هەلێک بۆ یەکێتی
Friday, 30/11/2018, 23:23
کێشەی بەردەوامی کەمی یا تەنانەت نەبونیی سادەترین خزمەتگوزاری و پێویستیەکانی مرۆڤ لە کوردوستانی ژێر دەسەڵاتی کوردیدا لەم بیست وحەوت ساڵەی دواییدا بوەتە هۆی ئەوەی هەزاران جار لە هەزاران گوند و شارۆچکە و شاری گەورەی هەرێم مرۆڤی کورد بهێنێتە سەرجادەکان بۆ دەربڕینی بێزاری و توڕەیی لە بەرپرسان بۆ پەستان و گوشین خستنە سەر یان کە پێویستیەکانی وەک نان و ئاو و کارەبا ودەرمان و و نەوت و.... دابین بکەن بۆیان.خۆشبەختانە زۆرینەی چالاکیەکان ناتوندوتیژ بون. دوایین نمونەی ئەم جۆرە چالاکیانە ئەوەی خوێندکارانی بەشە ناوخۆییەكانی زانكۆی سلێمانی بو.هۆی ئەوەی خۆپیشاندان لە هەولێر و دهۆک کەمترن ئەوە نیە کە خەڵک لە ژێر سایەی حوکمی بنەماڵەیی پارتیدا لەوێ زۆر بەختەوەربن و تێر و تەسەل و ئازاد و ئەرخەیان بژین، نەخێر هۆکەی ئەوەیە کە پارتی بە هەڕەشە و تۆقاندن و بنچاوکردن و شێوازی جاسوسی و موخابەراتی و هەروەها بە دەم چەورکردن و بەرتیل و بەو مکیاجەی دەیان کەنالی تەلەفیزۆن و ڕادیۆ و ڕۆژنامە و گۆڤار بۆ دەموچاوی قوپاو و پڕلە چرچ و لۆچیی پارتی دەیکەن خەڵکەکەی بێدەنگ کردوە ،هەرچەندە لە بەهاری ئیمساڵدا موچەخۆران بەتایبەتی مامۆستایان و پزیشکان جوامێرانە دیواری ترسیان لە هەولێر شکان و هاتنە سەر جادەکان و ناڕەزایی خۆیان دەربڕی. هەندێ لەهۆکانی ئەوەی بۆچی ئەم خۆپیشاندانانە لە شاری سلێمانی زۆرترن:
١. دەسەڵاتی یەکێتی لە سلێمانی ناتوانێ وەک پارتی ڕەق و زبر و بێبەزەیی بێت چونکە خەڵکەکەی قوبوڵی ناکەن ، شارێک سەدام حسەین لە لوتکەی دەسەڵاتیدا پێی وتبێ (شارێکی سەختە) ، شارێک خەڵکەکەی لە ٦ ی ئەیلولی ١٩٣٠ دا بەرامبەر بەریتانیای گەورەترین زلهێزی جیهانیی ئەو کاتە لە بەردەرکی سەرا ڕاپەڕیبێ و دەیان شەهیدی دابێت، ئیترئەبێ یەکێتی چی بێت بەرامبەر بە زیندوێتی و بزێوی و فرەیی ئەم شارە؟
٢. سلێمانی لانکی لەدایکبونی یەکێتیە، کەم خێزانی شار هەیە دور یا نزیک کەم یا زۆر بە جۆرێک لە جۆرەکان بەهۆی خەباتی یەکێتیەوە زیانی پێنەگەیشتبێ، یەکێتی بۆ سەرکوتکردنی ڕاپەڕینی ١٧ ی شوباتی ٢٠١١ ناچاربو هێزە چەکدارەکانی دەرەوەی سلێمانیی هێنا چونکە ئەوانەی ناو سلێمانی کە زۆریان خەڵکی شارەکە بون لە ڕوی ئەخلاقی و ویژدانییەوە نەیان دەتوانی و پێیان شەرم بو بەرامبەر بە خۆپیشاندەران ئەوەندە دڵڕەقانە و بێبەزەییانە ڕەفتاربکەن وەک ئەوانەی پارتی کردیان.
٣. دەستێوەردان و دنەدان و هاندانی نهێنیانەی پیاوەکانی پارتی ئەگەرێکی ترە بۆ ئەوەی پارتی سودی حیزبی لە ناڕەزایەتیە ڕەواکانی خەڵکی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی یەکێتی وەربگرن و ئەم ناوچانە نائارم بکەن و بەمە یەکێتی لاوازبکەن، ( نەژاد حسێن) ی بەرێوەبەری بەشە ناوخۆییەكانی زانكۆی سلێمانی ڕۆژی ٢٧ ی ١١ ی ٢٠١٨ ڕایگەیاند کە لە ناو خوێندکاراندا خەڵکی دەمامکدارهەبون کە هیچ پەیوەندیەکیان بە کێشەکەوە نەبوە، تۆ بڵێی لەمانە پیاوە نهێنیەکانی پارتییان تیانەبوبێ ؟
مانگرتنەکان وخۆپیشاندانەکانی خەڵکی کوردوستان دژی دەسەڵاتی نادادپەروەر و نادیموکراتی پارتی و یەکێتی دروستکراو و پیلانگێڕی و کارکردی چەند چالاکوانێکی گۆڕان و کۆمۆنیستی و ئیسلامی و فەوزەوی و تازەشۆڕشگێڕی خوێنگەرم نین ، بەڵکو تاقە ڕێگایەکی ناتوندوتیژانەن کە مابێتەوە بۆ خەڵکی برسی و بێکار و بێ کەسابەتی ئەم نیشتمانە.
ئێستا باشترین هەلە بۆ یەکێتی لە بری ئەوەی خەڵکی ناڕازیی خۆپیشاندەری ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆی دڵڕەقانە و بە زۆری چەک دەمکوت و سەرکوت بکات وەک ئەوەی پارتی لە ناوچەکانی خۆی دەیکات ، ئەم زۆر ئارام و نەرم و نیان لەگەڵیان ڕەفتار بکات و هەوڵی شێلگیر و دڵسۆزانە بدات بۆ بەجێگەیاندنی داواکانیان، بەمە جۆرێک لە پاکبونەوە ی ناوخۆ لە کەسانی پلە و پۆست و پارە پەرست و شکستخواردو لە بەڕێوەبردندا بەدەست دێنێ ، وە بەم مەلەکردنەی لە دژی تەوژم بڕێک دەگەڕێتەوە بۆ سەرچاوە ڕون وپاکەکانی خۆی. بەرهەمێکی تری سیاسەتێکی ئاوا ئەوەیە کە یەکێتی لە کێبەرکێی دا لەگەڵ پارتی چەند هەنگاوێک دەچێتە پێشێ و ئەم پیلانەی پارتی بۆ لاوزکردنی یەکێتی بەتال دەکاتەوە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست