ڕازیکردنی تورک واتە ڕازیبوون بە ژێردەستەیی
Monday, 21/01/2019, 15:10
کەمال ئەتاتورک توانی لە سەرپاشماوەی دەوڵەتی عوسمانی کۆماری تورکیا بنیادبنێت. بەڵام کورد چۆن بەداگیرکراوای لە چوارچێوەی ئیمپڕاتۆریەتی عوسمانیدا بوو، نەیتوانی سوود لەو ڕووداوە مێژووییە گەورەییەی کە لە ناوچوونی عوسمانییەکان بوو ببینێت بە قازانجی دروست بوونی کیانێکی کوردی، بەڵکو بەشێکی گەورەی جوگرافیا و کۆمەڵگای کوردی بوو بە بەشێک لەو کۆمارە نوێیە و دیسان تورک لە بەرگ و فۆرمێکی دیکەدا بوونەوە بە فەرمانڕەوا و گەورەی کورد. لەکاتێکدا بەشێک لە خەبات و تێکۆشانی کورد بۆ گێڕانەوەی ئەو سوڵتانییەتە بوو کە مایەی داگیرکاری و مەینەتی بوو بۆ کورد و تورک خۆی هۆکاری لە ناوچوونی بوو، کاتێکیش کەمال ئەتاتورک کۆماری نوێی تورکیای دامەزراند بە هەموو جۆرێک دژی سوڵتانییەت بوو سیستمی سوڵتانیەتی هەوەشاندەوە.
ئەتاتورك بە گوتاری ئاینی هاتە مەیدان، بەو هۆیەوە كورد بووە پاڵپشتی، یەكەم هەنگاوی بۆ دروست بوونی دەوڵەتی توركیای نوێ دوو كۆنفرانسی دامەزراندنی لە كوردستان بەست، یەكەمیان لە ئەرزەرۆم لە 23/7/1919 و دووەمیان لە 4 ـ 11/9/1919 لە سیواس. پاشان كوردەكانی ئەوروپا یارمەتیان كۆكردۆتەوەو بۆ ئەتاتورك ، مانگانە یارمەتی(60.000$) یان بۆ دەنارد. زانایانی ئاینی كوردستان بەسەرۆكایەتی (شێخ سعید نورسی )لەگەڵ 76 موفتی و 25 زاناو 11 نائیب فتوایان دا بۆ پاڵپشتی ئەتاتورك، ئەوانەی ئەنقەرەیان ئازاد كرد زیاتر كورد بوون... ئیحسان نوری پاشاش لە ئەستەمبوڵ زۆرترین ڕۆڵی خۆی بینی… كەچی ئەتاتورك هەڵسا تەنازولی بۆ ڕوسیا و بەریتانیا و عێراق و هەمولایەك كرد تەنها دژی كورد.
لەساڵی 1923 عیسایی، پارتێکی کوردی بە نهێنی دامەزرا بە ناوی ڕێکخراوی (ئازادی) کە ناوەندەکەی لە ئەرزڕۆم بوو. ئەندامەکانی ئەو پارتە لەو سوپاییانەی کە پێشتر لە سوپای عوسمانیدا کاریان کردبوو و هەروەها سەرۆک خێڵەکان پێکهاتبوو، ئەو سوپاییانە بۆ هاوکاری کەمال مستەفا بەشداریان لە شەڕی سەربەخۆیی و ئازادیدا کردبوو. شێخ سەعیدیش یەکێک بوو لەوانەی کە پەیوەندی بەو پارتەوە کرد و بە دژی دەوڵەتی تورکی فتوایەکی دەرکرد و دەوڵەتی تازەی تورکیایی بە دوژمنی ئیسلام لە قەڵەم دا.
جوڵانەوەکەی شێخ سەعید لە ساڵی 1925 عیسایی دا دەستیپێکرد. سەرەتا لە لە گوندی (بالۆ) دەستیپێکرد. دواتر بۆ وویلایەتی گەنج تەشەنەی کرد. دوو هەفتەش پێش بەرپابوونی سەرهەڵدانەکە لە دەرئەنجامی ناکۆکییەکانی نێوان کۆمەڵێک لە دەروێشەکانی شێخ سەعید، زانیاری سەبارەت بە بەرپابوونی خۆئامادەکردنی شێخ سەعید و هاوڕێکانی بۆ خەبات، دەزگا سەرکوتکەرەکانی کەمالییەکان کەوت. بەم ڕووداوەش کەمالییەکان توانیان ناوچە کوردنشینەکان ڕاگوێزان و تاڵان و کاولی بکەن. ئەم کارانەش کاردانەوەی خۆی لە کاتی گەمارۆدانی شەری (ئامەد) لەلایەن شۆڕشگێڕانەوە لە (4 تا 7 ی ئازاری 1925 عیسایی) گێڕا. بەوەی لە دەرئەنجامی چەک کردنی دانیشتوانی شارەکە لەلایەن کەمالییەکان و کوشتنی سەدەها کەس لە هۆزی زازا، بە تاوانی هاوکاریکردن لەگەڵ خەباتگێڕان. بێ گەیشتن بە هیچ ئامانجێک خەباتگێڕان وازیان لە گەمارۆدانی شاری ئامەد هێنا بۆیان ئازاد نەکرا. ناچار ڕوویان کردە ناوچەکانی (سولیوان، هازر، ئارکو جیرمیکی، سیویریک، بولاتیک). دوای چەندین شاڵاوی سەخت توانیان ناوچەکانی سەر ڕێگای ئەو شارانە ئازاد بکەن. دواتر خەباتگێڕان شاری (خارپوت)یان ئازاد کرد و بۆ جاری دووەم گەمارۆی شاری ئامەد و دواتر شارەکانی (وان، بەدلیس)یاندا، بەڵام لە دەرئەنجامی شاڵاوێکی تورکەکان و بە (8000) هەزار سەرباز و جاش و هاوکاریکردنی فەڕەنسییەکان بە چەک و تەقەمەنی. تەنانەت فەڕەنسییەکان ڕێگایان بە سوپای تورک دا لە ڕێگای شاری (حەڵەب)ەوە بە شەمەندەفەر سوپای تورک بگوازنەوە بۆ باشوری ناوچەی جوڵانەوەکە. لەلایەکی دیکەوە حکومەتی سۆسیالیستی ڕووسیا هاوکاری دەوڵەتی تورکیایی کرد، چونکە جوڵانەوەکەیان بە زیندوکردنەوەی عوسمانی و ئاینی ئیسلام و بزووتنەوەی دەرەبەگایەتی دەزانی. هەروەها بەریتانیا جوڵانەوەکەی بە مەترسی بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی دەزانی، لەبەرئەوە هەڵوێستی گۆڕا و هاوکاری کەمالییەکانی کرد، تا سەرئەنجام جوڵانەوەکە دووچاری شکست بوو.
زۆربەی سەرچاوەکان لەسەر ئەوە کۆکن کە سەرهەڵدانەکەی شێخ سەعیدی پیران، دوو ڕووی هەبووە: لەلایەک گێڕانەوەی خەلافەت و گێڕانەوەی شکۆی ئیسلام، لەلایەکی دیکەوە سەربەخۆیی کوردستان و مافە نەتەوەییەکانی کورد. کە بە هەر دوو بارەکەدا ئەتاتورک کەوتبووە بنکۆڵ کردنیان، بەتایبەتی کێشەی کورد ببووە گرێگورە و مۆتەکەیەک بەسەر کۆماری نوێی تورکیاوە. ئەوەی ڕاستییەکی حاشا ەەڵنەگرە ئامانجی ئەتاتورک بە تایبەتی و کەمالییەکان بەگشتی پێچەوانەی شێخ سەعیدی پیران بوو، ئامانجی یەکەم و کۆتایان دامەزراندنی کۆمارێکی تورکی عەلمانی بە مۆرکی خۆرئاوایی بوو، بە هەموو شێوەیەکیش دژی ئاینی ئیسلام و ئایینەکانی دیکە بوون و باوەڕیان بە پێکەوەژیان لەگەڵ کورد نەبوو، جگە لە کۆیلایەتی کورد. بەڵام ئامانجی یەکەمی جوڵانەوەکەی شێخ سەعید گێڕانەوەی خەلافەت بوو، ئامانجی دووەمی مافە نەتەوەییەکانی کورد بوو، کە ئەمەش خۆبچوکردنەوە خۆ بەکەمزانی ڕێگەی پێنەدەدا.
هەروەکو شێخ سەعیدی پیران داوای ئەوەی دەکرد کە یەکێک لە کوڕەکانی سوڵتان عەبدولحەمیدی دووەم لە مەنفاوە بگەڕێتەوە و ببێت بە سوڵتان و خەلیفە. ژمارەیەک لە سوارەی حەمیدییەکانیش پشتیوانیان لە پێشنیارەکەی شێخ سەعید کرد. هەروەها شێخ سەعید لە وەڵامی پرسیارێکدا دەڵێت: "جاران خەلیفەیەکی هاوبەشمان هەبوو، ئەویش هەستێکی وای بە گەلە ئاینییەکەمان دەدا لە هەمان کۆمەڵگادا، لەگەڵ تورکەکان بژین. بەڵام لەو وەختەڕا کە خەلیفەیان وەلاناوە، تەنیا زۆرداری تورکەکانمان بۆ ماوەتەوە".
سەرئەنجام (52) سەرکردەی جوڵانەوەکە بەدیل گیران. لەم نێوەندەش دا (شێخ سەعیدی پیران) بەدیلگیرا و هەموویان لە (4 ی ئایلول 1925 عیسایی) لە شاری ئامەد لە سێدارە دران و بەمەش جوڵانەوکە بەزەبری هێز و ئاسن دامرکێندرایەوە.
کۆماری نوێی تورکیا و خودی کەمال مستەفا دژایەتی تەواوی پەیمانی سیڤەری ساڵی (1920) کرد، کە لە ماددەکانی(62، 63، 64) مافی دامەزراندنی دەوڵەت بە کورد درا بوو لەو ناوچانەی کە دەکەونە خۆرهەڵاتی ڕووباری فوڕات و خوارووی ئەرمەنستان، یان کەوتۆتە باکوری سنوری نێوان سوریا و تورکیا و نێوان دوو ڕووبار، یان باشوری خۆرهەڵاتی تورکیا، کە (3/1) یەک لەسەر سێی خاکی کوردستانی دەگرتەوە و زەمینەیەکی نوێی بۆ کوردستانێکی سەربەخۆ دەڕەخساند.
دامەزرێنەرانی کۆماری تورکیا، لە پەیمانی لۆزان و ڕاگەیاندنی کۆمارەکەوە لە 29/10/1923 هەنگاوێک لەو پەیمانە دوورکەوتنەوە کە لە ساڵی 1919 دا لە کۆنگرەی ئەرزڕۆم و سێواس دا بە جەماوەری کورد و پێکهاتەکانی تریان دابوو. چونکە پێشتر بانگەشەی هاوبەشی کورد و تورک و گەلانی تریان دەکرد. باسیان لە دروستکردنی ووڵاتێکی هاوبەش دەکرد، بەڵام لە ڕاگەیاندنی کۆمارەکەد، مۆرکی تورک بوونیان لێدا. دواتر لە 20/4/1924 دا بە تەواوی لە پەیمان و بەڵێنەکانیان پەشیمان بوونەوە، ئەویش لەو کاتەدا بوو کە دەستوری نوێی تورکیایان پەسەند کرد. لەو دەستورەدا بە پێچەوانەی ئەو بەڵێنانەی کە لە دەستوری یەکەمی ساڵی 1921 عیسایی و بەڵگەی پێدانی ئۆتۆنۆمی بۆ کورد کە لە شوباتی 1922 دا لە چوارچێوەی (18) ماددە دابوویە کورد و گەلانی تری هاوپەیمانیان. ئیتر ڕۆژبە ڕۆژ سنور بۆ کورد بەرتەسک دەکرایەوە، هەروەها دەستوری 1924 پێچەوانەی ئەو بەڵێنانە بوو کە دابوویانە جەماوەری باوەڕداری گەل و دەیانگوت ئێمە ئایین و خەلیفە ڕزگار دەکەین، ئەوە بوو ماوەیەکی کورت پێش داڕشتنی دەستوری 1924 سیستەمی خەلیفایەتیان هەڵوەشاندەوە. لە دەستوریشدا بە هەموو شێوەیەک لە دژی ئیسلام و ئایینەکانی تر هەڵوێستیان نیشاندا و ئەمەشیان لە ژێر ناوی جیاکردنەوەی ئایین لە دەوڵەت و عەلمانیەت دا دەکرد. ماوە بە ماوە ئەم دەسەڵاتە لە هەوڵی ئەوەدا بوو کە تورکیا لە خۆرهەڵات داببڕێت و مۆرکی خۆرئاوایی لێبدات. بۆ ئەم مەبەستەش کۆمەڵێک یاسای دەرکرد که خزمەتی ئەو ئامانجانەی دەکرد. بۆ نموونە: یاسای (پلانی چاکسازی خۆرهەڵات) لە 24/9/1925 ، یاسای نیشتەجێکردنی بەزۆر، یاسای بەکارهێنانی پیتی لاتینی لە شوێنی پیتی ئارامی عوسمانی لە 1928 دا، یاسای بەکارهێنانی پاشناو لە ساڵی 1934 دا، ئەمانەو چەند یاسایەکی دیکە تا هەم مۆرکێکی تورکی و هەم مۆرکێکی خۆرئاوایی لە کۆماری نوێی تورکیا بدەن. هەر لە پێناو ئەم ئامانجەدا کۆماری نوێی تورکیا چەندین کۆمەڵکوژی و جینۆساید و ڕاگواستن و کاولکردن و زیندانیکردن و لە سێدارەدانی دژی کورد ئەنجامداوە لە سایەی ئەم دەوڵەتە نوێییەدا شێخ سەعیدی نورسی(کە سەرەتا فەتوای دا بۆ پاڵپشتی ئەتاتورک) بەشی زۆری تەمەنی لە زیندان دا بەسەر برد، ئەتاتورک جوڵانەوەی (شێخ سەعید ساڵی 1925)ی لەناوبرد و خۆی و هاوڕێکانی لە سێدارەدا، حەسەنی خەیری لە سێدارە دا، جوڵانەوەی ( ئارارات 1927 - 1932) لە ناوبرد، و جوڵانەوەی (سەید ڕەزای دەرسیم 1936)ی لە ناوبرد وو سەید ڕەزا و هاوڕێکانی لە سێدارە دا، ئەمە و چەندی کۆمەڵکوژی و جینۆساید و داگیرکاری دیکە، سەرەڕای واژۆکردنی چەندین ڕێکەوتننامە لەگەڵ ووڵاتانی دروسێ دژی کورد، و چەندینجار تەنازولی بۆ ووڵاتانی دراوسێ و ناوچەیی و بەریتانیا و فەڕەنسا و ڕووسیا و ئەمریکا کردووە دژی کورد.
ئەو کاتەی لە دوو هەزارەکاندا ئاکەپە و ئەردۆغان لە تورکیا بە باگراوندێکی ئاینی سونییەوە هاتنە سەر حوکم، بە تایبەتی ئەردۆغان باسی چارەسەرەی کێشەی کوردی دەکرد لە باکوری کوردستان، کۆمەڵێ مافی ڕۆشنبیری بە کورد درا، لەبەرئەوە تەواوی پارت و ڕێخراوە ئیسلام و تەنانەت عەلمانییەکانیش پاڵپشتی ئەو دەست پێشخەری و هەڵوێستەی ئاکە و ئەردۆغانین کرد. لە ڕاگەیاندنەکانەوە بانگەشەی بۆ دەکرا، لە هەڵبژاردنەکاندا دەنگی بۆ کۆدەکرایەوە لە باکوری کوردستان داوا لە کورد دەکرا کە دەنگ بە ئاکەپە بدەن. بەڵام هەرئەوەندەی ئەردۆغان شوێنی پێی خۆی قایمکرد و هەندێک گۆڕانکاری لە دەستوردا کرد، و سوپای کۆنتڕۆڵکرد، ئیدی کەوتە تەنازولکردن بۆ ئەمریکا و ڕووسیا و ئەوروپا بۆ دژایەتیکردنی کورد، کەوتە پەلاماردانی کوردی باکوری کوردستان و دژایەتیکردنی خۆرئاوا و باشوری کوردستان، جینۆسایدی ڕۆبۆسکی و سلۆپی و شڕناخ و جزیرەی ئەنجامدا. دوای ئەوەی کورد لە هەڵبژاردنەکاندا بە ناوی لیست و پارتی (هەدەپە)وە بەشداری هەڵبژاردنەکانی پەڕلەمان و سەرۆکایەتی کرد و توانی بەربەستی (٪10) تێپەڕێنێت و وەکو نەتەوە و لیست بچێتە پەڕەمانەوە، زەڵام ئەردۆغان دەیان ئەندام پەڕلەمان و چاکی سیاسی و سیاسەتمەداری کوردی زیندانیکرد و سزای قورسیانی دا، شکستی بە پڕۆسەی ئاشتی هێنا، گۆشەگیری سەر عەبدوڵڵا ئۆجەلانی توند کرد، چەندین سەرۆک شارەوانی هەڵبژێردراوی لە کارەکانیان دوورخستەوە، ساختەکاری گەورەی لە هەڵبژاردنەکاندا لە باکوری کوردستان ئەنجامدا، چەند پارتێکی کوردی داخران، سەڵاحەدینی دەمیرتاش و هاوسەرکانی هەدەپە و گۆڵتان کشناکی زیندانیکرد و سزا دا، بە بەردەوامیش چیاکانی باکور و باشوری کوردستان کیمیاباران و بۆردوماندەکات، دانیشتوانی گوندەکان بێ ماڵ و حاڵ بوون و ژمارەکی زۆریش هاووڵاتی شەهید بوون، زمان و فەرهەنگ و کەلتوری کوردی قەدەغەکرد، تیرۆری سپی لە ڕێی مادەی هۆشبەر و نەخۆشیەوە لە باکوری کوردستان بڵاوکردۆتەوە، دوای سەرهەڵدانی جەنگی سوریا ساڵی 2011 پاڵپشتی گەورەی داعش و گروپە تیرۆرستییە سونییەکانی دەکرد بۆ هێرش کردنە سەر گرێ سپی و سەرێکانی و کۆبانی و قامیشلۆ و ناوچەکانی دیکە و جینۆسایدی گەورەی ئەنجامدا. لە دوای ڕیفراندۆمەکەی 25/9/2017 دژایەتیەکی گەورەی باشوری کوردستانی کرد و بە هاوکاری عێراق و ئێران ئەنجامی ڕیفراندۆمەکەیان پووچەڵکردەوە. لە ساڵی 2018 دا لەگەڵ گروپە تیرۆرستییەکان هێرشێکی وەحشیانەی کردە سەر کانتۆنی عەفرین و کۆکوژی و کاولکاری و داگیرکاری گەورەی ئەنجامدا، ئەمە جگە لەوەی تەنازولاتی گەورەی بۆ ڕووسیا و ئەمریکا و ئێران و دواتر سوریا کرد دژی خۆرئاوای کوردستان. ئێستاش هەموو تەنازولاتێک دەکات تا دوای کشانەوەی ئەمریکا پەلاماری خۆرئاوا بدات.
ماستەر لە مێژوودا
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست