کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


زاڵبوونی هەیمەنەی حیزب و پاشەکشەیان لە داخوازیی نەتەوەیی

Tuesday, 29/01/2019, 22:34


لە هەرێمی کوردستاندا لەچەند قۆناغێکی جیادا، بەشێک لە دەستکەوتی بنچینەیی وەدەست هاتن، کە دەکرا بە پێی تێپەرینی کات و راستکردنەوەی ئەو بنچینانە و دارشتنەوەیان بەشێوەیەکی لۆژیکی و سەردەمیانە، بووبانە بنەمای وەدیهاتنی خەونی گەورەی نەتەوەیی، یاخود بەشێک لە پایەکانی گەشتن و بەرزکردنەوەی ئاستی هەستی نەتەوایەتی. بەڵام هەر زوو دەسەڵاتی حوکمرانی لە هەرێمی کوردستان ئەو خەونەی کوردیان لەبار برد، دەرکەوت بەڵێ هێشتا لە کوردستان هەنگاوەکانی گەشتن بە بەرپرسیاریەتی نەتەوەیی و دروست بوونی ئینتیمای نەتەوەیی لەلایەن حیزبەکانی باشوری کوردستان، زۆر لاوازە و هەست و ناخێکی راستەقینە نییە، لەبری ئەوەی حیزب قوربانی و هەوڵەکانی بەگەربخات بۆ گەشتن بە ئامانجی سەربەخۆیی نەتەوە، کەچی نەتەوە کراوەتە قوربانی ئامانج و خەونەکانی حیزب.  ئەوەی لە باشوری کوردستان دەگوزەرێت، لە سایەی هەردوو هێز و حیزبی حوکمرانی یەکێتی و پارتی، بریتییە لە سیاسەتێکی نا روونی شەخسی و حیزبی، بێ ئایندە و بێ پلانێکی تۆکمەی نەتەوەیی. هەردوو لایەنی دەسەڵاتیش ئەگەرچی بەشێکی بەرچاوی مێژووەکەیان پشت کردن بووە لە ئاراستەی نەتەوەیی، لەپێناو بەرژەوەندیی کەسی و حیزبی، بەڵام هێشتا دروشم و وتاری نەتەوەییان لە لوتکەدایە، ئەوەش تەنها بۆ زیاتر بەلا رێدابردنی تاکی کۆمەڵگایە و حەقیقەتی سیاسەت کردنیان بۆ نەتەوە شتێکی ترە، هەمیشە یەکتریش تۆمەتباردەکەن و ئەو تۆمەتانەی ئەوان دەیدەنە پاڵ یەک و بەشێکی زۆریشی راست و حاشا هەڵنەگرە، بەسە بۆئەوەی لای کۆمەڵگا تەواو روونبێت، کە هەردوو حیزبی دەسەڵات لە زۆر وێستگەی گرینگ و رەخساو بۆ چەکەرەکردنی دەستکەوتی نەتەوەی، نەک بەشێک نەبوونە وەک هەوڵ و تێکۆشان، بەڵکو بونەتە کۆسپ و تەگەرە، لەبەردەم وەدیهاتنی زۆر دەستکەوتی گەورەی نیشتیمانی، لە قۆناغە جیاوازەکاندا.
سەرنجام ئەو بێ باکی و بێ پلانیەیی دەسەڵاتدارانی کورد بۆ بەهێزکردنی هەستی نەتەوەی، لەسایەی هەردوو هێزی حوکمرانی کوردستانی باشور، جۆرێک لە نەمان و مردنی هەستی نەتەوەیی هاتە ئاراوە، بەتایبەت لەو چەند ساڵەی دوایی بەهۆی قەیرانی دروستکراوی داراییەوە، چەندان تیری ژەهراویان لە جەرگی نیشتیمان و نەتەوەدا، وای لێهات لە نێو باشوری ئەم کوردستانە، هەستی نەتەوەیی و راو بۆچوون و ئازادی و دیموکراسی، هەمووی بە قوربانی قوتێکی نان و بەرژەوەندی شەخسی و حیزبی بکرێت، ئەوە مەترسی یاریکردن بە قوتی هاوڵاتیان و نان بڕینیانە، کە دەبینین بە هەزاران تاکی تینو بە ئازادی و دیموکراسی نەتەوە، ئەمرۆ هاواری تەنها گەرانەوەی موچەکەیەتی، لەوێوە تەواوی شەرمەزاری ئەو دەسەڵاتە دێتە بەرچاو و دەکەونە بەر نەفرەتی خاک و نیشتیمان. 
هەرگیز هەزمکردنی ئەو دیمەنە قێزونانە لەیادی هیچ تاکێکی جگەر سوتاوی نیشتیمان و پۆڵاین بە هەستی نەتەوەیی ئاسان نابێت، کاتێک تاکی کورد لە سەر شەقام و لەبەردەم میدیادا بە جلوبەرگی کوردیەوە هاوار دەکات" من حاشا لە کوردبوونی خۆم و ئەو جلانەم دەکەم و من تاکێکی عێراقیم و عێراق موچەکەمان بنێرە مردین لە برسان" ئەوە قسەو راو ئایدیای بەشێک لە تاکی کوردە لە ئێستادا، زۆربەشیان لە ناچاریانە، ئەو هاوارە رەنگ کوفرەی نیشتیمان دەکەن، ئەو چەند دێرە تەواو داماڵینە لە ئەخلاقیاتی نەتەوەیی و هەستی نیشتمان پەروەری، کە هەردوو هێزی حوکمران کردویانە بەبەر خەڵکی باشوری کوردستان. 
ئەمرۆ لەنێو ئەو هەموو کێشەو ئاڵۆزیە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوریەدا، ئەو جۆرە قسە و دەربرینە خاڵیی لە هەست و دەروونی نەتەوەیی، کەمتر وەک زەنگێکی مەترسیدار هەستی پێدەکرێت، بەڵام تۆزیک وردبینەوە تێدەگەین کە باشوری نمونەییمان، بۆ پارچەکانی تری نیشتیمان، چەندە لە پاشەکشەی نەتەوەییدایەو ئەمرۆ برسیکراوە بۆ ئەوەی هەمیشە فکر و خەیاڵی پەنابردن بێت بۆ حیزب و دەسەڵاتی حوکمران. 
دەبینین رۆژانە لە ناو رای گشتی و سەر شەقام و مەجلیس و میدیاکانەوە، تاکی کوردی بە زمانی شیرینی کوردیەوە چۆن خاڵی لە ئیتیمای نیشتیمانی بێ باکانە بە ئاشکرا دەڵێت" هەمووی بۆخۆتان، دەنگمان، رەنگمان، هەستی نەتەوەییمان و راو بۆچوونمان، بیرکردنەوەمان، تەنها لەوە زیاتر شکۆ و کەرامەتی مرۆڤایەتیمان، بۆ نان و بژێوی مەشکێنن"
مێژوو روحم بە هیچ کەسێک ناکات و ئەو قۆناغەی دەسەڵاتی حوکمرانی لە باشور، بە شەرمەزارییەکی زۆرەوە دەنوسرێتەوە و دەبێتە مێژوویەکی ناشرین، کەجێگای نیگەرانی هەر تاکێکی کوردی راستەقینەیە. لە قۆناغی ئێستادا هەندێک قسە هەیە دەکەوێتە ناو رای گشتی و دەبێتە قسەی شەقام، بە روکەش زۆر ئاسایی وەردەگیرێت، بەڵام لە ناوەرۆک و بەهای قسەکەدا زۆر هەڵدەگرێت و زۆر جار تێفکرین لە و قسە و باسانە شەرمێکی گەورە بۆ دەسەڵاتی کوردی لە باشوری کوردستان بە دوای خۆیدادێنێت، کەچۆن لەو چەند ساڵەی رابردوودا بەتەواوەتی هەستی نەتەوەی لە هەرێمی کوردستان پاشەکشەی کردووە، لەبری نەتەوە حیزب بۆتە چەقی ململانی و خەیاڵی خەو بینین و تێکۆشانی راستەقینە  بۆ بنیادنانی پایەکانی هەستی نەتەوایەتی و هەوڵەکان بۆ گەشتن بە ئامانجێکی گەورە، کە کوردستانێکی سەربەخۆیە، بۆتە خەونێکی نەزۆک و بێ بەرهەم. 
ئێستا لە سایەی هەردوو حیزبی حوکمرانی هەرێمی کوردستان، خەونی گەورەی بەشی زۆری تاکی کورد، لەبری هەوڵ و تێکۆشان بۆ بەنەتەوەبوون و سەربەخۆیی، بردنەوەی حیزبەکەیەتی لەویتیر، بەهەر جۆرێک بێت، هەتا ئەنجامدانی  ساختەی هەڵبژاردن و گرتن و برین و کوشتنی براکانی لەپێنا و بردنەوەی حیزبەکەی بە رەوا دەزانێت و حەق بەو هەموو ناحەقییەدەدات، تەنها بۆ سەرکەوتنی حیزبەکەی، نیوەی ئەو هەست و دەمارگیریەی لە باشوری کوردستاندا بۆ حیزب دروست بووە بۆ نەتەوە هەبوایە، ئێستا پێگەی کورد بە جۆرێکی تر و لە شوێنێکی تربوو. دروست کردنی ئەو ئایدیا نا رەوایە لە هەرێمی کوردستان، هەروا سوک و سانا و خۆرسکانە دروست نەبووە و بانگراوندێکی روونی حیزبی و بنەماڵەی پێوەدیارە، کە بەپێی ئەجێندای ئەو دەسەڵاتە هاتۆتەدی و ئامانج لێی بە پیرۆز هێشتنەوەی حیزب و سەرکردەکانی حیزبە نەوەک نەتەوە و تێکۆشەرانی راستەقینە، بۆ ئەمەش هەتا ئێستا سەرکەوتووانە کورد و کوردستانیان لە پێناو بەرژەوەندییە کەسی و حیزبیەکانیان بەکارهێناوە.
 کارەساتەکە لەوەوە کۆتایی پێنایەت کە بیرو هزری بەشێکی زۆری کۆمەڵگایان لەرێگەی زەبر و زەنگی دەسەڵات و نانبرین و برسیکردنەوە چەسپکردووە بە حیزبەوە و تروسکاییەکیان بۆ هەست و تێکۆشانی نەتەوەیی نەهێشتۆتەوە. لەو فەوزایەی سیاسەت و حوکمرانی باسی جەرگ بر و کەمەرشکێنی هەستی نەتەوەیی دێنە ئاراوە، کە دەبینین لە نێو قسەو باسی بەشێک لە مەجلیس و قسەی شەقام و زۆر جاریش بە ئاشکرا لە سەر مینبەری میدیاکانەوە، بەهۆی ئەو قەیران و کێشە هەمەجۆرانەی لە هەرێمی کوردستاندا دروستیانکردووە، بێ گوێدانە هیچ هەستێکی نەتەوەیی و نیشتیمانی دەیان و سەدان جار خۆزگە بە رژێمە ستەمکار و کورد کوژەکان دەخوازرێت، کە تاکە هۆکاریش بۆ ئەو خواستە ناتەندروست و قێزەونە، خراپی دەسەڵاتی حوکمرانی کوردستانی باشورە، کە سیاسەتێکی نایەکسان و  ناعادیلانەی پەیرەوکردووە و بۆتە هۆی بەرهەمهێنانی ئەو بێرێزیکردنە بە نەتەوە و خاک و نیشتیمان.
ئەو جۆرە بیرکردنەوانە لە ئێستادا لە هەرێمی کوردستاندا کەمنین و بە ئاشکرا و روونی پاشەکشەی هەستی نەتەوایەتی لە دڵ و دەروونی زۆربەی خەڵکی دەخوێنرێتەوە، کە هۆکاری سەرەکی هەردوو حیزبی دەسەڵاتداری باشورن. بەجۆرێک سیاسەتێکی قێزەونییان پێشکەشکردووە. تاک بەرادەیەکی زۆر بێ هیواو ئومێد بووە، کە لە سایە و سێبەری ئەوانەوە خەونێکی وەها گەورەی نەتەوەیی بێتەدی، کاتێک دەبینن هەمیشە خەریکی یەکتر شکاندندن، لە پێناو گرتنە دەستی دەسەڵات و بەشینەوەی زیاتری سامان و داهاتی ئەو میلەتە و دەبینن لەپێناو مانەوەی خۆیان و حیزبەکانیان خیانەتی خاک و نیشتیمان بە ئاسان و گونجاو دەزانن، بەناچاری چاوی ئومێدی نەتەویی لێیان دادەخەن.
بەڵام بە دڵنیایەوە دەبێ دەسەڵاتدار و حوکمرانانی ئەو هەرێمە ئەوە بزانن ، کە دواجار دەبینین بە میژووی گێرانەوەی نزیک سێ دەیەی دەسەڵاتی حوکمرانی یەکێتی و پارتی لە کوردستانی باشور، نەوەی تازە هەستێکی وەهای بۆ دروست دەبێت، کە دەسەڵاتی کوردی لە حوکمرانی هەرێمی کوردستاندا، نەیتوانیوە خزمەت بە هەستی نەتەوەیی بکات و هەمیشە لە خزمەتی  بەرتەسکی شەخسی و حیزبی، دروشم و هەستە نەتەوەییەکانی کوردی بەکارهێناوە. مێژوو بۆ ئەوانە رەحمی نابێت و راست و دروست پێناسەیان دەکات، هەگبەی بەتاڵیان بۆ هەستی نەتەوەیی و خەونی گەورەی سەربەخۆی، رونتر و ورتر ئاشکرادەکات.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە