کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


سەرۆک کۆمار شادی دەوێت یان گریان؟

Saturday, 15/12/2018, 1:13


داخێکی یەکجار سەختە کە لە دەربڕێنی ( شادی بە تەقە) ی بوون بە سەرۆک کۆماردا ٣ کەس گیانیان لە دەست داو بوون بە قوربانی کورسییەکی بێ دەورو کاریگەر، کە کوردێک بۆ چەند ساڵێک لە سەری دادەنیشێت و ، تەنها کاری ئەوە دەبێت کە  بە تەقەڵی سیاسی  کاڵاو پەڕۆی ، پارچە پارچە بووی لەشی دەوڵەتی عیراق پینە دەکات و دەینووسێنێت بە یەکەوە.
هەر ئەوەی مرۆڤ بە تەقە کردن لە خەڵک ، شادی دەرببڕێت، دەرخەری ئەو راستیەیە کە عەسکەرتاریەت چەند زاڵە لە کۆمەڵگای ئێمەدا، دەرخەری ئەو راستیەیە کە کۆمەڵگای کوردی، کۆمەڵگایەکی ئارام و مۆدێرن نییەو لە کۆمەڵگای نامۆدێرندا ئیمکانی ئەنجامدانی پرۆسەی دیموکراسی و هەڵبژاردنی دروست و تەندروست، زۆر سەختە. بەڵام با لەمەش گەڕێین و ئەو پرسیارە سادە بکەین، ئایا بە ڕاست بوونی دوکتۆر بەرهەم یان هەر کەسێکی تر ( بە سەرۆکی کۆماری عێراق) شادی و خۆشی دەوێت یان گریان و ماتەم؟! ئایا سیاسەتمەدارانی کورد ئەو پرسیارەیان لە خۆیان کردووە، بۆ کوردێک دەکرێت  بە سەرۆک کۆمار؟! بۆ ئەم پۆستە بۆ کوردە، لە کاتیکدا کە  ئەگەر بە ڕێژەی دەنگدانیش بووایە، دەبوایە ئەم پۆستە بۆ کورد نەبوایە؟!              
ستراتیژی سیاسی ئەمریکا بۆ ناوچەکەو، ستراتیژی  دەوڵەتەکانی ناوچەکەش بۆ عێراق، لە گەڵ ئەوەدان کە عێراق بە یەک پارچەیی و یەکگرتوویی بمێنێتەوە ، بۆ ئەنجامدانی  ئەم ستراتیژە هەموو کارێک دەکەن، هەربۆیە  بەخشینی کورسییە بێ کاریگەرییەکەی سەرۆک کۆمار، بە کوردێک، هەر لە چوارچێوەی ئەم ستراتیژەدایە .  شڕو شیتاڵی جەستەی عێراق ، وەک دەوڵەت، لە دوای ٢٠٠٣ وە  لە هەموو کات زیاتر هەڵوەشابووەوە،  زۆر زەحمەت بوو ببێتەوە بە دەوڵەتێکی یەکگرتوو، ئەگەر دروومانی بەرژەوەندییەکانی سیاسەت مەدارانی ناسیونالیستی کورد، نەیلکاندایەت بە یەکەوە.  سیاسەت مەدارانی کورد وێڕای ئەو بانگەشە درۆزنانەی کە بۆ سەربەخۆیی و بوون بە دەوڵەت دەیکەن، هەمیشە ئەوان عێراقی مەرکەزیان لە پارچە پارچە بوون پاراستووە.                                                 
رەنگە هیچ هێندەی ئەوە، مایەی پیکەنین نەبێت کە سیاسەت مەدارانی ناسیونالیستی کورد، لە یەک کاتدا داوای جیابوونەوە لە عیراق و یەک پارچەیی عێراقیش دەکەن، داوای دەوڵەتی سەربەخۆ دەکەن، شەرێش لە سەر سەرکۆماری دەسەڵاتی مەرکەزی عێراق دەکەن، ئەم پارادۆکسە لە تەواوی کایەکانی ژیان و سیاسەتی سیاسەت مەدارە ناسیونالیستەکانی کورددا بە جۆرێک رەنگی داوەتەوە، کە بووەتە مایەی لە دەستدانی ڕێزو متمانەی خۆیان لە ناوەندە سیاسییەکانی جیهاندا.                                                                          
کوردێک بۆیە دەکرێت بە سەرۆک کۆمار تا ئەرکی یەکگرتوویی و یەک پارچەیی عێراق، بە کورد خۆی بسپێرن، سیاسەت مەدارێکی کورد بۆیە دەکرێت بە سەرۆک کۆمار تا خەونی خەڵکی کوردوستان ( بۆ رزگار بوون لە ستەمی نەتەوایەتی)  ، هەر بە دەستی کورد بنرێتە چاڵ، هەولێر بۆ یە چەند ساڵ لە مەوبەر کرا بە پایتەختی هاوینەی  وڵاتانی عەرەبی، تالەوێوە ، ڕێگە لە ئەگەری جیابوونەوەی هەولێر بگرن لە جەستەی کۆمەڵگای عەرەبی و عێراقی، سیاسەتمەدارانی ناسیونالیست کورد، زۆر گەمژانە،ڕۆڵی ئەو پینە چییە دەبینن کە هەمیشە کاریان پینە کردنی ئەو عێراقەیە، کە شەقی زەمانە وای پەرتەوازە کردووە، کە هەموو سیماکانی دەوڵەتێکی یەکگرتووی لێسەندۆتەوە، بەڵام سیاسەتمەدارانی کورد، بە تایبەت پارتی و یەکێتی، زۆر شادومان و کەیف خۆشن بەم پینە چێتییەو، شەڕی لە سەر دەکەن و دواتریش تەقەی خۆشی بۆ دەکەن و دەبنە هۆکاری نائارامی بۆ ژیان و گوزەرانی خەڵکی کوردوستان، لە ڕاستیدا ئەم کورسییە بێ کاریگەرییەی سەرۆک کۆمار نەک تەقەی خۆشی ناوێت، بگرە ماتەم و  پرمەی گریانی دەوێت. بوونی کوردێک بە سەرۆک کۆمار بە مانای ،لە دەست دانی تاکە ئامانجی بە دەست هاتووی خەڵکی کوردوستانە، لە ڕاپەڕینی ١٩٩١دا، ئەویش ئامانجی رزگار بوون لە دەسەڵاتی مەرکەزی داپڵۆسێنەربوو.  بەڵام  ئامانجی دووری، بوونی کوردێک بە سەرۆک کۆمار، ڕێک لکاندنەوەی کوردوستانە بەو دەسەڵاتە مەرکەزییە داپڵۆسێنەرەوە لە ئاییندەدا و دەکاتە پاشەکشەی خەڵکی کوردوستان لەو ئامانجە بە دەست هاتووەی، ئەمەش  لە باشترین حاڵەتدا خەبات و تێکۆشانی پێچەوانەی دەوێت و ، لە خراپترین حاڵەتیشدا، ماتەم و گریانی دەوێت نەک شادی.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە