تاجی نەمریی و سەربەرزیی
Wednesday, 01/08/2018, 21:00
نەمریی بریتییە لە مانەوەی ناوی کەسانێکی پایەبەرزی ساداری مەزن، چ زیندووبن، یان مردوو، بە شێوەیەکی هەتا هەتایی و بە بێ ئەوەی لەگەڵ بەسەرچوونی ڕۆژگار و هۆکاری جیاوازدا لە بیربچنەوە . جا هەیە لە ئەنجامی خزمەتی گەورە و هێژای سەرجەم مرۆڤایەتیدا ، یان تەرخانکردنی هەموو ژیانی بۆ خەبات و تێکۆشان ، لە پێناوی سەربەخۆیی و ئازادی و ژیانێکی سەربەرزانەی پڕاوپڕ لە بەختیاری میللەتەکەیدا ، نەمری بۆ خۆیان مسۆگەر دەکەن ، لە هەمان کاتدا هەشە هەر بە زیندووی دەمرێت و ناو و ناوبانگی بە کۆڵەکەی ئاشی لە بیرچوونەوەدا بەرەو ناخی دۆزەخ دەڕوات .
ئەوەی شایانی باسە ، هەندێک لایان وایە بەهرەی بلیمەتی و سەرکردایەتی ، لەگەڵ کەسەکەدا لە دایکدەبێت ، هەندێکی تریش لایان وایە ، کەسەکە لە ڕێگای خۆماندووکردن و خوێندنەوە و پێداچوونەوەوە ، پەرە بەو بەهرەیە دەدات و بە کار و کردەوەکانی کاردەکاتە سەر دەوروپشتی و دوور لە بەرژەوەندی تایبەتی خۆی ، بۆ گەل و نیشتمانەکەی تێدەکۆشێت ... جا بۆ ڕووناکی خستنە سەر ئەم باسە و بە بۆنەی یادی سەد ساڵەی لە دایکبوونی نیلسۆن ماندیلاوە ، لێرەدا کورتە باسێکی ژیانی ئەو پیاوە نەمرە دەکەین بە هەوێنی باسەکەمان . ناوبراو لە ڕۆژی ١٨ / ٧ / ١٩١٨ دا لە باشوری ئەفەریقادا هاتۆتە دنیاوە ، لەو سەردەمەدا ئەفەریقا لە لایەن ئیمپریالیزمەوە داگیرکراوە و کەمینەیەکی سپی پێست دەستیانگرتووە بەسەر هەموو مافەکانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوری وڵاتەکەدا و ڕادەی ڕەگەزپەرستی گەیشتۆتە لوتکەی تروپکی . ئەمەش بۆتە هۆکاری دروستبوونی بزوتنەوەی سیاسی بۆ ڕزگاربوون لەو کۆیلایەتییە . ماندێلا لە ساڵی ١٩٤٢ دا تێکەڵ بە کاری سیاسی بووە و پەیوەندی بە پارتی کۆنگرەی نیشتمانی ئەفەریقییەوە کردووە و چەندین جار بە تۆمەتی خیانەتی نیشتمانی دەستگیرکراوە . پاشان لە ئەنجامی هەڵسوکەوتی ڕژێمە سەرکوتکەرە ڕەگەزپەرستەکدا ، کە ویستویەتی وڵات بەرەو کۆمارێکی سپی پێست ببات ، ماندێلا بزوتنەوەیەکی چەکداری لە ژێر سەرپەرشتی خۆیدا و بە ناوی ( ڕمی نەتەوە ) وەدا دامەزراندووە و زەبری کوشندەیان لەو ڕژیمە سرەواندووە . لە ساڵی ١٩٦٢ دا و بە تۆمەتی توندوتیژی لە زیندانیان پەستاوتووە و حوکمی هەتا هەتای بەسەردا سەپێنراوە ، لەو ماوەیەدا داوای لێکراوە بەرامبەر بە ئازادبوونی ، واز لە خەباتی چەکداری بهێنێت ، بەڵام ئەو داوایەی ڕەتکردۆتەوە . پاش زیاتر لە ٢٧ ساڵ و بەبێ ئەوەی چۆکدابدات ئازاد کراوە . لە ساڵی ١٩٩٤دا و لە هەڵبژاردنێکی ئازاددا بۆتە سەرۆکی کۆماری ئەفەریقای باشور ، بەمەش دەبێت بە یەکەم سەرۆکی ڕەشپێستی ئەو وڵاتە . جا لەگەڵ ئەوەشدا وڵاتەکەی لە قەرزدا نوقم بووە و یەک لەسەر پێنجی هەموو بودجەی ساڵانەی تەرخانکراوە بۆ دانەوەی قەرز ، کۆمەڵگاکەشی لە بارودۆخێکی ئێجگار خراپدا بووە . بەڵام ئەو توانی بە سیاسەتی ژیرانەی ، ئابوری وڵاتەکەی لە داڕوخان ڕزگار بکات و لە ماوەیەکی کەمدا بێکاری کەمبکاتەوە و کارەبا بۆ ٢ ملیۆن هاوڵاتی دابینبکات و هێڵی تەلەفون بۆ ٣ ملیۆن کەس ببەستێت ، ئاوی پاکی خواردنەوە بۆ ٣ ملیۆن هاوڵاتی ڕابکێشێت ، دەرگای خوێندن بە ڕووی یەک ملیۆن و نیو منداڵدا بکاتەوە و ( ٧٥٠ ) هەزار یەکەی نیشتەجێبوون بۆ ٣ ملیۆن هاوڵاتی دابینبکات ، ئەمە سەرباری چەندین خزمەتگوزاری تری وەک بڕینەوەی مووچە بۆ باساڵاچووان و دابینکردنی خزمەتگوزاری تەندروستی بێ بەرامبەر بۆ منداڵان و ژنانی دووگیان و ... هتد. پاشان دەستورێکی تازەی داناوە و حکومەتێکی بەهێزی لەسەر بنەمای زۆرینە و پاراستنی مافی هەموو کەمە نەتەوەکان و ئازادی ڕا دەربڕین دامەزراندووە ، وڵاتیکردووە بە وڵاتی هەمووان و چرایەکی بۆ بیری یەکسانی و تەبایی داگیرساندووە ، کە دوای خۆشی نەکوژاوەتەوە .
ئەم پیاوە نەمرە بە کورسییەوە نە نووساوە و دوای تەواوبوونی چوار ساڵی سەرۆکایەتییەکەی ، ئامادە نەبووە بۆ خولێکی تازە خۆی کاندیدبکاتەوە ، دوای خۆشی نە خزمی ، نە ژنی ، نە خەسوی ، نە زاوای ، نە هاوەڵزاوای ، نە پورزا و خاڵۆزای ، خەبات و تێکۆشان و ناوبانگی ماندێلایان بەکارنەهێناوە بۆ قۆرخکردنی دەستەڵات و ماشینەوەی سەروەت و سامانی وڵات و داگیرکردنی هاوینەهەوار و شاخ و گرد و تەپۆڵکە و هەزارەها دۆنم زەوی و باخوباخات . ئەو لەگەڵ ئەوەشدا سەرۆکی وڵات بووە ، تەنها خاوەنی خانوویەکی پچووکبووە ، کە تێیدا لە دایکبووە ، ئەوەشی بەخشیوە بە گەلەکەی و کراوە بە مۆزەخانە و ڕۆژانە گەشتیاران سەردانی دەکەن .. بەم هەڵویستە جوانەشی بوو بە هێمای خۆنەویستی و چووە ناو دڵودەروونی هەموو کەسێکی بەشەرەفەوە و هەتا هەتایە ناوی بە نەمریی دەمێنێتەوە ، ئەوەتا نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی لە دایکبوونی ماندێلای کردووە بە ڕۆژی جیهانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڕەگەزپەرستی ، سەرباری ئەمەش سەدان خەڵاتی سەنگین و مەدالیای بەرزی پیێ بەخشراوە ، وەک : خەڵاتی نۆبڵ ، مەدالیای ئازادی سەرۆکایەتی ئەمەریکا ، خەڵاتی لێنین بۆ ئاشتی و دانانی پەیکەرێکی لە ناو باخی پەڕلەمانی بەریتانیادا و ... هتد . ئەوەی شایانی باسە لە ساڵی ١٩٩٢ دا خەڵاتی ئەتاتۆرکی بۆ ئاشتی پیشکەشکراوە ، بەڵام تورکیای بە پێشێلکاری مافی مرۆڤە داناوە ، هەر بۆیە ئەو خەڵاتەی رەتکردۆتەوە و لاشی بوومایە دەستەکانیم ماچدەکرد .
ماندێلا نەک هەر تەنها بە هەڵویست و کارەکانی ناوبانگی دەرکردووە ، بەڵکو وتە زێڕینەکانی ، کە ئاوێنەیەکی باڵانمای ناخی پاکوبێگەردی خۆیەتی ، بۆتە بەشێک لە سەنگ و قورسایی ناوبانگە مەزنەکەی ، کە لێرەدا ئاماژە بۆ چەند نموونەیەکیان دەکەین :
١ – ئەگەر لە پاداشتی خەباتەکەمدا پارەم وەرگرت ، ئەوا دەبم بە خەباتکەرێکی ئەڵقە لە گویێ .
٢ – کاتێک داناکان بێدەنگ دەبن ، گەمژەکان زۆرتر دەبن .
٣ – لە جیهانێکی سەیردا دەژین ، هەژارەکان چەندین میل دەبڕن ، تا خواردنیان دەستبکەوێت ، دەوڵەمەندەکانێش چەندین میل دەڕۆن تا هەرسی خواردنەکەیان بکەن .
٤ – خوێندەواری بەهێزترین چەکە ، کە دەتوانێت جیهان بگۆڕێت .
٥ - بە پێچەوانەی هەندێک سیاسییەوە ، دەتوانم دان بە هەڵەکانمدا بنێم .
٦ – سەرکردەی ڕاستەقینە ، ئەوانەن ، کە لە پێناوی گەلەکانیاندا ئامادەی هەموو قوربانییەکن .
٧ – هەر گەندەڵ ، داکۆکی لە گەندەڵدەکات . هەر ناپاک ، داکۆکی لە ناپاکدەکات . هەر ئازادی خوازە ، داکۆکی لە ئازادی دەکات . هەر کەسێک لە ئێمە دەزانێت داکۆکی لە چی دەکات .
٨ - زۆر جار پەتای وابەستەبوون بە ڕابوردوو ، شۆڕشگێرەکان دەکات بە کەسانی چاوبرسی و بۆ دەوڵەمەندبوونی خۆیان دەست بۆ سامانی گشتی دەبەن .. ئەم وتەی دواییان رێک دەڵیی بۆ سەرکردەکانی ئەمڕۆی کورد وتراوە .
لە دواجاردا ئەوە ماوە بڵێم : لە ماوەی سەد ساڵی ڕابوردوودا ، وڵاتەکەمان وەک گۆشتی قوربانی دابەشکراوە و دووچاری قڕکردن و ماڵوێرانی و دەربەدەری و ئەنفال و مەرگی بە کۆمەڵی هەڵەبجە و هەزاران کارەساتی جەرگبڕی خوێناوی بۆتەوە ، کە سەدەیەکە ئێسقانمان دەهاڕێت ، کەچی هەتا ئێستا ، سەرکردەیەکی خۆڕاگر و تێکۆشەر و کۆڵنەدەری ، وەک ماندێلا هەڵنەکەوت ، تا کۆتایی ڕێگا بەردەوام بێت و تاجی نەمری و سەربەرزی بکاتە سەری و کۆتایی بە بازرگانەکانی کوردایەتی بهێنێت ، کە ڕۆژی کوردیان گەیاندۆتە ئەم ڕۆژە ناخۆشەی ئەمڕۆ و لە شکستێکەوە دەماندەنە دەست شکستێکی گەورەتر و بە خووووی لاوازترین سوپای دنیا ، لاقێکیان کرد بە چوار و وەک با لە کەرکوکی دڵ و قودسی کوردستان هەڵاتن و باکیشیان نەبوو .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست