کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ئیسرائیل، سوریا، تورکیا، ئیران و کوردستان لە ٢٠١٩ دا

Saturday, 01/12/2018, 0:26


٢٠١٨ بۆ وڵاتانی زلهێزی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەک ئیران، تورکیا، قەتەر و سعودیە ساڵێکی پڕ لە ئەزموون، شکەست و تاقیکردنەوەی سەخت بوو. بۆ وڵاتەکانی دیکەی وەک ئیسرائیل، لبنان، سوریا و عیراق و ئەفغانستانیش بەهەمان شێوە. ئەو ساڵە بۆ کوردستان و نەتەوەی کوردیش ساڵێکی پڕ لە نەهامەتی، ململانێ، دەربەدەری، گرفت و کەوتن و بەرەنگاری بوونەوە و هەستان بوو. لە ئەنجامدا ئەمە بوو بە خەرمانەیەک لە ئەزموون و  تاقیکردنەوەی ئەنجامی پیادە کردنی جۆری سیاسەتی زلهێزەکانی دنیا، زلهێزە ناوچەییەکان، جوڵانەوە سیاسیەکان و گروپە چەکدارە نافەرمییەکان و میلیشیا و گروپی تیۆریستی و دەیان گروپی سیاسیی و چەکداری دیکە لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و چووە نێو لاپەڕەکانی مێژوو بوو بە بابەت بۆ خوێندنەوە و لێکۆڵینەوە و ئەگەر و پێشبینیی ڕووداوە سیاسی و سەربازییەکانی ساڵی ٢٠١٩. 
ڕووداوەکانی ساڵی ٢٠١٨ پێمان دەڵێن بار و دۆخی ناسەقامگیری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و بە تایبەتی جەنگی سوریا، ئەنجامەکەی بۆ گەلانی ناوچەکە و بە تایبەتی چینی زەحمەتکێشی نێو کۆمەڵگەی ئەو وڵاتانە تەنیا نەهامەتی بوو. ئەوانەی سوودمەندبوون تەنیا کەمینەیەکی دیاریکراو و دەوروبەریان کە لەسەر کورسی دەسەڵات دانیشتون و پێکهاتوون لە سەڕۆکی وڵاتەکان، سەرانی گروپە تیرۆریستەکان، سەرانی پارتە دەسەڵاتدارەکان و زلهێزەکانی دنیا. 
سوریا، ئیران ئیسرائیل
ئیران و ئیسرائیل دوو وڵاتن پێگە و گوتەی تایبەتی و ڕۆڵی سەرەکییان هەیە لە بەرێوەبردن و جۆری ئاراستە کردنی ڕووداوەکان لە ناوچەکەدا. ئیسرائیل سنووری بە سوریاوە بەندە هەر گۆڕانکاریەک لەم وڵاتەدا ڕووبدات ئیسرائیل هەوڵدەدا ڕۆڵی تێددا هەبێت و بە بەردەوامیی لە میدیاکاندا نیگەرانی دەردەبڕێت بەرامبەر بە بوونی هێزی چەکداری ئیرانی لە سوریا. 
پەیوەندیی نێوان ئیران و سوریا ڕەگێکی مێژووی هەیە. پەیوەندی نێوان ئەو دوو وڵاتە دوای ڕووخانی شا لە ساڵی ١٩٧٩وە لە گەشەسەندن دایە و لە ڕابردوودا لە یەک سەنگەردا بوون دژ بە ڕژێمی بەعسی عیراقی. 
بە درێژایی ساڵانی هەشتاکان تا ئەمڕۆ تاران و دیمەشق پەیوەنییەکی نزیکیان هەبوو لەگەل پارتەکانی کە لەبەری ئۆپۆزسیۆندا بوون دژ بە سەدام. ئیران و سوریا بە دوو قۆڵی بە پارە و چەک و تەقەمەنی یارمەتی ئۆپۆزسیۆنی عیراقیان دەدا، تا دەگات بە دابین کردنی پاسپۆرت و ڤیزە، بۆ سەران و ئەندام و لایەنگرانی ئۆپۆزسیۆنی عیراقی، فڕۆکەخانەکانیان و ڕێگەی هاتوچۆیان بۆ واڵا کردبوون و ڕێگەیان پێدابوون بنەکە و بارەگە و ئۆفس و نوێنەریان هەبێت لە ئیران و شام.  هەموو سەرانی ئۆپۆزسیۆنی عیراقی بە عەرەب و کورد و پارتە عیلیمانی و ئیسلامییەکان و شیوعیەکان ئەنگوستیلەیەک بوون لە پەنجەی سەرانی تاران و دیمەشق.
دوای ڕوخانی سەدام واتە لە ٢٠٠٣دا، سوریا هێز و توانای خۆی خستە گڕ بۆ یارمەتیدان و پشتیوانی کردنی تاران بۆ سەرکەوتنی پلان و ستراتیژیەتی سیاسی و سەربازیی  لە عیراق و کوردستان. دیمەشەق ڕێگە خۆشکەر و هاندەر و یارمەتیدەری ئیران بوو بۆ کۆنتڕۆڵ کردنی عیراق و سەپاندنی هەژموونی خۆی بەسەر گەلانی ئەو وڵاتە. 
ئێران، هەر لە سەرەتای جەنگی سوریادا تا ئەمڕۆ لایەنێکی سەرەکیی بوو لە بەڕێوەبردنی ململنێکان بە مەبەستی پێکانی ئامانجە سیاسی و ئابووریی و سەربازییەکانی. بۆ ئەو مەبەستە تاران لە سەرەتای جەنگەوە تا هەنوکە هەوڵەکانی چڕکردۆتەوە بۆ پشتیوانی کردن و مانەوەی ئەسەد لەسەر کورسی دەسەڵات بۆ ئەوەی لە ئاکامدا پارێزگاری لە پێگەی خۆی لە سوریا و بەرفرەوان کردنی دەسەڵاتەکانی و سەپاندنی هەژموونی بەسەر گەلانی ناوچەکەدا بکات. 
 لە ٢٠١١ دا کاتێک کە ئەمریکا ڕایگەیاند و گوتی دەبێت ئەسەد لەسەر کورسی دەسەڵات لاچێت، تاران بێ سێ و دوو لێکردن دژی ڕاوەستا، بەهۆی ئەوەی لاچوونی ئەسەد کاردانەوەی خراپی دەبوو لەسەر بەرژەوەندییەکانی ئیران و هەژموونی لە ناوچەکە. لە ئاکامدا ئیران هێزی قودس و کە  قاسم سلێمانی سوپا سالاریەتی بۆ سوریا هەنارد بە مەبەستی پشتیوانی کردن لە ئەسەد، وێرای ئەوەش ئیران هێز و پشتیوانیەکی زۆری بۆ ئەسەد ڕەوانە کرد.  بە پەلە ٥٠٠٠ شەڕکەری حزبوڵا و ٤٠٠٠ هێزی شیعە لە عیراق و ئەفغانستانەوە چوون بۆ سوریا و ٢٠٠٠ شەڕکەر لە هێزی قودس چوون بە هاواری ئەسەد، شان بە شانی ئەوە تاران پارەیەکی زۆری بۆ ئەسەد ڕەوانە کرد. جەلال تاڵەبانی، سکرتێری گشتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، کاتێک کە  لەسەرەتای جەنگی سوریادا لە میدیاکاندا ڕایگەیاند کە پشتیوانی لە مانەوەی ئەسەد دەکات ئەوا ئەو جۆرە لێدوانە بە فیتی ئیران بوو!  
ستراتیژیەت و ئامانجەکانی ئیران تەنیا وابەستە نەبووە و نییە بە پارێزگاری کردن لە  سنووری جوگرافیای ئیران و دەسەڵاتدارانی تاران، بەڵکو وابەستەیە بە پەلوپۆ هاویشتن بۆ وڵاتانی ئەفغانستان، عیراق، سوریا، لبنان و گەشە پێدانی ئایدۆلۆژیای شیعە بەستنەوەی شیعەکان بە یەکتری بە نەهێشتنی سنووری جوگرافیای نێوانیان و دامەزراندنی قەڵای شیعە و بەرفرەوان کردنی هەژموونی شیعە لە ناوچەکەدا بە ڕابەرایەتی کۆماری ئیسلامیی ئیران. تێکچوونی بار و دۆخی سوریا و چوونی هێزەکانی ئیرانی بۆ نێو وڵاتەکە هەنگاوی یەکەمی ئیران بوو بۆ گەیشتن بەو ئامانجە و نزیک بوونەوەی لە سنووری ئیسرائیل.    
خەرمانەی ڕووداوەکانی ٢٠١٨ پێمان دەڵێت، کە ١٩بنەکەی سەربازیی پاسەوانی شۆرشی ئیرانی لە نێو سوریادا هەیە، لە حەلەب، ئیدلیب، لازقیە، حما، حمس، تەرتوس، رقە، قامشلی، حەسەکە، دیرزور، تدمر، ئەبوکەل، دیمەشق، قنتەرە، سویدا و درعا ژمارەی بنەکەکان لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێک دەگۆڕێت. بوونی ئەو بنکە سەربازییانەی ئیران لە سوریا چاوەڕوانی ئەوەی لێدەکرێت ببن بە هۆکاری ئەوەی کە لە ساڵی ٢٠١٩دا گرژیەکانی نێوان سوریا، ئیسرائیل و ئیران بەرەو هەڵکشانی زیاتر بچێت.  
ئیران لە سوریا دەتوانیت لە  ڕێگەی حزبوڵا پشتیوانی ئەسەد بکات دژ بە ئیسرائیل. چەک و تەقەمەنی دوورهاوێژ لە سوریا لەسەر سنوورەکانی باکوری ئیسرائیل دابمەزرێنیت و بە هێرشە سەربازییەکانی  ژیان و گوزەرانی خەڵکی ئیسرائیل هەرەسان بکات.  لە دەرئەنجامدا هەنوکە بوونی هێزەکانی ئیران لە باکوری سنوری ئیسرائیل لە  سوریا، بۆتە سەرچاوەی سەرەکیی نیگەرانی ئیسرائیل. 
مانەوەی ئەسەد و بوونی هێز و هەژموونی ئیران لە سوریا، چاوەڕوانی ئەوەی لێدەکرێت ببێتە سەرچاوەی سەرهەڵدانی جەنگێکی دیکە لە نێوان ئیسرائیل و ئیران. جەنگێکی لەو جۆرە وەک جەنگی سوریا ئاسا جگە لە سوپای فەرمیی هەر دوو وڵات کە دژ بە یەک دەچنە جەنگەوە گەلێک هێزی نافەرمیی سەر بە ئیسرائیل و میلیشیایی شیعەن لە ناوچەکەدا  ڕۆڵی سەرەکییان دەبێت لە و جەنگەدا.  حەسەن نەسروڵا  چەند جارێک لە وتەکانی گوتویەتی کە جەنگی ئیسرائیل دژ بە لبنان و سوریا، تەنیا جەنگ نابێت دژ بەو دوو وڵاتە، ئەڵبەتە جەنگێک دەبێت کە چەکدارەکانی دنیای عەرەبی و ئیسلامیی تێددا بەشدار دەبن، هەروها دەسەڵاتدارانی ئیران چەند جارێک لە وتەکانیاندا ئەم هەڕشەیان دووپات کردۆتەوە.  
ئەگەر ئیسرائیل وەک ساڵانی ڕابردوو دووبارە هێرش بکاتە سەر بنکەکانی ئیران لە سوریا، یان هێڕش بکاتە سەر ئەو بارانەی کە پڕن لە چەک و تەقەمەنی و لە ئیرانەوە هەناردە دەکرێن بۆ میلیشیای ناوچکە، یان بە ئامانچ گرتنی ئەو ناوچانەی کە لە ئیران چەکی ئەتۆمیی تێددا دروست دەکرێت. لە ئەنجامدا لە ساڵی ٢٠١٩دا ئەم گرژی و ناکۆکییە لە هەڵکشان دەبێت و لە ئاکامدا چەند سەنگەرێک دژ بە ئیسرائیل دەکرێتەوە.  ئەو جۆرە جەنگە دووبارە وەک جەنگی سوریا، مەترسی لەسەر بەرژەوەندیی و دەسەڵاتی چەند زلهێزێکی ناوچەیی دروست دەکات کە لە کۆتییدا پێشبینی ئەوەی لێدەکرێت پەڕە بسێنێت و ببێت بە جەنگی زلهێزە ناوچەییەکانی وەک  ئیمارات سعودیە و وڵاتانی کەنداو کە بەرژەوەندیی هانەردەکان لە کەنداوی عەرەبی ئاسان نابێت ئەگەر ئیران دەست بکات بە هێڕشی سەربازیی لەو ناوچانەدا.
 ئەگەر ئیران و هاوپەیمانەکانی سەرکەوتوو بن لە هێڕشەکانیان بۆ سەر ئیسرائیل و بۆیان بلوێت، ئەوا دەست دەکەن بە داگیرکردنی گوند و ئەو ناوچانەی کە بە سنووری ئیسرائیل ناسراون هەر وەک چۆن لە عیراق و لبنان و سوریا ئەنجامیاندا، ئەمە خاڵی نیگەرانی ئیسرائیل و ئەمریکایە و ئەمە هۆکاری ئەوەیە کە چەند ڕۆژێک پێش ئێستا ترامپ لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند کە ئەوان بۆ دوو هۆی سەڕەکی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدان
یەکەم، بۆ نەوت بەرهەم هێنان 
دووەم، بۆ پشتیوانی کردنی ئیسرائیل
ئیران بۆ پارێزگاری کردن لە پێگەی لە سوریا ئامادەیە دووبارە  لە ٢٠١٩دا پشتیوانی لە مانەوەی ئەسەد بکات. دەسەڵاتدارانی تاران هەوڵدەدەن کۆنتڕۆڵی عیراق و باشووری کوردستان لە دەست نەدەن لە ڕێگەی هێزە عەرەبی و کوردیەکانی کە جاشی ئەوانن.  ئیران هەوڵدەدا سوپاکەی ماندوو نەکات، هەموو ئەو جەنگانە بەو هێز و لایەنانە بکات کە سەر بە ئیرانن و شەڕەکەش لە نێو خاک وڵاتانی دراوسێ بێت نەک لە نێو ئیران، هەروها ئیران هەوڵدەدات کە ئەوروپا و ڕوسیا چین نەکەونە بەرەی ئەمریکا دژ بە ئیران و ئەوانیش لای خۆیانەوە سزای ئابووری بەسەر ئیراندا نەسەپێنن. ئیسرائیلیش هەوڵدەدا خۆی لە جەنگی ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی لەگەل ئیران بە دوور بگرێت بۆ ئەوەیش چۆن  لە ساڵانی ڕابردوودا چەند جارێک هێڕشی سەربازیی بۆ سەر ئەو بارخانانەی کە هەڵگری چەک و تەقەمەنی ئیرانی بوون  بۆ حزبوڵا ئەنجام دا بەبێ ئەوەی جەنگەکە فرەوان بکات و بیخاتە قاڵبێکی فەرمیی دیکەی سوپایی. 
ڕووداوەکان و گۆڕانکاریەکانی  دنیا پێمان دەڵێن کە دەسەڵاتدارانی ئیران مەحاڵە بتوانن بەسەر هەموو تەنگەژە و کۆسپەکان زاڵ ببن. دەسەڵاتدارانی تاران خۆیان خستۆتە بار و دۆخێکی ناهەموار و بارێکی گرانیان خستۆتە ئەستۆی خۆیان کە ئەویش بەخێوکردنی ئەو هەموو میلیشیا و گروپە چەکدارانەیە کە لە عیراق، سوریا، لبنان و یەمەن و دەیان وڵاتی دیکە دروستیان کردوە، ناچاران بۆ بەخێوکردنی ئەوان لە قوتی گەلانی ئیران بگرن و ئابووریی وڵاتەکەیان تەنها بۆ ئەوان خەرج بکەن! کە ئەمە کاردانەوەی هەبووە و دەبێت لەسەر بار و دۆخ و گوزەرانی خەڵک و قات وقڕی لە هەڵکشاندا دەبێت و دەنگی ناڕەزا و پارتەکانی کە لە بەرەی ئۆپۆزسیۆنن زیاتر بواریان بۆ دەرەخسێت دژ بە دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامیی کار بکەن. 
میدیاکانی سەر بە ئیران و سێبەرەکانیان لە وڵاتانی ناوچەکە، ئاماژە بەوە دەدەن کە ئیران سەرکەوتوو بووە لە سەپاندنی هەژموونی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. ئەڵبەتە ئەم بۆچوونە ڕاست نییە، بەهۆی ئەوەی ئیران بار و دۆخێکی گەلێک ناهەمواری بۆ خۆی دروست کردەوە و کەری ئەو بارە گرانە نییە، وێرای ئەوەش  ڕوسیا هەر کاتێک بزانێت ئێران دەبێت بە هێزێکی ناوچەیی بەهێز ئەو کات ئەویش دەچێتە پاڵ ئەمریکا دژ بە تاران.  خاڵیکی گرنگی دیکە ئەوەیە کە سونەکانیش نیازیانە قەڵای دەسەڵاتی سونە دروست بکەن لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا وەک تورکیا، قەتەر و سعودیە هەرگیز دەستەوەستان ناوەستن بەرامبەر بە  دروستکردنی قەڵای شیعە لە ناوچەکەدا.
ناتەبایی ئەمریکا لەگەڵ ئیران
ئەمریکا دڵنیاییە لەوەی کە مانەوەی هەژموونی ئیران بەمجۆرە لە ناوچەکەدا لە بەرژەوەندیی ئەواندا نییە، لە ئەنجامدا ئەمریکا مەبەستیەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەژموونی ئیران سنووردار بکات.  ئەوەی ڕوون نییە ئەوەیە کە ئایا ئەمریکا لە ئێران مەبەستی گۆڕانی هەڵسوکەوت و مامەڵەی دەسەڵاتدارانی ئیرانە لەگەڵ ئەمریکا یان دەیەوێت لە ڕەگەوە سیستەمیی دەسەڵاتی سیاسی و حوکمڕانی بگۆڕێت؟ 
ئەگەر وڵاتانی زلهێزی وەک ڕوسیا و ئەمریکا کۆک بن لەسەر پاراستنی یەکپارچەی سوریا و عیراق ئەوا لە ساڵی نوێدا ئەمریکا هەوڵدەدا ئیران لە سوریا و عیراق دەربکات.  دواتر داوا لە تورکیا دەکات کە هێزەکانی لە سوریا و عیراق بکشێنیتەوە. 
بە زەبەلاحبوونی هەژموونی ئیران لە ناوچەکە ئەنجامی هەڵەی پلان و تاکتیک و ستراتیژەیەتی کار کردنی زلهێزەکانی دنیایە، لە جەنگی لبنان بگرە تا دەگات بە ڕاپەرینەکانی گەلانی عیراق لە ١٩٩١، ڕووداوەکانی ٢٠٠٣ لە عیراق، جەنگی سوریا لە ساڵی ٢٠١١وە  کە هەمووی بواری سیاسی هەڵخست بۆ ئیران تا بتوانێت بەمجۆرە هەژموونی خۆی لە ناوچەکەدا بسەپێنێت کە ئەمریکا و ئەوروپا و تا دەگات بە ڕوسیاش نەیانتوانیوە ئەوە بکەن بەهۆی بەکارهێنانی ئامراز و تاکتیکی هەڵە لە مامەلەکردن لەگەڵ ڕووداوەکان و نەخوێندوەی وورد بۆ سروشت و ڕۆڵی گرفتە مەزهەبیی و ئایینەیەکانی کە لە نێو گەلانی ناوچەکەدا هەن. 
ئەمریکا هەر وڵاتێکی دیکەی زلهێز ئەگەر بیانەوێت هەژموونی ئیران لە ناوچەکەدا سنووردار بکەن ئەوە پێویست دەکات بە پلان و تاکتیکی خۆیاندا بچنەوە هەژماری کێشە نیشتمانیی و نەتەوەیی و مەزهەبیی و عیلمانییەکانی کە هەن لە نێو گەلانی ناوچەکەدا بکەن و وریاتر هێز و توانای گەلانی ناوچەکە بەکار بهێنن دژ بە دەسسەڵاتدارانی ئیران. ئەمریکا دەبێت بزانیت ڕەنگە ئیران توانێبێتی بەهۆی پارە و چەکدار کردنی گروپ و میلیشای ناوچەییەکان هەژموونی خۆی بسەپێنیت بەڵام لە هەمان کاتدا دەنگێکی ناڕەزایی خەوتوو هەیە دژ بە دەسەڵاتدارانی ئیران لە عیراق و سوریا و لبنان و تورکیا و کوردستان کە دەبێت ئەمریکا هەژماری بۆ بکات بواریان بۆ برەخسێنێت بۆ ئەوەی سەرهەڵبدەن و گەشە بکەن.
بەرهەمی تەواو بوونی جەنگی سوریا بۆ ٢٠١٩بریتییە لە
یەکەم، کوژرانی میلیۆنان کەس لە خەڵکی سیڤیل. جێهێشتنی نەهامەتیەکی ئێجگار مەزن و بیرەوەرییەکی ئێجگار تاڵ بۆ گەلانی سوریا بە تایبەتی و گەلانی ناوچەکە بە گشتی. بوونی سەدان هەزار دایکی جەرگ سووتاو. سەرهەڵدانی سەدان هەزار کێشەی کۆمەڵایەتیی و کەیسی نەخۆشی دەروونی لە نێو کۆمەڵگەی ئەو وڵاتە. هەژاری، بوونی بە سەدان هەزار کەسی پەککەوتەی جەنگ، سەرگەردان بوون و مانەوەی بە سەدان هەزار منداڵی بێ لانە و بێ دایک و باوک. وێرای ئەوەش ئاسۆی مەرامی زلهێزە ناوچەییەکان و دنیا هێشتا پڕ لە تەم و مژە! 
دووەم، ئەگەری هەڵکشانی گڕژیەکانی نێوان سعودیە لەگەل هەر دوو وڵات تورکیا و ئیران.
سێیەم، کاتێک کە سوریا داوای یەکپارچەی وڵاتەکەی دەکات و لە ئەنجامی داگیرکردنی چەند ناوچەیەک لە سوریا لەلایەن تورکیاوە، ئەگەری ڕووبەڕووبوونەوەی دیکەی لێ دەکرێت.
چوارەم، ئەگەری هەڵکشانی گرژیەکان لە ئەنجامی فرەوان بوونی هەژموونی شیعە لە ناوچکە بەرامبەر بە سونەکان.
پێنجەم، ناکۆکی نێوان ڕوسیا و ئەمریکا لە وەرگرتنی پشک لە سوریا و لە کێشانی نەخشەی سیاسی تازە بۆ مامەڵەکردنی لەگەڵ سوریای دوای جەنگ. 
شەشەم. جەنگی دەرکردنی ئیران لە سوریا
حەوتەم، جەنگی ئەمریکا دژ بە ئیران
هەشتەم، جەنگی ئیسرائیل دژ بە ئیران.
نۆیەم، دوای ئەو هەموو ماندووبوون و خەرجیە قەتەر، تورکیا و سعودیە نەیانتوانی ئەسەد لە دەسەڵات نەهێڵن، دواتریش لە نێوخۆیان ناکۆک دەبن کە کێ دوای ئەسەد دەسەڵات بگرێتە دەست. بێ گومان  قەتەر و تورکیا سوریای دوای ئەسەد بە شایەنی ئیخوانەکان دەبینن بەڵام بە دڵنیاییەوە سعودیە دژی ئەو بۆچوونە دەبێت کە ئەمیش بۆ خۆی گرفتێکی دیکەیە. 
هەر چوار پارچەی کوردستان
ڕۆژهەڵات، 
گرژیەکانی نێوان ئەمریکا و ئیران لە سوریا، گرژیەکانی نێوان تاران و ئەمریکا لە عیراق. گرژی نێوان ئیران و ئیسرائیل. ناتەبای نێوان ئیران و سعودیە، بوونی بیرۆکەی دژ بە یەک لە نێوان دروستکردنی قەڵای سونە و شیعە. نالەباری بار و دۆخی ناوەوەی ئیران و هەڵکشانی دەنگی ناڕەزا، خراپی باری ئابووری گەلانی ئیران. هاندانی ئەمریکا بۆ دژایەتی کردنی دەسەڵاتدارانی ئیران. هەموو ئەمانە خاڵی بەهێزن کە پارتی ئۆپۆزسیۆنی کورد لە ڕۆژهەڵاتی وڵات دەتوانن لێسوودمەند بن. هەلێکی مێژووی هاتۆتە پێشێ کە پارتە کوردیەکان بگرە لە کۆمەڵەی زەحمەتکێشان، حزبی دیموکراتی ئیران و تا دەگات بە  پژاک گەلێک پارت و لایەنی دیکە کە دەتوانن بیقۆزنەوە و خۆیان کارا کەن و نەهێڵن ئەزموونی باشوور لە ڕۆژهەڵات دووبارە بێتەوە. 
پارتی ئۆپۆزسیۆنی کورد لەم بەشەدا خامۆشە، ئاماژەکان وای دەردەخەن کە هێزی ئۆپۆزسیۆنی کوردی چاوەڕێی دەستوەشاندنی ئەمریکایە لە ئیران! کە ئەمە هەڵەیەکی کوشندەیە، ئەزموون و تاقیکردنەوە و جۆری مامەڵەکردنی زلهێزەکان لەگەڵ ڕووداوەکان و هێز و وڵاتانی ناوچەکە پێمان دەڵێن کە نابێت متمانە بە ئەجێندای هێچ هێزێکی دەرەکی بدرێت بۆ نمونە، تورکیا و قەتەر و سعودیە و چەند وڵاتیکی دیکە لە ساڵی ٢٠١١ دا وا تێگەیشتبوون کە ئەسەد کۆتایی هاتووە و تەنیا پاڵدانێکی گەرەکە و بە هێزی ئۆپۆزسیۆنی سوری و هێز و میلیشیا چەکدارەکانی خۆیان دەگوت، ئەمریکا دەستەوەستان ناوەستیت چۆن لە لیبیا هەڵوێستی دژ بە قەزافی وەرگرت و ڕاستەوخۆ هێڕشی ئاسمانی کردە سەر دامودەزگا و سوپای لیبیا لە سوریاش هەمان هەڵوێست وەردەگرێت و ئەسەد چارەنووسی وەک قەزافی دەبێت. تێکەڵاو بوونی ئەمریکا لە لیبیا لە لایەن سعودیە و قەتەر پشتیوانی لێکرا. بەڵام ئەمریکا هەڵوێستی بەرامبەر بە ئەسەد وەک هەڵوێستی بەرامبەر بە قەزافی نەبوو، ئەمریکا لە ساڵی ٢٠١٢وە تەنیا ئەوەی بە ئەسەد دەگوت کە بەکارهێنانی چەکی کیمیاوی هێڵی سوورە، کەواتە چرای سەوزی بۆ ئەسەد هەڵکردبوو کە بە ئارەزووی خۆی هێڕش و بەرپەرچدانەوە سەربازییەکانی فرەوان بکات لەم دیدەوە  قەتەر، تورکیا و سعودیە هەر لە سەرەتای سەرهەڵدانی جەنگی سوریا پشتیوانیان لە خۆپیشاندانەکانی ناوەوەی سوریا کرد و دژ بە ئەسەد هانی ئەمریکایان دا.
 دواتر ئەزموون سەلماندی کە ئەم جۆرە پێشبینیە هەڵەیەکی مەزن بوو و ئەسەد تا ئێستاش  لەسەر کورسییەکەی ماوە!  لە ئاکامدا، ئەمە یەکێک بوو لە هۆکارە سەڕەکییەکان کە هەر سێ وڵات دەستیان کرد بە زەبەلاح کردنی هێز و گروپی تیڕۆریستی وەک لە ئەفغانستان سعودیە یارمەتی موجهاهیدینی دا و پارەی زۆری بۆیان دابینکرد. قەتەر و سعودیە هاندەری سەڕەکیی بوون لە دروست کردن و پشتیوانی کردنی گروپ چەکدارەکان  بە ڕێگەی کەسانی ئاینی و ناردنی پارە بۆیان. قەتەر یارمەتی یاخیبووەکانی لیبیا و قاعیدەی باڵی سوریا و جەبهەی ئەلنوسرەی دا. تورکیا یارمەتی ئەو گروپانەی سەر بە ئیخوان و تەوحید و کە دواتر بوون بە ئەحرار ئەلشام دا. تورکیا سنوورەکانی واڵا کرد بە ڕووی تیڕۆریستانی دنیا کە سەر بەو گروپ و هێزانە بوون و فڕۆکەخانەی ئەنقەرە و ئەستەنبۆڵی خستە خزمەتیان. 
پێشبینی و خوێندنەوەی هەڵە بۆ بار و دۆخی سیاسی و سەربازیی  ڕووداوەکانی جیهان لە وڵاتانی وەک تورکیا، قەتەر و عیراق و کوردستان چاوەڕوان کراوە، بەهۆی ئەوەی  دەزگای هەواڵگری ئەو جۆرە وڵاتانە لەسەر بیناغەی شارەزایی تاکەکان و بوونی بڕونامە لە بواری هەواڵگری و دڵسۆزی  پۆزشنەکان پڕ ناکرێنەوە، ئەڵبەتە ئەو کەسانە دادەنرێن کە  بەهۆی پەیوەندیی خێزانی و نزیکی ئەو کەسانەن کە لە دەسەڵاتن، لە ئەنجامدا دەزگای هەواڵگری ئەو جۆرە وڵاتانە بۆ سەرکوتکردنی دەنگی شەقام و پارتی ئۆپۆزسیۆنی نێو وڵاتەکەی خۆیان دەکوژن و دەبڕن و بۆیان دەچێتە سەر بەبێ لێپرسینەوە، بەڵام لە هاڤرکێێ نێو شارەزایی دەزگای هەواڵگری دنیا و دەرەوەی وڵاتەکانی خۆیان، فەشەل دەهێنن  نمونە لە تورکیا کوشتنی قاشوخچی لە کونسڵخانەی سعودیە بووە هۆی ئابروو چونێکی ئێجگار مەزن بۆ سعودیە. نمونەی ئەو جۆرە دەزگایانە هەنوکە لە باشووریشدا هەن وەک سەڕۆکی دەزگای دژە تیڕۆر زڕ برازاکانی تاڵەبانینن و سەڕۆکی دەزگای هەواڵگری هەرێمیش مەسروری کوڕی مەسعود بارزانییە!  لە دەرئەنجامدا دەردەکەوێت کە دەزگای هەواڵگری و سیخورەکانی ئەو وڵاتانە یان زانیاریی تەواویان نەداوەتە دەسەڵاتدارانی وڵاتەکەیان یان توانای بە دەستهێنانی زانیارییان نەبووە یانیش لەلایەن هێزی دیکەوە کڕاون!  
لە ئاکامدا بۆچوونی ئەوەی کەوا ئەسەد تەنیا بە پاڵنانێک دەکەوێت دەرکەوت کە پێشبینیەکی هەڵە بوو و کاردانەوەی خراپیشی هەبوو لەسەر ئامانجەکان و ستراتیژیەتی داڕێژارو بۆ جۆری مامەڵەکردن لەگەل ڕووداوەکاندا لەلایەن سعودیە، قەتەر و تورکیاوە، کە لە ئەنجامدا لە جەنگی سوریا و ئەو وڵاتانە خۆیان پاراست لە ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی لە ڕێگەی سوپای فەرمیی وڵاتەکانیان و یارمەتی گروپی تیرۆریستی و میلیشیای چەکداریان دا بۆ بەشداری پێکردنیان لە جەنگی سوریا، تا ئاستێک هەندێک لەو گروپانە ئەوەندە بەهێز بوون ئەگەری یاخیبوونیان لێ دەکرا لە بڕیار و هەڵوێستەکانی ئەو وڵاتانەی کە بە پارە و چەک قەبەیان کردبوون!
دەزگای میتی تورکیی ئەوەندەی فۆکەیسی خستبووە سەر جوڵانەوەی پارتە کوردییەکان بە تایبەتی یەپەگە و پەکەکە، ئەوەندە لای گرنگ نەبوو کە بار و دۆخی ئەسەد خراپ بوو یان باش بوو، کە لە ئەنجامدا کاردانەوەی هەبوو لەسەر پێشبینیەکانی تورکیا لە لاچوونی ئەسەد، لەسەرەتای جەنگدا ئەردوغان بە حەماسەوە باسی لابردنی ئەسەدی دەکرد، بەهۆی ئەوەی پێ وابوو بە ئاسانی ئەسەدیان بۆ لادەچێت بەڵام ئەزموون سەلماندی کە پێشبینیەکانی تورکیاش هەڵە بوو لە نیوەی ڕێگە تورکیا پاشگەز بۆیەوە لە بڕیارەکەی و کەوتە پشتیوانی کردنی ئەسەد و لە ئەنجامی تێکچوونی بار و دۆخی سوریا، تورکیا توشی شەڕێکی دوو مانگی بوو بەرامبەر بە یەپەگە ئینجا توانی عەفرین داگیر بکات کە ئەمە شکاندنی شکۆمەندی سوپای تورکیا بوو. پێشبینیەکانی ئەو وڵاتانە ئەوە بوو کە ئەمریکا چۆن لە لیبیا خۆی تێهەڵقوڵتاند لە ڕووخانی قەزافی ئەوا هەمان هەڵویستی دەبێت بەرامبەر بە ئەسەد بەڵام وا دەرنەچوو!
لەدەرئەنجامدا، دەردەکەوێت دەستەوەستانی هێزە کوردییەکان و چاوەڕێکردنی دەستی ئەمریکا بۆ ئەوەی دەسەڵاتدارانی ئیران ڕاماڵێت، کارێکی ڕاست نییە. ئەمریکا پلان و ستراتیژیەکانی دادەرێژێت ئینجا بەگوێرەی ئەوە مامەڵە لەگەل وڵاتانی ناوچەکە و هێز و گروپی چەکداری پارتە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئەو وڵاتانە دەکات، واتە وەک داشی دامە بەکاریان دەهێنێت، سوڕانەوە لە فەلەکی ئەجێندایەک کە ئەجێندای پرسی کورد نییە لە ناوچەکەدا ئاکامەکەی هەر بەرە و هەڵدێر چوونە!
 باکور
لە باکووری وڵات، هەندێک پارتی کوردی هەن بەڵام ئەوەی ئەمڕۆ لە مەیدانەکەدا هەیە و نوێنەرایەتی جوڵانەوی بزاڤێ ڕزگاری دەکات، ئەوا پارتی کرێکارانی کوردستانە و لە ٢٠١٩شدا هەر وەک خۆی دەبێت. 
بۆ ئەم قۆناغە کە زلهێزەکان دەیانەوێت هەژموون و دەسەڵاتەکانی ئیران لە ناوچەکە کەم بکەنەوە، بۆ داخستنی سەنگەرێکی دژ بە خۆیان ئەگەری ئەوە هەیە بە شێوەیەکی کاتی بۆ ڕازی کردنی تورکیا فشار لەسەر پەکەکە زیاتر بێت، بەڵام بێ گومان ئەوە کاردانەوەی لەسەر دۆخی پەکەکە نابێت، بەهۆی ئەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان خاوەن سەرکردەیەکی زیندانی کراوە، بە درێژایی ساڵانی ڕابردوو تا ئێستا، تەنیا خاوەن هەڵویستی بەرز بووە بەرامبەر بە پرسی کورد و دوژمنەکانی، خەریکی خەباتی چەکدارین و بۆ ساڵانێکی درێژە لە کێوەکانی کوردستاندا سەرکردایەتی و بنکردایەتی ئەو پارتە ژیانێکی پڕ لە سەختی و دژوار دەبەنە سەر خاوەن هێزێکی چەکداری گەریلەن لە شوێنێکی تایبەت ناگیرسێنەوە. فشاری ئەمریکا، تورکیا وڵاتانی دیکە هیچ لە بار و دۆخی پەکەکە ناگۆڕێت، لە هەر بار و دۆخێک و فشارێکدا بێت ئەوا ژیانیان نە لە شاخ و نە لە زینداندا سەختتر نابێت، نە بیرە نەوتیان هەیە نە کۆشک و باڵەخانەیان هەیە لێیان زەوت بکرێت، تەنیا خاوەن چەکی دەستیان و خەبات و پرنسیپی بەرزن ئەگەر ئەوان سووربن لەسەر بەردەوام بوون ئەوا هیچ هێزێکی دنیا دەرقەتیان نایەت. 
ڕۆژئاوا، یەپەگە و تورکیا
ڕۆژئاوا لە سایەی یەپەگە خاوەن ئەزموونێکی سەرکەوتوو و مێژوویەکی سەر بەرزکەرە. لە ڕابردوودا ئەم هێزە لەژێر فشاری سوریا، تورکیا و داعش و گەلێک لە چەکدار و میلیشیا و گروپی چەکداری سەر بە وڵاتانی زلهێزی ناوچەیی بووە، بەڵام هەر خۆ ڕاگر بووە.
چاودێرانی سیاسیی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، وای دەخوێنەوە، کە ئەمریکا هێز و دەسەڵاتەکانی لە ناوچەکەدا گۆڕانی بەسەردا هاتووە و ئەو بوونەی جارانی نەماوە، کە لە ئاکامدا تورکیا، قەتەر و سعودیە و ئیران و ڕوسیاش دەیانەوێت ئەو هەلە بقۆزنەوە بۆ فرەوان کردنی دەسەڵاتەکانیان و سەپاندنی هەژموونیان بەسەر گەلان و سیستەمی حوکمرانی و دەستکەوتی ئابووریی زیاتر لە ناوچەکە، هەروها ئەوان پێیان وایە کە ئەمریکا دەبێت زیاتر بوونی هەبێت بۆ ئەوەی زلهێزە ناوچەیەکان بە تایبەتی ئیران دەسەڵاتەکانی زیاتر نەکات.  لەم دیدەوە یەپەگەش هێزێکە لە هاوپەیمانیەتی دایە لەگەڵ ئەمریکا ئەگەر هاتوو ئەم بۆچوونە بۆ ٢٠٠١٩ ڕاست بێت ئەوا بێ گومان کاردانەوەی دەبێت لەسەر یەپەگە، وێرای ئەوەش بە گوێرەی میدیا جیهانییەکان بێت لە میزانیەی پینتاگۆن ٣٠٠ میلیۆن دۆلار کە لە ڕابردوودا بڕیاری لەسەر درابوو یارمەتی یەپەگە بدرێت، بۆ ساڵی ٢٠١٩ش هەمان بڕیار هەیە و ئەم یارمەتیە بڕاوەوتە بەڵام هێشتا ئەو بڕیارە لەلایەن کۆنگرێسەوە پەسند نەکراوە! 
تورکیا، لەگەل ئەوەی بە گوێرەی یاسای سنووری نێو دەوڵەتی بێت نابێت هیچ دەسەڵاتێکی لە سوریا هەبێت بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دوژمنێکی سەرسەختی یەپەگەیە لە هەموو دانیشتنێک و کۆڕ و کۆبونەوەدا ئەم دوژمنایەتی کردنە پشت ڕاست دەکاتەوە کە بێ گومان بۆ ساڵی داهاتووش تا پێ بکرێت هەوڵەکانی دژ بە یەپەگە و بزاڤێ ڕزگاری کورد چڕتر دەکات، وێرای ئەوەش تورکیاش  یەکێکە لە زلهێزە ناوچەییەکان کە زەرەمەند بووە لە جەنگی سوریا و جەنگی دژ بە داعشدا و ئەو تورکیایەی چەند ساڵ پێش ئەمڕۆ نەماوە و نامینێت بۆ؟ 
یەکەم، گەورەترین مەترسی کە تورکیا هەژماری بۆ دەکرد پرسی کورد و هێزی یەپەگە بوو، کە شەش ساڵە بێوچان دژایەتی ئەو هێزە دەکات، بەڵام لە ئاکامدا یەپەگە و پەیەدە تەنیا هێزن لە ناوچکە متمانە و سەرنجی دنیایان بە لای خۆیاندا ڕاکێشا،  گەیشتە ئاستێک کە چوونە نێو هاوپەیمانیەتی لەگەڵ دوو زلهێزی جیهانی کە ڕوسیا و ئەمریکا بوو، ڕاستە یەپەگە قوربانی زۆری دا بەڵام لە نەبوو بوو بە هێزێک کە لەسەر ئاستی دنیا هەژماری بۆ دەکرا و لە جەنگدا و لەسەر مێزی گفتوگۆشدا ڕۆڵی خۆی بینیوە، ئەمە بۆ تورکیا دۆڕانە!
دووەم، بە مانەوەی ئەسەد و ڕێککەوتنی تورکیا لەگەڵ ڕوسیا دەربارەی ئیدلیب، مانای ئەوەیە کە تورکیا بۆ ڕازی کردنی ڕوسیا پشتی لە گروپ و چەکەدارەکانی سەربەخۆی کرد کە لە ساڵی ٢٠١٩دا ئەنجامەکەی بە ڕوونی دیار دەبێت و لە ئاکامدا متمانەی ئەو هێزانە بە تورکیا لەڕزۆک دەبێت. 
سێیەم، تورکیا لەگەڵ ئەوەی خۆی لە ڕوسیا نزیک دەکردەوە بەڵام ڕوسیا پشتیوانی لە هەڵوێستی تورکیا نەکرد بۆ لابردنی ئەسەد و هێنانی ئیخوانەکان بۆ گرتنە دەستی دەسەڵاتی سیاسی سوریا، لە ئەنجامدا تورکیا ناچار بوو لە جەنگی دژ بە داعشدا لەگەل ئەمریکا و ڕوسیا بچێتە نێو هاوپەیمانیەتی. کە لە ئاکامدا زیانیکی ئابووری ئێجگار مەزنی بەرکەوت کە تورکیا لەمشدا هەر دۆڕاوە. 
چەوارەم، چالاکییەکانی پەکەکە لە پەڕەسەندن بوو دژ بە تورکیا کە لە ئاکامدا کاری کردە سەر ژمارەی ئەو گەشتیارانەی کە ساڵانە ڕوویان لە تورکیا دەکرد.  
پێنجەم، زیاتر لە سێ میلیۆن ئاوارەی جەنگ ڕوویان لە تورکیا کرد، ئەمە فشارێکی ئابووری لەسەر تورکیا دروست کرد. 
شەشەم، ئابووری تورکیا وەک ساڵانی پێش جەنگی سوریا نەماوە، بارو دۆخی ناوەوەی شڵەژاوە، هێزی ئۆپۆزسیۆن بە ژمارە لە گەشە سەندنە، بە سەدان هەزار کەس لە زیندانەکانی تورکیادان، سەرەڕای ئەوانەش هێزی یەپەگە ئەو هێزەی پێش جەنگی سوریا نییە، ئەمڕۆ هەژماری بۆ دەکرێت بووە بە خاوەن سەنگێک کە پەیتا پەیتا نوێنەریان دەچێت لەگەڵ سەرانی سوریا کۆ دەبنەوە بۆ تاوتوێکردنی بار و دۆخی سوری لە کاتێکدا لە پێش جەنگی سوریا کورد لە سوریا لە نیو ناسنامەکەی دەنووسرا بیانی.
 حەوتەم، خاڵێکی لە هەمووی گرنگتر ئەوەیە، ئەگەر بە خوازی تورکیا بوایە ئێستا ئەسەد لەسەر کورسیەکەی لاچووبوو یەکێک لە سەرانی ئیخوان ببوو بە سەڕۆکی سوریا، کەواتە دوای ئەو هەموو کێشە و گرفت و خەرجیەی تورکیا بەڵام خواستەکەی نەهاتە دی کە ئەمەش بۆ تورکیا دۆڕانە!
باشوور،
زەلکاوێکی سیاسی و ئامرازی شکاندنی بڕبڕەی پشتی بزوتنەوەی ڕزگاری نەتەوەیی کوردە. ئەو هەلە مێژوویانەی کە لە باشووردا هاتە پێشێ لە هیچ بەشێکی دیکەی ئەو وڵاتە نەهاتە پێشێ، بەڵام کرا بە قوربانی بەرژەوەندیی تایبەتی سەرانی پارتەکانی باشوور لە ئەو پەڕی چەپیانەوە بۆ ئەو پەڕی ڕاستییان. 
لە هەر بزوتنەوەیەک و نێو هەر پارتێکی سیاسیدا کە خوڕەوشت و مۆڕاڵ و بڕوابوون بە کۆشش و خەبات بۆ ئامانجە بەرزەکان نەما، ئەوا ئەو جوڵانەوە و پارت و کۆمەڵگایە بەرەو پوکانەوە دەچێت، کۆمەڵگە ئەگەر فریای خۆی نەکەوێت لە دەریایەکی ئێجگار بۆ گەنیودا نقوم دەبێت و نغرۆ دەبێت!
لە کۆمەڵگەی یۆنانیدا، گەلێک فەیلەسوفی وەک سکرات، ئەفلاتون و ئەرستۆ هەڵکەوتن کە کاریان تەنیا هۆشیار کردنەوەی میللەتەکەیان بوو بۆ بابەتی فەلسەفی و قوڵبوونەوەو شێکردنەوەی مۆڕال، خوڕەوشت و مڕۆڤ بوون، لەم باشوورەدا لەژێر سایەی دەسەڵاتی بۆگەنی بنەماڵەی بارزانی و خێزانی تاڵەبانییدا بیستوهەشت ساڵە ئەوەی ناوی وانەی خوڕەوشت و مۆڕاڵ بێت نەماوە، بە سەدان هەزار کەسی بەرژەوەندیی و پارە و پۆست پەرست و ماستاوچی بەرهەم هاتووە کە هەژماری پەرەموچێک بۆ میللەتی ژێر دەستی ماف خوراو و وڵاتی داگیرکراو ناکات، هەموو دنیا دەکات بە قوربانی دۆلارێک! 
لە باشووردا کۆمەڵێک پارت و سەرانیان هەڵکەوتوون، کە لە ساڵی ٢٠١٩شدا وەک پیشەی هەمیشەیان کاریان تەنیا دزینی بیرە نەوتەکان دەبێت، خۆیان و ماڵ و منداڵیان لە کۆشک و باڵەخانی سەر بەرزاییەکان دەبێت، ملکەچی بەغداد دەبن،  لەنجە و لار لێدەدەن بە ڕاخستنی فەڕشی سووری بەغدا و پۆستی پلە باڵاکانی هەرێم و عیراق. ئەمانە هەر بە خۆفڕۆشی و جاشایەتی دەمێننەوە و هەندێک لەو پارتانەی کە لە حکومەتی بنکە فڕەوان  دەرکران دەچنەوە نێو پەیکەری کرمێ بووی حوکمڕانی هەرێم!

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە