کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


قه‌ره‌یلان: هه‌ڕه‌شه‌کانی تورکیا ته‌نیا دژی ڕۆژئاوا نییه‌، به‌ڵکو له‌دژی ته‌واوی کوردانه‌

Friday, 21/12/2018, 22:58


کوردستانپۆست لەبەر گرنگی  ناوەرۆکی ئەم لێدوانەی قەریڵان بە پێویستیزانی ئەم نووسینە بخاتە ئەرشیفی کوردستانپۆستەوە،  کە لە سایتی ئاوێنەدا ىاڵاوکراوەتەوە.
------------------------------
موراد قه‌ره‌یلان ته‌ئكید له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ هه‌ڕه‌شه‌کانی تورکیا بۆ هێرشكردنه‌ سه‌ر رۆژئاوای‌ كوردستان، ته‌نیا دژی ڕۆژئاوا نییه‌، به‌ڵکو له‌دژی ته‌واوی کوردستانه‌. له‌به‌رامبه‌ر هێرشه‌ ئاسمانییه‌كه‌ی‌ سه‌ر شه‌نگال‌و مه‌خموریش هه‌ره‌شه‌ی‌ تۆڵه‌كردنه‌وه‌ ده‌كات.
ئاوێنه‌: موراد قه‌ره‌یلان ئه‌ندامی کۆمیته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری پارتی کرێکارانی کوردستان -په‌که‌که‌- له‌میانه‌ی به‌شداریکردنی له‌به‌رنامه‌یه‌کی تایبه‌تی که‌ناڵی (ستێرک)دا باسی‌ له‌هه‌ڕه‌شه‌کانی تورکیا كرد دژی‌ رۆژئاوای‌ كوردستان‌و وتی‌، “هه‌م له‌ڕوی سیاسی‌و هه‌م له‌ڕوی سه‌ربازییه‌وه‌ هێرش بۆ سه‌ر ڕۆژهه‌ڵاتی فورات بۆ ڕژێمی ئه‌نقه‌ره‌ی فاشیست زۆر زه‌حمه‌ته‌. ئه‌و هه‌ڕه‌شانه‌ی ده‌کرێن، ڕاگه‌یاندنی شه‌ڕه‌ له‌دژی کوردان، ته‌نیا له‌دژی گه‌لی ڕۆژاڤا نییه‌‌.”
وتیشی‌، “٣ ساڵه‌ ئێمه‌ ئه‌وه‌ ده‌ڵێین‌و له‌گه‌ڵ هێزه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی خۆمان‌و به‌تایبه‌تی کاربه‌ده‌ستانی باشوری کوردستان باسی ده‌که‌ین. ده‌وڵه‌تی تورک ئیدی ده‌ربازی کۆنسێپتێکی نوێ بووه‌. ئاکه‌په‌-مه‌هه‌په‌-ئه‌رگه‌نه‌کۆن‌و نه‌ته‌وه‌په‌رسته‌کان ڕێککه‌وتنێکیان کردو له‌چێوه‌ی ئه‌م کۆنسێپته‌دا جموجۆڵ ده‌که‌ن. ناوه‌ڕۆکی ئه‌م کۆنسێپته‌ش ئه‌وه‌یه‌ که‌ نه‌ک ته‌نیا له‌نێو سنوری تورکیا، به‌ڵکو له‌ده‌ره‌وه‌ی سنوریش هێرش بکرێته‌ سه‌ر کوردان، داگیرو کۆنتڕۆڵیان بکه‌ن”.
قه‌ره‌یلان تیشكی‌ خسته‌ سه‌ر بۆردومانی فڕۆکه ‌جه‌نگییه‌کانی سوپای تورکیا بۆ سه‌ر شه‌نگال‌و مه‌خمورو رایگه‌یاند، “ئه‌و هێرشه‌ ترسنۆک‌و نامه‌ردانه‌یه‌و بێ وه‌ڵام نامێنێته‌وه‌، وه‌ڵامی ده‌درێته‌وه‌، خوێنی خه‌ڵکی ئێمه‌ به‌فیڕۆ ناچێت، تۆڵه‌یان ده‌کرێته‌وه، دوژمنی ئێمه‌ به‌نامه‌ردی هێرشی برده‌ سه‌ر گه‌لی سیڤیلی ئێمه‌ له‌مه‌خمورو شه‌نگال، ئه‌مه‌شیان وه‌ک سه‌رکه‌وتن بۆ خۆیان پیشاندا”.
ئه‌وه‌شی‌ وت، “به‌ ٢٠ فڕۆکه‌ی جه‌نگی ٧ هاوڵاتیی سیڤیلی ئێمه‌یان شه‌هید کرد، به‌بێ ئه‌وه‌ی ته‌ریق بنه‌وه‌ وتیان سه‌رکه‌وتو بوین. ئه‌ردۆغان کوشتنی کوردان بۆ خۆی وه‌ک سه‌رکه‌وتن ده‌بینێت، چ سیڤیل، چ ژن‌و چ منداڵ، هه‌مویان ده‌کوژێت، دوژمنی به‌رانبه‌رمان دوژمنێکی وه‌هایه‌، به‌کوشتنی سیڤیله‌کان، به‌کوشتنی گه‌لی کوردی بێ تاوان ستایشی خۆی ده‌کات، ئه‌وه‌نده‌ی ئێمه‌ ده‌یبینین، دوژمن به‌رده‌وام ده‌بێت له‌هێرشه‌ نامه‌رده‌کانی، به‌رخۆدانی گه‌له‌که‌مان‌و شه‌ڕی ئێمه‌ش له‌دژی ئه‌وان، به‌رده‌وام ده‌بێت”.
به‌بۆچونی‌ موراد قه‌ره‌یلان، به‌ته‌نها ده‌وڵه‌تی تورکیا هێرشی نه‌کردۆته‌ سه‌ر مه‌خمورو شه‌نگال، ئه‌و ده‌ڵێت، “ئه‌گه‌ر هاوکاری نه‌کرایه‌و ڕه‌زامه‌ندی هێرشه‌که‌ نه‌بوایه‌، زه‌حمه‌ت بو که‌ ٢٠ فڕۆکه‌ی جه‌نگی هێرش بکه‌نه‌ سه‌ر عێراق، هێرشه‌که‌ له‌ماوه‌ی چه‌ند خوله‌کێکدا کرا، دیاره‌ هه‌ندێک لایه‌ن ئاسانکارییان بۆ ئه‌و هێرشانه‌ کردووه‌.”
جه‌خت له‌وه‌ش ده‌كاته‌وه‌ كه‌ هێزه‌کانی هه‌په‌گه‌ له‌شه‌نگال نه‌ماون، هێزی خۆپاراستنی شه‌نگال -یه‌به‌شه‌- هه‌یه‌ که‌ له‌ڕۆڵه‌کانی ئێزدی پێکهاتووه‌، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هێرشیانکرده‌ سه‌ر شه‌نگال.
قه‌ره‌یلان ده‌ستنیشانی کرد، “دوژمنانی ئێمه‌ له‌ دژی ئێمه‌ یه‌کده‌گرن، ئایا ئێمه‌ بۆ یه‌کنه‌گرین؟ هیچ پاساوێک بۆ ئه‌مه‌ نییه‌، ده‌بێ کۆتایی به‌ پاساو بێنین و چاره‌سه‌رییه‌ک بدۆزینه‌وه‌.”

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە