ئەشکەنەجەی چڵە زەیتون
Saturday, 23/02/2019, 11:07
تەنها لەو کاتانەدا مرۆڤ دەتوانێت مانایەک یان ئاراستەیەک بدات بە ژیان کە لە ئەشکەنجەدا دەژی، کەواتە بەبێ ئەشکەنەجە ژیان بێ مانایە، بۆیە ئەشکەنجە فێنۆمێنێکی دانەبڕاوە لە بون. ئەشکەنجە ئەو ساتەیە کە مرۆڤ بەهەر هۆیەکەوە لە کۆ دائەبڕێت، یان لەگەل کۆدا ناگونجێت، ئەوسا بە فەلەسەفەیەک، بە قانونێک، بە دینێک، یان بە مۆرالیکی نوێوە خۆی لەگەڵیا دەگونجێنێتەوە و پەیمانێکی تری لەگەڵدا سازدەکات، ئێمەش لەگەل خۆیدا دەبات.
ئەم مۆدێلی ژیانەی کە پێی گەیشتوین بەرهەمی ئەو ئەشکەنجانەن کە تاکێک یان کۆمەلە کەسێک لەسەردەمێکدا پیایدا تێ پەڕیوە، بەو ئامانجەی کە ژیان بەرەو ئارستەیەکی تر ببات، بەرەو پێجەوانەی ئەشکەنجە، بەلام هیچیان باری گرانی مرۆڤیان هاسان نەکردوە، پرسیار لەخۆمان دەکەین ئاخۆ ئەگەر ژیانمنان مانای نەبوایە، ئارستەشی نەبوایە، ئایا باری ژیانمان لەمە خراپتر دەبو؟
سەردەمێکە هەمو ئەو وتارانە دەخوێنمەوە کەلەسەر ئۆپەراسیۆنی چلەزەیتون نوسراون، چۆن تورکیا رۆنی زەیتونی ئەفرین لە جوتیارە کوردەکان دەدزێتو بەناوی ڕۆنی تورکیاوە دەیان فرۆشیت، سوپەر مارکێتەکانی ئەوروپا پڕن لە ڕۆنی ئەفرین بە نرخی هەرزان، ڕۆنی سوری ئەفرین. چۆن سەتەها ماکینەی گوشینیی زەیتونیان دزیوە و ئاودیوی تورکیایان کردوە، چۆن نەوتی ئەفرینیش بە هەندێک لەپیاوانی سعودیە دەفرۆشن. گەڵ خویندنەوەی هەر وتارێکدا، وشەیەکم بۆ نادۆزرێتەوە کە بتوانێت گوزارشت لە توڕەبونم بکات، لەکاتیكدا خۆم دەبینمەوە کە بێ دەسەلاتم و هیچم پێ ناکرێت لەبەردەم ئەم ناهەقیەدا . زۆر لە ڕێکخراوەکانی ئەوروپا لەهەوڵی ئەوەدان کە چۆن بتوانن لەداهوتودا ئەم ئۆپەراسیۆنەی تورکیا وەک تاوان دژی مرۆڤایەتی بناسێنن.
. خۆ ئەم روداوانە لە رابوردودا رویان داوە؛ جینۆسایدی جولەکە، جینۆسایدی ئەرمەن، دزینی کەلوپەلو خشڵی جولەکەکان....تاد، بۆیەش دەیان نوسینەوە هەتاوەکو بتوانین ڕیگری لێ بکەینو دوبارە نەبنەوە.. بەلام هەمو جارێک دوای روداوەکە چارەسەر دەدۆزینەوە و ناتوانین ڕیگری لێ بکەین کە رونەدات. وادیارە کە پەڕەکانی مێژو زو کاڵ دەبنەوە. دواهەمین ڕستە لەوتارێکدا کە دەمارەکانی گرژ کردمەوە، وتارێک بو کە تیایدا دەلیت ؛ کۆمیتەی زانایانی بونستانگ لەئەڵمانیا، ئۆپەراسیۆنی چڵە زەیتونی خستۆتە بەردەم شکەوە و ئەڵیت کە ئەو هێرشە دژی کوردان کراوە لەگەل مافی مرۆڤدا یەک ناگرنەوە. ئەوەی توڕەی کردم زاراوەی شک بو کە بۆ ئەو تاوانە باکار هێنرابو.
خۆ هەرگیز ڕیگە بەخۆشم نادەم دژی ڕێکخراوەکانی ئەوروپا و مافی مرۆڤ بدوێم هەتاوەکو جاشیکی وەک مەسعود بارزانی پیاوەکانی ڕێخۆشکەری ئەم تاوانە نەبن.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست