زەردەکانی ئەوان و زەردەکانی ئێمە
Thursday, 20/12/2018, 0:44
ڕۆژگار هات و ڕۆژگار ڕۆی گەلی فەرەنسا بۆ جارێکی تر جیهانی سەرمایەداری هەژاند، گەر جاری یەکەم وویستبێتیان تەنها سیستمی فەرەنسا بگۆڕن، ئەوا ئەم جارە پەیامێکی سەرتاپاییان دا بە گوێی (داڤۆس)یەکان ،گەر گوێ نەگرن و بەخۆدا نەچنەوە،ئەوا چۆن لویسی پادشایان تووڕدا، ئەوا چارەنووسی هەموو(G7, G10)بەهەمان شێوە کۆتایی دێ.
لەوێ ڤێست زەردەکان ئاوها بەرانبەر نایەکسانی و نادادپەروەری کۆمەڵایەتی و زۆری باج لەسەریان کڵپەی ڕاپەڕینیان هەڵکرد و خەریك بوو ووشك و تەڕ پێکەوە بسووتێنن.تا فەرمانڕەواکانی ئەوێ هاتنە سەرخەت و چەندین ڕیفۆرم و چاکسازیان ڕاگەیاند تا هەرچیەك بێ ئەم جارە چانسێکی تر وەربگرن و خۆیان لە تووڕەیی خەڵك ، بپارێزن.
گەلی زیندوو ئاوها بەرخوورد لەگەڵ دەسەڵاتدا ئەکا و ئامادە نیە لەمافەکانی خۆی خۆش بێ، ناکرێ باج لەسەر هاوڵاتی زیاد بکرێ و مووچەکەی وەك خۆی بێ وەیان ئاستی ژیانی دەست کاری نەکرێ،، هەروەك چۆن دەسەڵات بودجەی ساڵانەی هەیە، بەهەمان شێوەش هاوڵاتی سادەش خاوەنی بودجەی تایبەتی خۆیەتی و ناتوانێ سنوور ببەزێنێ،واتا باڵانسی دەوڵەوت هیچ لە باڵانسی هاوڵاتی جیاواز تر نیە و هەردوو لا ئەبێ پەیوەست بن پێوەی.
ئەو کاتەی جل زەردەکانی ئەوان لەخەمی هەژارانی جیهان دان، شۆڕشی هەژاران ئەکەن، ڕاپەڕینی هەموان ئەکەن،ووتەی دڵی هەموو شۆڕشگێڕان ئەڵێنەوە،خەونی سك گووشراوەکان ئەهێننە دی،ڕەنگ و جل زەردەکانی ئێمە بوونەتە یاساوڵی تەنکەر و نەوتی دزراوی نیشتمان، بوونەتە پارێزەری شەوانی سووری بەرپرسە دزەکان،شەو و ڕۆژیان خستۆتە سەر بۆ داپڵۆسینی دەنگە ناڕەزاییەکان، هەناسە بڕکێیانە بەدوای لاوە بێ کار و بێ لانەکانی نیشتمان بۆ ئەوەی تیرۆریان بکەن، جاسوسی تفەنگەنیان هەردەم ئامادەیە بۆ لارکردنەوەی جەستەی بێهێزی لاوی نیشتمان کاتێ داوای مافی خۆی و ئەویش ئەکا،هەرگیز سڵ ناکاتەوە لەوەی ببێتە سێبەری دوژمنان بۆ سەر بزاووت و شۆرشگێڕانی ووڵات، کون بە کون ئامادەیە و کەوا زەردی پێش دوژمنانە دژ بەگەلەکەی خۆی. جل زەردەکانی ئێمە نمونەی مرۆڤی ناشرین و قێزەوەنن کە هی ئەم سەردەمەی مرۆڤایەتی نین و جگە لای ئێمە ، لە هیچ شوێنێک نمونەیان نەماوە.
جل زەردەکانی ئێمە مۆڕە لەهاوڵاتی برسی و مامۆستای بێ مووچە و نانەوای بێ دەرەتان ئەکەن و پڕ شەقیان ئەکەن، جل زەردەکانی ئێمە موویان لەئاست فارس و تورکە داگیرکەرەکان ئەوەندە نەرمە هەر خەریکە بتوێنەوە.. کەچی تووڕە و خوێن گەرم و کەلە ڕەق لەئاست کوردی نیشتمان دزراودا.. ئەم جل زەردانەی ئێمە جگە لە پاسەوانی جامانە سوور و خۆچەمانەوە بۆ جەندرمە و پاسدار هیچی تریان پێناکرێ.
دەبا مرۆڤی ئێمە خۆیان کۆبکەنەوە و خۆیان ڕێك بخەن و جل زەردەکانی ئەوان بەرز بنرخێننن و جل زەردەکانی ئێمەش ڕەوانەی زڵبڵدانی مێژوو بکەن.گەلی ئێمە هیچی لەگەلی فەرەنگیەکان کەمتر نیە و توانای هەیە ڕۆمەت بۆ هاوڵاتیبوونی خۆی،بگێڕێتەوە.هاوڵاتی ئێمە ئەبێ باش بزانن بەبێ تێك شکان و تەفروتوناکردنی ڕەنگ سەوز وجل سەوزەکان ، مەحاڵە بتوانن بگەنە ئامانج. پێوستە ئەوە بزانن کەئەم ڕەنگ سەوزانە پارێزەری یەکەمی ڕەنگ زەردەکانن.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست