کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


هەلێکی مێژویی بۆ گۆڕان

Sunday, 18/11/2018, 19:47


هەرچەندە  تاوانی دزی و گزیەکانی پارتی و یەکێتی لەدوا هەڵبژاردنی پەرلەمانی  عێراق وکوردوستانا  هۆیەکی گرنگی کەمکردنەوەی دەنگەکانی گۆڕان بون٫ بەڵام بێگومان کێشەی دەسەڵاتی فیعلی و سەرکردایەتی لە  گۆڕان دا و نیگەرانیی ئەوەی گۆڕانیش بکرێتە حیزبێکی بنەماڵەیی و هەروەها کێشەی دورکەوتنەوە و دورخستنەوەی فیعلیی کۆمەڵێک هەڵسوڕاو و سەرکردەی  بەتوانا و دڵسۆزی گۆڕان هەمو ئەمانەیش هۆی گرنگی کەمکردنەوەی دەنگەکانی گۆڕان بون . ئەمێستا  کە گۆڕان لە قەیران و لاوازیدایە پارتی زۆر فێڵبازانە پاروی چەوری پۆست و پارە (نەک دەسەڵات بۆ خزمەتی خەڵک!) دەخاتە بەردەم سەرکردەکانی گۆڕان و هەڵسوڕاوەکانی، پارتی لە بەر ئەم هۆیانە حەزدەکات گۆڕان بەشداربێت لە حکومەتدا:
١. پارتی هیچ  یەک لە وەزارەتە گرنگەکانی وەک پێشمەرگە و ناوخۆ و ئابوری و دارایی و دۆسیە گرنگەکانی وەک نەوت و گاز و ئاسایش و پەیوەندیەکانی دەرەوە و دەسەڵاتی دادوەری نادات بە گۆڕان، ئەوەی دەمێنێتەوە وەک وەزارەتە خزمەتگوزاریەکانی تەندروستی و کارەبا و کار و کاروباری کۆمەڵایەتی و ئەوقاف و ... جگە لە سەرئێشە و ناشرین کردنی گۆڕان لای خەڵک هیچ سودێکی نابێت چونکە خزمەتکردنی خەڵک لە ڕێی ئەو وەزارەتانەوە بە پارە دەکرێت پارەش لای پارتی و یەکێتیە و نایدەن بە گۆڕان و وەزیرەکانی.  
٢. ئەگەر گۆڕان چوە ناو حکومەتەوە  ئیتر  دەبێت واز  لە نیاز و خواستی گۆڕینی سیستم و دروشەمە گەورەکانی تر بهێنێ و  ببێتە حیزبێکی ئاسایی ڕامکراو  و ئیتر دەبێت بگەڕێتەوە ناو چڵکاوەکەی پارتی و یەکێتی ، دیارە لە ناوخۆیشیدا دەبێت گۆڕان گۆڕانی خراپی وابکات کە ئیتر باش بگونجێ لە گەڵ سیاسەتە نوێکەدا، دەبێت ئیتر کەس هیوای بەوە نەمێنێت لە ناو گۆڕاندا ئاشتبونەوەیەکی گشتی بکرێت لە سەر بنەمای ڕەخنە و ڕەخنەلەخۆگرتن و داڕشتنی سیاسەتێکی نزیک لە داخوازییەکانی خەڵک و دور لە تێکەڵکردنی بزنێس و سیاسەت و بنەماڵە و پیلان و کاری ژێربەژێری.
بە وەرگرتنی چەند پۆستێکی بێبەها و دڵخۆشکردنی چەند هەڵسوڕاوێک پارتی هێزێکی ئۆپۆزیسیۆنی گەورە و کارا و ڕاستگۆ لە کۆڵ خۆیدەکاتەوە و ئەوەندەی تر خۆی بەهێز دەکات و کۆمەڵانی خەڵکیش نائومێد. 
٣. بۆ لاوازکردنی یەکێتی و تێکدانی پەیوەندیی نێوان گۆڕان ویەکێتی و دروستکردنی ئاژاوە لە دەڤەری ژێر دەسەڵاتی یەکێتی، دورنیە پارتی هەوڵی ژێربەژێریی جاسوسی زۆر بدات کە یەکێتی لە ناو خۆیاندا بدات بە شەڕ، یا دنەی هەندێ لە سەرشێت و موغامیر و بەدمەستەکانی ناو یەکێتی بدات کە هێرشی سەربازی بکەنە سەر گۆڕان و ئینجا خۆی وەک هێزێکی ڕزگارکەری کوردوستان لە ئاژاوەی ناوخۆ و پاشاگەردانی بێتە مەیدانەوە، ئینجا هەمو کەناڵە میدیاییەکانی درۆ و پاگەندە بخاتە گەڕ بۆ تیژکردنەوەی شمشێری چەکدارە موچەخۆرە کانی و ئامادەکردنی خەڵک بۆ قوبوڵکردنی داگیرکردنی سەربازیی شارەکانی دەڤەری  ژێر دەسەڵاتی یەکێتی هەر لە کۆیەوە تا ڕاپەڕین و سلێمانی و گەرمیان.پارتی بڕوای بە دیموکراتی و دەستاودەستکردنی دەسەڵات نیە، پارتی دەیەوێ بە تەنیا حوکمی کوردوستان بکات، پارتی وەهمی ئەوەی هەیە ئەگەر ئەو و سەرۆکەکەی و بنەماڵەکەی نەبێت کورد نامێنێ و ناگات بە ئامانجەکانی. لای پارتی زۆر ئاساییە بۆ پیلانێکی ئاوا لە ژێرەوە لە گەڵ ئێران و تورکیا و عێراق و ئەمریکا ڕێکبکەوێت و هەمو  مەرج و داواکانیان پەسەندبکات، ئێ خۆ بۆ ئەمریکا و هێزە ئیقلیمیەکان تەنیا ئەوە گرنگە کە نەوت و غازی کوردوستان بە تاڵان ببەن و ساڵانە کاڵا بێبەها و خراپەکانیان و نێرگەلەکانیان بە تلیاک و حەشیشەوە بە قازانجی ملیاردەها دۆلار لە بازاڕەکانی کوردوستان ساغبکەنەوە و بفرۆشن، بینیمان چۆن بە بەرچاو ئەمریکاوە پارتی لە ٣١ ی ئاب دا تانکەکانی سەدامی هێنایە سەر یەکێتی و ئەمریکاش کە دەیتوانی بە ئینزارێکی سەدام شکست بە پیلانەکەی پارتی بهێنێ ، بێدەنگیی هەڵبژارد کە بە واتای ڕەزامەندی بو.
ڕێگای ڕاست بۆ گۆڕان ئەوەیە کە لەگەڵ هەمو حیزبەکانی دەرەوەی یەکێتی و پارتی بەرەیەکی بەهێزی ئۆپۆزیسیۆنی پەرلەمانی و دەروەی پەرلەمان دروستبکەن و حکومەتی برسیکەر و شکستخواردوی پارتی و یەکێتی بخەنە ژێر پەستان وگوشانی بەردەوامەوە بۆ ناچارکردنیان بە چاکسازیی بنەڕەتی لە سیسیمی حوکمدا، هەر کاتێکیش پێویستی کرد سەرکردەکان و ئەندام پەرلەمانەکانی ئەم بەرە فراوانە خۆیان لە پێش دەیان هەزار خەڵکی ناڕازیی کوردوستانەوە بێنە سەر شەقامەکانی دهۆک و هەولێر و کۆیە و  و سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان و دەڤەری ڕاپەڕین بۆ داگرتنی پارتی و یەکێتی لە کەلی شەیتانی ٢٧ سالەیان.
حکومەتی هەرێم وەک ئوتومبیلێکی مەکینە ماندوی تایە سواوی چەقیوی ناو قوڕێکی خەستە وشۆفێرەکەشی لە نەزانی و لاوازیدا وەک ئوتومبیلەکە گیریخواردوە ، بتەوێ دەریبێنی و نوێی بکەیتەوە دەبێ لە دەرەوە پاڵی پێوەنێی نەک خۆیشت بچیتە ناوی!
من دڵنیام گۆڕان بە هەنگاوێکی ئاوا  زەمینەی ئاشتبونەوەی گشتی و چارەسەری هەمو کێشە ناوخۆییەکانی خۆی ئامادەدەکات و لەو سەرەوە سەرکەوتو و سەربەرز لە ناو خەڵکدا دەردەکەوێتەوە و پێیان دەڵێت: بینیتان ئێمە حیزبی پارە و پۆست و بزنێس نین! 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە