ئەم ئاگری دڵەم بۆ کوێ؟
Friday, 28/09/2018, 15:02
ئێستا دوای نۆ ساڵ لە خەباتی سەختی گۆڕان لە سەنگەری بەرگری لە خاک و خەڵکی کوردوستان دەبێت پرشنگی ئەم ڕاستیانە چاوی هەر چاودێرێکی بە ویژدان گەشتر و ڕوناکتر بکاتەوە:
گۆڕان هەر لەیەکەم ڕۆژەوە خەباتی مەدەنیی ئاشتیخوازانەی کردە بنەما ، گۆڕان لە چاو سوپای ملیۆنیی موچەخۆرانی پارتی و یەکێتی موچەخۆری هەر نیە، هەڵسوڕاوان و لایەنگران و دەنگدەرانی گۆڕان هەمویان خۆبەخشانە خەبات دەکەن و بگرە هەیشیانە پارە بە گۆڕان دەبەخشێ! گۆڕان نەک هەر وەک پارتی و یەکێتی دەست وپێی خۆی نەخستۆتە کۆت و زنجیری داگیرکەرانی کوردوستان بەڵکو ترپەی دڵی گۆڕان هاوئاوازە لەگەڵ ترپەی دڵی خەباتی نەتەوەییمان لە ئێران و تورکیا و سوریا. یەکەم فراکسیۆنی ٢٥ ئەندامیی گۆڕان لە خولی سێی پەرلەمانی کوردوستان ئازایانە باشترین ڕۆڵی بینی لە بەرەنگاربونەوەی دەسەڵاتی ستەمگەری بنەماڵەیی دواکەوتوی پارتی و یەکێتی. بە هۆی گزی و دزیی پارتی و یەکێتی گۆڕان لە هەڵبژاردنی خولی چواری پەرلەمانی کوردوستاندا یەک کورسیی کەمکرد و بە ٢٤ ئەندامەوە سەرۆکی پەرلەمانی کوردوستانی بەدەستهێنا. چونە ناو حکومەتی بنکەفراوانی هەرێم کارێکی ڕاست و دروست بو چونکە پارتی و یەکێتی ڕیک ئەوەیان دەوێ کە گۆڕان لە دەرەوەی کایەکانی حکومەت بێت و هەر وەک موعارەزەی پەرلەمانی بمێنێتەوە. کە لە پەرلەماندا بە سەرۆکایەتیی گۆڕان توانرا زۆرایەتی بەدەستبهێنرێ بۆ هەڵوەشاندنەوەی پرۆژەی سەرۆکی هەتاهەتایی مەسعود بارازانی ئیتر پارتی گومانی نەما لەوەی ئەسپە سپیە کێویەکەی گۆڕانی بۆ دەستەمۆ ناکرێت، بۆیە گۆڕانی تەنها خست، بەڵام گۆڕان ئارامیی هەڵبژارد چونکە نەیویست لە پشتەوەی بەرەی شەڕی دژی داعش بە هۆی خۆپیشاندانی سەدانهەزاریی لایەنگرەکانیەوە ئارامی و ئاسایشی کوردوستان تێکبچێ و بشێوێ. هەرچەندە گۆڕان دەسپێشخەر و ڕێکخەر نەبو لە خۆپیشادانی بەردەوامی مامۆستایان و پزیشکان و فەرمانبەران دژی موچەبڕین ، بەڵام لایەنگران و هەڵسوڕاوەکانی هێزی جوڵێنەر و کارا ی ئەو خۆپیشاندانە ڕاست و ڕەوایانە بون. لە دوای مردنی نەوشیروان مستەفا لە ١٩ ی ٥ ی ٢٠١٧ گۆڕان بە ئێش و ئازارێکی زۆرەوە وردە وردە هەستایەوە و توانی ڕێخەری گشتیی نوێ هەڵبژێری و خانەی ڕاپەڕاندن دروستبکات.گۆڕان لە بەرامبەر پرسیاری ویژدانیی ئەوەی بەشداربێت لە ڕیفراندۆمی ٢٥ ی ٩ ی ٢٠١٧ یان نا ، ڕێزی لە لایەنگرانی گرت و ئازادی کردن لەوەی بەشداربن یان نا. گۆڕان سەرسەختانە بەرەنگاری دزی و گزیی گەورەی پارتی و یەکێتی بۆوە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە ١٣ ی ٥ ی ٢٠١٨ ، لە بەرەنگاربونەوەی سەرکەوتوانەی ئەم غەدرەی لە دەنگدەران کرا گۆڕان بوبە هەوێنی دژەتەزویر لە سەرتاسەری عێراقدا و بەمە ڕێز و پێزانینێکی زۆری چنیەوە لای عێراقیەکان.هەمو ئەوانەی لە سەر لیستی گۆڕان پۆستیان وەرگرت لە پەرلەمانی کوردوستان و عێراق و ئەنجومەنی پارێزگاکان و لە حکومەتی هەرێمی کودوستاندا و لە پارێزگای سلێمانی و زانکۆی سلێمانی (وەزیر، ڕاوێژکار، سەرۆکی دەستە، ڕاگری کۆلیج، پارێزگار، مودیر ناحیە، بەڕێوەبەری گشتی،..) بە گشتی دەستپاک و چالاک و دڵسۆز و بوێر بون ، بێگومان چەم بێ چەقەڵ نابێت ! بەڵام گۆڕان چەقەڵەکانیشی ئەوەندە شەرمیان تیاماوە کە خیانەتی گەورەی لێنەکەن! گۆڕانەکان وەک داربەڕو سەرسەختانە لقوپۆپە کەسکەکانیان بە ئاسمانی کوردوستانا بڵاوکردۆتەوە، ڕەگوڕیشەکانیان بە ناخی خاکی پیرۆزی کوردوستانا ڕۆچوە، گۆڕانەکان وەک درەختی سەرو سەربەرز و بێباکن و ناچەمێنەوە بۆ پارە و پلە و پایە ! گۆڕان لە هەڵەکانی و لە کێشەکانی ناوخۆی ناترسێ و چاونانوقێنێ، ئەوەتا ڕێکخەری گشتی دوێنێ ڕاستەوخۆ لە کەناڵی KNN وە ڕایگەیاند کە لە ئیمساڵدا چارەسەری کێشە ناوخۆییەکانی گۆڕان دەکەین. لای من مۆمەکەی گۆڕان ئەو ئاگرەیە کە پیرەمێردی نەمر لەم بەیتە شیعرە دا بەرز دەینرخێنێ:
شەوێ پیاوێ لە بەفرا ما نەمرد دیی ئاگرێکی دێ
لە لای من نائومێدی کفرە ئەم ئاگری دڵەم بۆ کوێ؟
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست