دوو ئیدارەیی ئەگەرێکی هەمیشە کراوە
Friday, 18/01/2019, 1:07
باس و خواستی دوو ئیدارەیی بۆ هەمیشە ئەگەرێکی کراوەیە لە نێوان حکومڕانەکانی کوردستان، بەرپرسەکانی ئەم وڵاتە بە پێی بەرژەوەندی حیزبی و شەخسی حوکمی ئەم مەملەکەتە دەکەن، میلەتیش بە بەردەوامی بە لە بەردەم باراشی دوو حیزب یان باشتر بڵێین دوو گروپ و بنەماڵەی دەسڵاتداردان، لە بەرئەوەی تاکە فاکتەری مانەوەی دەسڵاتدارانی سیاسی لە هەرێمی کوردستاندا هەمیشە هێزی چەکداربوە، بۆیە ئەگەر حیزبێک تەنها یەک کورسی پەرلەمانیشی هەبێت بەڵام خۆی بە حوکمڕانی راستەقینە دەزانێت بە هۆی بەخۆ نازینی بە هێزە چەکدارەکەیەوە، هەڵبژاردنیش بە زانینی ئەنجامی پێشوەختە بۆ خۆیان ئەنجام دەدەن، بەپێی پێشبینی قەبارەی ئەو تەزویراتانەی کە دەیکەن.
ئەوا نزیکەی سێ مانگ تێدەپەڕێت بەسەر ڕاگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکانی کوردستان کەچی تا ئێستا هیچ ئاماژەیەکی جدی بونی نیە بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت، ئەمیش لە بەر دوو هۆکاری سەرەکییە یەکەمیان پەیوەندی بە کێشە ناوخۆیەکانی پارتیەوە هەیە کە شەڕی جوت ئامۆزا خەریکە پێ ئەناتە قۆناغێکی ترسناک و کار دەکاتە سەر تەواوی جومگەکانی حوکمڕانی لەم مەملەکەتە، هۆکاری دوەم و یەکلاکەرەوە بریتیە لە کێشەکانی نێوان یەکێتی و پارتی.
لای هەموان ئاشکرایە لە دوای دانانی د.بەرهەم ئەحمەد ساڵح بە سەرۆک کۆماری عێراق وەک تاکە کاندیدی یەکێتی، پەیوەندیەکانی ئەو دوو حیزبە پییان ناوە قۆناغێکی ئاڵۆز و دوژمنکارانەوە، تا ئێستاش بە چاوی تؤڵەکردنەوە مامەڵە لە گەڵ یەکدی دەکەن، ئەوەش یەکێک بوو لە هۆکاری ئاڵۆزیەکان، ئێستاش پارتی ئەیەوێت یەکێتی بە پێی ئیستیحقاقاتی خۆی بەشداری لە کابینەی نوێی حکومەت بکات و لە بەرامبەریشدا یەکێتی داوای شەراکەتی ڕاستەقینە دەکات لە حکومەتدا، لە کاتێکدا کورسیەکانی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان کەمتر لە نیوەی کورسیەکانی پارتیە(٢١ بە ٤٥).
لە چەند رۆژی ڕابوردودا مەحمود سەنگاوی ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی زۆر بە ڕاشکاوی هەڕەشەی دوو ئیدارەیی کرد لە ئەگەری بەشداری نەکردنی یەکێتی بەو شێوەیەی کە خۆیان ئەیانەوێت، هەروەها وتی هێزی پێشمەرگەی کوردستان دوو هێزی حیزبیە و هەرکاتێک نێوان دوولایەن تێکچو ئەم هێزانەش لێک جیائەبنەوە، ئەم قسەیە لە کاتێکدایە کە خۆیان بەرپرسی هێزێکی پێشمەرگەن، هەروەها جەنابیان یەکێکن لە تاوانبارەکانی شەڕی ناوخۆ، ئەو تاوانبارەی کە ناوسراوە بەوەی کە ئەتکی ژن و منداڵ و تەنانەت بزنی لادێکانیشی دەکرد.
ئەم عەقڵیەتی هەڕەشەکردنە لای ئەم بەرپرسانە دۆخی ئێستای کوردستانی گەیاندۆتە ئاستێکی ترسناک لە گەندەڵی و تیرۆر و دزی و تاڵانی، ئەم قسانە ئاماژەیەکی گەلێک ترسناکە ئەوەمان پێنیشان دەدەن کە ئەم بەرپرسە حیزبی و عەسکەریانە چەند ترسناکن بۆ ئیدارەدانی ناوخۆی حکومەت و دابەشکردنی پلەو پۆستەکان، چەند دەست و پردن بۆ هەڵگیرساندن و خۆشکردنی ئاگری شەڕو خوێن ڕشتن، چۆن بیانەوێ بەو شێوەیە حوکمڕانی دەکەن و هەرکاتیش گەشتنە بنبەست ئەوا هەر لایەن و ماڵی خۆی جیا بکاتەوە، وەک بڵێی کوردستان تاپۆی باپیرانی ئەوان بێت، لە کاتیکدا هیچ هاوڵاتیەک هیوای دوو ئیدارەیی و شەڕی ناوخۆ ناخوازێت، ئیدی هەموان ئەو ڕاستیەمان بۆ ڕون بوەتەوە کە هێزی چەکداری حیزبی گەورەترین هەڕەشەی ناوخۆیە، هەتا ئەو کاتەی بەرپرسە حیزبیەکان خاوەنی هێزی تایبەتی چەکداری بن کوردستانێکی ئارام و خۆشگوزەران خەونێکی هەژارانەیە.
هاوڵاتیانی کوردستان ئێستاش بە ئازارەکانی شەری ناوخۆوە دەناڵێنن، تا ئێستاش فرمێسکی دایکی قوربانیەکانی شەڕی ناوخۆ وشک نەبوەتەوە، کەچی ئەم دوو لایەنە هیچ باکیان نیە لە دوو ئیدارەیی و تەنانەت لە شەڕی ناوخۆش، هاوڵاتیان بە هۆی ئەزمونی زۆریان لە گەڵ ئەم حوکمڕانیە هەمیشە لەوە دڵنیان کە هەرگیز حکومەتێکی پاک و ئیشکەرو دادوەر دروستنابێت، بۆیە تەنها خەمی هاوڵاتیان ئەوەیە دیسان نەبنە قوربانی شەڕی پلەو پۆستەکانی بەرپرس و مناڵی بەرپرسەکان.
ماوەتە بڵێین هەتا ئەو کاتەی حوکمڕانی بە دەست بنەماڵەکانەوەبێت و دەسڵات بە میرات لە باوکەوە بۆ کور بگوازرێتەوە، هەتا ئەوکاتەی هێزی چەکداری بە دەست نە خوێنەوارەکانی سەردەمی شاخەوەبێت، هەتا ئەو کاتەی حیزب هەرکات بە پێی ویستی خۆی کلیلی دەرگای پەرلەمان و وەزەرەتەکانی بە دەستەوە بێت و لە ئەگەری بە دڵ نەبونیان دای بخەن، بە دڵنیایەوە حوکمڕانیەکی باش و شەفاف نایەتە ئاراوە کە هاوڵاتیان هیوای خۆیان لە سەر بنیان بنێن.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست