نامەی ترۆزیفرۆشێک بۆ قوباد تاڵەبانی
Monday, 13/08/2018, 17:17
ئەزانم تەندروستیت زۆر باشە، بۆیە لە ئەحواڵت ناپرسم.
تەنها ئەمەوێ لەم نامەیەدا چیرۆکێکت بۆ بگێڕمەوە. هیوادارم کاتی خوێندنەوەیت هەبێت .
من دەرچوی بەشی مێژووم، ئەو مێژووەی سەدان پادشا و، سەرۆک حکومەت و دار و دەستەکانی بە زبڵدانەکەشی ڕەوا نەبینی و ئیستا ئێسقانەکانیشیان نەماون. ئەمڕۆ بە دیار فرۆشتنی ترۆزیەکانمەوە، مێژووی شۆڕشی فەڕەنسام دەخوێندەوە، لە شوێنێکا نووسراوە؛ کە چەند سەدەیەک لەمەوبەر گەلی فەڕەنسا سکاڵای برسێتیان دەبەنە لای لویسی شانزەهەم، کە ئەو کات پادشای وڵات بوو. بەڵام لە بری ئەوەی پادشا چارەیەکیان بکات. پێیان دەڵێ ؛ بڕۆن پسکیت بخۆن. سەرەنجام ئەم قسەیە دەبێتە هەوێنی توڕەبونی گەل و بەرپا کردنی شۆڕشێکی مەزن. تا وای لێدێت سەری پاشا دەبەنە بەر مەقسەڵەیەک و ئەیپەڕێنن. چونکە هەر بێ حورمەتیەک بە کەرامەتی مرۆڤ بکرێ باجی خۆی هەیە. جا هەر کەسێک بیکات. زوو یا درەنگ ئەبێ وەریبگرێتەوە...
بەڵێ ئەمە تەواوی چیرۆکەکە بوو.. هیوادارم بە باشی لێی تێبگەیت .
بیستم جەنابیشتان ئەوەتان فەرموە؛ کە ئەگەر لە مبواری پسپۆڕی خۆمان کارێک نەبوو، بچین حەماڵی بکەین، یان ببین بە چایچی و بۆیاخچی سەرشەقامەکان . بۆنمونە:
دەرچویەکی کۆلێژی پزیشکی بچێت ببێ بە ناتری حەمام.
دەرونناسێک ببێ بە قاساب.
مێژوونوسێک بچێت ترۆزی بفرۆشێ.
مامۆستایەکی ئینگلیزی هاوار بکات و بڵێت وەرنەوە بۆ ئاوی سارد.
توێژەرێکی کۆمەڵایەتی چەقۆ بفرۆشێ
دانسازێکیش بە جووت گۆرەوی هەڕاج بکات
هەموو ئەمانە زۆر ئاساییە .. ئێمە ئەم کارە دەکەین و ناهێڵین ماڵ و منداڵمان لە برساندا بمرن و باری ئابوری وڵاتیش ڕەچاو دەکەین. بەڵام تۆش ئەبێ شتێک بزانیت:
- کاتی خۆی باڵوڵ ئەڕوا بۆ دیدەنی خەلیفە هاڕونە ڕەشید، ئەبینێ خەلیفە لە بەرزاییەکی زۆرەوە، وەک ئەو گردانەی تۆ و هاوشێوەکانت لە سەری ئەژین، بێخەم لێی دانیشتوە، مێش میوانی نییە. باڵوڵ لە دوورەوە هاوار ئەکات:
- سڵاو ئەی خودا!
خەلیفە وەڵام دەداتەوە و دەڵێ:
- من خودا نیم .
ئەڵێ:
- باشە ئەگەر تۆ خوا نیت ئەی چیت داوە لەو ئاسمانە! بۆچی نایەیت لە گەڵ ئەو خەڵکەدا بژیت!؟
جا ئەگەر جەنابیشتان خودان با بزانین! خۆ ئەگەر خوداش نین وەرە، مەرد بەو لە گەڵ ئێمەدا بژی.
گەرنا تۆ چۆن لە نێو ئەو کۆشک و تەلارانەوە ئێمە بە بچوک دەبینیت! زۆر دڵنیابە، ئێمەش هەر وا تۆ دەبینین.
وەرە و بزانە ژیان کردن لە کەلاوەکانی کوران و سەیداوە و تەعجیل چۆنە؟ ببینە لە کۆتری سەلام ئەو خەڵکە چۆن ڕاوی نان دەکەن. با هێرۆ خانی دایکت وەک دایکی ئێمە شەوان کە دەنوێ، سۆندەی ئاوەکە بە قاچیەوە گرێ بدات، کە کاتێک ئاو دێتەوە لە کاتی نووستندا بڕژێ بە سەریدا و تێبگات لەوەی شەوانە خەونی چەندەها ژن و دایک بەم شێوەیە دەزڕێن!
با وەک ژنێکی میهرەبان و هەژار کە مریشکێکتان بۆ دەکڕێ، لە پێناو تێربوونی (تۆ و پاڤێڵ)ی کوڕی، نەیخوات و بڵێ من حەزم بە قاچەکانیەتی، ڕان و سنگەکەی بخاتە قاپەکەی ئێوەوە. تا تێبگەن مانای هەژاری و نەداریی چییە و چۆنە!
دە ئاخر کاک قوباد، باوکی تۆ، خۆ هێندەی ماندێلا تێکۆشانی نەکردوە، خۆ هێندەی گاندی ڕەنجی بۆ گەلەکەی نەکێشاوە. تا جەنابتان ئاوا لە خۆش گوزەرانییدا بژین و ئەو خەڵکەش ڕۆژانە لە برسا بمرێت.
پیاوێک هەیە لە ئۆڕۆگوای حەزەکەم بیناسیت، ئەو پیاوە ناوی (خۆسێ مۆخیکا)یە، لەگەڵ خەڵکدا دەچێت بۆ سەرەی بەنزین، کۆنترین و خراپترین جۆری سەیارەی پێیە، تاکو ئیستا لە خانوی کرێدا ئەژی، یەک دینار لە حیسابی بانکەکەیدا نییە و ڕۆژانە هەر ئەوەندەی هەیە، کە بیخوات و لە برساند نەمرێ.
تۆ ئەزانی ئەو پیاوە کێیە ؟..
ئەو پیاوە سەرۆکی ئۆڕۆگوای بوو .. گوێت لێبو وتم چی ؟ وتم سەرۆک بوو ..
ببوره مشتەریم هات ..
ماڵئاوا .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست