کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


یەکێتی و پارتی خەڵك توشی شێرپەنجە دەکەن

Saturday, 04/08/2018, 18:41


چوومە سر ئەزمەڕ تەماشای خوارەوەم کرد شاری سلێمانیم بینی تەمێکی ڕەش دایگرتبوو وەکو ئەوەی کڵاوی لەسەری کرابوو، زۆر سەرم سوڕما گوتم دەبێت ئەو خەڵکە ئاوها لە ناو رەشایی و دوکەڵ و تەپوتۆزو پیسیدا بژین؟ چونکە ئەوانەی لەناویدا دەژین لە نزیکەوە نایبینن و هەستی پێناکەن، کە چوومە خوارەوە کەوتمە کنەو گەڕان بۆ زانینی ژمارەی موەلیدەکانی پێدانی کارەبای گەڕەکەکان، زانیم ژمارەیان ٥٤٠ موەلیدەیە، لەو رووبەرە بچوکەدا ئەوەندە موەلیدەی گەورە (جگە لە هی مەسئول و بینا بازرگانی و تایبەتەکان) ١٧ سەعات لەسەر یەك دوکەڵ و گازە ژەهراویەکانی وەکو دووەم ئۆکسیدی کاربۆن دەربکات دەبێت حاڵی ئەو مەخلوقاتانەی ئەو هەوا پیسە هەڵدەمژن چی بێت؟ دەبێ سییەکانیان و پێستیان و خوێنیان لە چ رێژەیەکی ژەهراویبوون و نەخۆشییە مەترسیدارەکاندا بێت، واش هاوڵاتی دەبێت پارەیەکی خەیاڵی بدات بە کرێی موەلیدە مانگانە و هێشتاش ئەو چەند ئەمپێرە موبەریدە پێناکات، ئەمە چ مەهزەلەیەکە بە رۆحی ئینسانی کورد دەکرێت لە لایەن دوو تاقمی مافیاوە بۆ ماوەی ٢٧ ساڵ خۆیان بە زۆر سەپاندووە بەسەر خەڵکدا؟ کەچی وڵاتی چین کە یەك ملیارو سێ سەد ملیۆن دانیشتووانی هەیە یەك سەعات بێ کارەبا نابن و مانگانەش کرێی کارەبایان لە پارەی موەلیدەکانی کوردستان کەمترە.
لەولاوە ئاوێکی پیس بە ٣ رۆژ جارێك بەس ٢ سەعات دەدەنە ماڵان، ئەویش دەبێت مەمنون بیت بتگاتێ و ماڵانی تر موزەخەی لێنەدەن و تۆش بێبەش بیت، جا چ ئاوێك ؟؟ زێرابی ناوجەکانی رۆژهەڵات لە ئێران و قەڵادزی و رانیەو گوندەکانیان و دوکانی دەچیتە سەر ئینجا دەیکەنە بۆریەوەو دەینێرن بۆ ماڵان، ئەوەی بیخواتەوە لە ماوەیەکی درێژخایەندا تووشی دەیان دەرد دەبێت..
ئەم ٢ حیزبە بێمۆڕاڵه لەوە دەرچوون قسە کاریان تێبکات و سوودی هەبێت لەگەڵیاندا، چونکە هەموو ڕاستییەکان نەخوێندەوارترین هاوڵاتیش دەیزانێت، ئەو مافایا عەبووسانە هەموو شتێك لایان ئاساییە جگە لە بەزاندنی سنووری چاڵە نەوتەکان و باسکردنی داهاتەکەی نەبێت، گرەویان لەسەر خوێنی کورد کردووە کە هەر دەبێت ئەوان شا بن و میللەتیش گزیر، ئەوان ملیاردێر بن و خەڵکیش سواڵکەرو بێ ئیش، ئەوان جەلاد بن و هاوڵاتیش قوربانی و باجدەر ..
ئەو دزانە گەر وا بمێننەوە خەڵك هەمووان توشی نەخۆشییە درێژخایەنە مەترسیدارەکان دەبن،  چونکە هیچ باکیان بە هاوڵاتی نییەو بگرە حەز دەکەن کوردستان کەسی تیا نەمێنێت جگە لە خۆیان، ئەوان ئاغاوات لێدەخوڕن و کوردستان بە قۆنتەراتی خۆیان دەزانن .. ئیتر کاتییەتی خەڵكی قارەمان و بەشمەینەتی کوردستان وەدەریان بنێن تا هەموومانیان قڕ نەکردووە، نازانم چۆن شەرم ناکەن باسی هەڵبژاردن و دەنگدان و خۆ کاندیدکردن دەکەن و بانگەشە بۆ چ دەسکەوتێکیان دەکەن، ئەی حوکمەتی ئیفلیج و شەقاوەی موەلیدەی ئەهلی! ئەی دوو بنەماڵەی دوژمن بە کوردو خەڵکی کوردستان، ئەی نەفرەتیەکانی زبڵدانی مێژوو و ئێستاو داهاتوو، بڕۆن چیتان لە خاك و خەڵکی کوردستان دەوێت؟ ٢٧ ساڵ بەس نییە و تێرتان نەخوارد لە مژینی خوێن و نەوت و داهاتی سەرخان و بنخانی ئەو هەرێمەی هەر رۆژەی جڵەوەکەی تەسلیمی  جەندرمەو ئیتلاعاتێك دەکەن.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە