Sunday, 17/03/2019, 12:29
لە دنیادا کێشە و ئایدۆلۆژیای ڕەگەزپەرستی و بزوتنەوەی سپیەکان ڕەگێکی مێژووی هەیە، بەگوێرەی گەشەکردنی کۆمەڵگە، سیستەمی دەسەڵاتی سیاسی، بارودۆخی ئابووری و کۆمەڵایەتی، گۆڕانی بەسەردا هاتووە. ئەو جوڵانەوەیە لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی دیی جۆر و شێوەی کارکردنی جیاوازە. گەشەکردنی تەکنەلۆژیا و پەرەسەندنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، ئامرازێکی کارێگەر و ئاسنکەرن بۆ پەیوەندیی نێوان گروپ، ڕێکخراو و ئەو تاکانەی کە لەژێر کاردانەوەی ئایدۆلۆژیای ڕەگەزپەرستین لە دنیادا.
لە ئەنجامی گەشەکردنی سیستەمی سەرمایەداری، کێشمەکێشم لەسەر کۆنتڕۆڵکردنی بازاری دنیا، بوونی ئابووریەکی پتەو و دەستبەسەراگرتنی بانکەکان لە جیهاندا، هاڤڕکێ لەسەر کەلەکە کردنی سەرمایە، وەرگرتنی ناونیشانی زلهێز لەسەر بیناغەی هەبوونی سوپا و سەرمایەی زەبەلاح، هۆکاری سەرەکیین لەوەی کە ئێستا دەوڵەتانی دنیا و ئەوانەی دەسەڵاتیان لەدەستە، هەوڵدەدەن بۆ وڵاتانی دیی پەلوپۆ بهاوێژن، بە مەبەستی کۆنتڕۆڵ کردنی سامانە سروشتییەکان، دابین کردنی بازار بۆ ساغ کردنەوەی کاڵاکانیان بە تایبەتی چەک و تەقەمەنی کە بەبێ هەڵگیرساندنی جەنگ و هەڵکوتانە سەر میللەتان ناتوانن ئەوە بۆ کۆمپانیا گەوەرەکانی چەک فڕۆشتن دابین بکەن. بێ گومان بۆ ئەو مەبەستە هەوڵدەدەن کێشە و گرفتی نێوان تاک و کۆمەڵگە و میللەتان و نەتەوەکان قوڵ بکەنەوە، گروپی چەکداری و سیاسیان لێ دروست بکەن و بیاندەن بە گژ یەکتری.
بە هێمای دەست پێشاندانی هێزی سپی |
جوڵانەوەی سپیەکان ئەوەیان بۆ قبوڵناکرێت کە پیاوی سپی دەسەڵات لەدەست بدات کە بۆ سەدان ساڵە لە دنیادا دەسەڵاتداری یەکەم بووە، بڕیار بەدەست بووە و خاوەن کۆیلە بووە. ئەوان بڕوایان بە توندوتیژی، تیڕۆر و دەستوەشاندنی بە ناهەق هەیە، یەکێک لەو دروشمانەی کە هەیانە "گورگی تەنیایە"، بە مانای ئەوەی هەر تاکێکی هەڵگری ئەو جۆرە بیروباوەڕە بێت، دەبێت وەک گورگی تەنیا هەوڵبدات هەڵمەت بەڕێت، بەبێ ئەوەی داوای یارمەتی لەکەس بکات، داوای پارە و چەک و پلان دانان و هاوکاری بکات، بۆخۆی بە کارە تیڕۆرەکە هەستێت و گورزی کوشندە بوەشێنێت. لەو دیدەوە کاری تیرۆری کە لە مزگەوتەکەی نیوزەلاندە لە نوێژی ڕۆژی هەینی ڕابردوو ڕوویدا، تەنیا وابەستە نییە بە مەسەلەی ئاینەوە، جۆری ئەنجامدانی کارە تیڕۆریەکەی وەک " گورگی تەنیا" بووە، هەروها ئەگەر سەرنج لە وێنەی تاوانبارەکە بدەین، دەبینین تاوانبار برنتۆن تارانت، بە دەست و پەنجەکانی هێمای "هێزی سپی" نیشان دەدا، ئەم هێمایە دروشمی ڕێکخراوی ڕەگەزپەرستە سپیەکانە کە لە ساڵانی ڕابردوودا تا ئێستا لە ئەوروپا، ئەمریکا، ئوسترالیا و نیوزیلاندا لە گەشەسەندن. هەروها پەخشکردنی کارە تیڕۆڕیەکەی ڕاستەوخۆ لە تۆڕی کۆمەڵایەتی، پەیامێکە بۆ هەموو ئەو کەسانەی کە لە دنیادا هەڵگری ئەو جۆرە بیروباوەڕەن بۆ ئەوەی لاسایی بکەنەوە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست