بایکۆتی دەنگدان پێویستی بە وشیارییە، کە لە رۆژی دەنگداندا کەس نەچێتە دەرێ، چونکە پارتەکان بۆ ساختەکاری پێویستییان بە قەرەباڵغییە، نەک بە دەنگی ئێوە


ئێوە لە کامبەرن؟ (بزماری چوارهەم)

Monday, 24/09/2018, 17:19


بۆ لیستەکانی (١٩٤) و (١١٩) و گشت حیزبە ئیسلامییەکان لە گەڵ ڕێزو سڵاو و فاتیحایەک 
دوای بزمارڕێژکردنی دروشمەکانی هەریەک لە (پ.د.ک) و (ی.ن.ک) و (ب.گ) سەرەی ئێوەی موسوڵمانە، بەداخەوە، کە بە هەمووتان یەک بزمارتان بەر ئەکەوێ بە پێی قەبارە وپێگەی کۆمەڵایەتی و پەرلەمانیتان.ئەگەر لە (بەرەو ئیصڵاح)ەوە دەست پێبکەین.شیاوە بڵێین کام ئیصڵاح، ئەو ئیصڵاحەی کاتێک پڕۆژە یاسایەک لە بەرژەوەندی ئەبەدی میللەتێک بێت و لە بەرژەوەندی خۆتان و خاوەنەکەتان نەبوو ئەوا ئەبن بە دوو بەشەوە، عەیب نەبێت لە ناوەڕاستی لە نەوەڕاستی جۆگەکەدا ئەچەقن و هەر بەشەتان بەپێی جوگرافیا و مەسڵەحەت ئەبنە بەردی پارسەنگ!
 ئەی ئەگەر لە دوای کڵۆمکردنی دەرگای پەرلەمان بۆ لە بۆڵەبۆڵێکی شەرمنانە زیاتر فزەتان لێوە نەهات، یا لە دروشمەکانتان ئەفەرمون، کە هەوڵ ئەدەن بۆ زیادکردنیی (ڕێژەی ژنان لە ژیانی کۆمەڵایەتیدا)، خۆزگە ڕوونتان ئەکردەوە ئایا بە حیجابەوە، یا بە بێ حیجاب؟! دروستە ئەگەر لە ئەندامەکانی یەک گرتوو بپرسین، کە ئەمیندارەکەیان زۆر لە خۆباییانە ئەی وت لە کۆنگرەدا ئەگەر تەزبیحەکەشی بنێرێ ئەوا هەر خۆی پاڵەوانی مەیانەکەیە، بەڵام بۆ دەستخۆشی لە نەوەی ئەتاتورک ئامادەبوو بچێتە ئەنقەرە و ئەستۆ پاکی خۆی بسەلمێنێ، ئەمە پێش ئەوەی سوکایەتی بێت بە هەموو بەها مرۆڤایەتیەکان سوکایەتیشە بە ئەندام و شوێنکەوتوانی حیزبەکەی خۆیان، یاخود بەهەمووتان نەتانتوانی ڕەخنەیەک لەو مەلا کوردەی کە بوەتە دەمڕاستی موسوڵمانانی جیهان و، لەبەر دەستکەوتو گیرفان لە قەتەرەوە کوشتنی گەلەکەی خۆی بۆ ئەرۆغان بێ حەڵال ئەکات.
هەندێ لە کاندیدە تازە کورەکانتان لە بەڵێنەکانیاندا ئەفەرمون شکۆ، بۆ پەرلەمان ئەگێڕنەوە، ئەڕێ ئەوانەی خولی پێشو پێیان بەخەنەوە بوو، بۆ نەیان توانی ڕیگری لە شکاندنی ئەو شکۆیە بکەن ؟ یاخود لە سەر کەناڵەکەی مێتی تورکەوە بیشەرمانە ئەڵێ لەبەرئەوەی داوای دابەشکردنی بەرمیلێک نەوتمان کرد لە ئەنجومەنی وەزیران، ڕازی نەبون دابەش بکرێت، ئێمە لە بەر ئەوە لە حکومەت کشاینەوە، سەیرە بۆ داخستنی ئەو پەرلەمانەی شکۆی گەلەکەتان بو نەکشانەوە، بەڵام لەبەر بەرمیلێک نەوت کشانەوە، بەڕاستی هەڵوێستێکی تەواو موسوڵمانانەیە !
یان ئەفەرمون دەنگ بدەن بە حیزبە ئیسلامیەکان، بۆ ئەوەی داکۆکی بکەن لە موچەی کەمئەندامان، هەوڵئەدەن بۆ دابەشکردنی داهاتی پارێزگاکان، باشە ئیمانداران ئەی ناکرێ ئەم کارانە بکەن بەبێ بەرتیلی دەنگ، شیاوە ئێوە لە هەوڵی خۆتاندا بن، بەبێ ئەوەی دەنگتان بدەنێ، یان نووسیوتانە (ڕاستەو خۆ هاوڵاتیان بەشی خۆیان لە داهاتی نەوت و سامانی سروشتی بەشداربن)، بەڕێزتان لەیادتان چوو ئەم درۆیەیان یا ئەم دروشمەیان وەک بەڵێن لەو سەرۆک وەزیرانەوە بیست کە نۆزدە ساڵە ئەو پۆستەی قۆنتەرات کردوە، ئەی ئێستا ئێوە چۆن ئەم بەردە گەورەیە هەڵ ئەگرن کە قابیلی هاویشتن نیە، یا ئەڵێن (بەشداری کورد لە کونسوڵگەریەکانی عێراقدا)
برادەرینە لێرەدا ئەڵێین ستۆپ، ئەرێ ئەمە هەلی کاری نوێیە بۆ خزم و کەسوکاری بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی ئەدۆزنەوە، یا سیاسەتێکی ترە ئێمە نایزانیین؟
 ببورن قوربان ئەو جۆرە پۆستانە تایبەتە بە بنەماڵە تکایە.....
لە تایتڵی سپێدە نووسیوتانە (دۆزینەوەی بازاڕ بۆ بەرهەمی ناوخۆ)! جێگەی پێکەنینە کام بەرهەم هەناردەی دەرەوە ئەکەن یا بۆ کام درواسێی هەناردە ئەکەن ؟ ئێران ؟ یا تورکیا ؟ کە ڕۆژانە زیاتر لە هەزار بارهەڵگر لای ئەوانەوە ئامدی و ئەکرێ و سامانی ئەم وڵاتە هەڵئەلوشێ، بەڵام قەدەغەیە لێرەوە کێلۆیەک هەناری هەڵەبجە بە دیاری ببرێت بۆ هاوڕێیەکی موسوڵمان لە ئێرانی شێعە مەزەب یان تورکیای ئەهلی سونە.
 دیاردەیەکی سەرنجڕاكێش لەم کەمپینەدا بەدی ئەکرێت کە شایەنی هەڵوێستەیە، کاتێک کاندیدەکانتان دێنە جڤین لەسەر شاشەی سپێدە و پەیامەوە زۆرێک لە بەڵێنەکانیان هەڵ ئەواسن بە ئیشەڵا و ماشەڵاوە، یا ئەفەرمون دەنگ بدەن بەوانەی دەست بە دەستنوێژن، نازانین لە زەمانی خولەفای ڕاشێدینەوە تا ئێستا ئیشەڵاو ماشەڵا چی بۆ کورد کردووە، ئەوەتا هەر لە قورئاندا و لە سورەتی ڕەعددا هاتوە (ان الله لا یغیر ما بقوم حتی یغیروا ما بانفسهم)، ئیتر لێرەو ئاشکرایە ئیشەڵا و ماشەڵا مایەی دوو دڵیە کاتێک بەڵێنەکانتان جێبەجێ ناکەن دوای چنگ گیرکردنتان لە کورسی پڕ دەسکەوتی پەرلەمان، پێمان ئەڵێن خوا ڕازی لەسەر نەبوو.
ئێوە لە کاتێکدا پاشکۆی خائینترین و گەندەڵترین حیزبی سەر ئەم زەمینەن، ئیتر چۆن بەڵێنی نیشتەجێبوون و یەکەی نیشتەجێبون بە خەلک ئەدەن لە کاتێکدا لە خولێ پێشودا بەرمیلێک نەوتتان پێ دابین نەکرا، ئەی لەم خولەدا چۆن خانو زەوی بۆ مەردم ئەکەن.
ئەوە ماوە بڵێین ئەو داویانەی بیست وحەوت ساڵە میللەت داوا لە دەسەڵات ئەکەن یەکێتی و پارتی لوت بەو داویە ناسڕن، دروست نییە ئێوە ئەو بابەتە بجونەوە بۆنمونە (یەک خستنەوەی هێزی پێشمەرگە) لە کاتێکدا زۆرتان جورئەتی ئەوەتان نەبوو بەیاننامەیەک دژی داعش دەربکەن، جکە لەوەی هەندێ لایەن و تاکتان کارە دڕندە ئاساکانی ئەو گروپە تیرۆریستانەتان بە شەرعی ئەکرد و، لە کۆتاییدا ئەڵێین خوای گەورە لەسەر حەق بێت تیرۆریستان ڕیسوا بکات و یارمەتی دەری ئێوەش بێت

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە