کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


کورد و نامۆیی نەتەوەیی (بەشی یەکەم)

Monday, 04/02/2019, 23:09


نەوەیەکی نامۆ بە خاک و نەتەوە
وڵات بۆ ئێمە، وڵاتپارێزیش بۆ ئێوە..ئێمە بەپێی شەرعییەتی شۆڕشگێری ئەو مافانەمان هەیە،ئێوەش رەعیەتن وئەرکی سەرشانی خۆتان جێبەجێدەکەن،هیچ منەتێکیشی تێدا نییە،دەیکەن باشە و نایکەن دەبێت بیکەن! دەسەڵاتی هەرێمی باشور بەپێی ئەم یاسایە کەتێکەڵەیەکی یاساکانی سەردەمی دەسەڵاتی کەنیسەی رۆما و ئیمپراتۆرەکانی خۆرهەڵات و دیکتاتۆرەکانی سەدەی رابوردووە خۆی بەسەر باشوری کوردستاندا سەپاندووە و (بەڕێوەیدەبات)،بەڵام کار وا ناروات وڵاتیش بەو جۆرە بەڕێوەناچێت، ژێرخان و سەرخانەکان خۆرکەخۆر وکرمۆل دەبن وبەردەوام لەناوەوە خۆیان دەخۆنەوە و کۆمەڵی کوردەواریش وەک دەبینین توشی جۆرەها نەخۆشیی کۆمەڵایەتی بووە وەک دەردەکانی گەندەڵیی، دەسەڵاتی بنەماڵە،بڵاوبونەوەی مادە هۆشبەرەکان و ئالودەبونی لاوان،بلاوبونەوەی چەک، دزیی و کوشتن، توندوتیژیی،بێکاریی،داڕمانی پایەو بنەماکانی خوێندن و پەروەردە لە قۆناغی بنەڕەتی یەوە هەتا زانکۆکان و پلەی زانستیی ماستەر و دکتۆراو پرۆفیسۆریش! تێکچونی شیرازەکانی خێزان.. کار گەیشتۆتە ئاستێک دز داکۆکیی لە دزێتی دەکات و شەرعییەتی پێدەدات،ئەوە حکومەت و کاربەدەستان و بەرپرسان سەر هەتا خوارهەمویان بەسەختی توشی نەخۆشیی گەندەڵی و دزی بون(ئەوە تەنها نەخۆشی یە،کە نەخۆش پێیدەکەوێت و هیچ مەترسییەکی نییە بۆ سەر ژیانی!!) ئەوانە چینە چەوساوەو پلیشاوەکانیشیان فێرە دزیی و گەندەڵکاری کرد.جیاوازیی نێوانیشیان ئەوەیە ئەوان پێیاندەکەوێت وئەوانی دیکە پێیانناکەوێت،ژێردەست و نەدار و سەرگەردان و دەسندەخۆری دەستی خۆیان کردون، ئەوان ئازاد و ئەوانی دیکە لە زیندان دەخزینن،ملیۆن و ملیار دزەکان پۆز لێدەدەن و ئەو باوکە دەستکورتەش سەرشۆڕ و ریسوا دەکەن کە قوتویەک شیری بۆ کۆرپەکەی(دزیوە)! تازە بەتازە بەرپرسێکی هەرە باڵای زۆنی ێەوز دەڵێت بادزەکان کەمتر بدزن،خەڵک دەبوژێنەوە!
پارتی و یەکێتی (بارزانی و تاڵەبانی)دەستەپاچەن،وەک فەلەستینییەکانی ێاڵی1948 یان بەسەر کورد هێنا.کە خاوەن فایل بەرپرس بێت، کێ سڵ لە سزا دەکاتەوە.چ هێزێک لەئەم جەنگەڵستانەدا پاک و پیس ، رەش و سپی لەیەکتر جیادەکاتەوە، دادگا؟خۆ کورد گەلی فەرەنسا نییە میرابو لەگۆر دەربهێنیًت و ئێسکوپروسسکەکەی دادگایی بکات و لە گۆرستانی نەمران جیگەی نەکەنەوە. لای ئێمە یاسا کەسێک تاوانبار دەکات و فەرمانی گرتنی بۆ دەردەکات، بەڵام مێش میوانی نییە و ئازاو ئازادەژی چونکە دەسەڵاتێکی لە پشتە،هەمانکات گومانلێکراوێک یاسا ئازادی دەکات،کەچی دەسەڵاتێکی سیاسی یا حوکمەتی رێگەی ئازادبونی لێدەگرێت و بەرزترین دەسەڵاتەکانیش دەزانن!!
ناڕەزایی خامۆش و کپکراو و پرتەو بۆڵە سەریکرد وگەیشتە هەردوبەری شەقام،ئەوە بیست و هەشت ێاڵە هەریەکەو بەتەمای ئەویترە،هەولێر بەتەمای سلێمانی یە،سلێمانیش بەتەنیا بال ناتوانێت و وەک هەمو جارەکان کاسەکە لەسەری ئەودا دەشکێت نە رێکخەرێک دیارە ونە رابەرێک دەرکەوت و نە رێکخراوێکی راستینەمان دامەزراند. پارتی دیموکراتی کوردستان هەرشتێک بێت دیموکراتی نییە، یەکێتیش هەر شتێکی تێدابێت، یەکێتی و تەبایی تێدا نییە!! سەرکردەو رابەر زۆر زۆرن، بەڵام کامیان بەرژەوەندی خۆی و بنەماڵە و حیزب ناخاتە پێش گەل و وڵاتەوە؟ هیچ کامیان. ئەی کێ رابەر و
پیشڕەومان بێت، رو لەکوێ و لە کێ بکەین؟ هیچ شکنابەم هیوابەخش بێت یاهێشتا کەسێکمان تێدا هەڵنەکەوتووە کوڕی ئەو ئەرکە بێت!!
سەرەتای وتارەکەم وەها دامەزراند،ئەگەرنا مەبەستم رونکردنەوەی ئەوەیە ئێمەی کورد بە دیرۆکی دێرین و نوێی نەتەوەکەمان نامۆین،بەجوگرافیای وڵاتەکەمان(کوردستان) کە ویردی سەرزمان و بنزمانمانە، نامۆ و نەشارەزاین.ئەم بێئاگاییەش ئەگەر هەر لە دیرۆکی دێریندا بوایە ئەوە ئەهۆنتر بو،بەڵام لە دیرۆکی نوێی و سەردەم و بگرە روداوەکانی دوێنێ و پێرێش هەر بێئاگاین وتەنها سەرکۆزەری روداوەکان دەبینین و نازانین لەبنەوە چییە، کەچی هەرهەموشمان هەر لێیدەدوێین وبیروبۆچونی تایبەتیمان لەسەری هەیە،پێشبینی روداوەکان دەکەین، جۆرەها سیناریۆی کرچوکال پێکەوە دەنێین،پێشهات و پاشهاتەکان بە پەنجەکانی هەردو دەست دەژمێرین..ئیتر ئەمە پیشەمانە،کاتی کاروفرمان، میوانداریی و دانیشتنەکان، بەسەرکردنەوەی خزمان و سەردانی نەخۆش،سەیران و ئاهەنگەکان،پرسەو بەخاکسپاردنی مردو.. بەکورتییەکەی هەرهەمومان رامیار و سیاسەتمەدار و لێکۆڵەرەوەی سیاسیی و جەنگیی و ئابوریی ودیپلۆماتکار و ئەگەر ئەوانەش نەبین وهیچمان دەست نەکەوێت ئەوە بێمنەت چاودێری رامیارین! بەڵام زۆریشمان لەهەمو ژیانیدا کتێبێکی نەخوێندۆتەوە یا لە سالێکدا نایخوێنێتەوە،رێژەی خوێنەری کتێب لە نێو کوردا بریتییە لە کەمتر لە ێەدا یەک(0،7%)!! ئەمەش بەڕاستیی کارەساتە.دورنییە بەڕێزێک بپرسیت کاکە یەکجار بەو ئەندازەیە وێران نەبوین! لە وەڵامدا نمونەیەکی گچکەلە دەخەمە بەردەست، (میدیاکار) ی بەرنامەیەکی کەناڵێکی ئاسمانیی باشوری کوردستان لەبەردەم مزگەوتی گەورەی سلێمانی(مزگەوتی کاک ئەحمەدی شێخ) بە خۆی و مایکێک و وێنەگرێکەوە روی پرسیاری لە چەندین کەس لەو(هەڵەوەڕ و دەمگەرمانە)کرد : مەلیکی کوردستان شێخ مەحمودی حەفید لە کوێ نێژراوە؟ وەڵامێکی دروستی لەو بەڕێزانەوە نەبیست کە تەنهاچەند هەنگاوێک لە ئارامگای شێخی نەمرەوە دوربون!

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە