کورد و عەرەب، لەژێر هەژموونی ئەمریکا و ئیراندا!
Wednesday, 10/10/2018, 10:00
پارتە سیاسییەکان و سەرانیان لە عیراق و هەرێم، کە بەشداران لە دروست کردنی پەیکەری دەسەڵاتی سیاسیی و پەرلەمانی ناوەند و کوردستان، خاوەن پشکی ئابووریی و سیاسیین، بەڵام خاوەنی ستراتیژیەت و ئەجێندای سەربەخۆ و بڕیاری چارەنووساز نین. ئەوان هەموویان لەژێر هەژموونی تورکیا، ئیران و ئەمریکا و ئیسرائیل هەڵدەسورێن.
تاران و واشینگتۆن، دوو هێزی سەرەکیین لە گۆڕەپانی پڕ کێشمەکێشمی عیراقدا، لە ٢٠٠٥وە لە خولەکانی دروستکردنی حکومەتی عیراقدا، لە ململانێ و کێبڕکێن بۆ کۆنتڕۆڵ کردنی ئەو وڵاتە، بەڵام هەر دوو لایەن تەنیا خوازیاربوون کە پەیکەری دەسەڵاتی سیاسی و حکومەتی عیراق کیانێکی پتەو نەبێت، تەنیا دیکۆر بێت و سەرۆکەکانی دەزگا باڵاکان، کەسانی بەرژەوەندیی پەرست و خاوەن کەسایەتیی لاواز و سەربەخۆیان بن.
بۆ دروستکردنی پەیکەری حوکمڕانی دیکۆر لە بەغداد، ئیران و ئەمریکا خاوەن دیدی جیاوازن بە تایبەتی لە هەڵبژاردنی ئامرازی کارپێکردن بۆ پێکانی ئەو مەرامە.
ئیران، ئەگەر بۆی بلوێت و ئەو کۆسپەی لەبەردەمدا نەبێت کە ئەمریکایە، دەمێک بوو لە دوای ڕووخانی سەدام، سیستەمێکی دەسەڵاتی سیاسی وەک تارانی لە بەغداد دادەمەزراند. هەڵبژاردنێکی پڕ ساختەی ئەنجام دەدا. لە ئاکامدا دەسەڵاتی زۆرینەی شیعەی سەر بە قومی لە بەغداد دەکرد بە حوکمڕان و دەبوو بە خاوەن سوپایەکی فەرمیی، پێویستی بەوە نەدەبوو لەژێر پەردەوە وەک ئەمڕۆ، گروپی چەکدار و میلیشیا لە عیراق دروست بکات. دەزگای هەواڵگریی ئیتیلاعاتی لە نێو دڵی بەغداد، نەجەف و کەربەلا و کوردستان دروست دەکرد و دەنگی ئۆپۆزسیۆنی عیراقی و کوردی بە کوتەک و سێدارە و موشەکباران سەرکوت دەکرد!
عیراقی ئەمڕۆ، وڵاتێکی لاوازی لەبەر یەک هەڵوەشاوەیە، خاوەن سوپایەکی بەهێز و ئیدارەیەکی تۆکمە و ئابوورییەکی سەقامگیر نییە، خاوەن پارت و هێزی ئۆپۆزسیۆنی بەهێز نییە تا بەرەنگاری ئیرانییەکان بێت، تەنیا ئەمریکایە لە عیراق، بۆتە هۆی دروستکردنی کۆسپ لە بەردەم ئیران و گۆڕەپانەکەی بۆ تەخت نییە بۆ ئەوەی بە ئارەزووی خۆی مەرامە ئابووریی، سەربازیی و سیاسیەکانی بپێکێت.
ئەمریکا، بۆ دروست کردنی پەیکەری دیکوری و کارتۆنی دەسەڵاتی سیاسیی و حوکمڕانی لە عیراق و هەرێم پەنا بۆ ئالیاتی دیکە دەبات کە جیاوازە لە ئالیاتی ئیرانی. کۆشکی سپی بە پێچەوانەی تاران، لەگەل دروستکردنی دەسەڵاتی سیاسیی زۆرینەی شیعەی سەر بە قوم نییە لە عیراق، ئەگەر لەگەڵ دەسەڵاتی حوکمڕانی زۆرینەی شیعەش بێت، ئەوا بێ گومان لەگەڵ ئەو بەرەیە دەبێت کە سەر بە نەجەفن.
ئەمریکا، ئالیاتی هەڵبژاردنی بۆ شەرعیەتدان بە پەیکەری دەسەڵاتی حوکمڕانی دیکۆر و کارتۆنی، وەک چەمکی سەقامگیرکردنی سیستەمی دیموکراتی بە گەلانی عیراق ناساندوە. بەڵام ئەزموونی هەڵبژاردنەکان و ئەنجامەکانیان هۆکاری سەرەکیین لەوەی کە میللەتانی عیراق بە گشتی متمانەیان بە ئالیاتی هەڵبژاردنیش نەماوە. هەڵبژاردنەکانی هەرێم و عیراق لە زەمانی ففتی ففتی تا ئەمڕۆ، هیچ گۆڕانکاری دروست نەکردوە لە دەسەڵاتی سیاسی، پەیکەری حوکمڕانی کوردیی و عیراقی، باشکردنی بار و گوزەرانی میللەتانی هەر دوو ناوچە و کەمکردنەوەی هەژموونی ئیران لە عیراق، وێرای ئەوەش هەر چوار ساڵ جارێک، پارتەکان و سەرانیان لە بەغداد و کوردستان، تا دەگات بەو بزوتنەوە و پارتە تازانەی کە دروست دەبن دەچنە ژێر هەمان چەتر، بە هەمان نەفەس و بەکارهێنانی هەمان ئالیاتی حزب و لایەنکانی کە لە دەسەڵاتن، داوا لە میللەت دەکەن بچن بۆ دەنگدان، یەک درووشمیش بەرز دەکەنەوە وەک "هەڵبژاردنی ئەم جارە نەخشەی سیاسیی و هاوکێشەی سیاسیی دەگۆڕێت"! "هەڵبژاردنی ئەم جارە لوتکەی دەسەڵات دەگۆڕێت"!
واشینگتۆن، تێڕوانینی بۆ نەهێشتنی پارتی ئۆپۆزسیۆن لە عیراق وەک ئیران نییە، کە ئالیاتی سەرکوت کردن بەکاربهێنێت. ئەڵبەتە پارە و پۆست، گرنگترین ئالیاتی دەستی ئەمریکان بۆ کڕینی سەران، کادیرانی ناوەندی نێو پارتەکانی هەرێم و عیراق، دامەزراندنیان لە جومگە سەرەکییکانی نێو دەسەڵاتی حوکمڕانی دیکۆر، کارتۆنی و کرمێبوو، بوار ڕەخساندن و چاوپۆشین لە گەندەڵیان بە تایبەتی لە مەلەفی فڕۆشتنی نەوت لە بازاڕی ڕەش و بە تەنکەر گواستنەوەیان بۆ ئەو دیوی سنوورەکان و دزینی سامانی گشتی.
ئەزموونی بیستوحەوت ساڵی دەسەڵاتی هەرێم و پازدە ساڵی عیراقی دوای سەدام، پەیڕەوکردن سیاسەتی پشک پشکێنێ و دامەزراندنی حکومەتی بنکە فڕەوان، سەلماندویانە کە ئەمریکا بە بەکارهێنانی ئەو ئالایەتانە، تا ئەمڕۆ، سەرکەوتوو بووە، توانیویەتی هەموو پارتەکان و سەڕۆکەکانیان لە ژێر ئەو چەترەدا کۆبکاتەوە، هەر یەکە بە گوێرەی ئەندازە و قەوارەی خۆی پشکی هەبێت و بۆ سەرانی ئەو پاراتانە و خێزانەکانیان ژیانێکی پڕ ئاسوودە و خۆشگوزەران فەراهەم بکات، کە لە ئەنجامدا ئەگەر سەرنج بدەینە گۆڕەپانی سیاسیی عیراق و هەرێم، دەبینین کە پارتی ئۆپۆزسیۆن نەماوە و ئەوەی هەشبێت ئیفلیجە.
لە پەیڕەوکردنی ئەو جۆرە سیاسەتەدا، تەنیا زۆرینەی سادەی نێو کۆمەڵگەیی عیراقی و کوردستان بە هەموو پێکهاتەکانیان بە پلەی یەکەم زەرەرمەند بوون و لەهەمان کاتدا پەیڕەوکردنی ئەو جۆرە سیاسەتە، هۆکاری زیاتر گەشەسەندنی گەندەڵی ئیداریی، ئابووریی، سیاسی و سەرهەڵدانی گەلێک دیاردەی نەشیاو و گرفتی کۆمەڵایەتیین.
بۆ سەلماندنی ئەو ڕاستییانە، ئەگەر سەرنج بدەین، دەبینین کە ڕێژەیەکی ئێجگار زۆر لە هەر دوو کۆمەڵگەی عیراقی و هەرێم، لە هەر دوو هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق و هەرێم هەڵوێستیان دەربڕی و بایکۆتی هەڵبژاردنەکانیان کرد، هەروها دەنگی ناڕەزای میللی هەر ڕۆژێک لە ناوچەیەکی جیاوازدا بەرز دەبێتەوە، وەک ڕاپەڕینەکەی ئەو دوایەی شاری بەسڕە و دەنگی ناڕەزایی شەقامەکانی کوردستان، بەڵام لە ئەنجامی نەبوون و ئیفلیجی پارتی ئۆپۆزسیۆن، هەموو جارێک ئەو دەنگە ناڕەزاییانە بەبێ هیچ دەستکەوتێک دادەمرکێتەوە.
لەدەرئەنجامدا دەردەکەوێت کە بە شێوەیکی گشتی، پارتە سیاسیەکان لە هەرێم و عیراق، بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە تایبەتیەکانیان، دابەشبوون لەژێر چەتر و هەژموونی لایەنێکی دیاریکراوی وەک ئیران، تورکیا، یان ئەمریکا و ئیسرائیلن. لە ئەنجامی ئەو بارودۆخەدا، بماننەوێت یان نەمانەوێت، دوو دیاردە لە گەشەسەندنن کە یەکەمیان، بوونی بۆشایی سیاسیی و پارتی ئۆپۆزسیۆنە لە عیراق و هەرێم. دووەمیان، گەشەکردنی زیاتری دەنگی ناڕەزای ڕەش و ڕووت و زۆرینەی سادەی شەقامی عەربیی و کوردییە!
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست