مەتەڵێك بۆ هەمووان
Wednesday, 13/02/2019, 12:51
دوو هێزی ناوگەڵ پیسن
فایلدارو نەگریسن
بۆ دوژمنان تووك نەرم و
بۆ کوردیش وەك ئیبلیسن
دوو وورگی زڵ و تێرن
بە هینی یەکتر فێرن
لە نەگوونجان ئەگوونجێن
بە میللەت ڕائەبوێرن
دوو خێڵی بازرگانن
خاوەن کارگەو دوکانن
بە بەد خۆراكو دەرمان
لە نەوتیش چاك ئەزانن
جووتێ دزو قۆڵبڕن
لە جوێن دانیش دەمشڕڕن
تەنانەت بۆ قوومێ شیر
مەمکی دایکیشیان ئەبڕن
لە مرۆڤ کوشتن بە گووڕن
لە ئاستی یەکیش کڕڕن
دەمی پێنووس ئەشکێنن
هەروەکو سەگیش دڕن
دوو ڕەنگی خۆفرۆشن
ڕووی ڕەشیان دائەپۆشن
لە ژێر پەرچەمی کوردیش
خوێنی شەهید ئەنۆشن
بەد ڕەفتارو ناجسن
لە دوژمنان ئەپرسن
بۆ مانەوەو درێژەدان
لە کورسیان ئەترسن
بێ بەڵێن و درۆزن
ئەلقەن لە پەنجەی دوژمن
لە نێو ماڵ قسە زان و
لەدەرەوەشدا شەرمن
کاتی دەنگدان قەشەنگن
مەڕن لە پیستی گورگن
لە دووای هەڵبژاردنیش
دەردو ئازارو مەرگن
گەرچی مەتەڵم گرانە
بەڵێن بدەی ئاسانە
بە ڕاپەڕینێکی گەل
خەڵاتە بۆ هەمووانە
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست