بیست ساڵ ئاواره‌یی و دووره وه‌ته‌ن!
Saturday, 15/12/2018, 23:28
■ بیست ساڵ له‌مه‌وبه‌ر و له رۆژێکی وه‌ک ئه‌مڕۆدا ١٩٩٨/١٢/١٣ گه‌یشتمه ئه‌م وڵاته (سویسرا) و کورده‌واری گوته‌نی پێڵاوی غه‌ریبیم لێ داکه‌نی. دیاره پێش ئه‌و رێکه‌وته نزیکه‌ی دوو ساڵ بوو کوردستانم جێهێشتبوو، به‌ڵام له ئێران و تورکیا و یۆنان بووم. که کوردستانم جێهێشت و رووم له هه‌نده‌ران کرد، نه‌مده‌زانی کوێ ده‌بێته هه‌وارگه‌م و له کوێ ده‌گیرسێمه‌وه…. جێگه‌ی شانازیمه، جگه له هاوکارییه‌کی که‌م نه‌بێت، به‌ره‌نجی شانی خۆم گه‌یشتمه ئه‌م وڵاته، له‌و دوو ساڵه‌دا کاری قورس و تاقه‌تپروکێن، بێ‌کاری، هه‌قده‌ستخواردن و سوکایه‌تی خاوه‌نکار و قاچاغچی رێگا و پاسه‌وانانی سنور و که‌سانی دیم دی. من که گه‌نجێکی ٢٧ ساڵه‌ی گه‌رمیانیی (ئاغجه‌له‌ریی) ده‌رچووی زانکۆ و دڵشکاو و بێ هیوا، له‌سه‌رده‌می شه‌ڕی ناوخۆ و دوو ئیداره‌یی و شه‌ڕه په‌ڕۆ و ناو روداوه‌کانی ٣١ی ئاب و بێ‌کاری و گرانی و نائارامی و ئاسایش‌دا وڵاتی خۆمم به‌جێهێشتبوو، سویسرام کرده نیشتمانی دووه‌مم. ئاواره‌یی و دووره وڵاتیی هه‌ندێک شتی گرنگی لێسه‌ندمه‌وه، به‌ڵام زۆر شتیشی پێبه‌خشیم… ئێستاش که ره‌گه‌زنامه‌ی سویسریم هه‌یه ماڵ و خێزان، بڕوانامه‌ی ئێره و کاریشم هه‌یه، تا راده‌یه‌کی زۆر ئاسوده‌م، به‌ڵام ئێره هه‌رگیز جێگای کوردستان‌مان بۆ ناگرێته‌وه، گه‌ر ئاشتی و ئارامی به‌رقه‌رار بێت و حکومه‌تێکی دادپه‌روه‌ر و دیموکراتمان هه‌بێت، که یاسا سه‌روه‌ر بێت…. بۆیه هه‌ر به جه‌سته لێره‌م، به رۆح وا له کوردستانم، بگره به هۆی ته‌کنه‌لۆژیاوه به رۆژ و سه‌عات به دڵ و هۆش و هه‌ست هه‌ر له‌وێدام، به‌ڵام نه‌ک هه‌ر له باشور له هه‌ر چوارپارچه‌که…. هه‌رگیز پڕکاری و بێکاتی و سه‌رقاڵی و راکه‌ڕاکی ئێره ئه‌وێم بیرناباته‌وه!! ئاخر هێمن موکریانی گوته‌نی لێره‌ش (ده‌ردی وشیاری و سه‌بوری) ده‌مانکوژێت! بۆیه به پێی کات و ده‌رفه‌ت و تاقه‌ت و توانا چیم پێ کرابێت بۆ گه‌ل و نیشتمانی یه‌که‌مم کردومه و تاکو (بڕست و بیر هۆش)یشم هه‌بێت، به‌رده‌وام ده‌بم.
خۆ که له‌م رۆژگاره‌شماندا له ره‌وشی باشوری کوردستان ورد ده‌بمه‌وه به‌داخه‌وه ده‌بێت بڵێم هیچ په‌شیمان نیم سه‌ری خۆم هه‌ڵگرت و وڵاتم به‌جێهێشت!!! لێره‌دا ته‌نها هۆنراوه‌که‌ی شێرکۆ بێکه‌سی مه‌زن ده‌توانێ گوزارشتی ته‌واو له‌و خه‌م و خه‌ونانه بکات، که ئێمه‌ی به قه‌ولی هێمنی نه‌مر (بابرده‌ڵه) و لاوی ئه‌و کات هه‌مانبوو:
من چیم ده‌ویست له نیشتمان!؟
جگه له‌وه‌ی كه نانێك و
كه كونجێكی دڵنییایی و
گیرفانێكی پڕ حورمه‌ت و
مشتێك هه‌تاوی ئارام و
بارانێكی خۆشه‌ویستی و
په‌نجه‌ره‌یه‌كی كراوه‌ی سه‌ر ئازادی و
عه‌شقم باتێ
من چیم ده‌ویست له‌وه زیاتر‌و
نه‌یدامێ!؟
بۆیه ئیتر نیوه شه‌وێك ده‌روازه‌كه‌یم شكان و
چوومه ده‌رێ
به ئێجگاری چومه ده‌رێ….
دیارە منیش ئەوکات گەنج بووم و کۆمەڵێ خەم و خەون و خولیا و ئاواتی خۆم هەبوو، وەک ئێستاش (چاوی جوانی لێ ون ناکردم چاویلکە). کاتێک ئێستا سه‌یری وێنه‌کانی ئه‌وکات ده‌که‌م، ده‌بێت بڵێم: له کوێوه بۆ کوێ؟!
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست