کورته‌ وه‌ڵام/ 29 بۆپرسیارێ: ده‌نگ به‌کام هاوپه‌یمانی بده‌ین؟

Friday, 31/08/2018, 20:22


با جارێ له‌وه‌بگه‌ڕێین که‌ باشوری کوردستان، له‌ ژێرده‌سه‌یه‌کی ئیراک به‌ولاوه‌ چیترنیه‌. چاره‌سه‌ریشی، ته‌نیا سه‌ربه‌خۆییه‌.
ئێسته‌ له‌ئیراکی ئه‌ره‌بی، پێشبڕکێیه‌ له‌سه‌ر: کام هاوپه‌یمانی ده‌سه‌ڵات بگرێته‌ ده‌س؟ بۆئه‌و ئامانجه‌ش، گوایه‌ ده‌نگی کورد یه‌کلاکه‌ره‌وه‌یه‌.
پێشه‌کی ئه‌بێ بزانین، ئه‌م بارودۆخه‌ی ئێسته‌ی‌ ئیراک‌، به‌ئه‌نجامی ئه‌و پێشبڕکێیه‌ چاره‌سه‌ر نابێ. که‌س نازانێ بورکانی ‌ژێر ئیراک له‌ چ کاتێکدا ئه‌ته‌قێته‌وه‌!؟ تێکه‌ڵه‌ ناسروشتییه‌که‌ی شیئه‌و سونه‌و کورد، هه‌رگیزاوهه‌رگیز له‌مه‌نجه‌ڵێکدا ناکوڵێ. که‌واته‌ چاره‌سه‌رییه‌کان، به‌دابینکردنی نیمچه‌ ئارامییه‌کیشه‌وه‌، که‌ ئه‌و ئارامییه‌ش له‌به‌رژه‌وه‌ندیی ئێمه‌نییه‌، کاتین و هیچیتر.
با وانه‌یه‌ک له‌ شه‌ڕی ئیراک-ئیرانه‌وه‌ وه‌رگرین. ئه‌نجامه‌که‌ی به‌کیمیاییو ئه‌نفالی کورد شکایه‌وه‌. ئه‌مجاره‌ زۆرانبازییه‌که‌ له‌نێوان ئه‌مریکاو ئێراندایه‌!. جا ئه‌گه‌ر کورد ده‌نگبدا به‌هه‌ر لایه‌کی پێشبڕکێکه‌ی ئێسته‌، به‌ڵگه‌نه‌ویسته‌، جارێکیتر ئه‌نجامه‌که‌ی هه‌ر به‌سه‌ر کوردا ئه‌شکێته‌وه‌ کاتێ لایه‌کیتریان، به‌هه‌ر رێگه‌یه‌ک، ده‌س به‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتا بگرێته‌وه‌!. 
که‌واته‌ باشتروایه‌، هه‌رێم، ته‌نیا ده‌وری سه‌یرکه‌ر ببینێو ده‌نگ به‌هیچ لایه‌کیان نه‌دا. به‌گفتی رێوی نه‌خه‌ڵه‌تێ. ده‌نگ بده‌ین یا نه‌ده‌ین، نوێنه‌رمان له‌به‌غدا ببێ یا نه‌بێ و...هتد، له‌مه‌ی ئێستا هه‌مانه‌، زیاترمان پێ ڕه‌وانابینن. که‌واته‌ با ئه‌م تۆزه‌ ده‌سه‌ڵاته‌شمان له‌ده‌سنه‌ده‌ین له‌پێناوی چه‌ن پۆستێکی کارتۆنیدا له‌به‌غا!. با به‌بێ ده‌نگو به‌نهێنی، خۆمان ئاماده‌که‌ین بۆهه‌لی ره‌وای چاره‌نوسمان. سه‌باره‌ت گوشاره‌ ده‌ره‌کییه‌کانیش، باش وایه‌، به‌داواکاریی توانابه‌ده‌ر (تعجیزی) وه‌ڵامیان بده‌ینه‌وه‌و ده‌مکوتیانبکه‌ین. ئاشکرایه‌ ئه‌و لایه‌نه‌ ده‌ره‌کییانه‌، چه‌نجار به‌گورگانخواردویان داوین، ئیتر به‌سه. لێگه‌ڕێن با هاوپه‌یمانییه‌کان خۆیان چۆن کابینه‌ پێکدێنن پێکیبێنن. خۆیان واته‌نی: (به‌ئسه‌هوم به‌ینه‌هوم)‌
 ئه‌م کورته‌ وه‌ڵامه‌ش، ئه‌شێ ئه‌زمونێکبێ، بۆجیاکردنه‌وه‌ی دانا له‌ نادان. به‌هیوام هاوڕێیانی خۆشه‌ویست باری سه‌رنجیان پیشانبده‌ن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە