چیرۆک بۆ منـداڵان.. ئۆخـەی نیشـتمان
Thursday, 13/12/2018, 0:12
شایەکی بیابان نشین، هەر لە منداڵییەوە زۆر حەزی لە دەنگی باڵـندە بوو.. لە باخچە فـراوانەکەی كۆشکە قەشەنگەکەیـدا، لە نێو تەلبەند و قەفـەزی نایابدا، چەندین جۆرە مـەل و باڵـندەی پـەڕ ڕەنگـین و جـوان و دەنگـخۆشی هەبـوون.. خۆشەویسـترین و جوانترین و دەنگخۆشترین باڵندە بەلای شاوە، جوانی و دەنگی قاسپە قاسپی کەوەکەی بوو.. کە لە نێو تەلەبەندێکدا، دیکۆرێکی زۆر جوانی بۆ رازاندبۆوە.. کە بریتی بوو لە شاخ و لە تاڤگە و لە گۆڵـزارێکی رەنگین و لە بەردی جوان.. شا هێندە هۆگری دەنگی باڵندەکـانی ببوو.. هێندە گوێی لێیان گرتبوو.. تا رادەیەک لە زمانی باڵندەکـانی دەزانی.
شا بەیانیان بە دەنگی قاسپە قاسپی کەوەکەی لە خەو هەڵدەسا.. دەچووە دیاری و گوێی لێدەگـرت.. بەڵام شـا سەری لەوە سووڕمابوو، کە کەوەکـەی هەموو جارێک لە کۆتـایی خوێندنەکەیـدا، دەیـوت: خۆزگـەم بە نیشـتمان ! شا لەبەرخۆیـەوە وتی: جا کەوەکـە لە چیت کەمە؟! خۆشترین دان و میوە و سەوزەم لە بەردەمتدا داناوە.. جوانترین دیکۆرم بۆ رازاندوویتەوە.. قاپەکانی ئاو و دانەکەشت لە زیـو دروستکـراون.. شـوێن خـەوێکی نەرم و گەرمم بۆ رازاندوویتەوە.. پێم ناڵێیت بۆ هەموو جارێک خۆزگە بە نیشتمانەکەت دەخوازی؟! تۆ بڵێی دیمەنەکانی نیشتـمانەکەت لەم دیـکۆر و دیمـەنەی ئێرەت جوانـتر و قەشەنگـتر بن.. لەم نـاز و بەخشـینەی ئێرەت خۆشـتربن؟!
شا شەوێکیان خەونی بینی.. لە خەوەنەکەیدا بەیانی بوو، گوێی لە دەنگی قاسپە قاسپی کەوەکـەی گـرتبوو.. وەکو رۆژانی تر گـوێی لێبوو کە کەوەکـەی وتی: خـۆزگـەم بە نیشـتمان. شا چوو دەرگای تەلبەندی کەوەکەی کـردەوە.. بەرەڵای کرد و پێی وت: دە هەڵبـفڕە و بڕۆوە بۆ نیشـتمانەکەت.. کەوەکە بەرەو باکوور هەڵـفڕی.. شا لە خوا پاڕایەوە، کە بیکات بە باڵندەیەک، بۆ ئەوەی دوای کەوەکەی بکەوێت.. داواکەی شا هاتەدی و بوو بە باڵندەیەک.. هەڵـفڕی و قۆناغ بە قۆناغ دوای کەوەکەی کەوت.. تا بزانێت کوێیە ئەو نیشـتمانەی خۆزگـەی بۆ دەخوازێت. لە دوای فـڕینی ماوەیەکی زۆر، گەیشتنە دۆڵێکی رەنگین و فراوانی کوێستانی کوردستان، کە کەوتبووە نێوان دوو زنجیرە شاخی بەفرین و بەرزەوە.. چیاکان بە دارستانی سەوز و چـڕ پۆشرابوون.. دۆڵەکە پـڕبوو لە دار و
دەوەنی سەوز و لە تاڤگەی جوان، لە کانیاوی روون و خوڕ، لە گوڵـزاری سروشتیی گوڵ هەمەڕەنگەی جوان و بۆن و بەرامە خۆش.. شـا لە هـەموو لایـەکەوە گوێی لە چریکە و لە خوێندنی جۆرەهـا مەلی دەنگخۆش بوو، کە لە ژیانیدا شوێنی وەها خۆش و ئەفسووناوی و دیمەنی قەشەنگ و دڵـڕفێنی لەو شێوەیە نەبینیبوو.. واقی وڕمـا، لەبەر خۆیەوە وتی: هەبێ ونەبێت ئێرە بەهەشـتە، کەوەکـەم ناهەقی نییە کە خـۆزگە بەم نيشـتمانە جوانەی دەخـوازێت.. بە راستی زۆر جـوانە.
کەوەکە لە لای کانییەکی ئاو روون و سارد نیشتەوە.. هەشت نۆ قوم ئاوی خواردەوە.. پشوویەکی دا.. ئینجا چووە سەر تاشەبەردێکی قوت.. بە دەنگێگی بەرز و بەسۆز و زوڵاڵ دەستی بە قاسپە قاسپ کرد.. لە کۆتاییدا سێ جار لەسەر یەکتری وتی: ئۆخـەی نیشـتمانە شـیرینەکەم، نەمـردم و پێت شـادبوومەوە.. رەوێک کەو هاتـن و لە دەوری کەوەکەدا نیشتنەوە.. دووبارە کەوەکە دەستی بە قاسپە قاسپ کـرد.. لە کۆتـاییدا وتی: ئۆخەی کە بە کەس و کارم و بە هاوڕێکانم شادبوومە.. لە دواییدا لەگەڵ ئەو کۆمەڵە کـەوەدا، دای لە شەقـەی بـاڵ و بەرەو چـیایەکی لووتـکەبەرز هەڵـفڕین.
شا لە پـڕێکدا، لە دەنگی قاسـپە قاسـپی کەوەکـەی خەبەری بۆوە و وتی: ئۆخـەی کە ئەمە خەون بوو بینیم.. شا لە پێشا چوو دەرگای تەلبەندی کەوەکەی کردەوە و ئازادی کرد.. کەوکە بەرەو باکـوور هەڵـفڕی و لە چـاو ونبوو.. شا هەموو باڵندەکـانی تریشی ئازادکـردن و وتی: هەر هەمووتان ئازادن و بفـڕن و بچنەوە بۆ نیشتمانەکانی خۆتان. چی قەفەز و دیکۆر و تەلبەنديشی هەبوون، هەر هەمووی شکاندن.
شا هەر ئەو رۆژە بڕیارێکی دەرکـرد، کە راوی هەموو جۆرە باڵندە و ئاژەڵێکی کێویی لە وڵاتەکـەیدا قەدەغـەکرد.. راشیگەیانـد، کە هـەر هاوڵاتییەک سەرپێچی ئەم بڕیارەی بکات، بە توندی سـزا دەدرێت.
رەزا شوان کەرکوک: ١٩٧٥
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست