خــاوەی نــەزانـیـن
Thursday, 27/12/2018, 22:12
دوو ڕۆژ دوای ڕاپەڕینەکەی ساڵی ١٩٩١ سەردانی شوێنی کارەکەمم کرد . جگە لە تاڵانی ، دەرگا و پەنجەرەکان شکینرابوون . ژووری بەریوەبەرەکەمان زیاتر لە هەموو ژوورەکانی تر شێوێنرابوو ، بەڵام کتێبەکان بە پەرشوبڵاوی وەک خۆیان مابوون . یەکێک لە کتێبەکان ، کە نزیکەی ٢٠٠ لاپەڕە دەبوو ، لەسەر بەرگەکەی دەرەوەی دەستەواژەی ( زۆر نهێنی ) لیێ نووسرابوو . ئەو کتێبە پلانی ستراتیجی حکومەتی عیراق بوو بۆ شاری سلێمانی . دیارە بۆ هەموو شارێک لەو جۆرە پلانە تایبەتە ئامادەکرابوو .
پلانەکە زۆر بە وردی هەموو لایەنەکانی پەروردە ، کشتوکاڵ ، پیشەسازی ، بەرهەمهێنان .. و هتد گرتبووە خۆی ، لە یەکێک لە بڕگەکانیدا ئاماژەی بۆ زیادکردنی ژمارەی باخچەی ساوایانکردبوو ، ئەمەش نیشانەبوو ، کە ئەو پلانە ، پلانێکی گشتگیربوو ، هەموو جومگەکانی شارەکەی گرتبۆوە ، ئەرکی لێپرسراوەکانی دەوڵەتیش ، بریتی بوو لە جێبەجێکردنی هەر هەموو بڕگەکانی وەک خۆی . ئەوەی شایانی باسە پلانی ستراتیجی ، ئەو پلانەیە ، کە گۆڕانکاری بنەڕەتی دروستدەکات . پلانیش خۆی لە خۆیدا بریتییە لە بەکارهێنانی بیری زۆر وردی کەسانی دانا و بلیمەت ، بۆ دانانی کارنامەیەکی تایبەتی بۆ شتێکی دیاریکراو . بە گشتیش ئامانجەکەی سوود وەرگرتنە لەو داهاتەی ، کە لەبەر دەستدایە ، بە لەبەرچاوگرتنی کارەکان ( پڕۆژەکان ) بە پێی گرنگیان و ڕاگرتنی هاوسەنگی تەواو لە نێوان پەرەپێدانی کۆمەڵایەتی و ئابوریدا ، بە تایبەتی لە نێوان هەموو ئاستەکانی کەرتەکانی کشتوکاڵ و پیشەسازییدا. بێگومان حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عیراق لەبەر ڕۆشنایی ئەو جۆرە پلانە وردانەدا دەوڵەتدارییان دەکرد . هەر بۆیە لە کاتی خۆیدا بەنداوی دوکان و دەربەندیخان دروستکرابوون ، کارگەی شەکری سلێمانی ڕۆژانە ( ٢٩٠ ) تەن شەکری سپی دەردەکرد و ساڵانەش ئامادەبوو ( ١٢٠ ) هەزار تەن چەوەندەر لە جوتیاران وەربگرێت. کارگەی جگەرە لە ساڵی ١٩٦١ وە تا ساڵی ١٩٩١ لە کارکردندا بەردەوام بووە ، زۆر ساڵیش نزیکەی ٢٠ ملیۆن دۆلاری قازانج کردووە و بە هەزاران جوتیار و خێزانەکانیان سەرقاڵی چاندنی تووتن بوون . بە پێی ئامارێک ، کە لە ساڵی ١٩٧٨ دا کراوە ، ڕێژەی ( ٣,١ ) ی هەموو تووتنی ڕۆژهەڵاتی ، کە لە جیهاندا بەرهەم هاتووە ، سەرچاوەکەی کوردستانی باشور بووە . .. هەر بوونی پلانی ستراتیجی بووە ، ساڵانە دەرچووەکانی زانکۆ و ئامادەیی و سەرەتایی و هەتا نە خوێندەوارەکانیش بە ماوەیەکی کەم کاریان بۆ دۆزراوەتەوە ، چونکە بە پیی ئەو پلانە گەشەپێدان لە هەموو بوارەکاندا هاوسەنگی تەواویان لە نێواندا بووە ، کاتێک زانکۆیەکی تازە کراوەتەوە ، لە هەماکاتدا حساب بۆ دەرچووەکانیشی کراوە . لە ماوەی هەشت ساڵی جەنگی نێوان ئێران و عیراقدا گرفت و کێشەیەک نەبووە بە ناوی مووچە و و ئاو و کارەبا و سووتەمەنییەوە . هەر پلانی ستراتیجی بووە ، کەرتەکانی کشتوکاڵ و پیشەسازییان گەیاندبووە ئاستێک ، دانەوێڵە و میوە و شیرەمەنی هاوردە نەکرێن . بوارەکانی دەرهێنان و پاڵاوتنی نەوت ڕاستەوخۆ بەسترابوون بە حکومەتەوە . بێگومان نهێنی ئەو دەوڵەتدارییە سەرکەوتووانەیەش ، هۆکارە سەرەکییەکەی دانانی کەسانی شیاو لــە شـوێنی شیاوی خـۆیاندا بووە . ئەمە سەرباری ئەوەی پاداشت و سزاش ، بێ جیاوازی سەرجەم کاربەدەستدانی دەوڵەتی بە چاک و خراپەوە گرتۆتەوە .
لە دوای ڕاپەرینەوە و کاتێک خۆمان حوکمی خۆمان دەکەین ، شتێک نامێنێت ناوی پلانی ستراتیجی بێت ، خۆ ئەگەر هەشبووبێت تەنها قسەی پفهەڵدراوی سەر کاغەز بووە ، هۆکارەکەشی دەگەڕیتەوە بۆ قۆرخکردنی دەسەڵات لە لایەن دوو بنەماڵەی خۆسەپێنەرەوە ، کە هەموو پۆستە گرنگەکانیان بۆ خزم و کەسوکار و نۆکەرە ئەڵقە لە گویێ کانی خۆیان قۆرخکردووە ، بەبێ ئەوەی ڕەچاوی توانایان بکەن . ئەمەش وایکردووە نەتوانرێت سود لە عەقڵ و هزری کەسانی زیرەک و بە توانا و لێهاتوو وەربگیرێت ، کە لە ئاستی دانان و جێبەجێکردنی پلاندا بن ، ئەوەتا حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی هەرێم ، لەگەڵ ئەوەشدا داهاتی سەرزەوی و ژێر زەوییان لەبەر دەستدا بووە ، کەچی ٢٨ ساڵە یادگارییەکی جوانی وایان بەجیێ نەهێشتووە مرۆڤ شانازی پێوە بکات . هەر بۆیە حاڵمان بەم حاڵە خراپ و وێرانەی ئەمڕۆ گەیشتووە . پاشان سەرباری شکستی گەورەی کەرتەکانی کشتوکاڵ و پەروردە و پیشەسازی ، حکومەت ناتوانێت دەرچووەکانی کۆلیجی پزیشکی و ئەندازیاری و پەروەردە و ... هتد دابمەزرێنێت ، کەچی بەقەدەر ژمارەی باڵەخانەکان زانکۆ لە شار و شارۆچکەکاندا دەکاتەوە . لە کاتێکدا مانگانە ملیۆنەها بەرمیل نەوت دەفرۆشێ ، بەڵام لەم زستانە ساردەدا ، خەڵکی کڵۆڵی داماو نەوتی نییە خۆی پیێ گەرمبکاتەوە ، ئەوە خۆ باسی نەبوونی مووچە و کارەبا و ئاو و خزمەتگوزارییەکان لەو لاوە بوەستێت ، کە ٢٨ ساڵە دووکەڵ و دۆرنجی مولیدەکانی کارەبا ، هەزاران هاوڵاتی تووشی شیرپەنجە کردووە . هەموو ئەو کێشانەش دەگەڕیتەوە بۆ بەکارنەهێنانی عەقڵ . بۆ ڕاستی ئەم بۆچوونەش ڕووناکی دەخەمە سەر ئەم نموونەیە ، کە هۆکاری سەرەکی ئەو بارە نالەبارەی ئەمڕۆمانە : پاش ڕاپەڕین لیژنەیەک دانرا بۆ دیاریکردنی زیانەکانی کارگەی شەکری سلێمانی ، کە لە جەنگی نێوان ئێران و عیراقدا فرۆکەکانی ئێران چەند بەشێکی وێراکردبوو . پاش وردبوونەوەیەکی تەواو ، ڕاپۆرتێکمان نارد بۆ وەزیری پیشەسازی حکومەتی هەرێم ، کە خۆی لە خۆیدا پلانێکی تەواو بوو بۆ چاککردنەوەی ئەو کارگەیە . لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژەمان بۆ ئەوە کردبوو ، چاککردنەوە و خستنەوە کاری کارگەی شەکر ، پێویستی بە ٣ ملیۆن دۆلارە . پاش یەک مانگ چاوەڕوانی ، بە نووسراوێک وەڵامی ئەو ڕاپۆرتەمان بۆ هاتەوە ، جەنابی وەزیری بێ ئاگا ، تەنها ٣ هەزار دیناری تەزویری بۆ ژیانەوەی ئەو کارگە ستراتیجییە تەرخانکردبوو !! . بێگومان جیاوازی نێوان ٣ هەزار دیناری تەزویر و ٣ ملیۆن دۆلار چەند بوو ، جیاوازی نێوان عەقڵی ئەو وەزیرە و پۆستەکەشی ئەوەندە بوو . ئەمجۆرە لێپرسراوانە نەک هەر توانای تێگەیشتنی پلانیان نییە ، بەڵکو لە بواری پۆستەکانی خۆشیاندا تەقەی سەریاندێت .. ئەو نووسراوە زۆر سەیرە کارێکی وایکرد بە پەلە بڕۆین لە هەولێر سەردانی بکەین و گرنگی و وردەکارییەکانی ڕاپۆرتەکەی سەرلەنوێ بۆ باسبکەینەوە . کاتیک گەیشتین نیوەڕۆ بوو ، بەخێرهاتنی کردین و بەرلەوەی دەست بە قسەبکەین ، وتی : کوڕینە من ئێستا ماندووم و برسیمە و توانای گویێ گرتنم نییە و زۆریش حەزم لە کەبابی قەڵادزیێ یە ، کەبابێکی زۆر چاکە ، دەی با پێکەوە بچین نان و کەبابێکی باشی بۆ بخۆین ، ئەو کاتە باسی کێشەی کارگەکەش دەکەین . هەموو بە دوای وەزیردا خۆمانکرد بەو کەبابخانەیەدا و تێر نان و کەباب و ماستاومان خواردەوە . پاشان لە ناو ژاوە ژاوی کەبابخانەکەدا ، جەنابی وەزیر وتی : پێویست ناکات باسی ئەو کارگەیەم بۆ بکەن ، خۆم سەرلەنوێ بە ڕاپۆرتەکەتاندا دەچمەوە و بیرێکی لیێ دەکەمەوە . بەلامانەوە سەیر بوو وەزیر ئامادە نەبوو بەقەدەر ماوەی کەبابخواردنەکە ، کاتیش بۆ باسی ئەو کێشە گرنگە تەرخان بکات ، هەر بۆیە لۆژ لۆژ و بە دەستی بەتاڵەوە گەڕاینەوە . ئەنجامەکەشی ئەوەبوو ، سەرجەم ئامێر و دار و بەردی ئەو کارگە ستراتیجییە مەزنە ، هەراج کرا و بە کیلۆ و نرخی تۆڵەکە فرۆشرا و جێگاکەی لە لایەن بازرگانەکانەوە کرا بە باڵەخانە ... بێگومان قۆرخکردنی دەسەڵات و دانانی ئەمجۆرە وەزیرە کەبابخۆرانە ، کە وەک مڵە لەسەر حسێبی ڕەنجی شان وخەمی خەڵکی دەژین ، هۆکاری سەرەکی شکستی حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی هەرێمە ، کە بەردەوام شانازی بە کار و پڕۆژە ڕووکەشە بێ بەرهەمەکانی خۆیانەوە دەکەن ، لـە ڕاستیشدا نــاخـی کـۆمـەڵگاکـەمانیان داوەشاندووە و لە شکستێکەوە ئەماندەنە دەست شکستێکی گەورەتر ، ئەمەش خـــاوەی نــــەزانـیـنــە و دەبێ بیدەین .
٢٣ / ١٢ / ٢٠١٨
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست