سیستەمی پارێزگاری لای دزە پیرۆزەکان لە هەرێمی کوردستان(کلیک)


پاسەوانییش پیشەیە، پێشمەرگە ئەرکی نیشتیمانیی و نەتەوەییە

Monday, 11/02/2019, 23:23


پاسەوان پاسەوانی شوێنێک، یان بەرپرسێک دەکات، بەڵام پێشمەرگە پاسەوانی نیشتیمان و گەلەکەی دەکات و خۆی بە کوشت دەدات لە پێناوییدا، پاسەوان لە بری بڕێک پارە، ئەو کارە دەکات، پێشمەرگە بۆ کڕینەوەی کەرامەت و شەرەفی گەل و نیشتیمانەکەی دەیکات. ئەگەر لە رابردوودا پێشمەرگە هەبووبێت، ئەمڕۆ پێشمەرگە بۆتە مێژوویەک و بوونی نەماوە.

لە دوای ڕاپەڕین و دامەزراندی دەوڵەت و پەرلەمانی کوردستان ، باشترین و ئاسانترین کار چەکداری و پاسەوانی بەرپرسانەو ، کۆمەڵێکی زۆر لەم چەکدارانە لەم ڕێگەیەوە بوونەتە ملیۆنەری گەورەی کوردستان و، زۆرینەی باڵە خانە بەرزەکانی کوردستان بووەتە مڵکی ئەم جۆرە کەسانە .
زۆر جار کە تۆ پاسەوانی بەرپرسی یەکەم کەسی باڵآ دەستی کوردستان دەبێت، زیاتر لە وەزیرێک یان ئەندام پەرلەمانێک کار و داواکریەکانت زووتر جیبەجی دەکرێ ، لە ترسی نەبا کابرای پاسەوان بە خراپە باسی وەزیرێک یان کەسێکی کاربەدەستی دەوڵەت بکات ، کابرای وەزی یان بەڕێوەبەری فەرمانگەیەک زۆر خێرا دەچێ بەدەم ئیشەکەیەوە و داواکەی بە زووی جیبەجی دەکەی ئەگەر نایاسایشی تیادا بێت خۆی لە گێلی دەدات جەنابی وەزیر! 
بۆیە وای لیهاتووە ئەمرۆ کابرا هێندە شانازی بە پاسەوانی و دەرگەوانی مەسولێکەوە دەکات، شانازی بەهیچ پیشەیەکی ترەوە ناکات ، کەلە هەقیقەتدا پاسەوانی بە تایبەت لە کۆمەڵگای کوردیدا هەمیشە کارێکی قێزەون و سووک و سەلیم بووە ، کە زۆر جار وەک شەرم و شوورەیی باسی ئەو پیشەیە کراوە ، بەڵام ئەمرۆکە لە پێناو خۆ دەوڵەمەند کردن و دەست رۆیشتوویدا بووەتە باشترین و شکۆترین کاری ووڵات.
ئەم چینە پاسەوانە بەداخەوە زۆرینەیان کەسانی کەم خویندەوار و نابینەو ناکامڵن و لە ئازارەکانی خاکو ووڵات و کۆمەڵگا بی باکن و ، ئەوەی باک بێت لای ئەوان تەمەن درێژی کابرای مەسولیەتی تاکو بژیوی ئەم و خێزانەکەی بەردەوام بێت.
لە باسی چەکدار و پێشمەرگەکانی کوردستان سوپا ی ووڵاتن یان نا، بێ شک و گوومان ئەمانە نە بە شەهید ناوزەند دەکرێن نە شایەنی ئەوەن قەرەبووی دەوڵەتی بکرێنەوە، چونکە ئەمانە لەڕەچەڵەکدا تەنها پاسەوانی بەرژوەندیەکانی کۆمەڵێک کاربەدەستی باڵان ، نەک پاسەوانی ووڵات و کۆمەڵگا تاکو لامان جێگەی شانازی بن و تاجە گوڵینەی سەربازی وون بخەینە سەر گۆڕەکانیان.
ئەمانە وەک سوپای ووڵاتانی وەک ئەمریکاو ئەوروپا نین ، کە پاسەوانی بەرژەوەندیە باڵاکانی ووڵاتن .
هەرچی لە دوای دروست بوونی یەکەم پەرلەمانی کوردستانەوە کوژرا بێت، نە شەهیدە نە هەقی ئەوەی هەیە لە سامانی ووڵات مووچەی شەهیدانەی بۆ ببڕێتەوە ، چونکە ئەوانە مەرامی چەک هەڵگرتنەکەیان بۆ بەرژەوەندی تاقمێکە ، نەک بۆ بەرژەوەندی باڵای ووڵات.
کاتیک سوپا ی ووڵات و چەکدارەکانی دەبێت قەرە بوو بکرێنەوە لە سامانی گشتی ووڵات کە خزمەت بە کۆی کۆمەڵاگا و پارێزگاری لە بەها و بەرژوەندەیە باڵآکانی ووڵات بکات.
لە دوای ساڵی ١٩٩٢ کە پەرلەمانی کوردستان دروست بوو ، سوپایەک بۆ یەکلاکەرەوەی بەرژەوەندەیکانی چەند بنەماڵەیەک تەرخان کراوە و پر چەک کراون . ئەم سوپایە نەک ئارامی خاک و ووڵات دەپارێزێت ، بەڵکو بوەتە سوپایەکی ترسناک و کۆی کۆمەڵگای خستۆتە نائارامیەوە. 
کاتێ سوپا و هێزێکی چەکدار لەژێر فەرمانڕەوای سەرکردەیەکەی حزبیدا ئەوامریان پێ دەکرێت و ئەمانیش وەک رۆبۆتێک جیبەچێی دەکەن ، ئەم سوپایە نە ک مایەی ڕێزە ، نە مایەی شانازی ، بەڵکو هەقی ئەوەیە بە نەفرەت بکرێن. 
ئاخر سوپایەک کاتێک لە لایەن چەکدارانی باڵەخانەی حیزبەکانەوە ، گەنجی ووڵات خەڵتانی خوین دەکەن و شەقامەکان لە بۆنی گەنجی خێر لە خۆ نەدیو سیخناخ بە بۆنی خوین و ئازار دەکات، ئەم سوپایە لە بری هەڵوێستی مەردانە ، ببێتە پاڵپشت بۆ چەکداری بارەگا حیزبیەکان و هاوکاریان بێت بۆ نادادی و ، دواتر بێت و لوولەی تفەنگەکانی ئاراستە ی گەنجەکانی شەقام بکات ، جا ئیتر هەقە ئەم سوپایە وەک دەڵەکێک تەماشا بکرێت.
زۆرینەی کێشەکانی نێوان بەغدا و کوردستان لەسەر مووچەی ئەم سوپا نەگریسەیە ، ئەو سوپایە چونکە وەک پاسەوان و خزمەتکاری بنەماڵە دەست ڕۆیشتووەکانی کوردستان کارو ئەرکیەتی ، بۆ پیاوانی ئەو بنەماڵەیە تا دوا دڵۆپی خوێن لەسەر مووچەی ئەوان هەرا دەنێنەوە . خاک وسامانی ووڵات هەمووی داگیرکراوەو بەدەستی دوژمنەوەیە نەبووەتە کێشەی مەزن لای ئەمانە ، بەڵام کاتیک کە مووچەی سوپا و پاسەوانەکەیان دەبڕێت دەیکەنە هەرا و بەپەلە دەگەن خاکو پای کاربەدەستانی بەغدا. 
ئاخر ئەمان خۆیان باش دەزانن ئەگەر ئەو سوپا حیزبیە نەمینێت ئیتر خەڵک سەرکردەکانی ئەو حیزبانە بە شاگردیش خەڵک کاریان پی نادات و لەسەر شەقامەکان خەڵک میزیان پێدا دەکەن ، نەک سڵاو دەست بە سنگ گرتنەوە بۆیان .
ئەگەر تەماشا بکەی هەمان سەرکردەی ئەو حیزبانە کە دێنە ئەوروپا ، چونکە کوردەکانی ئەوروپا زۆرینەیان بەرژەوەندی و نانیان لەدەستی ئەواندا نیە ، هەر وەک دەڵەکە سەگێک تەماشایان دەکەن کە لە شەقامەکاندا بە سودفە بەریەکەوتنیان دەبی لەگەڵیان ، جگە لەو کوردانەی بەرژەوەندی مووچە ی بن دیوارانەو و پارچە زەوی وەرگر نەبێت . کە لەبەر نە بڕینی مووچەی کوردستانیان خێرا دەکەونە هەواڵ پرسین و سەردانی کردنیان ، وەکوتر خەڵکەکەی وەک ووتم کار و مووچەی وابەستەی ئەوان نیە زۆر بێ موبالاتن بەو سەرکردانەوە و زۆر بێ ئەرزشیش تەماشایان دەکەن.
بۆیە هەقە هەرکەسێک لە دوای دروست بوونی یەکەم پەرلەمانە پەنجا بە پەنجاکەی یەکیتی و پارتیەوە چەکی کردۆتە شان و کوژراوە خەڵک وەک شەهید حسابیان بۆ نەکات و بکرێنە کوژراوی بەرژوەنیەکانی حیزب و بنەماڵە و، خەڵکیش هیچ ڕێزو حورمەتیک لەو کوژراوانە نەگرێت.
دیقەت بەن سەرۆکی حوکمەتی کوردستان نێچر بارزانی، یەک لیوا لە پاسەوانی هەیەو‌، ته‌نیا خه‌رجی پاسه‌وانه‌کانی ١٥٠ ملیۆن دیناره.
هوشیار زیباری کۆنە وەزیری پارتی بوو، خاوەنی ٤٥٠ چوارسەد و پەنجا پاسەوانە!
پارتی دیموکرات ٢١ هه‌زار پاسه‌وانی له‌یه‌که‌ی پاسه‌وانی هه‌یه‌، جگه‌ له‌ لیوا تایبه‌ته‌کانی پاسه‌وانی به‌رپرسانی باڵا، هه‌روه‌ها چه‌ندین جاش و مسته‌شار هه‌ن، ده‌یان پاسه‌وانیان بۆ دانراوه‌ به‌ناوی (پاسه‌وانی ڕێزداران).
مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان و سەرۆكی پێشووی هەرێم، 1500 پاسەوانی هەیە.
مەسعود بارزانی لەکاتیکدا لە پۆستەکەیدا نەماوە ، بەڵام خاوەنی ٣ سێ لیوا لە پاسەوانەو ، پاسەوانەکانی لەسەر مووچەی و سامانی گشتی ژیانیان بۆ مسۆگەر کراوە و، کە هیچ یاسایەک نیە لە کوردستان ڕێگە بدات بە تەنها کەسیک خاوەنی هیندە پاسەوان بێت و مووچەکەشیان لەسەر بودجەی گشتی ووڵات بێت.
هەڵبەت ئەم هەموو پاسەوانە پێوستیان بە شوێن و جێگەی حەوانەوە و مووچەی باش و ئوتۆمبیلی باش هەیە ، تاکو بتوانن بەباشی پاسەوانی و ئەرکی پاسەوانی بە ئەنجام بگەیەنن ، هەر وەک جۆن تانجیەک بۆ ئەوەی بەباسی ڕاو بۆ خاوەنەکەی بکات پێوستە خاوەنەکەی خزمەتی باسی بکات و نەهێڵت برسی و بێ لانە بێت و ساردی و گەرمی بچێژێت.
لەگەڵ ئەوپەڕی حورمەتو ڕێزو وەفا بۆ ئەو پێشمەرگە و ڕێکخستنو خەڵکە بەرهەڵستکارە خۆڕسکەی کە لە بەربەرەکانی جاش و چەکداری بەعس و داگیرکەرانی کوردستاندا بە خوینی پیرۆزیان گەواههی دەری ئەوە بوون کە ئامادەن بە خوێنی خۆیان پاسەوانی لە مانەوەی کورد و خاکی کوردستان بکەن . بە دڵنیاییەوە ئەوانە لە میژووی گەلی کوردە هەم خۆیان هەم خیزانەکانیان شایەنی پیرۆزترین ناوی قوربانین ، بە پێچەوانەشەوە  ئەو چەکدارە خائینانەی کە چەکی جاشایەتی و بەعسێتیان دژ بە کورد کردە شان و ، بژێوی خۆیان و خێزانەکانیان لەسەر نۆکەرایەتی بۆ دوژمنان بوو هەمیشە لە تونێلە بۆگەنەناکی میژوودا و خێزان و نەوەکانیان هەمیشە لەژێر پێلاوی تاک بە تاکی گەلی کوردان تا پشتاو پشتیان لە ژیاندا مابن و لە چینە قێزەونەکەی کۆمەڵگا بەرجەستە دەکرێن .
لە کۆتاییدا بە هیوای ئەوەی سوپایەکی نیشتمانی کوردی دروست بکرێت کە تەنها ئامانج پاراستنی خاکو سامانی کوردستان بیت و لە پێناو بەرژوەندەیکانی کورد و نەتەوەی کورد و خاکەکەیدا خۆی قوربانی بکات و، ئێمەش تاجە گوڵینەی ڕێز و وەفا لەسەر گۆڕەکانیان دابنیین...

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە