راستیەكان دەربارەی فەنزوێلا - ئەفسانەی سەركوت و دكتاتۆریەت (بەشی یەکەم)
Saturday, 23/02/2019, 1:15
مێژووی فەنزوێلا مێژووی زەبرو زەنگ و یاخی بوونەوەی چەكداری و دكتاتۆریەتە, راستە شافێز كاسترۆیەك بوو بۆ خۆی, لێ جیاوازی نێوانیان سێ شت بوو, ئەم بەچكە هەژارێك بوو, لە برسێتیەوە هوشیاری چینایەتی هەڵگرت, كاسترۆ رۆشنبیرێكی شۆڕشگێڕی خاوەند زەوی زادەبوو, دووەم نەوتی هەبوو كاسترۆیەكی دەوڵەمەند بوو, سێیەم لە جیاتی زیندان و چەك چڵە زەیتون بە دەست بوو, میهرەبان بوو لەگەڵ نەیارەكانی كە بەردەوام لە هەوڵی لەناوبردنیدا بوون, هەرچەندە خۆی وەك ئەفسەریك لە ساڵی 1992 هەوڵی كودەتای دا و برایەكیشی گەریلایەكی ناسراوی چەكداری چەپگەرای یاخی بوو, زۆربەی كۆنە گەریلا چەكدارەكان شوێنی خۆیان لە حزب و حكومەتەكەی گرت, بێسڵەمینەوە دەتوانین بڵێین سەردەمی شافێز سەردەمی كەمترین زەبرو زەنگ و دكتاتۆریەتە لە مێژووی فەنزوێلادا, ئەمە قسەی من نییە, بەڵكە قسەی خوێندنەوەی مێژوو و ژمارەی ئامارەكانە بە وردی نەك هەڵپەڕین و سەما بۆ درۆكان, لێ نابێت ئەوەش لە یاد بكەین ئەوەی لە فەنزوێلا پیادە كراو دەكرێت سۆسیالزم نەبووە, هەوڵێك بووە بۆ حكومەتی موئەسەسات بە عەدالەتەوە وەك شافێز ناوی بردووە, لە راستیدا عەدالەتی زیاتر بووە لە جاران نەك كۆتایی عەدالەت, نامەوێت بكەومە ناو هەڵەیەكەوە وەك چۆن پیاهەڵدان دەكرا بۆ ئەزموونی سۆسیالستی وڵاتانی سەر بە ئۆردوگای سۆڤیەتی, دوای دیواری بەرلین روخا بەسەرخاوەنەكانیان و ناشرینییەكان دەركەوتن, شانسی ئەوەیان هەبوو سەرمایەداری بەرەو ناشرینی زیاتر دەڕوات, حوكمڕانی بۆ خۆی وەك چێشتی بۆگەنە چۆن سەرقەپاغی هەڵی دەیتەوە بۆنی كاست دەكات, هەموو ئەزموونەكان وەك كۆمۆنەی 72 رۆژەی لایەك پاریس نین, سنورەی دەسەڵاتەكەی هێندە بچوك و ماوەی فەرمانڕەواییەكەی ئەوەندە كەم بوون فریای كەوتنە ناو هەڵە نەكەوتن .
فەنزوێلا لە ساڵی 1830 ەوە سەربەخۆیی وەرگرتووە پاش 308 ساڵ لە داگیركردن و جینۆسایدگردن لە لایەن ئیسپانی و هەندێك وڵاتی ئەوروپیەوە, تاكو ساڵی 1958 لەسایەی دەسەڵاتی دكتاتۆریەتی راستەوخۆدا بووە, كە تا سەدەی بیست كۆدیلۆكان" سەركردە سەربازییە بەهێزەكان" بەڕێوەیان بردووە, دەسەڵاتی رەهایان لە كوشت و بڕو سەركوتدا هەبووە, تەنها لە سەردەمی خۆسیە ئەنتۆنیۆ بایز 1830-1863 دا لە 800 هەزار دانیشتووان سەدان هەزار كەس كراوە بە سوتەمەنی شەڕ, لە ساڵی 1854 كۆیلەداری قەدەغەكراوە لە فەنزوێلا, تا ئەوكاتە وڵات بازاڕێكی باشی كۆیلە رەشپێستەكان بووە.
ئەمەریكا گوێی نەداوە لەناو باخچەی پشتەوەی وڵاتەكەی ئەمەریكای لاتین چی گوزەراوە لە سەركوت و تاڵان و بڕۆ, گرنگ حكومەت رازی بێت وڵاتەكەی بە باخچەی پشتەوەی ئەمەریكا بمێنێتەوە, سەرەتای سەدەی بیست ئەمەریكا لە قەیرانی نێوان فەنزوێلا و هۆڵەندادا, هێزی دەریاوانەكەی هاوكاری جێگیری ئەوسای سەرۆكی فەنزوێلی خوان فیسنتی غۆمێزی كرد تا ئەوكاتەی مرد خۆی یان بوكە شوشەكانی تاكو ساڵی 1935 حوكمی وڵاتیان راستەوخۆ كرد, دەسەڵاتێكی وەحشیانەی چاخی ناوەڕاست ئاسای سەپاند و لە دوای خۆشی 3,6 ملیار دۆلار بە نرخی ئێستا میراتی لە دوا بەجێ ما لە گەڵ 10%ی سەرجەم خاكی فەنزوێلا.
پارتی كاری دیموكراتی و پارتی كریستانی كۆمەڵایەتی لە ساڵی 1952ەوە بە هاوبەشی حكومەتیان بەڕێوە بردووە بۆ ماوەی چل ساڵ, لەسایەی دەسەڵاتیان سەركوت و گەندەڵی بەردەوام بوو, پارەی نەوتیان لە نێوان خۆیان دابەش دەكرد و لە بانكەكانی سویسراو ئەمەریكا دەیان خەواند, وڵات بێ نەخۆشخانە و ریگاو بان و قوتابخانە مایەوە ئەوەی كراش بایی پێداویستی هاووڵاتیانی ناكرد, هەرچەندە هەندێك تەلاری بەرز دروستكران, لە ساڵی 1966 زیاتر لە 66%ی هاووڵاتیان لە ژێر هێڵی هەژارییەوە بوون , خەڵك بێ ئاو كارەبا لە قەراخ شارەكان لەناو چینكۆدا دەژیان.
لە ساڵی 1983 بۆ 84 كە نەوت نرخی دابەزی دیسانەوە قەیران دروست بوەوە, لە هەڵبژاردنی ساڵی 1988دا, كارلۆس ئەندرێز پیریز توانی رێژەی 52,91%ی دەنگەكانی بهێنێتەوەو بوو بە سەرۆك كۆماری فەنزوێلا, بۆ دەرچوون لە قەیران كە ئەوساش نەوت نرخی دابەزیبوو, 4500 ملیۆن دۆلار قەرزی كرد لە بانكی نێو دەوڵەتی, لەسەر رێنوێنی بانكی نێودەوڵەتی, سیاسەتی سك گوشینی پەیڕەو كرد, ئاو كارەباو تەلەفۆن و گاز نرخیان زیادیكرد, نرخی بەنزین 100% چووە سەر, لە بەرامبەردا گومرك لە بەرامبەر هاوردەكان هەڵگرترا, دژ بەم هەنگاوانە لە بەرواری 27-2-1989 بزاڤی كاركازۆ سەری هەڵدا دژ بە هەنگاوە نیو لیبراڵییەكانی حكومەتی كارلۆس ئەندرێزی سۆسیال دیموكرات, لە ئەنجامدا 3500 كەس بە دەستی پیاوانی ئاسایش لەسەر شۆستەكانی كاراكاس كوژران و تەرمەكانیان لە پاڵ یەكتریدا كەوتبوون, 300 كەسیش شوێنبزركران, گەورەترین كۆمەڵكوژی لە سەدەی بیستدا لە فەنزوێلا بەڕێوە چوو.
تەنانەت ئەوكاتیش شافیزو كاسترۆ تاوانبار كران, گوایە قەناس بەدەستەكانی كوبا بە ناوی دۆڵفین فیدل تەقەیان كردووە, بەم هۆیەشەوە نەخشەی فیلا جێبەجێكرا , رێگا درا بە سوپا بۆ بەكارهێنانی چەك دژ بە خەڵك, ژەنەراڵ كارلۆس بنیالۆزا بۆ ئەمكارە ئەركدار كرا, ئەمەریكاش لایەنگیری لە حكومەت كرد, شافێز ساڵی 2006 قەرەبووی قوربانیانی كەراكاسی كردەوە,
ساڵانە یادی كاراكازۆ وەك راپەڕینی گەل لە لایەن حكومەتەوە دەكرێتەەوە, ئۆپۆزسیۆنی راستگەرا بۆ شێواندنی یادەكە هەر جارە چالاكیەك ئەنجام دەدات و نایاتە سەر زاریان وەك راپەڕینی گەل ناوزەدی بكات, ئێستا كە باسی فەنزوێلا دەكرێت وەك ئەوەی پێش شافێز بە 10 ساڵ وڵات كەرەكازۆی بەخۆوە نەبینیبێت .
زەبروزەنگەكانی 20 ساڵی رابردوو بە دواوە
شاری كەرەكاس یەكێكە لەو شارانەی زۆرترین زەبروزەنگی تێدا ئەنجام دەدرێت لە جیهاندا, لە پێش بە دەسەڵات گەیشتنی شافێزیش هەروا بووە, ئەمە میراتی رژێمە یەك لە دوای یەكەكانی فەنزوێلایە لە 497 ساڵی رابردوودا بۆ ئەمڕۆ ماوەتەوە, وڵاتانی دی ناوچەكەش هەر وان, لە ساڵی 2017 ەدا لە ئەمەریكا 1,248,185 تاوانی زەبروزەنگاوی ئەنجامدراوە, مەكسیكیش لەوە زیاتری بەخۆوە بینیوە, ئەوە باسی هندۆراسیش مەكەن.
سەبارەت بە زەبرو زەنگی سیاسیش, ئەم وڵاتە وەك ئەمەریكا حوكمی ئیعدامی تێدا نییە و هیچ باوەڕێكی سیاسی یاساغی لەسەر نییە, ئەوەی بە دەست نەیارانی حكومەتی فەنزوێلاوەیە بەكار هێنانی زەبرو زەنگە بەرامبەر خۆپیشاندەران,وەلێ رێكخراوی مافی مرۆڤی سور غێنتس لە بڵاڤۆكێكی خۆیدا رایگەیاند 38%ی خۆپیشاندانەكان فەنزوێلا زەبروزەنگاوین, وە 28,5%یان بەرەو روبونەوەیان تێدا بووە لە گەڵ پۆلیس بە چەك, نەك تەنها خۆپیشاندەران چەكیان بەكار هێناوە بگرە زۆرجار كەسانی تاوانكاریشیان بەكرێ گرتووە بۆ ئەنجامدانی تاوان.
تا ئێستا ئۆپۆزسیۆن ئاماری كوشتنە سیاسییەكانی 20 ساڵی رابردووی بڵاو نەكردۆتەوە بەناو بەروار و دۆكۆمێنتەوە, وەلێ ژمارەی كوژراو تیرۆركراوەكانی حكومەت بە دەست ئۆپۆزسیۆن زیاترە, زۆربەی تێوە گلاوەكان سەر بە ئۆپۆزسیۆنن, هاوكات بەشی زۆریشیان كەسانی تاوانكارن روداوە سیاسیەكان و ئاڵۆزییەكان دەقۆزنەوە بۆ دزی و تاڵان لێرەدا چەند نموونەیە دەهێنمەوە " لە خۆپیشاندانەكانی 20-21ی نیسانی 2016 ەدا 12 كەس لە كاتی تاڵانیدا كوژران ", هاوكات نموونە زۆرە لەسەر تیرۆركراوانی بەرەی حكومەت تا ئاستی سوتاندنیان لە لایەن ئۆپۆزسیۆنی راستەوە" لە هەرێمی میرندا لە 24ی نیسان 2016 سەركردەیەكی پارتی سۆسیالست كوژرا, 3ی ئایاری هەمان ساڵ ئەفسەرێكی پۆلیس لە باریناس و لایەنگرێكی حكومەت بەناوی جوانتشۆ لە مۆنتۆیا كوژران و تەرمی یەكێكیشیان سوتێنرا... " .
هاوكات لە 40 كوژراوەكەی 23ی مانگی یەكی 2019ەدا تا ئێستا ئۆپۆزسیۆن یەك ناوی لە كوژرانی خۆپیشاندەران دەستنیشان نەكردووە, ئەوەی هەبووە ئۆپۆزسیۆن هانی كەسانی تاوانكاریان داوە بۆ ئەنجامدانی تاڵانی و شێواندنی شار لە ئەنجامدا 18 كەس لەوانە لە بەرەو روبونەوە لە گەڵ پۆلیس كوژراون.
ئەوان هەر كەسەكانیان بۆ ئەنجامدانی تاوان بە كرێ نەگرتووە, بگرە بۆ بەشداریكردن لە خۆپیشاندانەكانیش"كەسێك بەناوی تشینۆ " بە رەگەز چینی " لە ساڵی 2016 لە شاری تشاكاو دەستگیركرا بە تاوانی ئەوەی بۆ بەشداریكردن لە خۆپیشاندان 800 دۆلاری بۆ هەفتەیەك داوە بەوانەی رازیبونە بەشداری خۆپیشاندان بكەن", بەهۆی ئەوەی ئۆپۆزسیۆن لە لایەن ئۆلیگارشیەكانەوە سەركردایەتی دەكرێن, بۆیە 70% راگەیاندنی وڵات و بازاڕو ئابورییەكی زەبلاحیان لە بەردەستە, بۆ دژایەتی رژێم كەڵك لە هەمووی وەردەگرن.
هاوكات لە 15 ساڵی رابردوودا 300 روداوی كوشتن و بزركردنی جوتیاران رویداوە لە فەنزوێلا لە لایەن خاوەند زەوییەكانەوە, پاش ئەوەی حكومەت بڕیاریدا زەویەكانی دەوڵەت ئەوانەی بەكار نەهێنراون بەسەر ملیۆنێك جوتیاردا دابەش بكات, تەنانەت پۆلیسیش زۆر جار لە خزمەت مەلاكەكاندا كاری كردووە بە تایبەت ئەو هەرێمانەی ئۆپۆزسیۆن حوكمڕانیان كردووە, واتا قوربانیانی زەوی دوو هێندەو زیاتر قوربانیانی خۆپیشاندانەكان بوونە لە فەنزوێلا.
كەواتە هەردوو بەرە, شافێزییە رەنگاورەنگە هەژارەكان و سپی پێستە دەوڵەمەندە ئۆپۆزسیۆنەكان چەك لە شانن, زۆرجاریش كە چەك دێتە قسە یاسا نامێنێت .
لە لایەكی دیكەوە, مادۆرۆ لە 17-7-2017 ەوە هێزێكی پۆلیسی مەترسیداری دروستكردووە بە ناوی ئێف ئی ئەی سی بۆ بەرەو روبونەوەی تاوان, جار جارەش لە سەركوتی خۆپیشاندەران بەكاریان دەهێنێت, بە پێی ئاماری رێكخراوی پرۆڤیا كە تایبەتە بە مافی مرۆڤ , هێزەكانی كاری تایبەت ئێف ئەی ئی سی سەر بە دەزگای پۆلیس لە ساڵی 2018 بەرپرسە لە كوژرانی 205 كەس.
هەڵبژاردنەكان دوای شافێز تا هەنووكە
لە ماوەی 20 ساڵ دەسەڵاتدارێتی شافیستەكان لە فەنزوێلا" ئۆپۆزسیۆنی سپی پێستی دەوڵەمەندەكان كە بە مەیمونستەكان ناویان دەبەن" 25 هەڵبژاردن ئەنجامدراوە, هێزەكان خۆیان تاقیكردۆتەوە, سستەمی هەڵبژاردنی فەنزوێلاش بە یەكێك لە سستەمە شەفافەكانی جیهان تەنانەت لە لایەن دەزگای كارتەرەوە ناسێنراوە, دادپەروەری هەلبژاردن لە فەنزوێلا زیاترە لە كەنەداو ئەمەریكا.
شافێز بۆ یەكەمجار كە خۆی كاندید كرد بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری وڵات كە لە 6ی كانوونی یەكەمی 1998 بەڕێوە چوو, شاجوانی فەنزوێلا ئیرین سایز پێشبڕكێی دەكرد, راپرسییەكان دەریان دەخست دەدۆڕێت بە شا جوان, كەچی بە هێنانی 56,20%ی دەنگەكان و 3673685 دەنگ بردییەوە و شا جوان چووە ریزبەندی سێیەمی دەنگە بە دەست هاتووەكانی هەڵبژاردنەكەوەو تەنها 2,82%ی دەنگەكانی بە دەستهێنا, لە هەڵبژاردنەكە لە كۆی 6537304 دەنگدەر, 63,45%ی بەشدارییان كرد.
مادۆرۆ لە یەكەم هەڵبژاردندا دوای مەرگی شافێز بە هێنانی 50,61%ی دەنگەكان سەركەوت, لە كۆی 18904364 دەنگ 7587579 دەنگی هێنایەوە , لێ لە هەڵبژاردنی 20ی ئایاری 2018ەدا , لە كۆی 20527571 دەنگدەر تەنها 6244016دەنگی هێنایەوە, هەرچەندە 67,84%ی دەنگەكانی هێنایەوە , بەڵام تەنها 46,07%ی دەنگدەران پشكداریان لە هەڵبژاردنەكە كرد, لە راستیدا ئەویش وەك پشتیوانی جەماوەری دۆڕابوو, لە 60 ساڵی دوایندا كەمترین رێژەی بەشداریكردن بوو لە هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری لە فەنزوێلا.
هەرچی هەڵبژاردنی 6ی كانوونی یەكەمی 2015ی پەرلەمانە , یەكەمجار بوو لە ماوەی 17 ساڵدا لە كۆی 23 هەڵبژاردن ئۆپۆزسیۆنی راستگەرا سەر بكەوێت, بە هێنانی 56,21%ی دەنگەكان توانی ببێتە خاوەند 109 كورسی لە كۆی 167 كورسی پەرلەمان, لیستی جەمسەری گەورەی نیشتمان تەنها 55 كورسی و 40,92%ی دەنگەكانی هێنایەوە, 44 كورسی كەمتر لە پێشوو, ئەم هەڵبژاردنە ورەی ئۆپۆزسیۆنی بەرز كردەوەو كەوتنە داواكردنی هەڵبژاردن و پێشخستنی , وەلێ رۆژە خۆشەكانیان زۆری نەخایاند تا لە هەڵبژاردنەكانی 10ی كانوونی یەكەمی 2017ی شارەوانیەكان كە چاوەڕوانی زۆرینەی كورسیەكانیان دەكرد, جارێكی دیكە توشی شكست بونەوە, بەرەی جەمسەری بەرفراوان 6517506 دەنگ و 71,13%ی دەنگەكانی هێنایەوە, كۆی گشتی 306 شارەوانی لە كۆی 331 شارەوانی بەدەست هێنا, ئۆپۆزسیۆنی راستگەراش تەنها 25 شارەوانی بردەوە, هاوكات لە هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێمەكان جەمسەری گەورەی نیشتمان 18 لە كۆی 23 هەرێمی بردەوە, لە گەڵ 55,07%ی دەنگەكان, لە هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێمەكان لە ساڵی 2017 ئۆپۆزسیۆن خۆیان بۆ 90%ی دەنگەكان دانابوو, كەچی پارتی سۆسیالست 18 لە كۆی 23 هەرێمی بردەوە, ساڵی 2000 بۆ یەكەمجار لە فەنزوێلا پارێزگاری هەرێمەكان بە هەڵبژاردنی راستەوخۆو نهێنی ئەنجامدرا.
دوای ئەم دۆڕانە "بەرەی ئۆپۆزسیۆن Mud بیرۆی یەكێتی دیموكراتی" كەوتنە پەلاماردانی یەكتر تا شەڕە جنێو گەیشتە سەر فەیسبووك, هەر ئەمەش بو گەیشتە ئەوەی نەوێرن بەشداری هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی 20ی ئایاری 2018 بكەن, مادۆرۆش لە بری ئەوەی بەدوای شەرعیەتی زیاترەوە بێت , كەوتە ناو خۆشی بەشدارینەكردنی ئۆپۆزسیۆنی سەرەكییەوە.
ئۆپۆزسیۆن پەرت و بڵاو بوون, هەرچەندە خۆیان داوای هەڵبژاردنیان كرد لە دانیشتنی نێوان حكومەت و ئۆپۆزسیۆن لە وڵاتی دۆمەنیكان, رێكەوتن لە نیوەی یەكەمی ساڵی 2018 ەدا ئەنجام بدرێت, لە فەنزوێلا هەڵبژاردن ئازادانەیە بەشداری كردن و نەكردن تیایدا, بە هەمان شێوە بۆ پارتە سیاسییەكانیش.
لە دوا هەڵبژاردندا دەنگی مادۆرۆ بە نزیك 1,6 ملیۆن لە چاو هەڵبژاردنی ساڵی 2013 كەمی كرد, بەشێوەی گشتی دەنگی بەرەی حكومەت بە رێژەی 43,4% كەمی كردوە لە چاو یەكەم هەڵبژاردن كە شافێز گەیشت بە دەسەڵات لە ساڵی 1998ەدا, بۆیە مەسەلەكە سندوق پڕ كردن نییە, جەمسەرگیری بەرفراوان لەسەر بنچینەی چینایەتی و رەنگی پێست دروست بووە, دەسەڵات لە سپی پێستە دەوڵەمەندەكانەوە گواستراوەتەوە بۆ هەژارە دو رەگەكان " میستیزۆ", چوار سەدە دەسەڵاتدار بوون, دوو دەیەی هەژارەكان تەحەمول ناكەن, ناڕەزایەتیەكان رەگەز پەرستانەیە, هاوارە كەن شافێزو مادۆرۆ مەیمونن, ئەوەی دەگوزەرێت لە فەنزوێلا شەڕی چین و رەگەزەكانە وێڕای هەڵە كوشندەكانی دەسەڵات, پەرلەمانتارانی ئۆپۆزسیۆن زۆربەیان سپی پێستن وەك بەفر, ئەوانەی پشتیوانی مادۆرۆ دەكەن هەژارو ئەسمەرو رەنگاو رەنگ و رەشن, هەژارەكان نان نییە بخۆن, لەم قەیرانی داراییە ئەوان لێیان قەوماوە, بەڵام نایانەوێت بگەڕێنەوە بۆ پێش ساڵی 1998, شۆرشی برسیەكان بە سەرۆكایەتی سەرمایەدارو ئاغاكان ئەنجام نەدرا, ئێستا غوایدۆ لە هەڵبژاردن دەترسێت, بۆیە وڵات بەجێ هێشتنی مادۆرۆیان كردۆتە داواكاری سەرەكی بە ئەمەریكاوە, نەك ئەنجامدانی هەڵبژاردنەوە, چونكە زۆرینەی مستیزۆ دەنگی پێدەدەن, دوای ئەویش پارتەكەی قەدەغە دەكەن و ئیرادە لە هەژارە رەنگاو رەنگە ئاڵا سورەكان دەسێننەوە ئەگەر پلانەكەیان سەر بگرێت.
غوایدۆ یەكسەر دوای پەیوەندی تەلەفۆنی لە گەڵ ترامپ, بێ گەڕانەوە بۆ پەرلەمانیش خۆی وەك سەرۆك ناساند, بۆیە ئەو بوكە شوشەی ئەمەریكایە, وەلێ ئەمەریكا چەندە زەبلاح بێت ئیرادەی فەنزوێلییەكان دوای ئەم قەیرانە, مادۆرۆ ئەگەر دەرچێت گەورەتری دەكەن, چۆن شافێزی كردە وێنەی رزگاریبەخشی ئەمەریكای لاتین, سەرجەم كاندیدە ناڕازییەكانی لە 20 ساڵی رابردوو لە وێنەی ئەوەوە دەناساند.
تا ئێستا جەماوەری مادۆرۆ نەك لە دابەزین نییە, بەڵكە تارمایی بەرگ سورەكان كاراكاسی داگیر كردووە, بە پێی راپرسی 3ی شوباتی 2019, 33%ی فەنزویلیەكان خۆیان بە شافینیزم دەزانن, 19% خۆیان بە ئۆپۆزسیۆن, 48%یش سەر بە هیچ لایەكیان نین, كەواتە هێشتا ئۆپۆزسیۆن زۆر لە دوایە .
وتارە ئاگرینەكانی بەردەوامەكانی مادۆرۆ رزگاری ناكات, ناتوانێت بەرەو روی سەربازی ئەمەریكا ببێتەوە , بە سوپایەكی لاوازەوە كە لە پلەی 45ی سوپاكانی جیهاندایە, سیناریۆكان زیاتر لە شەڕی عێراق و لیبیا دەچن نەك ڤێتام و سوریا, بە تایبەتیش ترامپ لە فلۆریداوە شەڕی جیهانی دژ بە سۆسیالزمی لە جیهان بە گشتی و فەنزوێلاو ئەمەریكای لاتین بە تایبەتی رگەیاند, لەو رۆژەی بیرنی ساندەرز خۆی بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری كاندید كردەوە, سۆسیالزم بۆتە بابەتی شەڕەكان, كەواتە هێشتا سۆسیالزم شەڕی سەرەكی چینە كۆمەڵایەتییەكانە .
ماویەتی
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست