کاک عومەری سەید عەلیش له جاشه‌كان خۆشبووه!
Friday, 15/03/2019, 8:26
ئه‌م به‌سه‌رهاته وه‌ك خۆی دەگێڕمەوە، به‌ڵام زۆر به كورتی..
كات ده‌وری ١١و نیوه‌ڕۆ بوو، زەنگێکم بۆ سه‌باحی عه‌لی قاره‌مان كرد، ووتم: وادێم بۆ گرده‌كه، نانێك به‌یه‌كه‌وه ده‌خۆین و هه‌ندێك قسه و باس ده‌كه‌ین، له پڕ گوێم له ده‌نگێک بوو، تێکەڵ بە دەنگی سەباح بوو، دەنگەکە بۆ من نامۆ بوو، کە لە سەباحی پرسی ئه‌وه كێیه؟ سه‌باحیش وەڵامی دایەوە، کەوا مسته‌فای حه‌سه‌نه گه‌وره‌یه، دەنگەکە ووتی: بۆی نیه بێته گرده‌كه له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ره‌خنه له گۆڕان ده‌گرێت. ئیتر پەیوەندییەکە بچڕا...... دیار بوو سه‌باح وه‌ڵامی توندی دابوویەوە دابۆوه و تهزاندبووی.
هەر چۆنێک بێت منیش گوێم بە قسەی ئەو کەسە نەدا و بۆ تەحەداکردنیش چوومە لای سه‌باح پێکەوە نانی نیوه‌ڕۆمان خوارد، دوایی به‌ره‌و ژووره‌كان ڕهێكهوتین
سه‌باح ووتی: با سه‌رێكی كاك عومه‌ر بده‌ین، من تا ئه‌و کاتە كاك عومه‌رم هه‌ر نه‌بینیبوو، ئه‌وه یه‌كه‌م جار و دوا دواجاریش بوو.
چووینه ژوره‌وه كاك عومه‌ر زۆر خۆشحاڵ بوو، كۆمه‌ڵێك باس و خواس و گفتوگۆمان كرد.
زۆری نه‌خایاند كاك نه‌وشیروان خۆی كرد به ژووردا، دوای چاك و چۆنی و هه‌واڵ پرسین به حزوری چه‌ندین میوانی تر، كاك نه‌وشیروان پرسی ڕات چییه له‌سه‌ر په‌رله‌مانه‌كه‌مان؟ ئه‌وسا هێشتا یه‌كەم دانیشتنی خولی دووه‌م بوو، کە په‌رله‌مانتارانی گۆڕان تێیدا به‌شدار بوو، ده‌ستی پێ نه‌كردبوو، واته دوای هه‌ڵبژاردنی ٢١\٩\٢٠١٤ بوو.
منیش ووتم خۆت ده‌زانی له سایه‌ی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته ڕای من له‌سه‌ر هه‌ڵبژارد و په‌رله‌مان چییه، پاشان ئێمه وه‌ك كۆمه‌لێك چالاكوان ده‌مانه‌وێ یه‌كه‌م رۆژی كردنه‌وه‌كه‌ی له‌به‌رده‌م په‌رله‌مان گردبینه‌وه و ناره‌زایی ده‌رببڕێت له‌مه‌ڕ پرسی دادگایی نه‌كردنی (جاش و موسته‌شاره‌كان).
ووتی ماڵت نه‌شێوێ تۆش واز له‌م ڕه‌وتی كۆمهنیستیهت ناهێنی.
لە وەڵامداووتم دادگایی جاشه‌كان هیچ په‌یوه‌ندی به ڕه‌وت مه‌وته‌وه نییه.
كۆمه‌ڵێك جاش، کە ده‌ستیان سووره به خوێنی پێشمه‌رگه، له‌كاتی شاڵاوه به‌دناوه‌كه‌ی ئه‌نفالدا هه‌زاران كه‌سیان راپێچی مه‌رگ كرد.
ووتم: ده‌با چاكبزانی كاك نه‌وشیروان تا دونیا دونیایه ده‌ست له‌م پرسه هه‌ڵناگرم.
گفتوگۆ گه‌رمه‌كه‌ی من و كاك نه‌وشیروان عومه‌ری سه‌ید عه‌لی هێنایه قسه، كه ئه‌و نزیكتر له من دانیشتبوو، په‌نجه‌یه‌كی هه‌ڕه‌شه ئامێزی هه‌ڵبڕی ووتی
(ئێمه له جاشه‌كان خۆش‌بوو بووین)، منیش به‌و قسه‌یه‌ی سه‌ید عه‌لی هێنده‌ی تر تووره بووم، به‌هه‌مان ریتمی هاوار و هه‌ڕه‌شه‌ئامێز وەڵامم دایەوە و ووتم:
تۆ کێیت كاك عومه‌ر تا به‌ناوی هەموو کورد ئێمه‌وە له جاشه‌كان خۆش ببیت؟
درێژه‌م دایه‌وه ووتم: گه‌ر مه‌به‌ستت لێبوردنه گشتیه‌كه‌ی (به‌ره‌ی كوردستانییه)، با من بۆتی باس بكه‌م، كه ئه‌مه هیچ بنه‌مایه‌كی نییه.
یه‌كه‌م: له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به‌ره‌كه‌ی ئێوه هه‌ڵبژێرراوی خه‌ڵك نه‌بوو، به‌ڵكوو به شه‌قی جمهوری ئیسلامی بوو، دوایی ده‌یان شه‌ڕی ناوخۆی شاخ دروست بوو. پاشان هیچ حیزب و حكومه‌تێك ناتوانێ له جیاتی خه‌ڵك له تاوانباران خۆش ببێت.
دووه‌م: له هه‌موو دونیادا هه‌روایه مافی تاك هه‌یه و مافی گشتی. دواتر هه‌ر بۆ به‌رچاو ڕوونی جه‌نابت، بڕگه‌یه‌كی یاسایایی جیهانی هه‌یه له‌مه‌ر تاوانبارانی به‌شدار بووی ژینۆساید، كه هیچ كه‌س ناتوانێت له‌و كه‌سانه خۆش ببێت كه به‌شداری ژینۆسایدایان كردووه، ته‌نانه‌ی سه‌رۆك كۆماری وڵاتیش ناتوانێ حوكمه‌كه‌شیان كه‌م بكاته‌وه، كاك عومه‌ر به‌م وه‌ڵامه هەستم کرد، توشی شۆك بوو هیچ وه‌ڵامێكی نه‌داومه‌وه.
له‌ولاوه‌شه‌وه گۆرانخوازێكی خه‌ڵكی بناری پیره مه‌گروون كه شه‌هامه‌ت و ئازایه‌تی لێده‌باری، به ده‌نگێكی توڕه تر له هی من، ووتی هیچ كه‌س ناتوانێت به‌ناوی ئێمه‌وه له ئه‌نفالچییه‌كان خۆش بێت، من ته‌واوی كهسووكارهكهم ئهنفالکراوە. من بۆیه هاتوومه ناو گۆڕان بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و ناحه‌قیانه‌ی لێم كرا‌و وه‌ریان بگرمه‌وه.
پاشان ئه‌و گۆرانخوازه رووی كرده كاك نه‌وشیروان و ووتی: پێم وانیه به‌م خاوه خاوەی ئێوه هیچ بكرێت، كاك نه‌وشیروان ته‌نیا نیو سه‌عاتم مۆڵه‌ت به‌رێ، بزانه ئۆردوگای پیره مهگرونت بۆ پاك ناكه‌مه‌وه.
كاك نه‌و شیروان بزهیەك گرتی، دوای ئه‌م قسه و باسه به‌شێك له میوانه‌كان ماڵائاواییان کرد و ڕۆیشتن.
كاك نه‌وشیروان ئه‌مجاره ووتی سه‌یركه كاك مسته‌فا خه‌ڵكی ئاوا ئازا و دلسۆزمان هه‌یه.
منیش ووتم ببوره كاك نه‌وشیروان ئه‌وانه خه‌ڵكی منن، نه‌ك ئێوه، خۆ بینیت له سه‌ر داداگایی نه‌كردنی جاشه‌كان چه‌ند تووره بوو، خۆ گوێت لێ‌بوو، كه ده‌یه‌وێت ئەو جاشە ئەنفالچییانە ڕابماڵێت، تازه به تازه ئێوه‌ش ده‌چنه ناو په‌رله‌مانه‌وه.
ئێوه داوای چاكسازی ده‌كه‌ن و خه‌ڵكیش پاكسازی ده‌وێ.
كاك نه‌وشیروان له كۆتاییدا ووتی به‌خوا تۆ حه‌لت نییه، ووتم با حه‌ل زۆره، بەڵام ئێو خۆتانی لێ لاده‌ده‌ن. ته‌نیا حه‌ل نه‌مانی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌یه.
دواتر من ئه‌و ناوه‌م جێهێشت دوای ئه‌م گفتوگۆیه سه‌رمان نه‌كرد به هیچ ژوورێكی ترا.
له كۆتاییدا به ته‌حه‌داوه ده‌ڵێم هیچ كه‌س و لایه‌ن و سه‌ركرده و بنكردهیهك له گه‌ڵ دادگایی جاشه‌كان نه‌بووه، به‌كاك نه‌وشیروانیشه‌وه، ئه‌وه دووم گفتگۆی من و كاك نه‌وشیروان بوو له‌سه‌ر ئه‌م پرسه.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست