کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ڕەنگە، هێرۆ و بافڵ بەرهەمیان هەڵخەڵەتاندبێت

Sunday, 23/09/2018, 13:00


پێکهاتە سیاسیەکانی عیراق لە ئەوپەڕی چەپەوە بۆ ئەوپەڕی ڕاستیان هەر لە دوای ڕوخانی سەدام لە ٢٠٠٣وە لە نێوان خۆیاندا شەڕی پۆستی سەڕۆک کۆماریان نەکردوە، پێیان وابووە کە ئەو پۆستە دەسەڵاتی سنووردارە و تەنیا پۆستێکی تەشریفاتییە، بەڵام بە پێچەوانەوە بۆ پۆستی سەڕۆک وەزیرانی عیراق، هەمیشە کێشە و گرفتی قوڵیان کەوتۆتە نێوان و زۆربەی جار چەند مانگی بردوە و لە ژێر فشاری ئیران و ئەمریکا، ئینجا گەیشتونەتە ڕێککەوتن بۆ هەڵبژاردنی کەسێک بۆ ئەو پۆستە، بێگومان هۆی ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە لە عیراق پۆستی سەڕۆک وەزیران دەسەڵاتێ بێ هاوتای هەیە.
بە پێچەوانەوە پۆستی سەڕۆک کۆماری عیراقی عەرەبی، لە هەرێم هەموو کاتێک بووە بە خاڵێک بۆ سەپاندنی مەرجی پارتی و یەکێتی بەسەر یەکتردا، بەڵام لە دامەزراندنی حکومەتی ئەوجارەی عیراقی عەرەبیدا، کارەکە لەوەشی تێپەڕاندوە و شآگردی بەردەست و پەروەردەبووانی ژێر دەستی هەندێک لە سەرانی کوردی خوالێخوشبوو هاتوتنەتە مەیدانەکە بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە بە ناوی کورد و بە مەبەستی دەستکەوت و گیرفان پڕ کردن. گەیشتۆتە ئاستێک هەندێکیان وازیان هێناوە لەو پارتانەی کە لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقی خولی رابردوودا دەنگی ئەندام، لایەنگران و دۆستی پارتەکانیان بۆ کۆکردنەوە و ڕێگەیان بۆ خۆشکردن و ناردویانەتە بەغداد!
بەرهەم ساڵح، لەو ڕۆژەی، کە بوو بە مەسینە هەڵگری تاڵەبانی، تامەزرۆی ئەوە بووە، پۆستی سەڕۆک کۆمار وەربگرێت. تا ڕادەیەک هەموو ئەوانەی لە نزیکەوە ناسیویانە دەرکییان بەوە کردوە کە ئەمە خاڵی لاوازی بەرهەمە، کە لە ئەنجامدا سەرانی پارتەکان بە تایبەتی سەرانی ینک و پدک لە قۆناغی جیاوازدا توانیویانە ئەم خاڵە بەکار بهێنن و بەرهەم هەڵبخەڵەتێنن بۆ مەرام و مەبەستەکانیان، دواجاریش پاشگەزبوونەتەوە و بەرهەمیش هەستی پێکردووە کە چۆن خراوەتە نێو گەمەیەکەوە و یاری پێدەکرێت!
دیسان ئەمجارەش بەرهەم، خاڵە لاوازەکەی لەلایەن سەرانی ینک بەکارهێنرا، هەر بە گوتنی ئەوەی کە تۆ کاندیدمانی بۆ سەڕۆک کۆماری عیراقی عەرەبی، ئیتر ئەو کابرایە بەرچاوی ڕەش بوو، لە یادی چوو کە سەڕۆکی پارتی هاوپەیمانیی دیموکراسییە، هەزاران چاوپێکەوتنی تەلەفزیونی، دەیان کۆبوونەوە و کۆنفرانس و وتارە جەماوەرییەکانی لە یاد چووەوە و بەبێ یەک و دوو لێکردن چووە ژێر باڵی بافڵ و هێرۆ.
هەنوکە، ئاماژەکان دەریدەخەن کە ڕەنگە بافڵ و دایکی، تەڵەیان بۆ بەرهەم نابێتەوە، لەتیف ڕەشید لەندەنی کە ئێستا خۆی کاندید کردوە بۆ پۆستی سەڕۆک کۆمار، بە دڵنیاییەوە بەبێ پشتیوانی "هێرۆ"ی وەریسی سیاسیی تاڵەبانی و خوشکە ژنی لەتیف نییە و ئەگەر لە بەغداد هەوڵەکانیان چڕ بکەنەوە بۆ دەرچواندنی یەکێک لەو دوو ڕکابەرە ئەوا  لە ژێرەوەش بێت هەر کار بۆ لەتیف دەکەن، ئەگەر هێرۆ نیازی پاک بوایە، ئەوا بەرهەم تەنیا کاندیدی ئەوان دەبوو، لە ساڵانی ڕابردوودا بۆ ئەو پۆستە، ینک بەهیچ شێوەیەک کاندیدی فەرمیی و نافەرمیی نەبووە،  هەروها ئەمڕۆ بار و دۆخەکە گۆڕاوە، پارتی پۆستی سەڕۆکی هەرێمی لە دەستداوە، یەکەم بووە لە هەڵبژاردنە پڕ ساختەکەی ١٢/٥/٢٠١٨دا و چاوەڕوانی ئەوەی لێ ناکرێت سازش لەو پۆستە بکات بە بێ بەرابەر ئەوا ئەگەر بیکات.  ئەمریکییەکانیش کە دوای ئەم هەموو هەوڵە نەیانتوانی بێت بۆ پۆستی سەڕۆک وەزیران عەبادی بەسەر پێکهاتە عەرەبییەکانی عیراق بسەپێنن ئایا دەتوانن بەرهەم بەسەر بنەماڵەی بارزانیدا بسەپێنن؟ لە ئەنجامدا دەردەکەوێت ئەگەری زۆرە کە بەرهەم، دووبارە گورگان خوارد بکرێت و لە کۆتاییشدا پارتی هاوپەیمانییەکەی خۆی و پۆستی سەڕۆک کۆماریی و ئابڕووشی لەدەست دابێت!؟

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە