Friday, 15/02/2019, 6:16
هەر منداڵێکی کورد ئەگەر سەرگوزەشتەی ژیانی بگێڕێتەوە، داوای لێبکرێت باسی جاش بکات، ئەڵبەتە تەنیا بە یەک شێوە جاش پێناسە دەکات: پیاوێک جەمەدانی لەسەر، جلی کوردی پۆشیوە، ڕەختی ڕاست و چەپ بەستوە، چەکی جاشایەتی لە شان کردوە. لە دوای کۆڕەوی بەهاری ١٩٩١دا لە باشوور ئەو تەرزە جاشانە گۆڕانیان بەسەردا هاتووە، چۆن؟
جاران ئەگەر جاشایەتی کراسێک بووبێت بە باڵای پیاوی خۆفڕۆش بڕابێت، ئەوا لە دوای کۆڕەوی بەهاری ١٩٩١، لە سایە و سێبەری پارتەکانی باشوور، ژنیش شەرمی شکا, جاشایەتی پێ عەیب نییە و کراسی جاشایەتی پڕ بە باڵای خۆی بپۆشێت. ئەمڕۆ بە مێگەڵ ژن و کچی کوردی باشووری سەر بە پارتەکانی هەرێم بوون بە جاش.
تا ئێستا ئەو ژنە عەرەبانەی کە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق پەرلەمانتارن، ئینجا چ لەسەر لیستی عیلامانی، ئاینی، شیعە مەزهەب بێت، یان سونە مەزهەب یان چەپ بۆ ئەو پۆستە هەڵبژێردرابن، نەماندیت و نەمانبیست، تاکە کەسێکیان ببێت بە جاشی پارتێکی کوردی و پاڵپشتی پرسی نیشتمانیی و نەتەوەی کورد بکات، یان شوو بە یەکێک لە سەرانی هەرێم بکات! لە دوای کۆڕەوی ١٩٩١و بە تایبەتی دوای ڕووخانی سەدام لە ٢٠٠٣وە تا ئەمڕۆ، تەنیا ئەو ژنە عەرەبانەی کە لەش فڕۆشن، بوون بە دۆست و هاورێ لێپرسراوە کوردەکان و لە هەرێم نیشتەجێن!
مێگەلێک لە ژن و پیاو، لەنێو حزبەکانی باشوور کە خاوەن پلە و پۆستی باڵای حزبی و حکومین ، لە ١١/٢/٢٠١٩دا کێکی ٤٠ساڵەی تەمەنی ڕژێمی ئیرانیان لەت کرد. لە کاتی وێنە گرتنەکەدا گرفتیان ئەوە بووە کە هەوڵدەن لە وێنەکاندا کامیان لە ریزی پێشەوە ڕابوەستێت، بۆ ئەوەی جاشایەتی و ملکەچکردن دووپات بکەنەوە. دیارە ئەگەر پێداگریان بکردبوایە و لەو بۆنەیەدا بەشدار نەبوونایە، ئەڵبەتە ڕۆژی قیامەت هەڵنەدەستا، بەڵام ئەمانە بەخۆرستی زاخی پیاوەتیان لە ناخدا نەڕواوە، بە دڵنیاییەوە دەڵێم، لەو گاڕانە جاشە کە لە وێنەی سەرەوە ریز بوونە، بە سەدانیان زەمانی بەعسیش هەر خۆفڕۆش بوونە، ئەوانەی لە شاخیش بوونە ئەو کاتیش جاشی ئیران بوونە.
ئەم وێنە و پشتیوانی بۆ کۆماری ئیسلامی لە کاتێکدایە، کە هەمووان دەزانین، کە ئیران لە بار و دۆخێکی پڕ هەستیار دایە، بە کوردیەکەی باشترین کاتە، بۆ ئەوەی هەوڵبدریت مافی کوردی لە چنگ دەربهێنرێت، بەڵام سەرانی باشوور، وەک هەمیشە پیشەیان یەک هەڵوێستیان هەیە. لە ئیران سیستەمی سیاسی گۆڕانکاری بەسەردا هات، لە سیستەمی شاهانە بۆ سیستەمی ئیسلامی گۆڕا، بەڵام هەرگیز هەڵوێستی سەرانی باشوور گۆڕانی بەسەردا نەهات، ئێستاش چاوەڕێن، ئەگەر ئەمریکا ئیرانی ڕووخاند، سیستەمی سیاسی گۆڕانی بەسەردا هات، ئەوا وەک پیشەی هەمیشەیان چۆن لە شاوە بۆ خومەینی بازیان دا، لەوەشەوە بۆ دەسەڵاتدارانی ئایندەی ئیران باز بدەن و دووبارە ببنەوە بە جاش و بۆ ئەجێندای ئیران کار بکەن!
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست