Saturday, 09/03/2019, 12:51
پیرۆزکردنی کەس یان پرسی ڕەوا؟ سەرانی پارتەکانی باشوور، بۆ پەروەردەکردنی ئەندام، لایەنگر و ئەندامەکانی خۆیان، تا دەگات بە زۆرینەی سادەی شەقامی کوردی، یەکەمیان هەڵبژاردوە. لە ئەنجامدا تاکەکان ئەوەندە بە پیرۆزی و پاکی چاویان لەکەسەکە کردوە، کە بووە بە هێڵی سوور، تا دەگات بە ئاستێک، بڕوا بە ددان پێدانەکانیان بۆ خەیەنەتەکان ناکەن، کە بە دەم و پێنووسی خۆیان بۆ مێژوو تۆماریان کردون.
کاتێک کە هەر ڕووداوێکی مێژووی دیاریکراو دەربارەی خەیانەتەکانی سەرانی باشوور بەر شاڵاوی پێنوسەکەم دەکەوێت، ئەوا ئەو کاتانەیە کە بە وردی، بەسەلیقەیەک و نەفەسێکی دریژ بە سەرچاوە مێژوویەکاندا چوومەتەوە، بە تایبەتی ئەو پەڕتوک و دۆکیۆمێنتانەی کە بەدەستی خۆیان نووسراوە، دەربارەی پەیوەندیی ناپاکانەی سەرانی پارتەکانی باشوور لەگەڵ وڵاتانی وەک تورکیا، ئیران، سوریا و لیبیا، تا دەگات بە دامودەزگەی هەواڵگری ئەو وڵاتانە، کارەساتە جەرگبڕەکانی وەک ئەنفال، کیمیابارانی هەڵبجە و کۆڕەو و بەکارهێنانی عەفەویەت، پاکی توڕيی پەنگخواردووی گەلەکەمان دژ بە سەدام، لەپێش ڕاپەڕینی بەهاری ساڵی ١٩٩١ و خزمەتکردن بە ئەجێندای ئیران لە عیراق و کوردستاندا.
هەمیشە دەنگۆیەک هەبوو، کە گوایە جەلال تاڵەبانی، عەلی عەسکەری بۆ گەشەکردنی خۆی لە بەهێز کردنی پێگەی جەماوەری، سەربازی و سیاسی بە کۆسپ زانیوە. ئەو بابەتە، بۆ زۆرینەی سادە، وەک پروپاگەندەی دوژمنان و ناحەزان چاوی لێ کراوە، وێرای ئەوەش لەوەتەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دامەزراوە، دوای شەهید بوونی عەلی عەسەکەری و تا هەنوکە، سەرانی یەکێتی بەبێوچان، پێگەی جەماوەریی ئەویان لە بۆنە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکاندا بە تایبەتی لە ناوچەکانی دۆڵی جافەتی بەکارهێناوە، بەڵام کە هاتۆتە سەر نووسینەوەی مێژوو، تاڵەبانی بەجۆرێکی دیی باسی لە عەلی عەسکەری کردوە!
ئەگەر چاوێک بە ددان پێدانی تاڵەبانی لە یادەوەریەکانییدا بخشێنین، کاتێک کە باسی عەلی عەسکەری لە دوای ئاشبەتاڵی ١٩٧٤دا دەکات، بۆمان دەردەکەوێت کە عەلی عەسکەری دوای ئاشبەتاڵ، ویستویەتی لەژیر سێبەری بەعسدا، حزبێکی کوردی موڵەتپێدراوی کارتۆنی دابمەزرێنێت. ئەگەر نەوەکانی داهاتوو ئەو دەربڕینەی تاڵەبانی بخوێننەوە، بۆیان دەردەکەوێت کە عەلی عەسکەری و هاورێکانی ویستویانە ببن بە جاش، هەمان هەڵوێستی ساڵی ١٩٦٦ی ئەویان هەبووە و لەگەڵ عومەر دەبابە پەیوەندیان بە بەعس کردوە، بەڵام ئەوان فێڵیان لێ کردون.تاڵەبانی لە لاپەڕە ٥١-٥٢ بەشی دووەمی دیداری تەمەن دەنووسێت:
"عەلی عەسەکەری و هەواڵانی، کەمال محێدین دەنێرن بۆ لای تەها محێدین، دەڵێ کاکە حاڵ و مەسەلەیەکی وا هەیە، ئەویش دەڵێ با بچم پرس بکەم. کە پرس دەکات دەڵێ: "باشە بەسەرچاوان حکومەت دەڵێ باشە و با بێنەوە". کە جەماعەت دەچنەوە (عومەر دەبابە و عەلی عەسکەری) بەو ئومێدەی حکومەت ڕیگایان بدات حیزب دروستکەن، ئەوەبو حکومەت ڕێگای پێنەدان و هەمویانی نارد بۆ خوارووی عیراق".
چوونی عەلی عەسکەری بۆ شاخ و شەهید بوونی، هەمیشە بابەتی سەرەکیی بوون، لە وتارە جەماوەریەکانی تاڵەبانی و سەرانی دیی یەکێتی بۆ هاندانی خەڵک دژ بە بنەماڵەی بارزانی، بەڵام تاڵەبانی لە یادەوەریەکانییدا بۆ مێژوو تۆماری کردوە، کە ئەو بە هاتنە دەرەوەی عەلی عەسکەری و دامەزراندنی حزبێکی سیاسی، هەرگیز دڵخۆش و ڕازی نەبووە. لە لاپەڕەی ٥٣دا دەنووسێت
" لە ڕاستیدا من وەڵامم نەناردبوو عەلی عەسکەری بێتە دەرەوە".
تاڵەبانی کاتێک کە دێتە سەر باسی عومەر دەبابە، عەلی عەسکەری و دکتۆر خالید و جۆری کار کردنیان و خەڵک کۆ کردنەوەیان، بە عەشایری و بێسەروبەرە لە قەڵەمیان دەدا، لەبەشی دووەمی دیداری تەمەن لاپەڕە ٦٥دا تاڵەبانی دەنووسێت:
" هاتنە دەرەوەی دکتۆر خالید و عومەر دەبابە و عەلی عەسکەری، جۆری هاتنەکە بەشێوەیەکی هەرەمەکی و نیمچە عەشائیری بو کە بە ڕاستی دڵخۆشکەر نەبو". لە هەمان پەڕتوکدا لە لاپەڕە٦٥- ٦٦دا دەنوسێت:
" ئەم ڕێکخستنە واقعیك بوو بە تووشمانەوە". " ئەوان بەناوی بزوتنەوەی سۆسیال دیموکراتی کوردستانەوە هاتبونە دەرەوە، بڕیاریاندابو کە ڕێکسختنەکانیان بێتە ناو یەکێتی نیشتمانی کوردستان، بۆ ئەوەی ڕەسول مامەند و ساڵح یوسفی و ئەوانی تریش لەم ڕێکخستنەدا بەشداربن. ئەوەی ڕاستی بێت ئێمە ئەو کارەمان پێخۆش نەبوو".
شەهید کردنی عەلی عەسکەری و هاورێکانی، هەمیشە بابەتی گەرم بوون، کە تاڵەبانی و سەرانی یەکێتی، خەڵکیان دژ بە بنەماڵەی بارزانی هاندەدا، تاوانەکەیان تەنیا دەخستە ئەستۆی ئەوان، بەڵام کاتێک لە مێژوو ورد دەبینەوە، ئەو بەڵگەنەی کە بەدەستی تاڵەبانی و کوڕی عەلی عەسکەری بڵاو کراونەتەوە، دەیسەلەمێنن و دەریدەخەن کە تاڵەبانیش ڕێگە خۆشکەر بووە بۆ شەهید کردنی عەلی عەسەکەری، هەروها بە درێژای مێژووی دوژمنایەتی نێوان بنەماڵەی بارزانی و جەلال تاڵەبانی، لە هەموو بۆنەیەکدا تاڵەبانی دووپاتی دەکردەوە کە قیادە موەقەتە مەقاشی دەستی ساواک و موساد بوونە، هەمیشە ئەم جۆرە قسانەیان بەگوێ دۆست و لایەنگر و ئەندامانی یەکێتی و کۆمەڵانی خەڵکدا دەچڕپاند، لەگەڵ ئەوەشدا لە کاتی ئەوەی کە عەلی عەسکەری و هاورێکانی دەیانەوێت جوڵە بکەن، تاڵەبانی نامەیەک بۆ "عیسا پژمان"کە ئەفسەرێکی ساواکی زەمانی شا بوو دەنێرێت، هەموو زانیاریک دەربارەی هێزەکەی عەلی عەسەکەری تێیدا دەنووسێت، وەک لە کوێن، چەند کەسن، کەی و بۆ کوێ دەچن. ئەو کات ساواک و بنەمەڵەی بارزانی دۆستی گیانی بە گیانی یەکتر بوون، تاڵەبانی ئەو ڕاستیە دەزانێت لە لاپەڕە ٦٢دا دەنووسێت:
"قیادە موەقەتە هاوکاری ساواک و میت و دەوڵەتانی تری دەکرد".
هەرچەند شاڵاو عەلی عەسەکەری لە وتاری "مام جەلال لە نێوان دیداری تەمەنت و هاوڕێیانی تەمەنت، بە زمانی پاڕانەوە دەدوێت، بەڵام بەڵگەیەکە کە لە ٨/١١/٢٠١٧دا لە کوردستانپۆست لەژێر ناونیشانی "هۆکاری تری هەکاری کە بڵاو نەکراوەتەوە" دەنووسێت " ناردنی نامەی جەنابت بۆ ئەفسەرێکی ساواك کە هەڤاڵی خۆتبووە، " عیسا " ناوێك بە مینە کوپەیا، کە ئێران رێگەیان بدات بە سنوور و خاکی ئەواندا تێپەڕن کە دەتانزانی وایە نە دەبوو رێو شوێنی رەتڵی دوو کە عەلی عەسکەری سەرپەرشتیاری بوو، بە مینە کوپە بگوترایە و هەموو ئەو رێو شوێنانە لە نامەیەکی جەنابتان بۆ ئەفسەرێکی (ساواك ) بەیان بکردایە".
جەمال زاخۆیی، کە باوەڕ پیکراوی تاڵەبانی دەبێت، بەڵام جێگەی گومان دەبێت، تاڵەبانی دەرک دەکات، کە نامەکانی بەو ڕەوانە دەکات دەکرێنەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا نامە و زانیاری پێ ڕەوانە دەکات. مام جەلال لە نێوان دیداری تەمەنت و هاوڕێیانی تەمەن شاڵاو عەلی لە ٨/١١/٢٠١٧دا لە کوردستانپۆست لەژێر ناونیشانی "هۆکاری تری هەکاری کە بڵاو نەکراوەتەوە" دەنووسێت "جەمال زاخۆیی کە باوەڕ پێکراوی خۆت بووە لە ماڵی خۆشتابوو وە نامەکانی ناوەوە و دەرەوەی ووڵات ئەهێنا، مادام هەستت دەکرد نامەکان کراونەتەوە وە رێو شوێنی وەرگرتنی چەکەکانیشی تیابوو ئایا ئەمەش هۆکار نییە بۆ روودانی ئەو کارەساتە؟!
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست