کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


حزبه‌ ئیسلامییه‌كانی كوردستان هه‌واڵی گه‌رانه‌وه‌ی داعش ده‌ده‌ن

Wednesday, 29/08/2018, 19:32


گه‌وره‌ مه‌رجه‌عی شیعه‌کان له‌ عێراق و ئێران له‌ باره‌ی تێکه‌ڵکردنی دین و سیاسه‌ت رای جیاوازیان هه‌یه‌، فەتواده‌ری شیعه‌کان له‌ عێراق پێداگری له‌سه‌ر جیاکردنه‌وه‌ی دین له‌ سیاسه‌ت ده‌کات و فەتواده‌ری شیعه‌کان له‌ ئێران سووره‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی که‌ نه‌ک ئایین، به‌ڵکو مه‌زهه‌بیش ده‌بێت له‌گه‌ڵ سیاسه‌ت تێکه‌ڵ بکرێت و رابه‌ری باڵای شیعه‌کان ده‌بێت وه‌ک نوێنه‌ری خوا له‌ سه‌ر زه‌وی حوکمڕانیی دونیا بکات.
له‌ ناو سوننه‌کانیش هه‌مان ڕای جیاواز هه‌یه‌، ئه‌گه‌ر رایه‌ک دین و دینداری له‌ سیاسه‌ت جیا ده‌کاته‌وه‌، ئه‌وا رایه‌کیش هه‌یه‌ که‌ ده‌یه‌وێت خه‌لیفه‌ی موسڵمانان حوکمڕانی هه‌موو جیهان بکات.
هه‌ردوو لایه‌نی توندڕۆی شیعه‌ و سوننه‌ی ئیسلامی سیاسی و مه‌زهه‌بگه‌را، له‌ هیچ تاوانێک بۆ گه‌یشتن به‌ ئامانجه‌کانیان سڵ ناکه‌نه‌وه‌.. ئاکامی ململانێی ئه‌و مه‌زهه‌بگه‌راییه‌ توندڕه‌وەش تیرۆریستانی دڕنده‌ی وه‌ک داعش (سوننه‌) و حه‌شدی شه‌عبی (شیعه‌) لێ ‌که‌وتووه‌ته‌وه‌،.
ئیسلامی سیاسیش له‌ کوردستان گه‌رای خۆی داناوه‌، تا راده‌یه‌ک که‌ هه‌ندێک له‌ حیزب و لایه‌نه‌ ئیسلامییه‌کانی کوردستان به‌ ئاشکرا و به‌ نهێنی به‌یعه‌تیان به‌ داعش داوە! ئه‌وانه‌ ته‌نانه‌ت رفاندنی کچان و ژنانی ئێزیدی و هاوزمان و هاونه‌ته‌وەی خۆیان له‌ لایه‌ن تیرۆریستانی دڕنده‌ی داعشه‌ وەکو کرێن و فرۆشتن و وه‌ک "سه‌بایا" مامه‌ڵه‌کردن له‌ گه‌ڵیان به‌ شه‌رعی له‌ قه‌ڵه‌م دەدا، بۆ ماوه‌یه‌کیش که‌ له‌ به‌شێکی هه‌رێمی کوردستان (ده‌ڤه‌ری شاره‌زوور) ده‌سه‌ڵاتیان هەبوو، هه‌مان یاساکانی داعشیان په‌یڕه‌و دەکرد، تەنانەت له‌ سه‌ر ریش تاشینێک پیاویان فه‌لاقه‌ کردووه‌!
ئه‌وانه‌ نه‌ک بڕوایان به‌ دیموکراسی و مافی مرۆڤ و نه‌ته‌وه‌ و به‌ها ئینسانییه‌کان نییه‌، بەڵکو بگره‌ به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ک دژایه‌تی ئه‌و چه‌مکانه‌یان کردووه‌ و هه‌وڵیان داوه‌ نه‌ریت و که‌لتووری لێبورده‌یی و پێکه‌وه‌ژیانی کورد له‌ناو به‌رن، ئەو کەلتورەی که‌ کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی به‌ درێژایی مێژوو کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی فره‌ ئایین و فره‌ نه‌ته‌وه‌ بووه‌ و به‌ ئاشته‌وایی پێکه‌وه‌ ژیاون و پێکه‌وه‌ش‌ رووبه‌ڕووی داگیرکاری و داگیرکردنی وڵاتیان بوونه‌ته‌وه‌ و خه‌باتیان بۆ رزگاری کردووه‌، تەنانەت  قوربانییان بۆ داوه‌.
حزبه‌ ئیسلامییه‌کانی کوردستان به‌و په‌ڕی بێباکییه‌وه‌ بانگه‌شه‌ی جیهاد و کوشتوبڕی خه‌ڵکی بێتاوان ده‌که‌ن، ئه‌گه‌ر به‌ ئاشکراش نه‌یانتوانیبێت داکۆکی له‌ داعش بکه‌ن و هاوکاریی خه‌ڵیفه‌که‌یان بکه‌ن، ئه‌وا به‌ ئاشکرا وتوویانه‌ که‌ داعش به‌ تیرۆریست نازانن و به‌ موسوڵمانی جیهادی ناویان ده‌به‌ن. بۆیه‌ حکومه‌ت و نوخبه‌ و رۆشنبیر و ته‌نانه‌ت مامۆستایانی ئایینی و میانڕه‌و پێویسته‌ له‌و مه‌ترسییه‌ گه‌وره‌یه‌ خافڵ نه‌بن.. بۆ ئه‌وه‌ی شوێنکه‌وتووانی ئیسلامی سیاسی نه‌توانن کوردستانیش وه‌ک ئه‌فغانستان و عێراق و سوریه‌ بکه‌نه‌ مه‌کۆی توندوتیژی و توندڕۆیی ماڵوێرانی و کوشتوبڕ، پێویسته‌ به‌ هه‌مووان له‌سه‌ر وشیارکردنه‌وه‌ی تاکی کۆمه‌ڵگه‌ کار بکه‌ین، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و تاقم و گرووپه‌ توندڕه‌وانه‌ نه‌توانن چیدی گه‌نجی ئێمه‌ هه‌ڵبخڵه‌تێنن و کوردستانی پێ بته‌قێننه‌وه‌.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە