شاجوانی کوردستان
Saturday, 22/12/2018, 22:42
لە کوردستانم پرسی
ئەوە شاجوانی تۆیە؟
خانم و خاتوون و ناسك
نازداری دەستەمۆیە
سوور و سپی و لێو ئاڵە
قژی نیگڕۆ و بە بۆیە
ڕەش و شین و سەوزو زەرد
ڕەنگی چاو و برۆیە
جل و بەرگی ڕەنگینە
تاوسە و جوانیی لە خۆیە
بۆنی حەوت قۆناغ دەڕوا
وەک برنجی عەنبەر بۆیە
بە جوانی خۆی دەنازێ
سپی یە وەك ماست و دۆیە ؟
ووتی نەخێر وا نییە
ئەوەی ئەڵین درۆیە
شاجوانی من دیارە
دەست بە چەك و بڕنۆیە
تیشکی خۆرە لە قەندیل
گەزەنگی چوار ئاسۆیە
نەڕەی شێرە لە مەیدان
لە بەرزیش دا هەڵۆیە
لە بەرامبەر دوژمندا
خاوەن دەست و شکۆیە
لە تەك خەنجەری دەبان
دەمی تیژی چەقۆیە
شاجوانی من سومبولی
ئازادیی تاك و کۆیە
شان بەشانی باوك و برا
عاشقی سەربەخۆیە
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست