كشانەوەی ئەمریكا لە سوریا

Friday, 21/12/2018, 13:46


گۆشەی یەكەم:
یەكێك لە دەرهاویشتە مەترسیدارەكانی كۆتایی شۆڕشی ئەیلول(1974)، دروستكردنی دۆخێكی دەرونی بوو لای تاكی كورد، كە هەركاتێك دەوڵەتێكی بەهێزی جیهانی، یان ئیقلیمی، وازی لە كۆمەك‌و پشتیوانی كورد هێنا، ئەوا لەروی مەعنەوییەوە یەكسەر وا دەزانین دنیا كۆتایی پێدێت‌و شەوی تاریك دەست پێدەكات. بەداخەوە ئەم دۆخە دەرونییە هەتا ئێستاش بە تۆخی لە لای ئێمەی كورد ماوە.
وەك بڵێی شۆڕشمان پێ نەكرێت، ئەگەر دەوڵەتێك یان هێزێكی جیهانی لە پشتمان نەبێت، هەرچەندە ئەمە رەهەندی جیۆسیاسی‌و جیۆپۆلەتیك‌و جوگرافی خۆی هەیە، چونكە كوردستان شوێنێكی پڕ لە نەخشەو پلان‌و زەوی پڕ ململانێیە لەم بارەیەوە، بەڵام ئەمە بابەتی ئێستای ئێمە نیە لەم وتارەدا.
گەلی كورد بەهەموو شێوەیەك دەبێت ئەم دۆخە دەرونیە تێك بشكێنێت.
،،
یەكێك لە پێشهاتەكان ئەوەیە ئەمریكاو چەندین دەوڵەتی دیكە، توركیا وەك صەدام مەست دەكەن، پەلاماری پێ دەدەن، دوایش هەر خۆیان لەناو ئەنجومەنی ئاسایش بڕیارێك بەناوی ناوچەی ئارام‌و پاراستنی كەمایەتیەكان‌و یان باكورو‌و رۆژهەڵاتی فورات دەردەكەن‌و سوریاو توركیا‌و روسیایش دەخەنە ناو تەڵەیەكی گەورەوە، وەك ئەوەی دوای كشانەوەی ئەمریكا بەهۆی هێڵی سی‌و شەش بە عێراقیان كرد

گۆشەی دووەم:
دوو ئەزمونی كشانەوەی ئەمریكا:
یەكەم:
ساڵی (1991) ئەمریكا كوێتی لە چنگی بەعس دەرهێنا، بەڵام نەهاتە ناو بەغداو پاشەكشەی كرد، ئەمەش صەدام حوسێنی مەست كردو هەوای پەلاماردانی كوردو شیعەی گرت، ئەوەبوو، كۆڕەو كرا، ئەمریكا گەڕایەوەو لەناو ئەنجومەنی ئاسایش پشتیوانی دروستكردنی هێڵی سی‌و شەشی كرد بۆ كورد لە عێراق، بەم فۆرمە گەڕایەوە؟.

دووەم:
 زۆری بەسەر نەچووە، لەم رۆژانە بوو كە باراك ئۆباما گوتی ئەگەر دەربچم بەسەرۆكی ئەمریكا، تەواوی هێزەكانمان لە عێراق دەكشێنینەوە، ئەوكات دەنگۆیەكی زۆر گەورە دروست بوو كە بەعسیەكان دەگەڕێنەوە، ئێران بەتەواوی دەست بەسەر عێراقدا دەگرێت، توركیا دێت، كورد دەخورێت...ئیدی دنیایەك سیناریۆی دیكە، ئەوەبوو ئۆباما هات‌و تەواوی سەربازەكانیشی لە عێراق كشاندەوە، بەڵام چی روویدا؟ داعش هات، عێراق كەوت، بەئێرانیشەوە؟؟ هاواریان كرد بۆ گەڕانەوەی ئەمریكا، هاتەوە.
بۆیە دەشێ بڵێم كشانەوەی تەواوی ئەمریكا لەسوریا، مانای گەڕانەوەیەكی بەهێزیەتی بۆ سوریا.

گۆشەی سێیەم:
توركیا پەلاماری عەفرینی دا بە بیانوی تیرۆرو مەترسی ئاسایشی خۆی، توركیا ئێستا هەڕەشە دەكات بۆ داگیركردنی رۆژهەڵاتی فوڕات‌و رۆژئاوای كوردستان، هەر بەبیانوی ناسەقامگیری سنورەكانی‌و داعش‌و تیرۆر؟؟.بەڵام كاتێك ئەمریكا بەفەرمی لەسوریا دەكشێتەوە، شتێكی گرنگ روو دەدات، ئەویش گۆڕینی ناونیشانی شەڕەكەیە، لە ناوی شەڕی داعش، ئیدی ناونیشانی هەرە زیندوو(دەستپێكردنی شەڕی كوردو توركیا) یە، بۆیە ئێستا كە ئەمریكا دەكشێتەوە مانای وایە داعش مەترسی گەورەی نەماوە، كە توركیا هێرش بكات، مانای وایە پەلاماری كورد دەدات، پرسیار ئەوەیە توركیا رۆژئاوای كوردستان داگیردەكات‌و نقەی لێوە نایەو وەك ئێستای عەفرین دەبێت،؟ بۆچونم وایە نەخێر.
بەڵكو یەكێك لە پێشهاتەكان ئەوەیە ئەمریكاو چەندین دەوڵەتی دیكە، توركیا وەك صەدام مەست دەكەن، پەلاماری پێ دەدەن، دوایش هەر خۆیان لەناو ئەنجومەنی ئاسایش بڕیارێك بەناوی ناوچەی ئارام‌و پاراستنی كەمایەتیەكان‌و یان باكورو‌و رۆژهەڵاتی فورات دەردەكەن‌و سوریاو توركیا‌و روسیایش دەخەنە ناو تەڵەیەكی گەورەوە، وەك ئەوەی دوای كشانەوەی ئەمریكا بەهۆی هێڵی سی‌و شەش بە عێراقیان كرد؟.
دەشێت هەر خۆیان مەیدانەكە بۆ توركیا چۆڵ بكەن، بڵێن فەرموو كورد بكوژە، كوردستان داگیربكە، وەرە ناو سوریا..
بەڵام دوایی توند قوڕگی بگرن. مادام ئەزمونی لەمجۆرە هەیە دەشێت قەناعەتێك بەم گۆشەیە بكەین. ئەمە لەبەر خاتری چاوی جوانی كورد نیە، بەڵكو ئەردۆغان‌و ستافەكەی قاچیان زۆر لەبەڕەكەی خۆیان راكێشاوە.
،،
نابێت بڕیاری كۆتایی بدەین، لەسەر خیانەتی ئەمریكا لە بەجێهێشتنی كورد بەتەنیا لەناو گەلەگورگی ناوچەكە، واقیعییە ئەگەر بڕوامان بەوە بێت، هێزە نێودەوڵەتیەكان رێگا نەدەن قەسابخانەی كورد دروست بێت، چونكە ئاسایش‌و بەرژەوەندی خۆیان وا دەخوازێت، هەر زوو بەریتانیا رەخنەی لەم بڕیارە گرت، ئیسرائیل دژ بوو، ئەوروپیەكان مەترسیان هەیە.

گۆشەی چوارەم:
روسیا زۆر بە دوورخستنەوەی توركیا لە ئەمریكا ماندوو بووە، چاوپۆشی زۆری لە كردەوەكانی توركیا كرد، هەموو هەوڵێك دەدات توركیا ببێتە هاوبەشێكی ستراتیژی بۆ روسیا، هەر بۆ نمونە سیستەمی موشەكی ئێس 300 دەفرۆشێتە توركیا، كە ئەمریكای زۆر هەراسان كردووە. لەهەموو بابەت‌و سیناریۆو سیاسەتەكانی ناو سوریا، روسەكان دەستی توركیایان راكێشاوەو كورسی گرنگیان داتەوە توركەكان، بۆیە كاتێك توركیا موشەكی پاتریۆت لەئەمریكا دەكڕێت، كاتێك لە ئەمریكا نزیك دەبێتەوە، روسیا ئەگەر هیچ نەكات، خۆ دەبێت ئەوەی چەندین ساڵە لە سوریا بۆی تەنازوول كردووە، لێی وەربگرێتەوە. بۆیە نزیك بونەوەی ئەمریكاو توركیا، دەرفەت دروست دەكات، ئەمجارە كوردو روسیا لەیەكتر نزیك ببنەوە، توركیا ناتوانێت هاوسەنگی ئەمریكاو روسیا بەمجۆرەی ئێستا رابگرێت، روسیا لە توركیا قبوڵ ناكات تەواوی رۆژهەڵاتی فوڕات‌و باكوری سوریا داگیربكات‌و هەیمەنەی گەورەی خۆی دروست بكات، ئەوەی لە عەفرین بۆی كرد، بۆ خاتری ئەوەبوو لە ئەمریكا دووركەوێتەوە، بەڵام كاتێك دەچێت موشەكی پاتریۆتی ئەمریكی دەكڕێت، مانای پێچەوانە بونەوەی هاوكێشەكانە، ئەمەش دەرفەتی ئەوە دەداتە كورد لەسوریا بەهۆی روسەكان زەبر لە توركیا بوەشێنێت‌و بەرگری بكات، بە كۆمەكی روسەكان. ئەمەش بەرژەوەندی روس دروستی دەكات، نەوەكو چاوی جوانی كورد؟؟.

گۆشەی پێنجەم:
سەرچاوەكانی ناو كۆشكی سپی، ئاماژە بەوە دەكەن، كە تەواوی راوێژكارەكانی كۆشكی سپی، جۆن بۆڵتۆن راوێژكاری ئاسایشی ئەمریكا، زۆرێك لە ژەنەڕاڵ‌و ئەفسەرەكان، زۆرێك لە گۆنكرێسمانەكان، زۆر دژی ئەم بڕیارەی سەرۆك ترەمپن، ناكۆكی زۆر لەم بارەیەوە هەیە، ئەمەش دۆخێكی هەستیار دروست دەكات، كە كورد لەسوریا هەوڵ بدات، ئەم دۆخە هەستیارەی ئەمریكا باش مامەڵە بكات، لانی كەم مانەوەی ئەو هێزانەی كە بڕیاربوو ناوچەیەكی ئارام لەنێوان تورك‌و كورد دروست بكەن لەرۆژئاوای كوردستان.
واتە نابێت بڕیاری كۆتایی بدەین، لەسەر خیانەتی ئەمریكا لە بەجێهێشتنی كورد بەتەنیا لەناو گەلەگورگی ناوچەكە، واقیعییە ئەگەر بڕوامان بەوە بێت، هێزە نێودەوڵەتیەكان رێگا نەدەن قەسابخانەی كورد دروست بێت، چونكە ئاسایش‌و بەرژەوەندی خۆیان وا دەخوازێت، هەر زوو بەریتانیا رەخنەی لەم بڕیارە گرت، ئیسرائیل دژ بوو، ئەوروپیەكان مەترسیان هەیە.

جۆن بۆڵتن
یەكێك لە راوێژكارەكانی كۆشكی سپی گوتی: كشانەوەی ئەمریكا لە سوریا لێدانە لە هاوپەیمانیەتی عەرەبی - ئەمریكی، عەرەبەكان نایانەوێت ئێران‌ و توركیا كەڵەگای ناو سوریا بن، چونكە پانتایی جیۆسیاسی خۆی هەیە كە هەڕەشەی راستەوخۆن بۆ ئەمنی عەرەب. ئەمەش گۆشەیەكی دیكەیە، كە قسە زۆر هەڵدەگرێت.
،،
ئیرادەی كورد نابێت تێك بشكێت، دوای كۆڕەوی گەورەی كورد، كیانی كوردی لەدایك بوو كە كەس چاوەڕێی نەدەكرد. كەواتە وەك چۆن رابردوو نەتواینەوە، داهاتوش بەردەوام دەبین.

گۆشەی شەشەم:
كورد كارەكتەرێكی نا دەوڵەتیە، گروپە، دەوڵەت نیە، كیانی فەرمی نیە، وەك نوێنەری ئەمریكا بۆ كاروباری سوریا وا وەسفی كردین، كە گوتی. مامەڵەی ئێمە لەگەڵ ئەم گروپە نا دەوڵەتیانە، تاكتیكیە، هەر كاتێك ئیشمان پێ نەمان، وازیان لێ دەهێنین‌و دەوڵەتێكی بەهێزی وەكو توركیا بەمانە ناگۆڕینەوە. ئەمە راستە..
بەڵام جێگای باوەڕ نیە بۆ كورد، لەبەرچی؟ بۆ نمونە ئێستا جەنگەكانی ناوچەكەو جیهان، یان بڵێم سیاسەت گروپە نا دەوڵەتیەكان دەیكەن‌و ئەنجامی دەدەن، حوسیەكان لەیەمەن، حزب اللە لە لوبنان، حەشدی شەعبی لە عێراق، بەرەی نوصرەو شام لە سوریا، پەیەدەو سوریای دیموكرات لە سوریا، لەهەموشی گرنگتر داعش، داعش گروپێكی نادەوڵەتی بوو كە ئەمریكاو جیهانی هێنایە سەرخەت، بۆیە گروپە نا دەوڵەتیەكان زۆر گرنگن‌و ئەمریكا راست ناكات، گەلی كورد لەسوریا بەمجۆرە سیاسەتانە نابێت مەوقیعی گرنگی خۆی لە بیر بچێت.
بەمجۆرە بێت كە ئەمریكا سوریا جێبهێڵێت، توركیا بێتە ناو خاكی رۆژئاوای كوردستان، هەمان مانای هەیە، چۆن؟ چۆن سەربازەكانی ئەمریكا بۆ دەوڵەتی سوریا بیانین، سەربازی توركیش بیانین، هەر دەبێت لەناو سوریا بڕۆنە دەرەوە.

گۆشەی حەوتەم:
راست ناكەین ئەگەر بڵێین كشانەوەی ئەمریكا لە سوریا، كاریگەری مەعنەوی‌و دەرونی لەسەر كورد نابێت، وەك لە گۆشەی یەكەم رونم كردەوە، بەڵام شتێك هەیە هێز دەبەخشێتە من، ئەویش لێدوانی بەرپرسانی رۆژئاوای كوردستانە، كە ساڵانی رابردووش هەمیشە گوتویانە تەنها پشت بە گەلی خۆمان دەبەستین‌و دەزانین روسیا‌و ئەمریكا تاسەر دۆستی ئێمە نین، تەنها گەل سەرچاوەی پشتیوانیە، بەس كێشەكە ئەوەیە ئایا ئێمەی كورد بەرگەی ئەم هەموو چەك‌و چۆڵ‌و فڕۆكەو سوپا‌و دەوڵەتە دەگرین، لەلایەك هەڕەشەكانی توركیا، لەلایەك گورگەكەی دیمەشق كە بەردەوام نكۆڵی لە بونی جوگرافیاو كیانی كوردی دەكات لەناو سوریا؟؟ ئیرادەی كورد نابێت تێك بشكێت، دوای كۆڕەوی گەورەی كورد، كیانی كوردی لەدایك بوو كە كەس چاوەڕێی نەدەكرد.
كەواتە وەك چۆن رابردوو نەتواینەوە، داهاتوش بەردەوام دەبین.
من دڵنیام گۆشەی دیكەش لە داهاتوو لەسەر پرسی كورد، لەسوریا‌و عێراق‌و توركیاو ئێران، زۆر دێنە ناو باس و خواسەوە، جارێ ئەمە با سەرەتایەك بێت.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە