یازدە ساڵە دراوسێی گۆڕستانێکم
Tuesday, 16/10/2018, 14:59
گۆڕستان: یان مۆزەخانەی هونەری پەیکەر تاشین و بڕینی بەرد بۆکێلەکان، بۆخاتری وون نەبوونی شوناسی مرۆڤە کۆچکردۆکان وهەڵکۆڵینی ناویان لەسەر بەردە گران بەهاکان .
گۆڕستان: یان باخچەیەکی پڕ دارو چیمەن و دەنگی بولبول و قیژەی نەورەسە عەجولەکان، گۆڕستان :یان مەیدادانی باخی گوڵە تەمەن کورتەکان و مۆمە داگیرساوەکانی شەو ،یان بەردی ووشە هەڵکۆنراو کان " دایە بیرت دەکەم ، خۆشم دەوێت فریشتەکەم ، بیرت دەکەم نەنە بەسۆزەکەم ، باوکە بەنیاز نیت بگەڕێتەوە؟ باپیرە جێگەت دیارە ، خۆشەویستەکەم ، کچەکەم ، کوڕەکەم ، میهرەبانەکەم ، دەیان بەردی هەڵکۆنراوی تر ، لەفۆڕمی دڵ ، باڵندە ، کتێب ، پەپولە دا....هتد ......
من باسی گۆڕستانی "ئوێرگریتە " دەکەم ئەو گۆڕستانەی کە دوو گۆڕستانی بچوکی تری لێ جودا بۆتەوە و هەموو ڕۆژێک گەر بەناویدا نەڕۆم ، ئەوە بە قەراغی پەرژینە تەلەکەیدا گوزەر دەکەم و سڵاوێک لە گۆڕەکان دەکەم . دەڵێ زێوانم ...! مەگەر لە سەفەردا بم دەنا هەموو ڕۆژێک چاوم بە گۆڕستانەکەدا دەگێڕم ، پیاسەیەک بەشەقامە تەست و قیرتاوەکانیا دەکەم و لە یەکێک لە بیرەکانی شڵپێک ئاو دەکەم بەدەموچاوماو چەند قومێک ئاو دەخۆمەوە ، تا مردۆکان نەڵێن هاتە لامان و نمەکی نەکردین .
من کە لە سەردانکەرانی گۆڕستان دەڕوانم ، ئەوان هەمیشە خەریکی داگیرسانی مۆمن و بەخاکەنازێکی دەسک کورتی سەوز یان سور گوڵ دەچێنن و لەبیرەکانەوە ئاو دەهێنن تا بەردی سەرگۆڕەکان پاکەنەوە و گوڵەکان ئاودەن ، لەدایکم دەچن کە هەموو عەسرێک حەوشەی دەشت ، تافێنک بێتەوە و نانی ئێوارە ی بەهێواشی ئامادەکات بۆمان و فەرشە گوڵ کاڵەکەی گسک دەدا تا لەسەری کۆبینەوە .
ئەم گۆڕستانە لە فێبریوەری ساڵی ١٨٩٠ دروستکراوە لە پانتایی ٢٥ دۆنم زەویدا ، " ١٧٧١٧" گۆڕی تێدایە ، بەشێوەیەک نەخشەی بۆ کێشراوە هێندە وەستایانە سازیان کردوە ،دەڵێ گەشتی شارێکی بێدەنگ دەکەیت ، لێرە مەملەکەتی بێدەنگی یە ، مەملەکەتی کەروێشک و باڵندەو پەپولەو چۆلەکەکانە ، ئێرە باخچەی کوڵ و دارو چیمەن و سێو بەڵاڵو گوڵە حاجیلەکانە ، مەملەکەتی خاچ و پەری باڵدارو باڵندەی مل درێژە ئەو باڵندەیەی لە چیرۆکی "نیڵس"دا چاومان پێی کەوتوە .
لێرە ماڵی سیاسی ، نوسەر ، دکتۆر، سەرباز ، مامۆستا ، بەڕێوبەری بانک ، کەشیش ، دیندار ، بێدین، منداڵ ،ژن ، پیاو، گەنج ، پیر ، هەیە ، هەموو گۆڕێک چیرۆکێکی کورت ، درێژ ، بەژان یان کۆمێدی ، لەخۆیدا شاردۆتەوە .
هەندێک خێزان هەموویان لەگۆڕێکدان ، گەر زیندوو بونایە کەسیان ڕازی نەدەبوون بەبەشیان و دەیان ووت: جێگەمان نابێتەوە بەڵام ئێستا ترەنجاون بەیەکەوەو بێدەنگ و ئارام لەسەر گازەرای پشت لێی کەوتوون ، کە زیندویەک بەلایاندا گوزەر دەکات دڵنیام چاوەڕوانن ، سڵاوێکیان لێبکەن و تۆزێک لایان بمێنەوە .
ئەو ساڵەی بوومە دراوسێ ئەم گۆڕستانە زستانێکی سەخت بوو ، بەفر لەهەمووجێگەیەک حاکمی شاربوو، ناوگۆڕستانەکەش بەفر دایپۆشیبوو ، کێلەکان گۆڕەکان ئەو بەڵندە بەردینەی لەسەر زۆری کێلەکانە لەسەرمادا گرمۆڵە ببوو، شەوێک درەنگانێ ئارەزووی پیاسەم دەکرد ، لەدەرگا کراوەکەوە چومە ناو گۆڕستانەکە ، بەفر کلو کلو دەباری ، کەبەفر دەبارێک شەو سپی دەکاتەوە ڕووناکە ، بەفری سەر شەقامە باریکەکانی ناو گۆڕستانەکە بەستبووی عەسرەکەی کزەبای هەبوو ، کەهەنگاوم دەنا خرمەی بەفرەکە ئاوازێکی لەهێمنی دروست دەکرد ، نازانم بۆچی ڕۆمانی دایکی "گۆڕکی"م بیرکەوتەوە لەناو ڕۆمانەکەیدا زۆر باسی خرمەی بەفری ژێرپێکانی تێدایە ، بۆ منیش وابوو ، لەسەر هەندێک گۆڕ مۆمێک لەبەرداخێکی کڵاو بەسەردا بەداگرساوی سەمای ناو بەفریان دەکرد ، بەبی ئەوەی بەخۆم بزانم گەڕەک، گەڕەک بەناو گۆڕستانەکەدا دەسوڕامەوە ، بەفر کلو کلو دەباری دارەکان ڕووت بوون لەدورەوە چراخانی سەر شەقامەکانت دەدی ، ئێرە هێمن ترین جێگەبوو هەندێ جار دەوەستام ، ئیتر بێدەنگی ووڵاتی گۆڕستانەکەی دادەپۆشی ، پیاسەی ئەو شەوەم دوو دەمژمێری خایاند . بەتەواوەتی ترسم لەگۆڕستان شکا .
لەم نیشتمانە سێ وەرز هەیە نەک چوار دوایی زستان بەهار و هاوین پێکەوە دێن ، لەچاوتروکانێکدا لەدوایی چەند ڕۆژباران درەختەکان چرۆ دەکەن ، زۆری درەختەکان بەرلە گەڵا وەک چرۆ گوڵ دەردەدەن گوڵی مۆرو سپی دەردەکەن و دنیائاڵو واڵا دەکەن ، ئیتر هەموو باڵندەکان دێنەدەرێ وگۆرانی دەچڕن ،مردوو زیندۆکان پێکەوە لەبەر خۆرە نازدارەکەدا خۆیان هەڵدەخەن و بەچاوی نوقاوەوە هەوای پاک هەڵدەمژن ، منیش ئەو ڕۆژەنە زیاتر ئارەزووی ڕاکردن دەکەم بەناو گۆڕستانەکەدا ، زۆربەی جارەکان لەم وەرزەدا ڕاکردن ئەنجام دەدەم ، هەست دەکەم ڕۆحی مردۆکان بە جوڵەی ئەم هەمووخەڵکەی دێنە گۆڕستانەکە ئاسودەدەبن .
دوایی هاوین دێت و ڕۆژەکانی پلەی گەرما سەردەکەوێت و هەتاو لەگۆڕستانەکە دەبێتە میوان و گۆڕەکان گەرم دەکاتەوە، خەڵکی دێن و لەبەر هەتاوەکە خۆیان هەڵدەخەن و هەتاو دەکەن ، لێرە کەس پێیان ناڵێت تۆی بێبەرگ گوناحت دەگات ، ئاوا بەڕووتی خۆت نمایش دەکەیت ؟ بەڵکو وەک بڵێن باڕۆحی مردۆکان ئاسودەکەین و لەلایان بمێنینەوە ، دیمەنێکی چەند سەیر و جوانە .... ؟ لەچیرۆکی بەهەشت دەچێت ، مردوو زیندوو ئاوێزانی یەک دەبن .
هاوڕیەکم گێڕایەوە کە کوردی بەشەداگیرکراوەکەی ڕۆژهەڵاتەو لە پێشمەرگایەتیدا زامار بوەو خاوەن پێداویستیەو دەمێکە لە سوئید هەواری غەریبی هەڵداوە ، ساڵێک دایکی لەڕۆژهەڵاتەوە دێدەتە دیدەنی ، کات هاوین دەبێت . دایکە نیوەڕۆیەک دەچێتە باڵکۆنەکە " بەر "هەیوان" لەبەڵەخانەکەوە تا سەیری حەوشەکە بکات ، دەبینێت کچێک یان ژنێک خۆی لەبەر هەتاوەکە هەڵخستوە ،دایکە بەخێرایی دێتە ژوورەوە و بەکوڕەکەی دەڵێت : کوڕم ئەو کچە لەو باخەدا شێت بووە ؟ کوڕە ش هەرچۆنێک بێت لە محاجەرەی باڵکۆنەکەوە سەیری ناو باخچەکەدەکات کچەکە دەبینێت کە گوێ لەمۆسک گرتوەو لەبەر هەتاوەکەدا چاوی داخستوەو هەتاو دەکات بە بێ جڵ و بەرگ ، بەپێکەنینەوە بەڕوویەکی ئارام و خۆشەوە دەلێ : دایکە ئەو کچە دەڵێت ؟ دایکە دەڵێ بەڵێ ئەو دەڵێم شێت بووە ؟
ئەڵێ دایە گیان خەمت نەبێت شێتێکە ی بەری دەدات ، کە خۆرەکە ئاوابوو ، ئەی تۆ نازانی هەموومان شێت بووین هەریەکەمان بەشێوەیەک ؟
لەم گۆڕستانە زۆر بەڕێکەوت تابوت دەبینی ، من یەک جارێک بەناو گۆڕستانەکەدا نیوەڕۆیەک گوزەرم کرد بەچاوی خۆم دیم چوار کەس باڵابەرز لەسەر داشقەیەک کە ڕێک بۆ ڕاکێشانی تابوت دروستکرابوو تابوتێکیان ڕادەکێشا کە لەئۆتۆمۆبێلێکی قەترانی دایان گرتبوو ، دوایش کۆمەڵێ ژن و پیاوم دی هەر هەموویان ٢٠ کەسێک دەبوون دیاربوو کەس و کاری کۆچ کرد بوو، هەموویان خۆیان گۆڕیبوو قەشەیەکیش تەنها بە ملیوانی کراسەکەیدا زانیم کە قەشەیە ولەگەڵیاندا بوو، ئەوە یەکەمین جارم بوو کە تابوت ببینم ، بەڵام دوای ئەو ڕۆژە بۆم دەرکەوت کە هەرجارێک بەردەمی کەنیسە بچلۆلەکەی ناو گۆڕستانەکە لای پەیکەری پەرێکان گوڵ هەڵچنرابوو مانای وایە تەرمێک یان دووان یان زیاتر ئەو ڕۆژە بونەتە میوانی گۆڕستان . یان کە بەناو گۆڕستانەکەدا گوزەرت کرد لەسەر گۆڕێکی هەڵنەبەسراو چەپکی گوڵی زۆرت دی ، ئەوە نیشانی میوانی تازەی گۆڕستانە و تازە تەشریفی هێناوە.
لەیاسای ئەم نیشتمانەدا وایە هەموو کەسێک دەتوانێ" ٢٥"ساڵ خاوەنی گۆڕێک بێت ، ماڵێک لەناو باخچەیەکی ڕازاوەدا ، ماوەیەک هەر بیرم دەکردەوە ئەی ئەم کێلانە بەروارەکانی هەندێکیان ١٠٠ یان ٢٠٠ ساڵ بگرە زیاترە ، دەبێت بۆ وابێت؟ تا ڕۆژێک سەرگەرمی خوێندن بووم بۆ کارێک و دوایش نەم کرد ، نمایندەی گۆڕستان هات تا زانیاریمان باتێ لەسەر گۆڕ و ناشتن ، منیش پرسیارم لێکرد ، ئێوە دەڵێن هەموو کەس تەنها ٢٥ ساڵ خاوەنی گۆڕێکە ، ئەی بۆچی گۆڕ هەیە ١٠٠ساڵە و یان زیاتر ناوی خاوەنەکەی هەر لەسەر کێلەکە ماوە؟ ووتی : گۆڕستانەکان بەشێکە لە کەلتور و وەک مۆزەخانە ماوەتەوە هەندێک جێگەی دەسکاری ناکرێت ، بەڵام دوای هەموو ٢٥ساڵێک کەسێکی تر یان خزمێک دایکێک باوکێک ناسیاوێک دەتوانێت ببێتە خاوەنی هەمان گۆڕ ، دەکری خاوەن مردۆکە بەردەوام پارە بدات و گۆڕی مردۆکەی دوای ٢٥ ساڵ بمێنێتەوە .
هەندێک گۆڕ هەیە تەنها بەردێکی بچووکە ، ئەوانە بۆ کێلیان نی یە ؟ ماوەی چەندساڵێکە زیندۆکان داوادەکەن دوای مردنیان بسوتێنرێن و خۆڵە مێشەکانیان بنێژرێت تا جێگە ی زۆر نەگرن و ژینگە لەدوای خۆیان دزێونەکەن .
قسەیەک هەیە دەڵێن : مرۆڤێک بزانێ چۆن بژی، دەتوانێت بزانێت چۆن دەمرێت ؟ دەشزانین مردن ترسی خۆی لەدەست دەدات بۆکەسێک کاتێک ئەو کەسە ژیانی خۆی بەدە ست هێنابێت .
پێناچی وازوو دەستبەرداری ئەم دراوسیەم بم کە بووە بەبەشێک لەگەشتە تەواو نەبۆکەم ، هەر ڕۆژێک بە ناو گۆڕستانەکەدا گوزەر دەکەم یان لە تەنیشت پەرژینەکەیدا دەڕۆم هەست دەکەم جوانتر لەوە دەگەم ، کە لەژیاندا بەخشندەی هێندە سەخت نە بێت ؟ بەڵکو جێکردنەوەی ژورێکی سادەیە لەدڵماندا بەکردار ، تاچێژ لەگەشتی ژیان بکەین ، دواجار هەموومان ئەم ژیانە وەک ئەم هەموو خەڵکە جێدەهێڵین کە لەم گۆڕستانەدان . من لەدراوسێتی ئەم گۆڕستانە شادمانی دەچنمەوە ، هەرجارێ بەلایدا گوزەر دەکەم ژیانم زیاتر خۆش دەوێت و لەبەر خۆمەوە دەڵێم دەبێ سوپاسگوزارم کە دراوسێ گۆڕستانی "وادی سەلام " نەبووم لە شاری "نەجەف" ئەو گۆڕسانەی نزیکی ٦ ملوێن مردووی تێدا نێژراوە و گەورەترین گۆڕستانە لەجیهاندا ، مرۆڤ کە سەیری دەکات ژیانیشی لەبەر چاو دەکەوێت ، بۆیە کەسمان نامانەوێت باسی مردن بکەین ؟
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست