کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


نامەیەکی سەرنجڕاکێشی جەلال تاڵەبانی بۆ جەمال نەبەز

Sunday, 19/08/2018, 9:35


سەرەتای ناسیاوەتیی نێوان جەلال تاڵەبانی و جەمال نەبەز دەگەڕێتەو بۆ ساڵی ١٩٥١ کاتێك کە هەردووکیان لە زانستگەی بەغدا خوێندکاربوون، ئەمییان لە کۆلێژی مافەکان و ئەویان لە کۆلێژی پەروەردە، بەشی فیزیك و ماتماتیك بوو، ئەو سەردەمەش سەردەمێك بوو کە لە عێڕاقدا هەندێ سەربەستیی ڕۆژنامەوانیی و کۆبوونەوە هەبوو، بەڵام خۆپیشاندان ڕێگەی پێنەدەدرا چەند، حیزبێکی عێراقیش وەك (وەتەنی دیموکراتی) و (ئیستیقلال) بە ئاشکرا کارییان دەکرد، لەو سەردەمەدا (کۆمەڵەی لاوان و قوتابییانی کورد) لەلایەن پارتییەوە دامەزرا. جەلال تاڵەبانی لە یەکێك لە ڕۆژنامەکانی بەغدادا نووسینێکی بە عەرەبی بڵاوکردبووەوە لە ژێر نێوی (سڵاو و بانگەوازی گەنجانی کورد)، ئەمە یەکەمین دەرفەتبوو بۆ خۆدانەناسینی جەلال تاڵەبانی، جا لەبەر ئەوەی جەمال نەبەز سەر بە پارتی، یان شیوعی نەبوو، کە ئەو ساتەش هەر ئەم دوو پارتە لە گۆڕەپانی سیاسیی کوردیدا هەبووە، بەڵام لە ڕێی ئەو نووسینانەی کە بە کوردیی و عەرەبیی بڵاویدەکردنەوە بە نێوی خواستەمەنی (ج.ا. کڵۆڵ)ـەوەهاتبووە ناساندن. لە یەکدیناسینی جەلال و جەمال لەگەڵ کات هاوڕێیەتییەك دروستبوو، ئەمەش نەك هاوڕێیەتیی حیزبیی بەڵکوو هاوڕێیەتیی خۆکەسی بەهۆی چالاکیی ڕامییارانەی هەردووکیانەوە بوو، جا هەریەکەیان بە جۆرێك، ئەم هاوڕێیەتییەش لەگەڵ گەلێك تەنگاویی، جارناجار جۆرە گرژییەكی تێدەکەوت، بەڵام جەمال نەبەز بەهۆی دەسەڵاتییەوە بەسەر زمانی عەرەبی و کوردیدا، کە لە ڕۆژنامەکاندا بێگرێوگۆڵ لەبارەی کوردەوە شتی دەنووسی، جەلال تاڵەبانی ئەم هاوڕێیەتییەی پاراست، تەنانەت چەند جار بە جەمال نەبەزی گووتبوو: ((نەدەتووانم لەگەڵ تۆ هەڵکەم، نەدەشتووانم بێتۆ هەڵکەم)). ڕەخنەی جەمال نەبەز لە پارتی ئەوەبوو، کە پارتی ئەم هەموو پەسن و سەنایەی دەوڵەتی سۆڤێت دەکا، سەری زمان و بنی زمانییان مارکس و لینین و ستالین و یەکێیتی سۆڤێتە، سۆڤێتیش حیزبی شیوعی عێڕاقی وەك نوێنەری مارکسییەتی و لینین وستالین دەناساند، بێجگە لەوەش پارتی خۆی بە حیزبێکی عێراقی دەناساند، لەبەرئەمە ئەوسا دوو ڕێ لەبەردەم پارتیدا هەبوو، یان ئەوەتا حیزبەکەی خۆی هەڵبووەشێنێتەوە و بچێتە نێو حیزبی شیوعییەوە و لەوێدا باسی کورد بکات و کێشەی کورد بباتە نێو حیزبەکەوە، یان ئەوەتە حیزبێکی ناسیونالیستی کوردستانی دابمەزرێنێت، خۆ ئەگەر دەیانگووت حیزبی ناسیۆنالیستی کوردیی باش نییە، ئەوا دەبووایە حیزبێکی شیوعی کوردستانی دابمەزرێنن، بەرامبەر بەم قسانەی جەمال نەبەز دەیکرد، جەلال تاڵەبانی دەیگوت: ((حیزبی شیوعی عیراق لە لای سۆڤێتەکان ئەوەندە بوختانیی بۆ پارتی کردووە کە سۆڤێت ددان بە بوونی پارتی کۆمۆنیستی کوردستاندا نانێت))، ئەمە و ئەو دەمەش کە هێشتا سەرەتای نیوەی یەکەمی پەنجاکان بوو پارتی هەر نێوی (پارتی دیموکراتی کورد) بوو نەك (پارتی دیموکراتی کوردستان). ئەم جیاوازییە لە تێگەیشتن، هەردووکیانی لەیەك دوورخستنەوە، هاوکات هیچ دووژمنایەتییەکیش لە نێوانییاندا درووست نەبوو، دیارە لە پەنجاکاندا گەلێك شت ڕوویاندا وەك کودەتای سوپایی لە میسر بە سەرۆکایەتی محەمەد نەجیب و جەمال عەبدوڵناسڕ، هاتنە کاییەی پەیمانی بەغدا لە نێوان تورکیا و عێراق و ئێران و پاکستان، هەنگاونان بۆ درووستبوونی یەکێتیی عەرەب بە سەرۆکایەتی جەمال عەبدولناسڕ. کە ناسر بۆ یەکێتیی عەرەب و دژی پەیمانی بەغدا تێدەکۆشا، جەمال نەبەز ئەم ڕێبازەی ناسڕی بەکارهێنا لە ڕێی نامیلکەیەکەوە لە ژێر نێوی (کیفاحولئەکراد)-خەباتی کوردان- دا کە لە دیمەشق (هاوینی ١٩٥٦) بە نهێنیی و بە نێوی خواستەمەنیی (صامد الکوردستانی)١یـەوە چاپیکردبوو و وەك دیارییەك بۆ جەمال عەبدولناسری نارد، کە ئەمەش بوو بەهۆی ئەوەی ناسڕ بەشێکی بە زمانی کوردیی لە ڕادیۆی قاهیرە ساڵی ١٩٥٧ بکاتەوە و دەنگوباسی ڕۆژانەی بە سروودی ئەی ڕەقیب و گەلێك سروودی نیشتیمانی دیکە دەستپێدەکرد، هاوکات وتاری سەر بە کوردی دژ بە هەڵمەتەکانی ئێران و عێڕاق و تورکیا بڵاودەکردەوە، کودەتای جەنەڕال عەبدولکەریم قاسم لە ١٩٥٨، کە بوو بەهۆی ڕوخانی ڕژێمی شانشینیی و هاتنە کایەی ڕژێمی کۆماریی لە بەغدا، لەمەوە نێزیکییەك لە نێوان سۆڤێت و عێڕاقدا دروست بوو: لە سەردەمی قاسمدا، پارتی بوو بە دوو بەش، یان بابڵێین دوو ڕێباز، یەکەمیان: بەسەرۆکایەتی هەمزە عەبدوڵڵا بوو کە ڕێبازەکە سەر بە حیزبی شیوعی عێڕاقی بوو، ئەم ڕێبازە جەماوەرێکی زۆری پارتی لەگەڵ بوو ئەم ڕێبازەی هەمزە بە (بەرەی پێشکەوتوو) دەناسرا، ئەوەی دووەم ڕێبازەکەی ئیبراهیم ئەحمەد بوو، کە هێندە جەماوەری نەبوو، ئەم ڕێبازەی ئیبراهیم ئەحمەدیش بە ڕێبازی (مەرکەز) دەناسرا، بەڵام مەلا مستەفای بارزانی سەرۆکی پارتی، کە ماوەیەك بوو لە سۆڤێتەوە گەڕابووەوە عێراق و لە بەغدا دادەنیشت و پاتریش بە ئاشکرا کاری دەکرد، دژی ئەمە بوو، ڕۆژێکییان لەگەڵ چەند چەکدارێکی چووە مەڵبەندەکەی هەمزە لە بەغدا و هەمزەی لە مەڵبەند دەرکردو دوای ئەوەش کۆنفرانسی پارتیی بڕیاری دەرکردنی هەمزەی دا و ئیبراهیم ئەحمەدی خستە جێی، ئەمەش بوو بە هۆی ئەوەی، جەلال تاڵەبانی کە سەر بە ئیبرایم ئەحمەد بوو بتوانێت چالاکیی بنوێنیت، لەو سەردەمەدا جەلال تاڵەبانی لە بەغدا لە ڕۆژنامەی (خەبات)ـدا کاری دەکرد جەمال نەبەزیش شوێنی کارەکەی لە زوبێری بەسرەوە گواسترابووەوە بۆ قوتابخانەی دوانێوەندی جەعفەرییە لە بەغدا، زوو زوو لەگەڵ جەلال تاڵەبانی یەکترییان دەبینی بە تایبەتیی لە دوکانەکەی بەشیر موشیر، ئەمڕۆ کە ئەم وتارە دەنووسم (٣٠/٦) یادی کۆچەکەیەتی، بەڵام ئەم یەکتر بینینە، زیاتر لە ئالوگۆڕکردنی بیروڕا یان قسەو باسی خۆش چیدی نەبوو، چونکە لەم ماوەیەدا کۆمەڵەی کاژیك (١٤/٤/١٩٥٩) دامەزرا بوو و زۆر بە نهێنی کاری دەکرد، جەمال نەبەز لە بەهاری ساڵی ١٩٦٢ دا هاتە ئەوروپا، ئێدی وردە وردە شۆڕشی ئەیلوول پەرەیسەند و پێوەندییەکە بڕا، پارتی دیموکراتی کوردستان، چ بەشەکەی بارزانی و چ بەشەکەی برایم ئەحمەد کە بە زۆریی بە بەشی جەلال تاڵەبانی ناسراوە، ئەمانە بە هەردوولایان دوژمنایەتیی هەموو کەسێکییان دەکرد کە سەر بە پارتی نەبووایە. پاش کودەتای بەعسییەکان دژ بە قاسم و کوشتنی قاسم و دەستپێکردنەوەی شەر لە نێوان لەشکری عێڕاق و کورددا، جاروبار جەلال تاڵەبانی دەهاتە ئەوروپا. لە بەهاری ١٩٦٣ دا جەمال نەبەز و جەلال تاڵەبانی بەبۆنەی کۆنگرەی خوێندکارانی کورد لە ئەوروپا لە مونشن یەکترییان دییەوە، بەڵام لەبەر ئەوەی جەمال نەبەز یەکێك بوو لەوانەی کە ڕامییاریی پارتی بە دڵ نەبوو کە ئەمەش بوو بەهۆی ئەوەی لەگەڵ چەند هاوبیرێکددا وەك بروسکە ئیبراهیم ، لەتیف عەلی، و ئەحمەد نەقیب یەکیێتی نەتەوەیی خوێندکارانی کورد لە ئەوروپا (نوکسەNUKSE)ـیان لە ساڵی ١٩٦٥ دا دامەزراند و ئەم کۆمەڵە نوێیە لە لایەن کۆمەڵەی خوێندکارانی کورد (KSSE) لە ئەوروپاوە دوژمنایەتی دەکرا، جەلال تاڵەبانیش هەڵوێستێکی نەیارانەی هەبوو بەرامبەر بە نوکسە، شۆڕشی ئەیلوول بوو بەهۆی ئەوەی ناکۆکی نێوان لایەنگرانی بارزانی و لایەنگرانی جەلال تاڵەبانی زۆر سەخت ببێت، ئەم شەڕەی نێوانیشیان پاش ئەوەی چەند جارێك پشووی کەوتە نێوان، بەڵام هەر تازە دبووەوە بە تایبەتیی پاش ئاشبەتاڵەکەی١٩٧٥. پاش ئاشبەتاڵ، جەلال تالەبانی و جەمال نەبەز بۆ ماوەی چەند دەمژمێرێك لە بەرلین یەکدییان دیت. ئەمەش کاتێك بوو کە سەرەتای دروستبوونی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان لە دیمەشق دەستی پێکردبوو، چاوپێکەوتنی جەلال بە بەئاگاداریی د. کەمال فوئاد بوو. لەم چاو پێکەوتنەدا جەلال تاڵەبانی باسی یارمەتیدانی حافزئەسەدی بۆ کوردی عێڕاق کرد، بەڵام کە جەمال نەبەز گوتی دەبا جاڕێ حافز ئەسەد یارمەتی کوردەکانی خۆی بدا، پشتێنی عەرەبی (الحیزام العربی) لا ببا، مام جەلال گوتی حافز ئەسەد نەك هەر دوژمنمان نییە بەڵکوو دەتوانم بڵێم دۆستمانە. ئەو کێشەی پشتێنی عەرەبیشە تەنیا هەر ئەوەندەیە بەکوردەکان دەڵێت دە نەختێك بڕۆنە ئەو لاوە، ئینجا جەمال نەبەزیش گوتبووی (( جا خۆ ئیسڕائیلیش هەر ئەوەندە بە فەلەستینییەکان دەڵێت: جەلال بەرامبەر بەمە وەرامی نەدابووەوە، بەڵام گوتبووی من لەم ڕۆژانەدا سەفەردەکەم و دەگەڕێمەوە کە هاتمەوە بۆ بەرلین ئەسا ئاگادارت دەکەمەوە و چاومان بەیەك دەکەوێتەوە))، بەڵام کە هاتبووەوە بۆ بەرلین جەمال نەبەزی ئاگادار نەکردبووەوە. پاش ماوەیەك کۆنگرەی خوێندکارانی کورد –سەر بە پارتی- لە بەرلین بەسترا، لەم کۆنگرەیەدا کە هێشتا جەلال تاڵەبانی تا ئەو وەختەش هەر پارتی بوو جەمال و یەکیێتی نەتەوەیی خوێندکارانی کوردی لە ئەوروپا (نوکسە) بانگهێشت نەکرد، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا جەمال و هاوبییرەکانی چوون بۆ کۆبوونەوەکە، کۆنگرە بووە شوێنی شەرە جنێودان بەیەکدی لە لایەن لایەنگرانی مەلا مستەفای بارزانی و لایەنگرانی جەلال تاڵەبانی. لە ئەنجامی ئەم ناکۆکییە دوژمنانەیەدا تاقمیك جیابوونەوە لە کۆنگرەی خوێندکارانی کورد و دوایی چوون ئەکسایان دروست کرد، بەڵام ماوەیەك پێش ئەوە کەمال فوئاد لەگەڵ لایەنگرانی نوکسە قسەی کردبوو و گوتبووی: ((ئەگەر ئێوە نوکسە هەڵبووەشێێننەوە، ئەوا ئەوانیش کۆمەڵەی خوێندکارانی کورد لە ئەورووپا هەڵدەوەشێننەوە، ئەو دەمە تاقە کۆمەڵەیەك دروست دەبێت کە حیزبیی نەبێت))، بۆ یەکێتیی ڕیزەکانی خوێندکارانی کورد (نوکسە) هەڵوەشێندرایەوە، بەڵام نەك هەر کۆمەڵەیەکی کوردی ناحیزبیی دروست نەبوو بەڵکو چەند کۆمەڵيیەكی دژ بەیەکدی دروست بوون.
ڕێبازی جەلال تاڵەبانی لەو کاتەدا لایەنگرییەکی زۆری پێشاندا بۆ ڕژێمی سۆڤێت و کێشی فەلەستین و دوژمنایەتییەکی زۆریش دژ بە ئەمریکا و ئیسرائیل و لایەنگرانی مستەفا بارزانی. ئەم شەڕ و دوژمنایەتییە پاش مردنی بارزانی و گۆڕانی سیستەمی شانشێنیی لە ئێراندا بۆ کۆماری ئیسلامی زۆر دڕندانە درێژەی کێشا. خەڵکێکی زۆر لە هەردوولا کوژران. جەمال نەبەز کە لە هەردوولا خراپەی زۆری دیتبوو، لەگەڵ ئەوەشدا هەوڵیدا کارێك بکات، کە شەڕ و ئاژاوە بوەستێندرێت و فەقیر و هەژاری کورد لەوە زیاتر تیا نەچن. هەر بەم بۆنەیەوە، لە کۆتایی نەوەت و سێوە پێوەندیی بە جەلال تاڵەبانی و مەسعوود بارزانییەوەکرد و داوای ئەوەی لێیان کرد شەڕ بوەستێندرێت و لەم بارەیەوە چەند بەیاننامەیەکی بۆ ڕای گشتیی نووسی و چەند نامەیەکیشی بۆ هەردوکییان نووسی. هەر دووکییان مەسعوود بارزانی و جەلال تاڵەبانیش ئەم نێوانگیرییەیان پێباش بوو، لەسەر داوای مەسعوود بارزانی، بۆ ماوەی دوو دەمکات لە چێشتخانەی (ماریدۆ) لە بەرلین چاوی بە جەمال نەبەز کەوت، جەمال نەبەز پێیگوت کە ئەم کوردکوژییە دەبێت ڕابوەستێت، مەسعوود بارزانی پێیگوتبوو: ((ئەم کوردکووژییە گوناحی پارتی نییە، بەڵام پارتی هەموو کاتێک ئامادەیە شەڕ بوەستێنێت و تۆش نەك هەر مامۆستای بەڵکو برا گەورەی ئێمەشی. ئێمە ئامادەین شەڕ بوەستێنین، بەڵام تۆ ئەمە بە برادەرەکەشت بڵێ)) –بێگومان مەبەستی لە (برادەرەکەی جەمال نەبەز) جەڵال تاڵەبانی بوو-. ئێستا ئەم نامەیەی کە جەلال تاڵەبانی نووسیویەتی بۆ جەمال نەبەز هی ئەو سەردەمەیە کە فاکسی کاخەز زۆر باو نەبوو، بەڵکو کاغەزی مۆم باوبوو. لەبەر ئەوە دێڕەکانی نامەکە بەتایبەتیی یەکدوودێڕی دواوەی بەباشیی دەرنەکەوتووە. ئەمەش هۆی ئەوەیە کە کاغەزەکە لەکاتی ڕاکێشاندا وایلێهاتووە. دەقی نامەکە ئەوە دەگەیەنێت کە جەلال تاڵەبانی زۆر پێویستی بەوە بووە کە جەمال نەبەز درێژە بە هەوڵ و تەقەللاکەی بدات لە پێناو شەڕ وەستاندندا. لە نامەکەیدا وەك دیارە، جەلال تاڵەبانی وەك برایەکی خۆشەویست قسەدەکات.
جەمال نەبەز درێژەی بە هەوڵەکانی خۆیدا بە سیمینار و پێوەندیی و نووسینەوە، تەنانەت چەند سەفەرێکی کرد بۆ چەند وڵاتێکی ئەوروپایی و لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر لە کوردەکانی ئەوروپا قسەی کرد بۆ ئەوەی شەڕی (براکوژیی) بوەستێت بە هیوای ئەوەی ئەم بارودۆخەی لە ئەنجامی پەلاماری عێراقەوە بۆ سەر کوێت و شکانی لە شەکری عێراق بەرامبەر ئەمریکا و دامەزراندنی هەریمی ئارام (ئاساییش) لە سەرووی هێلی پانی ٣٦ ـەوە بە بەرژەوەندیی کورددا بشکێتەوە. هەر لەم کاتەدا، سەردار پشدەریی کە کاسبکارێکی کوردە و لە لەندەن دەژی پڕۆژەی نەوتی کوردی هێنابووە پێشەوە و چەند کۆمپانییایەکی ئەورووپایی و ئەمریکایی ڕازیکردبوو بەوەی کەڵك لە هەلی نەبوونی لەشکری سەدام لە هەرێمی ئارام وەربگرن و نەوتی ئەو شوێنانەی کوردستان دەربهێنن، بە مەرجێک، نیوەی بۆ کورد و نیوەکەی دیکەی بۆ کۆمپانیاکان بێت. هەردوو حێزبەکە پارتی و یەکێتی شەڕێکی هۆبەهۆی سەردار پشدەرییان کرد، تەنانەت گاڵتەشیان پێدەکرد، بەڵام ئەوەبوو دوایی خۆیان کردە خاوەنی ئەو پڕۆژەیە. لەم کاتەدا، هەرچەندە پەرلەمان و حوکمەتێکی کوردستانیی دروستبوو بوو، بەڵام شەڕی نێوان ئەم دوو حیزبە دڕێژەی کێشا، بە ڕێکەوت لەم کاتەدا فرەنسوا میتەڕان سەرکۆماری فرەنسە بوو کە ڕامیارێکی ئەورووپایی زۆر بەنێوبانگ بوو، ژنەکەیشی دۆستێکی کورد بوو. هەر میتەڕانیش بوو کە بوو بە هۆی دروستکردنی هەرێمی ئارام، بەڵام ئەم جارە بە نهێنیی کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ سەرانی هەردوو حیزبەکە کرد و پڕۆژەی درێژکردنەوەی هێڵی ٣٦ ی خستە بەر چاویان کە ئەو هێڵە دواتر کەرکووك و گەلێك شوێنی دیکەیشی دەگرتەوە. سەیر ئەوەیە ئەم پڕۆژە نهێنییە هەر پاش ماوەیەکی کورت لە ڕۆژنامەکانی توركدا بڵاوکرایەوە. بەمە میتەران شەقا زیللەیەکی خوارد و ئەمەش زۆر کەوت لە سەری. هەر دوای ئەوەش، لە گرمەی ئاگری شەڕدا، دوای ئەوەی یەکێتی بە تەواویی دەستی لەگەڵ ئێران تێکەڵکردبوو، مەسعوود بارزانیش لە ٣١ تەباخ ـی ١٩٩٦ دا زۆر بە سفتوسووکی لەشکری سەددامی هینایە هەولێرەوە.
ماوەیەك دوای ئەمە، کۆمەڵەی ڕۆژئاوای کوردستان لە لەندەن سێمینارێکی بۆ جەمال نەبەز ڕێکخستبوو لە ژێر سەرنێوی (کورد و شۆڕش)دا. خەڵکێکی زۆر بەشدارییان لەم سیمینارە کردبوو لە نێو ئەواندا ئیبراهیم ئەحمەد و ئەحمەد هەردی و حەمەڕەسوڵ هاواری تێدابوو، ئەوسا بەڕیکەوت جەلال تاڵەتابیش لەو ماوەیەدا لە لەندەن بوو، بەم بۆنەیەوە جەلال تاڵەبانی و جەمال نەبەز توانییان یەکدی ببینن، لەو بینینەدا کە بەڕێزان جەواد مەلا و بروسکە ئیبراهیم بەشدار بوون، جەمال نەبەز لە جەلال تاڵەبانی پرسی ((باشە کە سەدام پەلاماری هەولێریدا، چۆن ئێوە هیچ بەربەرەکانیەکتان نەکرد))، جەلال تالەبانی گوتبووی ((با، بەربەرەکانیمان کرد تەنانەت تا دوای نیوەڕۆش، لەم ماوەیەشدا زۆر جار پێوەندیم بە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاوە کرد و تێمگەیاندن کە ئەوا سەدام هەولێری گرت، وەرامەکەیان ئەوە بوو، جارێ خۆتانبگرن، با بزانین چۆن دەبێت، بەڵام هیچ یارمەتییەکییان نەداین، ئێمەش دەرەقەتی ئەم هەموو تۆپ و تانکە نەهاتین، ناچار ماین بکشێینە دواوە)). ئێدی دوای ئەم ڕووداوە بوو مەسعوود بارزانی دەستی بەسەر هەرێمەکەدا گرت. پاش ئەم ڕووداوانە جەمال نەبەز هیچ هیوایەکی بەوە نەما کە لە ڕێی نێوانگیرییەوە دۆخەکە چارەسەر بکرێت، لەبەر ئەمە دەستی لەم نێوانگیرییە هەڵگرت. ئەمە وا ڕۆیی هەتا لە ساڵی ١٩٩٨ دا خانم مادلێن ئۆڵبڕایت، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، مەسعوود بارزانی و جەلال تاڵەبانی بانگکردە ئەمریکا و زۆری کرد لێیان دەست بدەنە دەست یەك، پاش ئەمە چەند کۆبوونەوەیەکی نهێنی لە نێوان کاربەدەستانی ئەمریکا و مەسعوود بارزانی و جەلال تاڵەبانی لە فرانکفۆرتی ئەڵمانیا ڕوویدا، ئەوجا هەردووکیانییان بردنە ئەمریکا و لە ئەمریکا بە هەردووکییانییان گوتبوو: ((ئەمریکا بڕیاری کۆتایی داوە کە سەدام بخا، ئێوەش ئەگەر لەگەڵ بن ئەوا باشە ئەگەر نا ئەوا ئارەزووی خۆتانە. ئا لەو ڕۆژانەدا جەلال تاڵەبانی لە ئەمریکاوە بە تەلەفۆن بە جەمال نەبەزی گوتبوو کەوا ((دڵی زۆر خۆشە بەوەی دواڕۆژێکی باش بۆ کورد دێتە پێشەوە)) کە لەشکری ئەمریکا عێراقی داگیر کرد جەمال نەبەز دەستبەجێ پێوەندیی بە هەردووکییانەوە کرد، و پێیانی گوت کەوا ئەم ڕۆژە ڕۆژی ئەوەیە بە ئەمریکاییەکان و هاوپەیمانییەکانیان بڵێن ((ئێمە عێراقی نین و بەزۆر کراوین بە عیراقی، بێجگە لەوەش ئەنفال کراوە لێمان و چەکی کیمییایی بەکارهێنراوە لە دژمان ئێمە ناتوانین لە سایەی عیراقدا بژین سەربەخۆیی خۆمانمان دەوێت خۆ ئەگەر ئێوە بە سەربەخۆیی ئێمە ڕازی نابن. با باشووری کوردستان ببێتە پارێزبەندێك (مەحمییە --Protectorate) ی کۆمەڵەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ٥ تا ١٠ ساڵ ئەوجا ڕێفەراندومێك بکرێت تا بزاندرێت کورد چی دەوێت)). بەڵام هەردووکییان چوونەوە بەغدا و دەوڵەتی ڕووخاوی عێراقییان بە حکوومەت و لەشکر و پۆلیس و پەڕلەمانەوە جارێکی دی دروست کردەوە، ئێدی لەوکاتەوە جەمال نەبەز پێوەندیی لەگەڵ هەردووکیان بە جارێ پچڕاند. هەموو هەوڵێکی هەردووکییان بۆ ئەوەی جەمال نەبەز، ئەگەر تەنانەت بۆ چەند ڕۆژێکیش بێت، سەرێکی کوردستان بداتەوە، بەڵام بەقسەیانی نەکرد و نەچووەوە. جا ئەگەر ئێستە یەکێك نامەکەی جەڵال تاڵەبانی بخوێنێتەوە ئەو پرسییارە دەکا کەوا جەلال تاڵەبانی دوای ئەوەی بوو بەسەرۆك کۆماری عێراق و دەسەڵاتدار تا چ ڕاددەیەك ئەو بەلێنانەی خۆی کە لە نامەکەدا هاتووە بردۆتە سەر. پاشان ئەو پرسیارەش دەکات: (ئایا ئەوە ڕاستە جەمال نەبەز دەمڕاستی شیوعییەکان بووە) وەک جەلال لە دیداری تەمەندا گووتوویەتی؟
--------------------------------------
١ . کتێبی (کفاح الأكراد) –خەباتی کوردان- لەم دواییەدا جارێکی دیکە لە ڕۆژئاوای کوردستان لە لایەن کۆمەڵەی نڤیسکارانی کورد بە سەرپەرشتی دلاوەر زەنگی چاپکرایەوە.
سەرنج: بەشی سەرەکی ئەم زانیارییانەم لە دیداری ڕۆژانە و سیمینار و نووسینەکانی جەمال نەبەزەوە وەرگرتووە.
دەقی نامەکە:


یەکێتی ی نیشتیمانی کوردستان
سکرتێری گشتی

الإتحاد الوطني الكوردستاني
الأمين العام

برای خۆشەویستم کاکە جەمال نەبەزی بەڕێز
سڵاوێکی برایانەی گەرم
شادی و خۆشیتانم داوایە و هیوادارم هەمیشە سەرکەوو بن.
ویستم ئەو خاڵانەشتان بۆ ڕوون بکەمەوە:
١- بۆچوون و ئامۆژگاریە برایانەکەت هەموی پەسندن بەلامەوە.
هاتووچۆ و سەردانی هەموو ئەو وڵاتانەی باستان کردوون گرنگن.
ئێمەش لەلای خۆمان درێغی ناکەین بەڵام خۆتان باش دەزانن وەخت و ماوە و توانای هاتوچۆکەشمان – سەبارەت بە جیۆپۆلیتەکەکە- هەر مەحدوود و فراوان نیە.
٢- زۆر سوپاس بۆ هەولو تەقەلاکانت، بەڵام تکایە هەر بەردەوام بن و لەسەری بڕۆن چونکە بێگومان تەئسیر و ئەهەمییەتی خۆیان دەبێت. من خۆم هەمیشە شاد بوومە بە بیروبۆچوونەکانتان و ئامادەش بوومە کارییان بکەم:
بێ گومان دەزانن چەپڵەش بە دەستێك لێ نادرێت.
٣- باکوور زۆر گرنگە – دەمێکە دەڵێم میسری کوردانە. کە ڕابوو هەموو لایەك دەجووڵێت و پێش دەکەوێ. کلیلی چاری مەسەلەکەشمان هەر ئەوێ یە: لەوێشەوە دەرگەی مافی چارەی خۆنوسی بۆ بەشەکەی ئێمەش دەکرێتەوە:
بۆیە هەمیشە دەبێ هاوکاری و هاریکار بین- با بە نهێنیش بێت- ئێستەش کە (١٥-٢٠) ملیۆن کوردی (لەوێ) ڕاپەڕیوە ناکرێ گەر گوڵ نەبین دڕك بین!! تەنانەت گەر سەرکردایەتی یەکەشیان (کامڵ) نەبێت -هەر خواش کامڵە- دبێ ئێمە هەر دۆست و هاوکار و هاری کار بین. دڵنیابە ئەوەی لە پەنجاکان و لە بەهاری ژیانمان دا پێکەوە شەومان بۆ ڕۆژ دەکردەوە ( لە بیرم ناچێت و هەر هەوڵی بۆ دەدەم و بەتەمام پایز و ئەوەی ماوە لە ژیانم دا گشتی تەرخان بکەم و هەرگیز فەرامۆشی ناکەم:
--------------------
بەشی سەرەکی ئەم زانیارییانەم لە سیمینار و دیدار و نووسینەکانی جەمال نەبەزەوە وەرگرتووە



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە