەبجەیی بم .. ناهێڵم دادوەرێکى لێکەوتووى هەڵەبجەیی کە هێشتا زمانى پاک نەبۆتەوە هەر ڕۆژەى لە تەلەفیزۆنێکەوە چاوشارکێ لەگەڵ نەهامەتى هەڵەبجەدا بکات و بە جوملە درۆ هەڵئڕێژێت وپارو بەکەیسى کیمیا بارانەوە لول بدات ، هەتا سەدام فەرمانڕەوابوو ئەو لەبەغدا لە شانەیەکى حیزبى بەعس لە گەڵ بەهزادى قالە نێرى و عەدنان دیسکۆ بەعسایەتى ئەکرد .
ئەگەر من هەڵەبجەیی بم .. ناهێڵم درۆزنێک کەخۆى بەخاوەنى زۆرترین قوربانى ئەزانێت و هەر ڕۆژەى فرمێسکى سواڵى لاى بەرپرسێک ئەڕێژێت و کاتى خۆى ڕێگرى لەخەڵک ئەکرد هەتا سکاڵا لەسەر حکومەتى بەعس تۆمار بکەن و ئەیوت : ئێران کیمیا بارانى شارەکەى کردووە ، ببێتە دەمڕاستى قوربانیان .
ئەگەر من هەڵەبجەیی بم .. پەیکەرێک بۆ ئەو پاسدارە ئێرانیە لە ناوجەرگەى شاردا دروست ئەکەم کەدەمامکە دژە گازى کیمیاوى یەکەى خۆى بەسەرى مناڵێکدا ئەکات ولە ئەنجامدا خۆى گیان لەدەستئەدات و مناڵەکە لەمەرگ ڕزگارى ئەبێت ، هەتا ببێت بە سمبولێک کەئەم شارە ساتە وەختى کیمیا باران لەلایەن ئێرانەوە داگیرکراوە و داگیرکەرێک زۆر لە شڕەخۆرەکانى کوردایەتى بە ویژدانترە .
ئەگەر من هەڵەبجەیی بم .. وێنەیەکى گەورەى فڕۆکەوان ( تارق ڕەمەزان عەزاوى ) لەدەروازەى شاردا هەڵئەواسم ، هەتا هەرکەسێک ڕێی بکەوتە ئەم شارە ئەو چیرۆکە لەبیر نەکات کەحیزبى کوردى ئەو فڕۆکەوانەى کە هاوبەشى کیمیا بارانکردنى شارەکە بووە ، کەلەلێوارى دادگایکردندابووە لەلایەن دەسەڵاتى ناوەندەوە ئازادکردووە ، بەوەش هیچ نرخێکى بۆشارەکەو قوربانیان و شەهیدەکان نەهێشتۆتەوە.
ئەگەر من هەڵەبجەیی بم .. تاکە پێڵاوێک ئەخەمە دەمى ئەوانەوە کە قوربانیانى هەڵەبجەو کیمیابارانیان لە ١٦ى ئازاردا بیر ئەکەوێتەوە و سەرو بنى زمانیان هەر باسکردنە لە پارە و قەرەبووکردنەوە، کێشەى قوربانیان کێشەیەکى مەعنەویە کێشەى کەسایەتیە کێشەى بەها ئینسانیەکانە .. ئەوە نوێنەران و خاوەن دەسەڵاتى حیزبى کوردیە کە کێشەى پارە و پولیان هەیە .. ئەوە حیزبى کوردیە ئەگەر کیمیایى هەبوایە خۆى بەکارى ئەهێنا، لە گەرمەى شەڕى ناوخۆدا و لە مەسیف مەسعود بەرزانى بە ئامادەیى نزیکەى پەنجا کەس وتبوى ئەگەر چەکى کیمیایمان هەبوایە بەکارم ئەهێنا .
ئەگەر من هەڵەبجەیی بم .. ........
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست