Thursday, 20/12/2018, 14:27
هەرچەند جارێ زووە قسە کردن دەربارەی بڕیاری سەڕۆکی ئەمریکا ترامپ، لە کشانەوەی هێزەکانی لە سوریا، بەهۆی ئەوەی ئەزموون سەلماندویەتی کە ترامپ چەند جارێک بڕیاری خۆی دەربارەی زۆر بابەتی جیا لە میدیاکان و تویتەری خۆی بڵاوکردۆتەوە و دواتر لێیان پاشگەز بۆتەوە، وەکو لە مانگی چواری ئەمساڵدا ترامپ هەمان بڕیاری دا و لە میدیاکاندا بە ڕاشکاوانە ڕایگەیاند، کە ئەو پابەند دەبێت بە بەڵێنەکانی کە لە کاتی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکان بە ئەمریکییەکانی داوە و هەڵوێستی کۆتایی ئەو ئەوەیە، کە هێزەکانی لە سوریا دەکشێنێتەوە، وێرای ئەوەش دواتر هەر زوو خۆی لەو بڕیارە پاشگەز بۆیەوە. خاڵێکی دیکەش ئەوەیە کە جارێ ڕوون نییە کە ئەمریکا دەیەوێت بۆ هەڵمەتی دژ بە داعش ڕاوێژکارە سەربازییەکانی لە سوریا بۆ کوێ بگوازێتەوە ئایا لە ئوردن نیشتەجێیان دەکات، یان تەنیا لە عیراقەوە سەرپەرشتی شەڕی داعش دەکات؟ یان ئەوەتا ئەمریکا ئەو هێزە ئاسمانیە بەکار دەهێنت، کە بنەکەکەی لە دەریای ناوەڕاستە؟
بە هەر حاڵ دوژمنان و میدیاکانیان خۆیان لە گەڵێک ڕاستی دەدزنەوە و وای دەردەخەن کە کشانەوەی ئەمریکا لە سوریا بە پلەی یەکەم کوردی لێ زەرەرمەند دەبێت!
ئەگەر خوێندنەوەی وورد بکەین بۆ ڕووداوەکان و واقیعی سیاسیی ناوچەکە، ئەوا بۆمان دەردەکەوێت کە ئەمریکا زەرەرمەند و شکەست خواردووی یەکەمە لە بڕیارەکەی ترامپ بە کشانەوەی هێزەکانی لە سوریا کە تەنیا ژمارەیان ٢٠٠٠ کەس دەبێت. بۆ؟
یەکەم، بەگوێرەی لێدوانی ڕاوێژکارە سەربازییەکانی ئەمریکا لە سوریا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کە چەند جارێک لە ڕابردوویەکی نزیکدا لە میداکاندا بڵاوبۆیەوە کە ئەوەیەش ئەوەبوو، کە هێشتا هەڵمەتی دژ بە داعش کۆتایی نەهاتووە، واتە داعش هێشتا لە ناوچەکدا بە تایبەتی لە سوریا و عیراق هەن، جەنگ و هەڵمەتی دژ بە داعش لە قۆناغێکی دیەکە دایە، بەڵام کۆتایی ناهاتوە. کەواتە لێداونەکەی ترامپ و ڕاگەیاندنی سەرکەوتن بەسەر داعشدا لە ڕاستی بە دوورە، کە ئەمە دەبێتە هۆکاری ئەوەی کە ئیتر خەڵک متمانەی بەو زانیاریانە نەمێنێت کە ئەمریکا بڵاوی دەکاتەوە بە تایبەتی لەلایەن کەسێکی وەک ترامپ کە سەڕۆکی ئەمریکایی بەهێز و گەورەی دنیایە.
دووەم، لە سەرەتادا ترامپ، چەند جارێک ڕایگەیاند، کە ئەوان تا ئەو کاتە لە سوریا دەمیننەوە کە هیچ هێزێکی بیانی لەو وڵاتەدا نەمێنێت، بە تایبەتی ئیران کە یارمەتی حزبوڵای لوبنانی دەدا دژ بە ئیسرائیل، دواتر گوتی ئەوان تا ئەو کاتە لە سوریا دەمێننەوە کە ئاشتی و ئاسایش لە سوریا بەرقەرار بێت و حکومەتێکی سەربەخۆ لە دیمەشق دەست بەکار بێت، بەڵام هەنوکە هیچ یەک لەو ئامانجانەی ئەمریکا نەهاتۆتە دی وێرای ئەوەش بە سوک و ئاسانی دەیەوێت سوریا بەجێ بهێلێت.
سێەم، لە ململانێکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بە تایبەتی لە سوریا جگە لە کورد، چەند لایەنێکی سەڕەکیی هەن کە ڕۆڵیان هەیە لە ململانێ و ناتەبایی و کێشمەکێشمەکان وەک ڕوسیا، تورکیا، ئیران، ئەسەد، ئیسرائیل، یەمەن، لبنان، سعودیە و تا دەگات بە گروپ و هێزی چەکداری نافەرمیی و میلیشیاکانی سەر بە زلهێزەکانی دنیا و ناوچەکە. کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا کاردانەوەی خراپی دەبێت لەسەر بەرژەوەندیی هاوپەیمانەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بە تایبەتی لەسەر ئوردن و سعودیە کە پشتیوانی لە سونەکان دەکەن لە سوریا. کشانەوەی ئەمریکا لە سوریا دەبێتە هۆکاری ئەوەی لە سوریا ئەمریکا هیچ کارتێکی بەهێزی بە دەستەوە نەمێنێت دژ بە ڕوسیا و ئەو قورسایەی نەمێنێت بۆ سەپاندنی مەرجەکانی لە پشکی دوای تەواوبوونی جەنگ، هەروها کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سوریا کاردانەوەی دەبێت لەسەر هەژموونی ئەمریکا لە عیراق، یەمەن، لبنان و سعودیە کشانەوەی ئەمریکا لە سوریا دەبێتە هۆکاری لاوازبوونیان لە هەڵمەتیان دژ بە ئیران و لە عیراق تاران لە جاران بەهێزتر دەبێت.
چوارەم، دوژمانیەتی و بەربەرەکانێی ئەمریکا و ڕوسیا لە سوریا لە پێناو بەرژەوەندیەکانیان لە هەموو ناکۆکییەکانی دیکە گرنگترە و هاوسەنگترە، بەهۆی ئەوەی دوو زلهێزی جیهانی لە زۆرانبازێدان لە سوریا، بە کشانەوەی ئەمریکا لە سوریا مانای وایە ئەمریکا لە زۆرانبازێکەدا دۆڕا و سەرنەکەوتنی سیاسەتەکانی ئەمریکا نیشاندەدا، بەڵام بە پێچەوانە توانای ڕوسیا لە هەڵسسەنگاندن و ئیدارەدانی ڕووداوەکان لە سوریا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەردەبڕێت و ترامپ سوریای بۆ ڕوسیا و ئیران و تورکیا بەجێ دەهێڵێت.
پێنجەم، کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا مانای سەرکەوتنی داعش و ئیران و ڕوسیا و ئەسەدە بەسەر ئەمریکادا. لە کاتێکدا ئەمریکا لە سەرەتای جەنگەوە داوای لابردنی ئەسەدی دەکرد کەچی ئەمڕۆ لە بەرامبەر سەڕۆکێکی بەزیوی وەک ئەسەد، ڕادەکات! کە ئەمە ئەمریکا بیەوێت یان نەیەوێت شکاندنی شکۆمەندی ئەمریکایە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
شەشەم، کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سوریا ڕیگە خۆش دەکات بۆ ئیران و ڕوسیا و تورکیا کە کۆنتڕۆڵیان لەسەر داڕشتنی پەیکەری ئابووریی و سەربازیی ئەمریکا هەبێت لە سوریا کە ناوچەیەکی ستراتیژی بەهێزە. کشانەوەی ئەمریکا لە سوریا مانای بەجێهێشتنی بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی ئەمریکایە لەژێر ڕەحمەتی ئیران، ڕوسیا و تورکیا.
حەوتەم، ڕاڕەوی شیعی و دروستکردنی هیلالی شیعی. هێزەکانی ئەمریکا لە ئەلتەناف هەن کە دەکەوێتە سەر سنووری ئوردن، سوریا و عیراق، کە ڕاڕەوەیەکی ئاسانە بۆ هاتنە ناوەوەی هێزە شیعەکانی سەر بە ئیران بۆ سوریا و لەو خاڵەدا ئەمریکا ڕێگری دەکرد لە ئیران لە پەڕاندنەوەی هێزە شیعیەکان و چەک و تەقەمەنی و موشەک بۆ حزبوڵای لبنانی، هەروها مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لەو ناوچەیە ڕێگربوو لە هاتوچۆی هێزی پاسەوانی کۆماری ئیسلامیی وەک هێزی قودس لە سنووری ئوردن بۆ سەر سنووری ئیسرائیل. بە کشانەوەی ئەمریکا لەم ناوچانە ڕێگە خۆش دەکات بۆ دروستکردنی هیلالی شیعی و بەهێزبوونی حزبوڵا هەڵکشانی ناتەبایی لە نێوان قەڵای سونە و شیعە لە ناوچەکە.
هەشتەم، گەلێک بیرۆکەی ئەمریکای هەبوون، کە لە میدیاکاندا بڵاودەکرانەوە، وەک بوون بە چاودێر لەسەر سنووری نێوان تورکیا و کوردەکان. دامەزراندنی هێزی عەرەبی و سوپای کوردی، کە لە سەرەتای جەنگی سوریاوە ئەمریکا دۆڵ بۆ ئەو بیرۆکانە دەکوتێت، بەڵام بە کشانەوەی لە سوریا نادیارە چارەنووسی ئەو بیرۆکانە بەرەو کێ دەڕوا یان هەر لە سەرەتاوە ئەم جۆرە بیرۆکانە تەنیا دڕۆ و دەلەسە بوون دەکران و کە مایەی شەرمەزاریین بۆ ئەمریکا.
نۆیەم ، کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سوریا، زڕاندنی ناوبانگی ئەمریکایە بەرامبەر بە هەڵوێستەکانی لەگەڵ هاوپەیمانەکانی لە سوریا، کە بە پلەی یەکەم کوردەکان بوون کە بە هەموو توانایەکیان بەشداریان لە هەڵمەتی دژ بە داعش کرد، ئەمڕۆش ترامپ دەیەوێت بە تەنیا بە جێیان بهێلێت و ڕووبەڕووی جەنگ بن بەرامبەر بە سوپای تورکیا. مەترسی ئەمە بۆ ئەمریکا لەوەدایە کە کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان وبخرێنە ژێر فشاری ئیران و ڕوسیا، کە لە ئەنجامدا ڕەنگە ئەوانیش، لەبەرەی ڕوسیا خۆیان بدۆزنەوە کە ئەمە لە بەرژەوەندیی ئەمریکادا نییە دۆست و هاوپەیمانیەتیەکی وەک کورد لە ناوچەکە لە دەست بدات.
لە کۆتاییدا دەبێت ئەوە بگوترێت، ڕۆشتنی ئەمریکا لە سوریا بۆ کوردانی ڕۆژئاوا کۆتایی دنیا نییە، کشانەوەی ئەمریکا چەند بۆ کورد زیانی هەبێت دە بەرابەر بۆ لایەنەکانی دیکە زەرەرمەندە. کشانەوەی ئەمریکا لە سوریا، بار و دۆخێکی دیکە لە ناوچەکە دروست دەکات، گۆڕانکاری بەسەر هاوکێشە و نەخشەی سیاسیی دەهێنێت و کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سوریا بە پلەی یەکەم لە زەرەری خۆیەتی. بەهێزکردنی شیعە لە سوریا. بەجێهێشتنی جەنگێکی چاوەڕێکراو لە نێوان هەموو لایەنەکان، بە تایبەتی هەڵکردنی فیتیلەی جەنگی نێوان قەڵای شیعە و سونە لە ناوچەکەدا کە سعودیە و تورکیا خۆیان بە خاونبوونی شای سونە هەژمار دەکەن و لە ئەنجامدا ناکۆکییەکانیان زیاتر قوڵ دەبێت بۆ بوون بە شای سونە. لە ئاکامدا بار و دۆخ و هەلی دیکە بۆ کورد دێتە پێش، کە دەتوانێت یاریەکە بە جۆرێکی دیکە بکات، جگە لە شەڕی پارتیزانی خۆی بپارێزێت لە ڕووبەڕووبوونەی ڕاستەوخۆی سوپای تورکیا، ئەو جۆرە شەڕە بۆ ئەسەد و ڕوسیا و ئێران جێبهێڵێت، کە بە دڵنیاییەوە دوای ئەمریکا شەڕی دەسسەڵات و بەرژەوەندیی لە نیوانیاندا سەرهەڵدەدا و هەر یەکە خوازیار دەبێت ئەویتر دەرپەڕێنێت.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست