کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


دیسانەوە مردن کۆمان دەکاتەوە

Sunday, 16/12/2018, 0:21


بەم نووسینەی نزار سابیر ئەرشیفی د. جەمال نەبەز  لە کوردستانپۆست دادەخەین، وەک ماڵئاوایی لێکردنێکیش، کە دوا نووسین دەبێت لە ناو ئەرشیفەکەدا.
-----------------------------

نزار سابیر: دیسانەوە مردن کۆمان دەکاتەوە
کاتێک هەواڵی مردنی جەمال نەبەزم خوێندەوە، بۆ تاوێک دڵم گوشرا. مێژووی پیاوەکە و بۆچونە سیاسي و زمانەوانيیەکانی، هەروەها قسە و گفتوگۆی یادەوەريیەکی کورتی شەخسي لەگەڵ ئەودا خێرا بەبیرمدا بروسکەیان کرد. مەیلێکی گران دایگرتم هەرچۆنێک بووە شتێکی لەسەر بنووسم. بەڵام ئەمجارەیان خراپتر دڵم گوشرا. لەپڕ بیرم کەوتەوە چەند ناجیاوازم؛ چەندە کۆپيی ئەو عەوامە کوردەواريیەم، کە لەوەتەی بەبیرم دێ گلەیي‌ ئەوەی لێدەکرێ کە “زیندووگێی مردووپەرست”ە. ڕکم لەخۆم بۆوە و ڕکم لە بیرۆکەی لەسەر نووسینەکە بۆوە. دوایي گوتم، لەعەوام بچم باشترە وەک لەوەی لەهیچ نەچم؛ بۆیە ئەوەتا کەوتمە نووسین.
بەڵام ڕکبوونەوەم لەخۆم، کە چەندە لەو زەلکاوی مردووپەرست‌یەدا ڕۆچووم و ئاگام لە خۆم نییە؛ ڕکبوونەوەم لەو کولتوورە، کە ئەوەندەی، بلەی شاعیر گوتەني، دەژي بۆ مردن، نامرێ بۆ ژیان، ئەوەندە هەست و هۆشی داگرتبوم، حەزم کرد جارێ بەر لەوەی بچمەوە سەر جەمال نەبەز، تاوێک لەسەر کولتوورەکە خۆی بوەستم. پرسەکە ئەوە نییە، ئەم نووینە چەپەکە خاکيیە چ ڕۆڵێکی لەژیانی جەمال نەبەزدا دەگێڕا ئەگەر زیندوو بووایە. پرسەکە ئەوەیە، بۆچي دەبێ دواجار مردن شەفاعەت و پاکانە بۆ بەسەرکردنەوە و ڕێزلێنانی کەسانی گرنگی ناو ژیانمان بکا. دەزانم هەندێک خۆڕاپسکان لەدەست ئەم کولتوورە هەن، چ لەسەر ئاستی شەخسي و چ لەسەر ئاستی دامودەزگایي. دیارە کەم نین؛ بەڵام ئێستا وەک نموونە کتێبی (ئەزموون و کەس)ی ڕێبوار سیوەیلي و ڕێزلێنانی کەریم کابانم لەسلێماني دێنەوە بەرچاو. بەڵام مردنی بێکەسانەی جەمال نەبەز لەبەرلینی غەریبایەتيدا دوای یەک تەمەن بێدەنگبوون لەئاست ئەم پیاوەدا، بیرمان دەخاتەوە، کە لەدنیای ئێمەدا، مرۆڤە گەورەکانی کولتوور و زانست، ئەوانەی کە دەستڕۆیشتوو نین، هەرگیز قەدرگرتنی شایان بەخۆیان بەچاوی خۆیان نابینن؛ هێشتا مردن شامەرجی ڕێزنانە لەزیندووان.
بۆچي مردن ئەوەندە کۆمان دەکاتەوە؟
ئەمە هەر لەخۆگرتنی ئەو گیانە دینيیە قیامەتيیە نییە، کە مەلای پرسەکان لەمزگەوتەکاندا هەمیشە دەیدەنەوە بە گوێماندا: “ئەم دنیایە فانيیە و هەموو لەم ژیانەدا میوانین” و “ژیانی ئەبەدي لەدوای مردنەوەیە”؟ کە لێرە میوان بین، مردن دەبێتە دەرکەی چوونەوە بۆ ماڵی خۆ پێش ماڵی خوا. کە ئەم چونەوەیەیش یەکجاري و یەکجارەکي بێ، لەوە ئاسایيتر هەیە، ببێتە گرنگترین و ڕێزلێگیراوترین ڕوداو  لامان. کاتێک کەسی تازە کۆچکردوو بەسەردەکەینەوە، هەمیشە باشەکانی دەهێڵینەوە و خراپەکانی بەلاوە دەنێین. ئەمە چ فەرقێکی هەیە لە گەڵ شۆردنی مردوودا پێش کفن و دفنی؟ ساوایي و پەککەوتەیي لێ دەرچێ، کێ بێتەماع کێ پاکدەکاتەوە هەتا نەمرێ؟ ئەمە هەر ئەو مەیلە عیرفاني‌یە نییە، کە نەوشیروان مستەفای شۆڕشگێڕ و ڕیفۆرمخوازی ئەم‌دنیاکاری وەک پیاوچاکێکی موبارەک خستە ناو گۆڕەوە، بۆ ئەوەی لە ئەودنیای لەگوناهشۆراوی مردوواندا وەک ساڵحێک ئارامبگرێ، نەک موسڵیحێک؟ ئایا هەموومان لە شوێنێکەوە ئەم دنیایە وەک لەعنەتێکی لەچارەنووسراو نابینین، کە دەبێ بە هەموو گڵاوي‌یەکانی‌دا بە ناچاري ڕاکەڕاک بکەین، بۆ ئەوەی لە کۆتایي‌دا تاتەشۆری مردن لەو چڵکەی دەستی دنیا ئازادمان بکا؟ ئایە ئەم دنیایەمان بێباکانە لە خۆمان نەکردووە بە دۆزەخ لە چاوەڕواني‌ی ئەوەی بەهەشتی مردن دوایي سوکنایي‌مان بداتێ؟ بیر بکەوە چەندە گلەیي‌ت دێتە سەر ئەگەر بەدەنگ تەنگانەی زیندووانی دەوروبەرتەوە نەچیت لەچاو ئەوەی بەدەنگ پرسەی مردووانیانەوە نەچیت. بۆ پیاڕاگەیشتن بە پرسەی مردوواندا لە وڵاتێکەوە دەفڕین بۆ وڵاتێکی دیکە و لاتترین دوورە ناسیاو ئامادەیە پارە بدا بەتەکسي، کەچي ئامادە نین بۆ بەدەنگەوەهاتنی لێقەوماوانی هاوزمانمان لە کاتی زەویلەرزەیەک یان لافاوێکدا یەکی یەک هەزار دینار لە باخەڵ دەربکەین. ئەرێ هەموومان بۆ مردن ناژین؟
ئەوە مردنە کۆمان دەکاتەوە یان ئەوە ژیانە لێکمان دەکاتەوە
یان مەیلی قەدرنەگرتن تا نەمردن ترسێکی شاراوەیە لە تێوەگلان لە دنیای بەربەرەکانێی کەسی هێشتا زیندووەوە؛ ترسە لە قسەی ئەوانی دیکە،؛ خۆپاراستنە لە تۆمەتبارکران بە لایەنگري و ڕەچاوکردنی بەرژەوەندي‌ی شەخسي؛ ترسە لە بێویژداني‌ی کۆمەڵگەیەکی داڕزاو، کە دەستی لە ئینسانی پاک شتووە و لەپشت هەموو جووڵەیەکەوە نیازێکی خراپ سووسە دەکا، کە تەنیا مردن دەیڕەوێنێتەوە.
یاخۆ نەخێر، ئەوە ترسە لە خۆمان؛ لە(خۆ)ی ڕۆحزلمان؛ نەوێرانە بە گرێ سایکۆلۆژي‌یەکانی ناومان، کە لە ترسی پجووکدەرکەوتن، لەبەر ئیرەیي و ڕک، ناهێڵن بە خوێندنەوە و قەدرگرتنی هاوپیشە و هاوبوارەکانمان لەدەرەوەی تەماعی دنیایي بکەوینە خزمەتیانەوە؟ ئاینشتاین وەک فیزیاکارێک لووتبەرزي‌یشی دەخستە ناو هاوکێشەی ماتماتیکي‌یەوە و دەیگوت لووتبەرزي یەکسانە بە ١ لەسەر کۆی مەعریفەی کەسەکە. بەڵام دەروونناسان ئەزموونی منداڵي بە بڕیاردەر دەزانن. ئەوەی ڕوونە، ئینسانی گەورەی لە خۆڕابینیو ئاسانتر بەسەر (خۆ)ی‌دا زاڵە و لە ستاییش و داننان بە توانایي و بەخششی ئەوانی دیکەدا ناسڵەمێتەوە.
یان هەندێ جار ڕەنگە، بە پێچەوانەوە، لەبیرکردنی مردن خۆی ببێتە لەبیرکردنی زیندوو. لەدەستدان خۆی دەبێتە ڕووداوێک قسە هەڵبگرێ. کێمان بیر لە چاوی، پەنجە تووتەی، گێڕی ئوتومبێلەکەی، پردی سەر ڕێگەیەکی، سەلاجەی ماڵەکەی یان شووشەی پەنجەرەیەکی دەکاتەوە، هەتا لە دەستی نەچێ؟ کەس و کار و دۆست و هاوڕێیان و هاوکارانیش بە هەمان شێوە لە ژیانتدا هەن بە بێ ئەوەی بەردەوام بیر لەوە بکەیتەوە لەپڕ نامێنن.
هەیبەتی میتافیزیکا بێ، میکانیزمە خۆپارێزيیەکانی سۆسیۆلۆژیا بێ، گیرخواردنەکانی سایکۆلۆژیا بێ یان لۆژیکی پەیوەندي‌ی هۆش و فیزیا بێ، ڕێزنەگرتن و قەدرنەگرتنی کەسانی وەک جەمال نەبەز بە زیندوویي ئەنجامی تەسلیمبوون و ڕاهاتنە بە کولتوورێک هۆش ناخاتە خزمەتی باشترکردن و بەرزکرنەوەی کواڵیتي‌ی ژیان و پێکەوەژیانەوە.
جەمال نەبەز لە خەیاڵی هەرزەکارێکدا
هەرزەکار بووم کەوتمە کتێب خوێندنەوە و ناوی جەمال نەبەزم بیست. هەر لە سەرەتاوە، پێش خۆی، دوو سیحری دەوروبەری خۆی کێشیان کردم: یەکەمیان ئەوە کە لە ئەوروپا بوو. هەشتاکانی کوردستانی ئێراقی ژێردەستی بەعس زیندانێکی هێندە قایم و دابڕاو بوو لە دنیای دەرەوە، سەیرم لێدەهات و ئیرەیيم دەبرد بە مەولانا خالید کاتی خۆی هیندسیانی بینیبوو. باسی ئەوروپا و پێشکەوتن و دڵکێشيیەکانی وەک باسی ئەودنیا وابوون. ئەوەی کە جەمال نەبەز لە ئەوروپا بوو و دەست پێینەدەگەیشت، هەر لە خۆیەوە پلەیەکی باڵاتری پێ دەدا لە خەیاڵمدا. هەرگیز بە خەیاڵمدا نەدەهات ڕۆژێک دێ خۆم دەپەڕمە ئەوروپا و بەزەییم بە خۆم و جەمال نەبەزدا دێتەوە، کە بۆمان نەلوا لەوڵاتی خۆماندا ژیانێکی سەربەرزانە و سەنگینانە بەرینە سەر. دووەم سیحر دوکتۆراکەی بوو؛ ئەو پیتی (د.)ە بوو، کە دەکەوتە پێش ناوەکەیەوە. هەستکردن بە دواکەوتوویي‌ کورد و دڵ‌ لەخۆدامانی زانستي و مەعریفي لەو تەمەنە ڕواڵەتبازەدا،(د.)ی پێش ناوی خەڵکانی وەک جەمال نەبەز و کەمال مەزهەری تەنیا وەک نیشانەی پلەیەکی بەرزی زانستي نەدەخوێندەوە، بەڵکو هەروەها وەک شانازي‌یەکی نەتەوەیي‌یش – خاني گوتەني “داکو نەبیژتن کو ئەکراد، بێ مەعریفەتن بێ ئەسڵ و بنیاد”. ئەو کاتە هەرگیز بە خەیاڵمدا نەدەهات ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆ دێ، لە نیشانەی (د،) بسڵەمێمەوە و بترسم لەپشتی‌یەوە کەسێکی کەمتوانا و ڕواڵەتباز، بێجگە لە کایەزانستي‌یەکە، دەزگایەکی ئەکادیمي و لێشاوێک خوێندکاری پەرێشان کردووە.
ئەندازیارێکی نەتەوەساز
بەڵام جەمال نەبەز پێویستی بە پلەی ئەکادیمي نەبوو سنگی پێوە دەرپەڕێنێ.  ئەو کوڕی سەردەمێک بوو، خوێندەوارە ڕۆشنبیرەکانی هەستیان دەکرد یەک میللەتی هەتیویان بەسەردا کەوتووە؛ لە خەمی ئەوەدا بوون کورد، وەک منداڵێکی هەتیوی دەرنگ‌زمانگرتووی لە مەکتەب دواکەوتووی گیرخواردووی ژێر چەپۆکی دەرودراوسێ، پێبگەیەنن بۆ ئاستێک مەرجەکانی وەرگرتن لە یانەی “نەتەوەکان” پڕ بکاتەوە؛ خەریکی ئەوە بوون کورد لە کۆمەڵەیەکی ئەتنیکي‌یەوە هەڵبکێشن بۆ بوون بە نەتەوە؛ بۆیە لەپاڵ کاری سیاسي‌دا، دەبوو زمان ڕێک بخەن و پێش بخەن، مێژوو بنووسنەوە و کۆني و ئەسڵزادەیي کورد ئیسپات بکەن، موڵکی داگیرکراوی باووباپیران ساخ بکەنەوە و جوگرافیای کوردستان دەستنیشان بکەن، ڕۆشنبیري و زانست بڵاوبکەنەوە و خەڵکەکە خوێندەوار بکەن، بە داوی کوردایەتي ناوچە و ئەشیرەتە پەرەوازە و لێکدابڕاوەکانی کورد پێکەوە بدروونەوە؛ لە هەوڵی ئەوەدا بوون پێی کورد وەک نەتەوە بخەنە ناو دنیای مۆدێرنەوە.
جەمال نەبەز لە هەموو ئەو بوارانەدا کارا بووە و کەم و زۆر جێدەستی دیارە: لە دامەزرێنەرانی کۆمەڵەی ئازادي‌ و ژیانەوە و یەکێتي‌ی کورد (کاژیک) بووە، کە کۆمەڵەیەکی سیاسي-ڕۆشنبیري بووە. وەک مامۆستا قوتابیانی پێگەیاندووە و لە خەمی ئەوەدا بووە کوردي بکا بە زمانی پەروەردە و زانست و لەم بوارەدا کتێبی (خوێندەواري بە زمانی کوردی، بەغدا ١٩٥٧)‌ی بڵاوکردۆتەوە و هەر لەم چوارچێوەیەدا یەکم کتێبی فیزیای بە کوردي داناوە (سەرەتای میکانیکەکان و خۆماڵەکانی مادە، بەغدا ١٩٦٠). بە (نووسینیی کوردی بە لاتینی، بەغدا ١٩٥٧) هەوڵی دۆزینەوەی دەرگای دیکەی دەدا بۆ نزیکترکردنەوەی کورد لە دنیای مۆدێرنە، کە لاتیني ئەلفوبێی داڕشتنی زمانەکانی بوو. بە (لالۆ کەریم، هەولێر ١٩٥٦) ، کە وەک ناسیۆنالیستێکی مێژووسازیش بیری نەچووبوو ساڵژمێری کوردي‌ی (٢٥٦٨) بخاتە سەر بەرگەکەی، لە پاڵ ناوەڕۆکە کۆمەڵایەتي‌یەکەی‌دا دنیای ژانرە ئەدەبي‌یەکانی کوردی دەوڵەمەند دەکرد. لەڕێی وەرگێرانەوە ئەدەبی ئەوروپي‌ی بە کورد ئاشنا دەکرد (چیرۆکی گەرداوەکە – The Tempst، شکسپیر، بەغدا ١٩٥٥) ، (پاڵتۆ، گۆگۆل، بەغدا ١٩٥٨). لە بواری مێژوودا، بێجگە لە گوتارە زۆرەکانی، بە (میری کورد، میری کۆرە، لە ئاوێنەی سەرچاوە ڕۆژهەڵاتي و ڕۆژئاوایي‌یەکان‌دا – هامبۆرگ ١٩٧٠، بە ئەڵەماني) جگە لە ساخکردنەوە و لێکۆڵینەوەی ئەکادیمیانەی مێژووی ئەمارەتێکی گرنگی سەدەی نۆزدەیەم، بە گیانێکی نەتەوەسازانەوە پاڵەوانێکی دیکەی دەخستە پاڵ پاڵەوانە نەتەوەیي‌یەکانی مێژووی کوردەوە. بە (زمانی یەکگرتووی کوردي) دەیویست ڕێ بۆ پەیداکردنی ڕەگەزێکی نەتەوەیي‌ی گرنگی دیکەی مۆدێرن، کە زمانی ستانداردە، بۆ کورد خۆش بکا.  لە ئەوروپاش، جگە لە خوێندنی بەردەوام و بەدەستهێنانی پلەی بەرزی ئەکادیمي و مامۆستایەتي لە زانکۆکانی ئەڵەمانیادا، لە چالاکي‌ی ڕێکخراوەیي و ئەدەبي و زانستي نەدەکەوت. لە شەستەکاندا لەگەڵ چەند هاوڕێیەکی‌دا یەکێتیی نەتەوەیی خوێندکارانی کوردی دامەزراند، جگە لە نووسینی چەندان کتێب بە ئەڵەماني بۆ ناساندنی زمان و ئەدەب ومێژووی کورد بە ئەوروپا.
مامۆستایەکی ناسیۆنالیست یان ناسیۆنالیستێکی مامۆستا
نەتەوە پڕۆژەیەکە ئەندازیارە ڕۆشنبیرەکان بەردی بناغەی دادەنێن و سەرپێی دەخەن. جەمال نەبەزیش یەکێکە لە ئەندازیارە گرنگەکانی پڕۆژەی نەتەوەسازي‌ی کورد. هەرچەندە جەمال نەبەز کتێبێکی نییە وەک کەتەلۆگ ئەساسەکانی کوردایەتي داڕشتبێ، وەک ئەوەی کە زیا گۆکئالپ (١٨٧٦ – ١٩٢٤) بە کتێبەکەی (ئەساسەکانی تورکایەتي، ١٩٢٣) داڕشتووە. بەڵام کۆی بەرهەمە نووسراوەکانی و ڕاوبۆچوونە ڕاگەیێنراوەکانی و ئاراستەی ژیانی بەسەریەکەوە بایی ئەوەندەن هەندێک کەس زۆرتر بڕۆن و بە تێووري‌داڕێژی ناسیۆنالیزمی کوردي‌ی دابنێن. ناوڕاستی نەوەدەکان، کە لە ئەڵەمانیا گیرسامەوە، لە کەمپی پەنابەران بوومە هاوڕێی خێزانێکی عەفریني‌ی یەکجار کوردپەروەر. باوکی منداڵەکان پیاویكی هێمنی ڕۆشنبیر بوو و یەکێک بوو لە ئەندامانی سەرکرادیەتي‌ی یەکێک لە پارتە کوردي‌یەکانی کوردستانی سووریا و لەدەست داپڵۆسینی ڕاستەوخۆی ڕژێمەکەی ئەسەد هەڵاتبوو، لە گفتۆگۆیەکدا لەبارەی ئایدیۆلۆژیای عەرەبایەتي و ساتع ئەلحەسري‌یەو، وەک یەکێک لە پێشەنگانی ئەو ئایدیۆلۆژیایە، گوتی، ناسیۆنالیزمی کوردي‌یش باوکی ئایدیۆلۆژي‌ی خۆی هەیە و ئەوەتا لە بەرلین، کە جەمال نەبەزە. هەڵبەت دەزانم ناسیۆنالیستەکان هەمیشە لە خەمی ئەوەدان تاقمی مەتبەخی نەتەوەکەیان لە هیچ پارچەیەکی کەم نەبێ، کە نەتەوەکانی دیکە باوە هەیانبێ. ڕەنگە کاک ئەدیبیش وەک مشوورخواردنێک بۆ ئەوەی کوردایەتي‌یش ئایدیۆلۆژیستێکی هەبێ، بڕێک ژوورەڕۆیي کردبێ لە بەخشینی ئەو ڕۆڵە بە جەمال نەبەز؛ بەڵام دەستنیشانکردنی ئەو پیاوە لەلایەن کوردێکی کورمانجي‌زمانی نزیک لە دەریای ناوڕاستەوە بۆ ئەو ڕۆڵە، خۆی لە خۆی‌دا نیشانەی ئەوەیە، جەمال نەبەز هەڵکەوتووترینە بۆ ئەوەی ناسناوێکی لەو جۆرەی پێدا هەڵبواسرێ.
لە ڕاستي‌دا پڕۆژە و تەسەوری جەمال نەبەز بۆ کوردایەتي لە بنەما و هێڵە گشتي‌یەکاني‌دا زۆر جیاواز نەبوو لەوانەی هاوچەرخی خۆی: هەروەک ناسیۆنالیستە ئەڵەمانەکان، تورکەکان، پۆڵۆني‌یەکان، فارس و عەرەبەکان، لە بنج و بناوانی مێژووی کۆندا دەگەڕا بۆ ئەوەی زەخیرەی پێویست بدۆزێتەوە بۆ سەلماندنی ڕەسەني و چیاوازي‌ی ڕەگەزی کورد لە ڕۆژی ئەزەلەوە. لەمەدا ئاینی زەردەشتي‌ی وەک گەنجێکی دەست بۆ نەبراو دۆزیبۆوە. ئەمیش، هەر وەک ئەوان، جوگرافیای نەتەوەی فراوان دەکرد، زمانی پەتي دەکرد، لە پاڵەوانی نەتەوەیي دەگەڕا. جگە لەوە، هەر وەک چۆن زۆربەی تەهوژمە ناسیۆنالیستي‌یەکانی نیوەی یەکەمی سەدەی بیستەم کە لەژێر کاریگەري‌ی گوتاری مارکسي سۆسیالیستي‌دا سۆسیالیزمیان تێهەلکێشی ناسیۆنالیزم دەکرد، جەمال نەبەزیش سۆسیالیزمی تێهەڵکێش دەکرد و بناغەی مێژوویي و دیني‌ی بۆ سۆشیالیزم لە هەناوی کوردایەتي‌دا دەدۆزي‌یەوە. ئەمیش، هەر وەک هەموو ناسیۆنالیستەکانی ئەو سەردەمە، بە گژ کۆمۆنیستەکاندا دەچۆوە و ڕەخنەی لە سۆڤێت دەگرت. ڕاستي‌یەکەی، ئەمیش وەک هاوجیلەکانی لە مەیدانی ڕۆشنبیري‌ی ئەو سەردەمەی کوردستاندا گەلێک وزەی لە شەڕەدەنووکی فیکري‌دا بەفیڕۆ دەدا. ڕۆژگار دەری‌خست، خۆخەریککردنی خوێندەوارەکانی ئەو سەردەمە بە کێشە کۆمەڵایەتي‌یە چینایەتي‌یەکانەوە و باس و خوازی ئاغا و جووتیار و بۆرژوا، ئەوەندەی مۆدەبازي‌یەکی ژێر تەئسیری مارکسیزم بوو، ئەوەندە دەرککردنێکی قووڵ نەبوو بە پێویستي‌ی تێگەیشتن و یەکاڵاکردنەوەی سیستەمی کۆمەڵایەتي‌ی کۆمەڵگەی کورد، هەر بۆیە ئەدەبیاتی سیاسي و فیکري‌ی ئەو سەردەمەی ئەوان، بە جەمال نەبەزیشەوە، هەتا ئەمڕۆشی لەگەڵدا بێ، تا ئەندازەیەکی گەورە بەتاڵە لە لێکۆڵینەوە و وردبوونەوەی سۆسیۆلۆژي؛ جگە لەوەی زۆربەی ئەوانەی ئەو سەردەمە لە سۆنگەی مارکسایەتي و سۆشیالیزمەوە لە خەباتی سیاسي‌دا گوتاری دژەخێڵ و دژەئاغایان بە توندي لەخۆگرتبوو، ئەمڕۆ خۆیان و وەچەکانیان سیستەمی خێڵایەتي و ئاغایەتي‌یان لە فۆرمی مۆدێرندا گەیاندۆتەوە سەردەمی بەر لە هاتنی کۆلۆنیالیزم و دەوڵەتی مۆدێرن.
ئەزموونێکی شەخسي
ساڵی ٢٠٠١ لەگەڵ کۆمەڵێک خوێندکاری کوردی باکوور و ڕۆژئاوادا کۆمەڵەیەکی کولتووري‌مان دامەزراندبوو بە ناوی (Kurdistan AG، گروپی کاری کوردستان). لەپاڵ بڵاوکردنەوەی بڵاونامە لەسەر پێشهاتە سیاسي‌یەکانی کورستان و ڕێکخستنی شایي‌ی نەورۆز و شتی لەو بابەتە، کۆڕ و سیمیناریشمان ڕێکدەخست بۆ ئەکادیمیکارانی کورد و غەیرە کورد لە ئەڵەمانیا. یەکێک لەوانەی بانگهێشتمان کرد، جەمال نەبەز بوو. تا ئەو کاتە من ئەو پیاوەم هەر بە وێنەی ڕەشوسپي بینیبوو. کە هات، پیاوێکی تەواو جیاوازم بیني وەک لەوەی لە خەیاڵمدا هەبوو: پیرێکی لەڕی کەمێک ورگن، سەروسیمایەکی ڕێک کوردانە و ئێسکسووک، دەنگێکی نەرمی نادەرپەڕیو و زمان‌شیرین. لەبەر ئەوەی ئامادەبووان لە کوردی هەموو پارچەکانی تێدا بوو، پێشنیازی کرد بە “سۆرمانجي” بدوێ. بەڵام دوایي هەر ئەڵەماني وەک گونجاوترین خاڵی هاوبەش مایەوە. ئەڵەماني‌یەکی ڕێک و پاراو قسەی دەکرد، بەڵام بە ئاهەنگی کوردێکی سلێماني.
ڕەگەزپەرست و کینەلەدڵ یان دیموکرات و بەمەبدەء
لەو سیمینارەدا لەسەر مێژووی نوێی کورد وەستا و پێی لەسەر ئەوە داگرت، کە شێخ مەحموودی حەفید هیچ گلەیي‌یەکی نایەتە سەر و بە هیچ جۆرێک دژ بە ئینگلیزەکان نەبووە؛ بەڵام ئینگلیز خۆی بە هیچ جۆرێک لە بەرنامەیاندا نەبووە دەوڵەتێک بۆ کورد دابمەزرێ. لێرەشدا سەرنجم بۆ ئەوە چوو، کە دینامیکە ناوخۆیي‌یە کۆمەڵایەتي‌یەکانی کورد و لایەنی کۆمەڵناسي زۆر جێی سەرنجی نین. هەرچەندە گلەیي‌ی زۆری لە پارتي و یەکێتي دەردەبڕي، بەڵام هەمیشە ئەو هەستەی لەلا دروست دەکردم، کە ئەویش وەک زۆربەی ڕۆشنبیرەکانی نیوەی دووەمی سەدەی بیستەمی کوردستانی ئێراق وایە، کە ئەسیری ڕکەبەرایەتي‌یە کۆنەکانن و لەبەر ململانێ‌ی فیکري-سیاسي-شەخسي لەگەڵ هاوشانە ڕۆشنبیرەکانیان، ئیدي لەبەرەی کۆمۆنیستەکان بن یان ناسیۆنالیستە خوێندەوارەکانی وەک برایم ئەحمەد و جەلال تاڵەباني، مەیلی هەڵکردنیان پتر لەگەڵ بنەماڵەی بارزاني و پارتە سیاسي‌یە خێڵەکي‌یەکەیان‌دا هەیە.  ئەو هەستەم پتر بەهێز بوو، کاتێک لە گفتوگۆیەکی دووقؤڵي‌دا لیم پرسي، بۆچي لە چاپەمەني‌یەکانی کوردستاندا نانووسێ، گوتی هەموو حزبي‌ن؛ گوتم هاوڵاتي؛ گوتی هی نەوشیروانە. پاشان کە بزووتنەوەی گۆڕان دروستبوو و گوتارێکی بە ناوی “نەوشیروان بەردێکی هەڵدایە گۆمەکەوە”ی بڵاو کردەوە، هەستم کرد لەپشت سەنگەرگرتنەکانی‌یەوە پتر ئەو بنەما فیکري‌یانە کار دەکەن کە باوەڕی پێیانە، نەک ڕکەبەرایەتي شەخسي.
ئەوەی گومانی تێدا نییە ئەوەیە، جەمال نەبەز ئینسانێکی دیموکرات بوو و بە هیچ جۆرێک ڕەگەزپەرست نەبوو. هەرچەندە وەک هەر ناسیۆنالیستێکی دنیا حەزی دەکرد ژمارەی نفووسی کورد هەڵکشێنێ و لوڕ و بەختیاري و زازا و هەموو کۆمەڵە شوناس‌شلەکان بە کورد لە قەڵەم بدا، بەڵام کە لەو ڕووەوە لێم پرسییەوە، دیموکراتانە هاتە جواب: “کورد ئەو کەسەیە خۆی بە کورد دەزانێ”. هەر لە تێگەییشتنی قووڵی‌یەوە لە بنەماکانی دیموکراتي پارتي و یەکێتي وەک گەلەکۆمەکێ دەبیني، نەک حیزبی سیاسي.
سەرهەڵگرتووی هەتاهەتایي
کە لێم پرسي، بۆچي سەر لە کوردستان ناداتەوە، گوتی هەرگیز ئامادە نییە بەناو قەڵەمڕەوی هیچ دوژمنێکی داگیرکەری کوردستاندا سەفەربکا و هەتا کوردستان فڕۆکەخانەی خۆی نەبێ ناگەڕێتەوە. بەڵام دوای کردنەوەی فڕۆکەخانەکانی کوردستانیش، لاشەکەی نەبێ، هەرگیز نەگەڕایەوە کوردستان. تۆ بڵێی پارتي و یەکێتیشی بە دوژمنی کوردستان دانابێ، یان ئەو باسی فڕۆکەخانەیە تەنیا بیانوو بووبن بۆ شاردنەوەی ڕێگرێکی دیکە لە ناخيدا؟ دەبێ چ شتێک بێ وا لە کوردستانبازێکی عەیارە ٢٤ی وەک جەمال نەبەز بکا، هێشتا دوای بەسەربردنی نزیکەی ٥٦ ساڵ لە غەریبایەتي مەیلی نەبزوێ بۆ جارێکیش سەر لە وڵاتەکەی بداتەوە. کە ئەزموونی کەسانی وەک جەمال نەبەز دەبینم سەبارەت بە پەیوەندي لەگەڵ نیشتیمان و غەریبایەتيدا، چیدي سەیرم لە سەرهەڵگرتن و نەگەڕانەوەی هەتاهەتایي‌ی نالي نایێ، لە ڕۆژگارێکدا کە چوون بۆ حەج و گەڕانەوە چەندان مانگی پێچووە. هۆگربوونی فیزیکي بە غەریبایەتي‌یەوە و ژیانی بەردەوام لە نیشتیماندا بە زەینی ڕووت حاڵەتێکە جێی سەرنجە. تۆ بڵێی وەک دڵدارە دوورەکان نەیوێرابێ بە پیري بچێتەوە بەردەمی  دڵبەرە کۆنەکەی، نەکا ڕووسارديیەک لەودا بەدی بکا و وێنە جوانەکەی ناو خەیاڵیشی لێبشێوێ؟
بیرێکی بەسەرچوو یان نەتەوەیەکی بێ بیر
جەمال نەبەز کوڕی ڕۆژگاری خۆیەتی و ڕەنگدانەوەی گیانی سەردەمەکەیەتی؛ گیانی سەردەمێک کە ماوەی پتر لە ٢٠٠ ساڵە ناسیۆنالیزمی کردۆتە سۆفتوێری هەڵسووڕاندنی گەلە ئەتني و دیني و ناوچەیي‌یە جۆربەجۆرەکانی دنیا و تا ئەمڕۆش، سەرەرای گەڕان بە شوێن و تاقیکردنەوەی سۆفتوێری دیکەدا، جیهان هێشتا ناسیۆنالیزمی تێنەپەڕاندووە. ئەوەی قەت سەر بە ڕۆژگاری خۆی نەبووە و لە گیانی سەردەمەکە نەگەیشتووە کۆمەڵگەی کوردي‌یە بە گشتي و دەسەڵاتدارە سیاسي‌یەکانێتی بە تایبەتي. لە ملەی نێوان سەدەی نۆزەدەیەم و بیستەمدا، ئەو کاتەی ئیمپراتۆریای عوسماني لە وەرچەرخان و گیانداندا بوو و جەمال نەبەزە تورکي و عەرەبي و بولگاري و ئەرمەني‌یەکان لە ئەستەنبوڵ و شام و سۆفیا و پاریس‌دا چالاکانە کاریان دەکرد، ئەگەر ئەو کاتە شار و شارۆچکەکانی کوردستان هەر یەکەیان چەند جەمال نەبەزێکیان بەرهەم بهێنایە، ئیحتیمال زۆر کەمتر بوو بەم قەڵافەتە زلەمانەوە ببینە کەمینە لە چوار وڵاتدا و لە ٨٠ ساڵی ڕابوردوودا ئەو هەموو خوێن و فرمێسکە بڕێژین بۆ زوڵمی ئینگلیز و دراوسێ تورک و عەرەب و ئێراني‌یەکانمان لە سلێماني و دیاربەکر و دەرسیمەوە بیگرە، بە مەهاباد و هەڵەبجەدا، تا دەگاتە ئەمڕۆ لە عەفرین؛ کەسیش نازانێ چەند شوێنی دیکە لە کوردستان هێشتا ماوە بچنە ئەو لیستەوە.
ناسیۆنالیزم باشترین کولتووری سیاسيی ئینسان نییە و هەمیشە لە هەناویدا گەرای شەڕ و ململانێ و جینۆسایدی هەڵگرتووە. بەڵام ئەگەر بە گەزی عەدالەت و یەکساني ئەندازەی بگرین، هەر ئەوەندە باشە یان خراپە کە هەموو کولتوورە سیاسي‌یەکانی پێش خۆی و پاڵ خۆی باشن یان خراپن، چ ئەوانە شەرعییەتیان لە خوداوە وەردەگرت و وەردەگرن و چ ئەوانەی لە نەسەب و بنەماڵەوە و یان ئەوانەی لە چینی کرێکار و پرۆلیتاریاوە. ئەوەی ڕوونە دۆڕاوەکانی دەستی ناسیۆنالیزم قورباني‌یە هەرە گەورەکانی‌ن. گیانی سەردەم هەمیشە شارستانێتي‌یە زاڵەکانی مێژوو دیاري‌ی دەکەن. ئەو کولتوورە سیاسيیەی لێیدەکەوێتەوە وەک دراوی زاڵی ئاڵوگۆڕی بازرگاني وایە؛ ئەوەی مامەڵەی پێوە نەکا دەدۆڕێ.

بانگخوازی مۆدێلێکی شکستخواردوو یان بەلەمێک بۆ ڕزگاربوون
جەمال نەبەز چ خێرێکی لە ناسیۆنالیزم بۆ کورد چاوەڕێ دەکرد، لە کاتێکدا گەلانی پێشکەوتووتر و دامەزراوتر شکستیان خواردبوو تێی‌دا؟ ئەزموونە ناسیۆنالیستي‌یەکانی وڵاتە ئیسلامي‌یەکان نموونەی بەرچاون. دوای نزیکەی سێ چارەکە سەدە لە ناسیۆنالیزم هێشتا تورکیا و ئێران و میسر و پاکستان دەوڵەتگەلێکی ناجێگیرن و سوپاکانیان بەردەوام لە ناوخۆی سنوورەکانیان‌دا خەریکی ئۆپەراسیۆنی سەربازي‌ن. ئێراق و سووریا و ئەفغانستان و لیبیا و یەمەن بە کردەکي هەڵوەشاونەتەوە. بەڵام خاڵێکی گرنگ هەیە نابێ لەبیری بکەین، بەبێ ئەوەی ئوتوماتیکي ناسیۆنالیزم لەبەرپرسیارێتي دەربهێنین: ئەم دەوڵەتانە بەم جوگرافیا سیاسي‌یەی ئێستایانەوە بەرهەمی ناسیۆنالیزم نین؛ بەڵکو یان دەستکردی کۆلۆنیالیزمن، یان پاشماوەی بە هێز پچڕێنراوی دەوڵەتە ئیمپراتۆري‌یە کۆنەکانن. پاشان زۆربەی زۆری کۆمەڵگە ناپیشەسازي‌یەکانی ئەمریکای لاتین و ئاسیا و ئەفریکا دەوڵەتەکانیان شکستخواردوون. ئەمجا ناسیۆنالیزم خۆی لە خۆی‌دا ڕەچەتەی دەوڵەتی سەرکەوتوو نییە. تەنانەت لە مەڵبەندی ڕەسەنی خۆی‌دا، کە ئەوروپایە، ناسیۆنالیزم دوو جەنگی گەورەی ناوەتەوە. بێ فەلسەفەیەکی ئینسانگەرانە (هومانیستانە) و سیستەمێکی دیموکراتي و ئابووري‌یەکی پیشەسازانە هیچ دەوڵەت-نەتەوەیەکی سەرکەوتوو نەهاتۆتە دي.

بەڵام نیزامی سیاسيی جیهان و ڕیکخستن و دابەشبوونی جوگرافیای سیاسي‌ی دەوڵەتان هێشتا هەر لەسەر بنچینە و چوارچیوەی ناسیۆنالیزم دامەزراون؛ شەرعییەت و سەروەري لەوەوە وەردەگرن. ئەو ڕێکخراوەی هەموو گەلانی سەر گۆی زەوي کۆدەکاتەوە ناوی “نەتەوە” یەکگرتووەکانە. واتە تەنیا ئەوانەی “نەتەوە”ن بۆیان هەیە جێ لەوێ بگرن و قسە بکەن. جەمال نەبەز ڕەچەتەی دەوڵەتی سەرکەوتووی پێ نەبوو، تەنیا دەیویست کورد وەک نەتەوە لە یانەی نەتەوان‌دا جێیەک بگرێ، بۆ ئەوەی وەک قورباني‌یەکی هەمیشە خوێنلێچۆڕاوی ناسیۆنالیزم نەمێنێتەوە.

ناسیۆنالیزم لە پشتمانەوە یان لە پێشمانەوە
ئێستا، کە لاشەی جەمال نەبەزی ناسیۆنالیست، سەرەڕای پرسەنامە زۆرەکان و بەسەرکردنەوە گەرموگوڕەکەی، وەک لاشەی تەهوژمێکی سیاسي‌ی کۆنی مۆدێل‌بەسەرچوو لە دنیای ڕۆشنبیري‌ی “هەرێم”ی کوردستاندا دەنێژرێ، لە دنیای دەرەوەی کوردستاندا ئەو تەهوژمە نەک هەر مۆدێلی بەسەرنەچووە، بەڵکو ئەمڕۆ بە گوڕێکی تازەوە گەڕاوەتەوە ناو نەفەسی سیاسەتی ڕەسمي‌ی دەوڵەتان و ئاڵەنگاري‌ی جددي دەخاتە بەردەم گلۆبالیزەبوون و کرانەوە کولتووري‌یە بازرگاني‌یە دیمۆگرافي‌یەکانی سەردەمی دوای کەوتنی سۆڤێت. ئەمڕۆ لە واشنتۆن و وارشۆ و ڤێینا و بوداپێست و ساوپاولۆ و ڕۆم و گەلێک پایتەختی سیاسی دیکەی دنیادا ناسیۆنالیستە پۆپۆلیستەکان لەسەر حوکمن؛ لە ئەڵەمانیا و فەڕەنسا و هۆڵەندا و ئیسپانیا و گەلێک وڵاتی دیکەی ئەوروپا بە شێوەیەیکی گەورە و بەهێز دەکشێنە ناو پەرلەمانەکانەوە؛ خۆ پێویست بە باسی ئەنقەرە و تەنانەت تارانیش ناکا، کە هەرگیز ناسیۆنالیست و ڕاسیستیان لێ نەبڕاوە.
کۆچکردنی جەمال نەبەز، سەرەڕای کۆستە خێزاني و ڕۆشنبیري‌یەکەی، دەرفەتێکە بە ئەزموونی ناسیۆنالیستانەی کوردستاندا بچینەوە. تف و نەفرەتێکی زۆر لە کوردایەتي، وەک سەرناوێک بۆ ئەزموونی حوکمڕاني‌ی پارتي و یەکێتي،.دەکرێ. کاتێتی وردبینەوە بزانین پارتي و یەکێتي چەند فڕیان بە کوردایەتي و ناسیۆنالیزمەوە هەیە. هێز هەیە کوردایەتي‌ بکا و کوردستان بەش بەشتر بکا؟ خۆبەخشانە ئابووري‌ی وڵاتەکەی بخاتە ژێر دەستی دۆژمنە ستراتیژي‌یەکانی کورستانەوە؟ دەست بخاتە دەستی ئەو دوژمنانەوە بۆ لێدان لە کوردی پارچەکانی دیکە؟ دەوڵەتە داگیرکەرەکانی کوردستان، کە بە ئاشکرا لە جەنگیان بەرانبەر بە کورد ڕاگەیاندووە، لە میللەتەی خۆی بکا بە دۆست و هانی ئاڵوگۆڕی بازرگاني و کولتووري بدا لەگەڵیاندا؟ زمانی کوردي ڕسوا بکا و منداڵی کورد بخاتە بەردەستی قوتابخانەکانی وڵاتێک، لەسەر قسەکردن بە کوردي و وشەی کوردستان ئینسان فڕێ بداتە زیندانەوە؟ ئایا ئەو کارەساتە سیاسي‌یە ئیداري‌یەی هەرێمی کوردستان شکستی کوردایەتي و مۆدێلێکی ناسیۆنالیستانەیە یان شکستی مۆدێلێکی مۆدێرنی ئەمارەتە سیاسي‌یە خێڵەکەي‌یەکانی سەر بە سەدەی هەژدە و نۆزدەیە، کە لە سەدەی بیست و یەکەمدا، سەرەڕای ئاراییشە خەستە مۆدێرنەکان، ناتوانێ پێ بنێتە ناو مۆدێرنەوە؟
ئەمڕۆ کەتافەلەبەرە ڕەنگ‌نەوتي‌یەکانی کوردستان جەمال نەبەز وەک کۆنە ئەفەندي‌یەکی سەر بە مۆزەخانەی کوردایەتي بە خاکی بیرچوونەوە دەسپێرن. بەڵام خۆی لە راستي‌دا جەمال نەبەز ماڵئاوایي لە گەلێک دەکا، کەتافەپۆشەکانی ناهێڵن لە مۆزەخانەی مێژوو بێتە دەرێ.
نەبەز ناسیۆنالیستێکی ناکامە. وەک هەموو خوێندەوارە هۆشیارەکانی پێش خۆی دەیویست کورد لەکۆمەڵێک ئەشیرەت و تایەفە و ناوچە و دیالێکتەوە بکا بە یەک نەتەوە. هەموو ژیانی بە نەتەوەسازيیەوە بەسەر برد. ئەو ئاواتەی بۆ نەهاتە دي و مرد.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە