کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ڕاگەیانراوی هەڵوێستی ئەنجومەنی بزوتنەوەی گۆڕان لە ووڵاتی سوید بۆ ڕای گشتی

Saturday, 01/12/2018, 16:17


بەڕێزان ئێمە وەک ئەنجومەنی ئیستای سوید، هەر لە دامەزراندی بزووتنەوەی گۆڕانەوە بەبێ دابڕان خۆبەخشانە بە سەرو ماڵ، بێ دوو دڵی بە بڕوایەکی بەتینەوە بەشداربووین و لە بەرەی گەلدابووین، لەمێژەوە دەزانین و درکمان کردووە بەتایبەتی لەدوای کۆچی دوایی ڕێکخەری گشتی بزوتنەوەی گٶڕان، کە ئەو کۆچە دڵ تەزێنە زیاتر بوە دەرفەت و هەلی ڕەخسان بۆهەندێ بەرژەوەندخوازی ناو بزوتنەوەکە، کە ئەم بزوتنەوەیە لە سەر سکەی خۆی بەلاڕێدا بەرن و بگرە براویشە، هەر بۆیە ئێمە ٥ ی ٣ ی٨٢٠١ وە بەنامەی فەرمی دەستمان لەکار کێشایەوە، وە لە ١٠ی مانگی ٣ ی هەمان ساڵ هەمو کارێکی خۆمان ڕاگرتووە ئێستاشی لەگەڵ بێ هیچ وەڵامێکی فەرمیمان وەرنەگرتۆتەوە، هەرلە بەر بارودۆخی نالە باری ناوبزوتنەوەکەو هەڵبژاردنەکان و ئەخلاقی ڕێکخراوەیی لەڕاگەیاندنەکانەوە بڵاومان نەکردەوە، ئاراممان گرت و نهێنیەکانمان پاراست و بە یەک ووشەش بەشداریمان نەکردوە، کەچی بەداخەوە فەرمانبەرێکی حکومی کە بەڕێوەبەری ڕۆشنبیری سلێمانیە لە لایەن ڕێکخەری ژوری ڕەوەندی کوردیەوە ڕاسپێردراوە کۆبونەوە بە بازنەکان بکات، سكرتێری ئەنجومەنیش پێی ووتون ئێوە بەچ سفەتێک کۆبونەوە دەکەن چونکە ئێمە تا ئێستا وەڵاممان وەرنەگرتووە، ڕێکخەری هەمان ژوور بە کاک عەدنان گلی ووتوە {ئێمە دەرتان دەکەین} ئێوە کۆبونەوەی دژ بە ئێمەتان کردوە، جگە لەم نامەیە دەیان نامەی ناڕەزایەتیمان بۆ ناردون سەبارەت بە ڕێزنەگرتنی پەیکەری ڕێکخستنەکان و نەبونی لێپرسراوێکی زیندو و لێهاتو بۆ ڕێکخستنەکانی ڕەوەندی کوردی، دەستوەردان لەکارەکانی ئەنجومەن و دانانی پاسەوانی سێبەر لەسەرمان، دیسان بێ وەڵام بوو.
ئێمە بێمنەتین هیچیشمان وەرنەگرتووە تا بترسین لێمان بسەننەوە، ئێستاش هەواڵ و هەڵوێستەکان ئاماژە بەوە دەدەن کە گۆڕان دەچنە حکومەتە تەزویرەکەی هەردوو حیزبی دەسەڵاتدار، کە ئەم هەنگاوە دەچێتە خانەی پشتکردن لەگەل و دەنگدەرانی بزوتنەوەی گۆڕان، کاتی تەزویرەکەش کردیان بە هەڵا، بینیمان چۆن خۆیان سوور و مۆر کردبوەوە، کە لە یەک دەنگ خۆشنابن و وەری دەگرنەوە، ئەوهەموو بەڵێنەیان دا بە بەدەنگدەران کوا دەنگەکانی خەڵک؟ یا نایانەوێ شەربەتە ژەهراویەکە نۆش بکەن و دان بە ڕاستیەکاندا بنێن، ئێستاش ئەڵێی نە بایان دیوە و نەباران، تازە بە تازە پێمان دەڵێن {پارتی پێیان باشە بەشداری حکومەتبین} بارەکەڵا لە سیاسەتتان، کە تا ئێستاش پارتی و یەکێتیتان نەناسیوە، ئێمە بێشاردنەوە لامان وایە {ئەم گۆڕانەی ئێستا چوونەتە هەمان مەدرەسەکەی پدک و ینک} ئێمە هیوادارین هەڵەبین و هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازین، {بائێمەش دەرکراو بین}.
ئێمە هەر لەگەڵ بڵاوکردنەوەی ئەم ڕاگەیەندراوەوە وەک دەستەی ئەنجومەن پەیوەندیمان بەم گۆڕانەی ئێستاوە نامێنێ و ئێمە ئازادین لە هەر بیر و ڕایەکی خۆمان و پابەند نین بە هیچ بڕیارێکی ئەم بزووتنەوەیە و{پێمان وایە مانەوەمان لەناو ئەم بزوتنەوەیەدا بەشدار دەبێن لە کوشتن و لەناوبردنی ڕێبازەکەی کاک نەوشیروان و دژایەتیکردنی} چونکە وەک ڕۆژی ڕووناک دیارە ئەم گۆڕانە ئەو گۆڕانەی کاک نەوشیروان نیە و ئەم خانەی ڕاپەڕاندنە خانەیەکی سڕە و کارەکان پێچەوانەی بۆچوونەکانی گۆڕانە ڕاستە قێنەکەیە {خانەی ڕاپەڕاندن بۆتان ناکرێ} {بۆتان نابرێ بەڕێوە} بەم حاڵەتانەوە رێکخستنەکانتان چ لەناوەوەو چ لەهەندەران {لە قوتابخانەیەکی بێ مامۆستا دەچێ} ئێوە ئێمەش دەرکەن هەر بۆتان چاک ناکرێ، چونکە خۆتان{چاک نین} تا ڕۆژێ زووتر بڕۆنە ماڵەوە ڕۆژێک زووتر چاک دەبێ دڵنیابن، باڕۆحی ڕەوانشادیش ئاسودەبێتەوە، چونکە دڵنیاین ئێستا چەند نائاسودەیە {هاوڕێیانی گیانی بەگیانی ڕەوانشاد} {ئێوەش هەردوو جڤاتی نیشتیمانی و جڤاتی گشتی} ئاوڕێک لەبەرپرسیارێتیەکەی سەرشانتان بدەنەوە، بچنەوە سەرسکەی گۆڕانەکەی پیاوە بیریارە مەزنەکەی گەلی کورد، ئێمەش هەمیشە پاڵپشت وپشتگیری هەرکەسێکین کە غەمخۆرو دڵسۆزانە، ببێتە فریادڕەسی ئەم بزوتنەوەیە لە بەلاڕێبردنی بزووتنەوەکە، هەرکەسێ لەهەوڵدایە یان بەنیازە ببێتە فریاد ڕەسی بزووتنەوەی گۆڕان لەم چەق بەستووییە و بیکاتەوە بە گۆڕانەکەی کاک نەوشیروان، ئەوا دەبێ پەیامی شەفاف و ڕاشکاوانە و ڕاستگۆیانەیانەیان هەبێ، بە چەند خاڵێک بخرێتە ڕوو بۆ هەمووانی ناو گۆڕان، کۆتایی بەم سەرکردایەتیە بهێنرێت، سەرکردایەتیەکی نوێی بەسەلیقە و شارەزاو بە دەربەست بۆ بەرەی گەل و نیشتیمان پێک بهێنرێ، ئەمە بەو مانایە نییە خوانەخواستە ئەمان بێ سەلیقە و بێدەربەستن، بەڵام دەکرێ بەگۆڕانکاری گۆڕان هەستێتەوە سەرپێکانی خۆی، پەیکەرەی ڕێکخستنەکان ڕێزلێگراو و بە پرنسیپ کراوبن، بەرپرسەکان، هەڵسوڕاوان وگۆڕانخوازان پابەندی پرنسیپی ڕێکخراوەیی بن، لێپرسینەوە لە بەرپرسەکان و لەکارەکانیان وەسنوردارکرنی کار و فەرمانەکانیان بکرێ، ئەمە دەکاتە دەستوەرنەدان لە کاروباری یەکتر، لە هەمووئۆرگانەکان و ئاستەکانی بەرپرسیارێتیەکان، زەمینە ڕەخساندن بۆ کۆنفراسی نیشتیمانی و هەڵبژاردنە ناوخۆییەکان، ئاشکراکردنی داهات و خەرجیەکانی گٶڕان و دیاریکردنی ئۆرگانەکان و کەناڵ و ڕاگەیاندنەکانی بزووتنەوەی گۆڕان.هیوادارین هیچ نیشانەیەکی پرسیارمان لەسەر دانەنێن ! چونکە وەڵامی خۆمان دەبێ.خۆزگە بەرپرسی ژووری ڕەوەندی کوردی بەرپرسانە مامەڵەی لەتەک بکردینایە تا ئێمەش ئەم نامەیەمان ئاوا بڵاو نەکردایەتەوە، 
ئێمەش ماڵ ئاوا لە پابەند بوون، 

١/ حەمە عەلی کاکە حەمە    بەرپرسی ئەنجومەنی بزووتنەوەی گۆڕان لە سوید
٢/ عەدنان گلی                    سکرتێری ئەنجومەن
٣/ ئازاد حاجی غەریب        بەرپرسی پەیوەندیەکانی دەرەوە
٤/ جاهیدە ساڵح                 بەرپرسی کاروباری ژنان
٥/ ئەبوبەکر عەلی              بەرپرسی دارایی و لۆجستی

ئەنجومەنی بزووتنەوەی گۆڕان لە سوید
30-11-2018


-------------------------------
سڵاو 
ئێمە وەکو ئەنجومەنی بزوتنەوەی گۆڕان لە وڵاتی سوید، سایتە بەڕێزرکەتان بە شایستە دەزانین بۆ بڵاوکردنەوەی هەڵوێستی خۆمان بۆ ڕای گشتی
لەگەڵ رێزی بێ پایانمان بۆتان
سکرتێری ئەنجومەن
٣٠/١١/٢٠١٨

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە