له ئافره‌ته ناوداره‌کانی کورد (قه‌ده‌مخێر)
Wednesday, 01/12/2010, 18:24
"قه‌ده‌مخێر ئه‌ی خوشکی پۆڵایین - کۆشکی پههلهویت هێنایه له‌رزین " له زووه‌وه کورد وتوویه‌تی :« شێر له لانه ده‌رچێ چ نێر چ مێ » مێژووی دێرین و نوێی پڕ له شانازی و شکۆداری گه‌له‌که‌مان ، لاپه‌ڕه زێڕینه‌کانی به ناوی ده‌یان ئافره‌تی هه‌ڵکه‌وتووی کوردمان له‌هه‌موو بواره‌کاندا ڕازاندۆهتهوه که هه‌ریه‌که‌یان له بوارێک‌دا ڕوڵێکی به‌رز و گرنگی بینیوه له خزمه‌تکردن و و به‌رگریکردن له کورد و کوردستان ، له زانست و زانیاری ، له بنیاتنانی شارستانێتیدا، له ناویاندا شازاده و میرزاده و سه‌رکرده و شاسواری ئازا و دلێر و شۆڕشگێڕ و پێشمه‌رگه و فه‌رمانڕه‌وا و زانا و دانا و سیاسه‌تمه‌دار و شاعیر و نووسه‌ر و ئه‌فسه‌ر و مامۆستای زانکۆ و... تا ده‌گاته په‌ڕله‌مانتار.
ئه‌گه‌ر گه‌شتنامه و یاداشت و کتێب و نووسینه‌کانی ئه‌و گه‌شتیار و گه‌ڕیده و کوردناس و بازرگانه بیانییانه بخوێنینه‌وه ، که هاتوونه‌ته کوردستان و به چاوی خۆیان ڕۆڵ و هه‌ڵسوکه‌وتی ئافره‌تی کوردیان بینیوه ،به ویژدانه‌وه له سه‌ریان نووسیون..هه‌موویان چه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه ڕاستییه ده‌که‌ن که ئافره‌تی کورد نموونه‌ی ئافره‌تی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاسته..له ئافره‌تانی تورک و فارس و عه‌ره‌ب ئازادتر و سه‌ربه‌سترن ،له هه‌موو بواره‌کاندا شان به‌شانی پیاوان تێده‌کۆشن و خزمه‌ت ده‌که‌ن..له به‌رگری و شه‌ڕیشدا له جیهاندا بێوێنه‌ن.
یه‌کێک له‌و ئافره‌ته ناودارانه‌مان،میرزاده« قه‌ده‌مخێر»ی نه‌مره،کچه قاره‌مان و که‌ڵه سه‌رکرده‌یه‌کی شۆڕشگێڕی نه‌به‌ردی کورد بوو،شۆڕه‌سوارێکی زۆر به‌جه‌رگ و دلێر و چاونه‌ترس بوو، کورد و کوردستانپه‌روه‌رێکی که‌م وێنه بوو ،کوردستانی له گیانی و ژیانی لاشیرنتر بوو.هیوا و ئاواتی ئه‌وه‌بوو که کورد و کوردستان له داگیرکه‌رانی ڕه‌گه‌زپه‌رست و بێ‌ویژدان ڕزگار بکات. بۆ هێنانه‌دیی ئه‌م ئامانجه پیرۆزه‌ش له گیانبازی و له مردن سڵی نه‌کرده‌وه. چیتر جه‌ور و زوڵم و ناهه‌قی و چه‌وسانه‌وه‌ی کوردی ، له‌لایه‌ن شای ئێران ره‌زا شاه په‌هله‌وییه‌وه ، پێ قبووڵ نه‌کرا، که‌م بژی و که‌ڵ بژی ی له ژیانی ژێرده‌ستی و دیلی پێ‌خۆشتر بوو، بۆیه چه‌کی کوردایه‌تی و مه‌ردایه‌تی کرده شانی و، له ناوچه‌ی لوڕستان له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستاندا ، جاڕی ڕاپه‌ڕین و شۆڕشی ڕاگه‌یاندا ،ویستی سه‌ربه‌خۆیی لورستان ڕابگه‌یه‌نێت..
ئه‌م شۆڕشه‌ش هاوکات بوو له‌گه‌ڵ شۆڕشه‌که‌ی سه‌رکرده‌ی گه‌له‌که‌مان سمکۆی شوکاک، و شۆڕشی ئهزهرییهکان له ئێران..به به‌راورد له‌گه‌ڵ کچه سه‌رکرده‌ی شۆڕشی فه‌ره‌نسا «ژاندارک» له دژی ئینگلیزه‌کانی داگیرکه‌ری وڵاته‌که‌ی،قه‌ده‌مخێری کورد زۆر له‌ویش ئازاتر بوو..به‌ڵام هه‌ردووکیان به نامه‌ردی له‌ناوبران. میرزاده « قه‌ده‌مخێر»کچی میر« قه‌ندی قهلاوهندی »یه، که یه‌کێک بوو له میره‌کانی میرنشینی لورستانی بچووک..له هۆزی لوڕی فه‌یلییه، که ناسراون به قاره‌مانی و جوامێری و خۆشه‌ویستی و دڵسۆزییان بۆ کورد و کوردستان. له کۆتایی سه‌ده‌ی نۆزده،یا له سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیسته‌مدا قه‌ده‌مخێر له‌دایکبووه ( به‌داخه‌وه له هیچ سه‌رچاوه‌یه‌کدا، ساڵی له‌دایکبوون و ، ساڵی کۆچکردنیم به‌رچاو نه‌که‌وت ، به ته‌له‌فۆنیش په‌یوه‌ندیم له‌گه‌ڵ چه‌ند خوشک و برایه‌کی ڕۆشنبیری فه‌یلیمان کرد ئه‌وانیش نه‌یان زانی) .قه‌ده‌مخێر کیژێکی جوان و باڵابه‌رز و شۆخ و شه‌نگ بوو، زۆر زیره‌ک و ژیر و وریا و بیرتیژبوو، جوانی و سوارچاکی وئازایه‌تی وکوردستانپهروهریی،بوو به هه‌وێنی چه‌ندین شیعر و گۆرانی به تایبه‌تیش به دیالێکتی فه‌یلی ، که تا ئه‌مڕۆش هه‌ندێ له‌و گۆرانییانه که به‌سه‌ر قهدهمخێردا هه‌ڵدراون، له‌سه‌ر زاری برا فهیلییهکانماندا ماونه‌ته‌وه.. که باس له دلێری و قاره‌مانێتی و شۆڕشگێڕێتی قه‌ده‌مخێر ده‌که‌ن.
له ساڵی «١٩٢٥»دا، ره‌زا شای په‌هله‌وی به ناهه‌ق و به فڕوفێڵ و ناڕه‌وا، دوا میری میرنشینی لوڕستانی بچووکی کوشت،که « شامراد خان »ی برای قه‌ده‌مخێر بوو.ئه‌م ناهه‌قی و نامه‌ردییه‌ی شای ئێران ،بووه هۆی تووڕه‌یی و ڕقئهستووریی قه‌ده‌مخێر..به‌ڵێنی دا که زورداری و ژێرده‌ستی قبووڵ نه‌کات و نه‌هێڵی وڵاته‌که‌ی ببێت به پاروویه‌کی ئاسان و شای ئێران قووتی بدات..له ماوه‌یه‌کی که‌مدا توانی هێزێکی باش له فه‌یلییه‌کان پێکبهێنێت. جاڕی ڕاپه‌ڕین و شۆڕشی دا و خۆشی بوو به سه‌رکرده‌ی شۆڕشه‌که ،ویستیشی سه‌ربه‌خۆیی لوڕستان ڕابگه‌یه‌نێت، باره‌گای شۆڕشه‌که‌شی شاخه سه‌رکه‌شه‌کانی لوڕستان بوو.
چه‌ندین جار و له چه‌ندن لاوه شێرانه په‌لاماری سوپاکه‌ی ره‌زا شایان دا، زه‌ره‌ر و زیانێکی گه‌وره‌یان پێ گه‌یاندن و، زه‌خیره و چه‌ک و جبه‌خانه‌یه‌کی زۆریشیان لێیان ده‌سکه‌وت..شای ئێران ویستی عه‌شیره‌ته‌کانی کوردمان به پاره و پایه بخه‌ڵه‌تێنێ وبیان کا به جاش و،بیان کات به گژی شۆڕشگێڕه‌کاندا به‌ڵام که‌سیان ئه‌م ناپاکییهیان قبووڵ نه‌کرد و،ڕازی نه‌بوون دهسخهنه خوێنی براکانیان، سوپای شاه چه‌ند هێڕشێکی تری کرده سه‌ر شۆڕشگێڕه‌کان،به‌ڵام له به‌رده‌م بڕوای پۆڵایین و هه‌ڵمه‌ت و لێدانی گورچکبڕی شۆڕشگێڕه‌کان، خۆیان ڕانه‌گرت و زیاتر تووشی شکستی و زیان بوون..له ماوه‌یه‌کی که‌مدا زۆربه‌ی ناوچه‌کانی لوڕستانیان له سوپای داگیرکه‌ری ئێرانی پاکرده‌وه. قه‌ده‌مخێر نامه‌یه‌کی بۆ شێخ مه‌حموودی حه‌فید نارد..له نامه‌که‌یدا باسی ئه‌و زوڵم و زۆر و ناهه‌قییه‌ی کردبوو که لێیان ده‌کرێ و ،چۆنیش ره‌زا شای په‌هله‌وی ، زۆر به نامه‌ردی و ناڕه‌وا شامراد خانی کاکی کوشتووه..هه‌ر له‌و نامه‌یه‌دا ، داوای له شێخی نه‌مر کردبوو ،که سوپاکه‌یان بکه‌ن به یه‌ک و به یه‌ک هێزه‌وه په‌لاماری داگیرکه‌ران بده‌ن له ڕۆژهه‌ڵات و له باشووری کوردستاندا..ئه‌وه‌شی بۆ نووسیبوو،که من ئاماده‌م هه‌موو شۆڕشگێڕه‌کانمان بخه‌مه ژێر فه‌رمانده‌ی به‌ڕێزتان،له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌و چه‌ک و جبه‌خانه‌یه‌ی که هه‌مانه، که به‌شی دوو ساڵی شه‌ڕکردن ده‌که‌ن..به‌ڵام شێخ مه‌حموود گوێی به نامه‌که‌ی نه‌دا و به‌ده‌نگی داخوازییهکهیهوه نه‌هات. گوایه شێخ له‌وه ترساوه که ئه‌گه‌ر ڕێکه‌وتنێکی وا بکات سواره‌کانی لێی دوورده‌که‌ونه‌وه، چونکه له‌وانه‌یه ئه‌وان به هه‌ڵه لێکیبده‌نه‌وه و، وابزانن که شێخ له پێناوی سه‌روه‌ت و سامانی میرزاده‌یه‌کی ده‌وڵه‌مه‌ندا ئه‌م ڕێکه‌وتن و یه‌کگرتنه‌ی کردووه.
ره‌زا شای په‌هله‌وی،دوای ئه‌وه‌ی چه‌ند جارێک سوپاکه‌ی شکستی هێنا،په‌نای بۆ فێڵ و درۆ برد..به کۆمه‌ڵێک دیاریی به نرخه‌وه، وه‌فدێکی بۆلای قه‌ده‌مخێر نارد،به‌ڵێنی ئه‌وه‌یان دایی که شاه بڕیاری داوه کۆمه‌ڵێک چاکسازی و ئاوه‌دانی له لوڕستاندا جێبه‌جێ بکات و، باری گوزه‌ران و ژیانی دانیشتوانیشی خۆشتر ده‌کات، بڕیاری لێبووردنی گشتیی بۆ هه‌موو چهکههڵگرتووهکان ده‌رکردووه، داواشی کردووه که قه‌ده‌مخێر شووی پێ بکات. قه‌ده‌مخێر له وه‌فده‌که زۆر تووڕه بوو، وتی چی دیارییه‌کتان هێناوه هه‌رهه‌مووی له‌گه‌ڵ خوتاندا بیان به‌نه‌وه ، ده‌قی ئه‌م قسه‌یه‌ی منیش که وه‌ڵامی داخوازییه‌که‌ی شایهکهتانه پێی ڕابگه‌یه‌نن: «من ئافره‌ت نیم تا شوو بکه‌م، به‌ڵکو تۆ ئافره‌تی». قه‌ده‌مخێر زۆر به باشی له نیاز و مه‌به‌ستی گڵاوی شای بێڕه‌وشت گه‌یشتبوو که چییه. به‌ڵام به‌داخه‌وه هه‌ندێک له شۆڕشگێره‌کانی بڕوایان به‌و لێخۆشبوونه کرد و به چه‌که‌کانیانه‌وه خۆیان دایه ده‌سته‌وه، ئه‌مه‌ش به زیانی شۆڕشه‌که شکایه‌وه.
ره‌زا شاه که ئه‌و وه‌ڵامه‌ی قهدهمخێریان پێ ڕاگه‌یاند ،زۆرگرژو تووڕه بوو..سوپایه‌کی زۆر و زه‌به‌ڵاحی به به‌هێزترین چه‌که‌وه به‌ره‌و لوڕستان به‌ڕێکرد..له هیچ شتێک ده‌ستیان نه ده‌پاراست و به سه‌دان منداڵ و ئافره‌ت و پیری بێگوناهیان کوشت ، به ده‌یان دێیان کاولکرد و سوتاند ، تاڵان و دزییان کرد. به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا سه‌رکه‌وتنیان به ده‌ست نه‌هێنا و نه‌یان توانی شاخه‌کانی لورستان بگرن..شۆڕشگێره‌کانیش له دیوی گه‌رمیانی باشووری کوردستاندا ڕیزه‌کانی خۆیان ڕێکخسته‌وه و، دووباره هاتنه‌وه بۆ دیوی لورستان و له چه‌ند لایه‌که‌وه هێڕشیان کرده سه‌ر سۆپاکه‌ی شای ئێران و زه‌برێکی کاریگه‌ر و زیانێکی زۆریان پێ گه‌یاندن. شای ئێران که زانی مه‌حاڵه که بتوانێت به زه‌بری هێز و سوپا زاڵ بێت و کۆتایی به شۆڕشه‌که‌ی قه‌ده‌مخێر بهێنێت.دووباره که‌وته فێڵکردن و سوێند و به‌ڵێنی درۆ و پیلانی گڵاوتر.ئه‌مجاره‌یان ویستی له رێی ئایینه‌وه کورد بخه‌ڵه‌تێنێ ، ئه‌گه‌رچی ئه‌وه یه‌که‌مین جار نه‌بوو که له‌ژێر په‌رده‌ی ئاینی ئیسلامدا دوژمنان کورد بخه‌ڵه‌تێنن .. شای نامه‌رد وه‌فدێکی تری بۆ لای قه‌ده‌مخێر نارد ، که نامه‌یه‌کی تری بۆێ پێیاندا ناردبوو ، هه‌ر به ئه‌م وهفدهدهشدا نوسخه‌یه‌کی قورئانی به دیاری بۆ قه‌ده‌مخێر ناردبوو، له‌سه‌ر به‌رگی یه‌که‌می قورئانه‌که‌دا ، شای درۆزن مۆری شوێن ده‌ستی خۆی له‌سه‌ر مۆرکردبوو، تا بڕوای پێبکه‌ن گوایه مۆسوڵمانێکی له خواترسه و، ده‌ستی به ئه‌م قورئانه‌دا داوه و نێتی پاکه و قورئانه‌که‌ش شاهیده..ئه‌وه‌شی بۆ نووسیبوون که لێبووردنی گشتی به‌بێ هیچ مه‌رجێک ،هه‌موو چه‌ک هه‌ڵگرێک ده‌گرێته‌وه،هه‌مووشتان ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ ناو ماڵ و منداڵی خۆتان. و لورستانیش له جاران ئاوه‌دانتر ده‌که‌ینه‌وه..
زۆربه‌ی شۆڕشگێڕه‌کان که قورێانهکهیان بینی ، بڕوایان به به‌ڵێن و بڕیار و به درۆکه‌ی شاه کرد، به چه‌که‌کانیانه‌وه خۆیان به ده‌ست سوپای ئێرانه‌وه دا.. ته‌نها قه‌ده‌مخێر و چه‌ند که‌سانێکی زۆر که‌م نه‌بێت ،ئه‌وانیش که زانیان هیچ ده‌ره‌تانیان نییه به ناچاری خۆیان دا به‌ده‌سته‌وه..گه‌رچی بڕواشیان به‌و لێبووردنه نه‌بوو. سوپای دڕنده‌ی ئێران هه‌ر له‌شه‌وی یه‌که‌مدا ،زۆربه‌ی شۆڕشگێڕه‌کانیان کوشت و قه‌ده‌مخێر و« ١٧» له‌سه‌رکرده‌کانی شۆڕشه‌که‌شیان ناردن بۆ ته‌هران ، هه‌ر دوای ڕۆژێک هه‌ر حه‌ڤده سه‌رکرده‌که له سێداره دران. هه‌ندێک ده‌ڵێن نامه‌ردانه پرچی قهدهمخێریشیان به‌ست به کلکی ئێسترێکی چه‌مووشه‌وه،هه‌موو گیانی شکا و خوێنی لێ ده‌چۆڕایه‌وه ،ئینجا خستیانه زیندانه‌وه ، به‌ڵام زۆر ئازا و خۆڕاگربوو ، داوای لێبووردن و به‌زه‌یی لێنه‌کردن .. نه‌خۆش که‌وت و له ماوه‌یه‌کی زۆر که‌مدا، ئه‌م شێرهکچه سه‌رکرده‌یه‌مان له زینداندا به سه‌ربه‌رزی و مه‌ردی کۆچی دوایی کرد . شانازی و سه‌روه‌ریی بۆ کورد و کوردستان و، نه‌مریشی بۆ خۆی تۆمارکرد..
شۆڕشه‌که‌ی قه‌ده‌مخێر سێ ساڵی خایاند.. به‌پێی ئه‌وه‌ی که له‌دوای شه‌هیدکردنی شامراد خانی کاکی،شۆڕشه‌که‌ی ڕاگه‌یاند ، له‌وانه‌یه له کۆتایی ساڵی «١٩٢٨» یا سه‌ره‌تای ساڵی«١٩٢٩»دا قه‌ده‌مخێر کۆچی دوایی کروودبێ ، تا ئێستا زانیاری زۆر که‌مه ده‌رباره‌ی ئه‌م سه‌رکرده کورد و کوردستانپه‌روه‌ره قاره‌مانه نه‌مره‌ی گه‌له‌که‌مان..
ئه‌وه‌ی که شایانی باس و جێی داخه به لای ئێمه‌وه، ئه‌وەیه که ئێمه‌ی کورد تا ئه‌مڕۆش به هۆی دڵ‌پاکی و خۆشبڕواییمانهوه ، زۆر له سه‌رکرده‌کانمان بوونه‌ته قوربانی خۆشبڕواییمان ، دوژمنانی گه‌له‌که‌مان ئه‌م خاڵه لاوازه‌ی ئێمه‌یان قۆزتۆته‌وه و ، به به‌ڵێن و په‌یمانی درۆ و فێڵ و فه‌ره‌جه زۆر جار ته‌فره‌یان داوین،تا ئه‌مڕۆش په‌ندمان له هه‌ڵه‌کان و له قوربانییه‌کانمان وه‌رنه‌گرتووه. که‌چی هه‌ر خۆشمان ده‌ڵێین:«دوژمن بوو به پرد،به سه‌ریا مه‌په‌ڕه‌ره‌وه». ماوه ئه‌وه‌ش بڵێین ،که هونه‌رمه‌ندانی شانۆکار و دراما و سینهمهکارانی کوردمان ،ده‌توانن سه‌رگوزشته‌ی ژیانی قه‌ده‌مخێر و شوڕشه‌که‌ی بکه‌ن به فلیمێکی سینه‌مایی یا درامایه‌کی ته‌له‌فزیۆنی .. پێشنیاری ئه‌وه‌ش ده‌که‌م که له شاری خانه‌قین یا له هه‌ر شارێکی تری باشووری کوردستاندا بێت، له گۆڕه‌پانێکدا،په‌یکه‌رێکی شایسته بۆ قه‌ده‌مخێری نه‌مر دروست بکرێت.
١١٢٢٠١٠ - نه‌رویج
ماڵپه‌ڕی ره‌زا شوان
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست