ڕاگەیاندنی شووڕای هاوپشتیی خەڵکی کوردستان
Wednesday, 30/01/2019, 19:05
خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان ئێمە لە شوورایی هاوپشتیی خەڵکی کوردستان سڵاو دەنێرین بۆ خەڵکی تێکۆشەری شیلادزێ ، هاوسۆزی و هاوخەمی خۆمان ئاراستەی سەرجەم خانەوادە و بنەماڵەی شەهیدان و قوربانیان کە بە هۆی داگیرکاری و بۆم باران وهێرەشەکانی سوپای داگیرکەری دەوڵەتی تورکیاوە.کراونەتە ئامانج دەکەین.هیوای بەزوویی چاک بوونەوەی بریندارانیش دەخوازین.
نارەزایەتی و خۆپێشاندانی خەڵکی تێکۆشەر و ئازای شیلادزێ - پارێزگای دهۆک دژ بە هەبوونی بنکە و سەربازگاکانی سوپای داگیرکەری دەوڵەتی تورکیا لە ٦ ڕێبەندان ٢٧١٨ -٢٦-١-٢٠١٩ کە نارەزایەتیان بەرامبەر هەبوونی هێزەکانی سوپایی تورکیا لە ناو خاکی باشووری کوردستان نیشاندا.دواتر خەڵکی خۆپیشاندەر هێرشیان کردە سەر بارەگاکانی سوپای دەوڵەتی تورکیا و چەندین ناوەندی سوپای دەوڵەتی تورکیان سوتاند، دوو سەربازیشیان دەستبەسەر کرد و ڕادەستی هێزەکانی پێسمەرگەیان کرد. ناڕەزایی هاوڵاتیانی کۆمەڵگەی سیرێ سەربە شیلادزێ لە دژی بنکە و بارەگاکانی سوپای تورکیا چەندین تانک و بارەگا و ئۆتۆمبێلی سەربازیی سوپای دەوڵەتی تورکیان لە ناوچەکە سوتاندووە. ناڕەزایی هاوڵاتیان لە کاتێکدایە، ٢٣-١-٢٠١٩ فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی تورکیا سنووری دێرەلووکیان .بۆردوومان کرد، کە بووە هۆی شەهیدبوونی چوار هاوڵاتیی و برینداربوونی دووانی دیکە ئێمە وەک شووڕایی هاوپشتیی خەڵکی کوردستان هاوسۆزی و هاوخەمی خۆمان ئاراستەی سەرجەم خانەوادە و بنەماڵەی شەهیدان و قوربانیان و برینداران کە بە هۆی داگیرکاری و بۆم باران وهێرەشەکانی سوپای داگیرکەری دەوڵەتی تورکیاوە.کراونەتە ئامانج دەکەین ئەم هێرشە هێرشی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی بیر هێناینەوە کە لە ٨/٩/٢٠١٨بە مووشەک وفرۆکەی بێ فرۆکەوان هێرشی کردە سەر بارەگای سەرەکی حیزبی دیموکراتی کوردستان وحیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە شارۆچکەی کۆیە کە زۆر بەداخەوە بەهۆی بۆردومانەکەوەزیاترلە چل کەس بوونە قوربانی و برینداربوون کە لەناویاندا ژن و منداڵیش هەبوو ..ئەوە ئاشکرایە ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران و تورکیا بەردەوام هۆکارێک بوون بۆ نانەوەی پشێوی ونائارام کردنی بارودۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی باشووری کوردستان.هێزەکانی دەوڵەتی تورکیا و بنکە سەربازیەکانی لە ساڵی ١٩٩١وە لەباشووری کوردستان/ عێڕاقدا جێگیر بوون لە ناوچە هاوسنورەکانی پارێزگای دهۆک لەگەڵ تورکیادا، ئەویش بە هاوئاهەنگی لەگەڵ (حیزبە دەسەڵاتدارەکان) و حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی هەرێمی کوردستان هەروەها بێ هەڵوێستی دەوڵەتی عێراق و کە سەرکردەجیاوازەکانی حیزبە جیاوازەکانی عێراق باسی یەک پارچەیی خاکی عێراق دەکەن ،خودی ئەم بێ دەنگی و بێ هەڵوێستی یە نیشانەی هەبوونی دوو وڵات وناوچەی جیاوازە باشتر دەسەلمێنێت.ئەم هێزانەی دەوڵەتی تورکیابە بەردەوامی ماوەی چەندین ساڵە هێرشی خۆیان کردۆتە سەر ناوچە سنوری یەکان و دێهاتەکانی سەر بە باڵەکایەتی و شاخی قەندیل و زۆرێک لە ناوچەکانی باشووری کوردستان بە بیانووی هەبوونی هێزەکانی (پارتی کرێکارانی کوردستان)، کە لە چەند ساڵی ڕابردوودا سەدان لە هاوڵاتیانی ئەو ناوچانە ئاوارەبوون و بونەتە قوربانی وکۆمەڵکوژکراون بە تۆپباران و هێرشە ئاسمانی یە یەک لەدوای یەکەکانی سوپای دەوڵەتی تورکیا،خەڵکی دانیشتوانی دێهاتەکان و شارۆچکەکانی ئەو ناوچانە هەمیشە لەترسی تۆپباران و هێرشی فڕۆکە جەنگیەکانی تورکیا لەبارودۆخێکی پڕترس وتۆقاندن و دڵەڕاوکێ دا ژیانیان بەسەر بردوە.لەماوەی ڕۆژانی ئەم بەرخودانەجەماوەری یەدا خوێندنەوەی زۆر جیاواز بۆ رووداوەکە کرا و باس لە سیناریۆی جیاوازکرا، بەڵام سیناریۆکە هەر شتێک بێت لە بایەخی راپەڕینەکەی خەڵکی شیلادزێ کەم ناکاتەوە و دڵخۆشی و پشتگیری هاوڵاتیانی ناوچە جیاوازەکانی باشووری کوردستانیش لە خەڵکی شیلادزێ ئەو پەیامە دەگەیەنێت کە توڕەیی بەهێز و پەنگخواردوو لەناوناغی زۆرینەی هەر هاوڵاتێکی دانیشتوانی باشووری کوردستاندا هەیە بەرامبەر بەوەی چەندین ساڵە کۆمەڵگاکەیان بووەتە مەیدانی تەڕاتێنی دەوڵەتانی کۆنەپەرستی تورکیا و ئێران. ڕۆژێک دادێت سەرتاپایی کۆمەڵگایی باشووری کوردستان بە تێکۆشانی هاوبەشی یەکگرتووانە و ئازایانە ڕوبەڕووی داگیرکاری دەبێتەوە. خەڵک ووشیارە و دەزانێ .ملهوڕی ومافیاگەری و داگیرکاری سەربازیانە و کۆنەپەرستانەو شۆفێنیزمی نەتەوەیی ئاشکرای بزوتنەوەی ئیسلامی سیاسی دەوڵەتی سەرمایەداری ئێران و تورکیا یە کە باشووری کوردستانی وەک کۆمەڵگایەکی نا ئارام ڕاگرتووە،کۆمەڵگای باشووری کوردستانی لە ناولیتاوی فەزای هەبوونی شەڕ وماڵوێرانی و ئاوارەی وهەژاری وگەندەڵی ودزی ڕاگرتووە.ساڵانە بە ئاشکرا دەوڵەتانی کۆنەپەرستی ئیسلامیی ئێران وتورکیا بە فڕۆکە وسارۆخ وبۆم وکاری تیرۆریستی لەدژی خەڵکی بێ گوناح ئەنجام دەدەن .
بەبێ هیچ لێپرسینەوەیەک لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەندی عێڕاقەوە دێهات و شارۆچکەکان دەداتە بەر تۆپباران لە بنکەسەربازیەکانیەوە لە ناو خاکی باشووری کوردستان- عێڕاقەوە.. ئەمە کاریکی ناڕەواو دژە مرۆڤایەتی یە پێویستە لەشوێنێک کۆتایی پێ بێت،ئیتر بەسە.ئێمە لە شووڕایی هاوپشتی خەڵکی کوردستان ، هێرشی ئاسمانی ئەم دواییانە بۆسەر (شیلادزێ) و تاوانەکانی حکومەتی تورکیا دژ بە هاوڵاتیانی بێ تاوانی باشووری کوردستان بە توندی مەحکوم و شەرمەزار دەکەین. هاوکاتیش بانگەوازی خەڵکی تێکۆشەری ئازادیخوازی کوردستان وهاوڵاتیانی تێکۆشەری کوردستان دەکەین بە هەر جۆرێک کە بۆیان دەکرێت پشتیوانی بکەن لە هاوخەباتی خەڵکی تێکۆشەری شیلادزێ و داوایی چوونە دەرەوەی سوپای داگیرکەری دەوڵەتی تورکیا و ئێران لە باشووری کوردستان بکەن .هەروەها داوا لەخەڵکی ئازادیخوازی تورکیا و ئێران دەکەین لە دژی شەڕ و داگیرکاری دەوڵەتەکانیان بێنەمەیدان داوای چوونە دەرەوەی سوپایی تورکیا وئێران لەناوخاکی باشووری کوردستان بکەن ..
وێڕای ئەمەش حکومەتی هەرێمی باشووری کوردستان و حکومەتی ناوەندی عێڕاق بە بەرپرس دادەنێین لە هەرجۆرە سەوداومامەڵەیەک لەگەڵ حکومەتی تورکیا و ئێران لەسەر حیسابی ئاسایش و ئازادی هاوڵاتیانی باشووری کوردستان .هەروەها خوازیارین بە گەشەدان بە تێکۆشانێکی هاوبەش ویەکگرتووانەی ئازادیخوازان وخەڵکی ناڕازی باشووری کوردستان فشار بهێنن بۆ حکومەتی تورکیاو ئێران بۆ وەستاندنی هێرشە ئاسمانیەکانیان بۆسەر خاکی باشووری کوردستان و چۆڵکردنی هەموو بنکە .سەربازیەکانیان لەناوخاکی باشووری کوردستان . سەکەوتووبێت تێکۆشانی هاوبەشی یەکگرتووانەی خەڵکی کوردستان بۆ هێنانەی تەواوی ماف وئازادی یەکان..
شووڕایی هاوپشتیی خەڵکی کوردستان
٩ڕیبەندان ٢٧١٨-٢٩-١-٢٠١٩
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست